ناوەندی فێرگەی ڕێنووسی کوردیی شاری شنۆ لە ڕێوڕەسمێکدا بە چەندین کەس لە فێرخوازانی زمانی کوردی بڕوانامەی پێشکەش کرد.
بە پێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار بە بۆنەی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی خولێکی دیکە لە پۆلی وانە گوتنەوەی کوردی و فێرکردنی “ڕێنووس” لە ڕێوڕەسمێکی فەرهەنگیدا چەندین کەس لە فێرخوازان بڕوانامەیان بەسەر دابەشکرا.
ئەو کۆڕە کە لە سالۆنی “مجتمع_فرهنگی_هنری” شاری شنۆ بە بەشداریی قوتابیان و دڵسۆزانی بواری زمان و و وێژەی کوردی بەڕێوە چوو، سەرەتا د.حەسەنزدادە بەرپرسی نوێی ئیدارە فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شاری شنۆ چەند وتەیەکی لە بارەی گرینگی زمانی دایک و برەودان بەم چەشنە چالاکییانە باس کرد و پشتیوانی خۆی لە مامۆستایانی ئەو فێرگەیە دەربڕی،.
دواتر عومەر محەممەدی وەک ماموستا و بەرپرسی فێرگەی زمانی کوردی شنۆ باسێکی لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەو ناوەندە کرد و، ئاماژەی بەوەدا کە دەگەڵ هەموو کەموکوری و ئاستەنگەکانی بەردەم فێرکردنی زمانی کوردی، بەڵام توانیویانە بە هاوکاری هاوڕێیانی دڵسۆز، پەرە بەو کلاسانە بدەن و لە ماوەی سێ مانگی وەرزی پاییزدا بڕوانامە بە 35 کەس لە فێرخوازانی زمانی کوردی لە بەشی “ڕێنووس و ڕێزمان” بدەن.
لە درێژەی ئەو کۆڕە فەرهەنگییەدا سێ شاعیری بە هەست و خاوەن زەوقی شنۆیی بەڕێزان فەتاح محەممەدنیژاد, قادر ڕسووڵفات و کەریم خزری بە چەند پارچە شێعرێک کۆڕەکەیان ڕازاندەوە .
چڕێنی گۆرانی کوردی بە دەنگی یەکێک لە هونەرمەندانی دەنگ خۆشی شنۆیی بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بوو.
شیاوی باسە ئەو ڕێوڕەسمە وەکوو زۆربەی بۆن و کۆڕە فەرهەنگییەکان کە چالاکانی ئەدەبی و مەدەنی بەڕێوەی دەبەن لە لایەن خەڵکەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.