Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 20/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم

06/01/2019 | 14:44:13
+A
-A
د. کامڕان ئەمین ئاوە

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم

پێناسە، مێژوو و ئەزموونەکانی (بەشی یەکەم)

«یەکیه‌تیی ئەوانەی کە له‌مەڕ بیرکردنەوە تووشی ڕەنج و مەینەتن لەگەڵ ئەوانەی کە بەهۆی ڕەنج و مەینەتیان بیر دەکەنەوە، مەرجی گۆڕانکاریی جیهانە.»
مارکس

مرۆڤ بە درێژایی ژیانی خۆی و بە تایبەتی لەکاتی پێکهاتنی کۆمەڵگه‌ی چینایەتییەوە بە ئاواتی گەیشتن بە کۆمەڵگه‌یەکی ئازاد، دادپەروەر و ژیانێکی ئاشتیخوازانە بووە‌ و لەم پێناوەدا گەلێک خەباتی کردووە و قوربانیی داوە. بیر و هزری سۆسیالیستی کە زۆربەی ئاواتە له‌مێژینەکانی مرۆڤ لە‌خۆ دەگرێ ئاکامی سروشتیی سەرهەڵدانی کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداری‌ و ڕادەی گەشەسەندنی شێوەی بەرهەمهێنانیه‌تی. بیری سۆسیالیستی بەپێی بارودۆخی سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە واتە بارودۆخی نەگەیشتووی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری‌ و ڕادەی نزمی ئاگایی چینایەتیی نوێنەرانی فیکریی زەحمەتکێشان کاڵ و نەگەیشتوو بوو و زۆرتر ڕەنگ‌ و ڕووی خەیاڵی بەخۆیەوە ‌گرتبوو.
ئەم بیرۆکەیە پاشتر لەلایەن بیرمەندە بەناوبانگەکانی چەپ وەک مارکس و ئێنگڵس بە چەشنێکی زانستی گەشەی ‌سەند و تیۆریزە کرا و بە شوێن شۆڕشی ئۆکتۆبری ڕووسیە بە ڕێبەرایەتیی لێنین [ساڵی ١٩١٧ی زایینی]، پێکهاتنی وڵاتە سۆسیالیستییه‌کانی ڕۆژهەڵاتی ئوڕووپا پاش شەڕی دووهەمی جیهانی [١٩٤٦] و دامەزرانی کۆماری گەلی چین بە‌ ڕێبەرایەتیی مائۆتسە‌ دۆن [یەکی ئوکتۆبری ١٩٤٩] و هتد… تێ کۆشراوە بە شێوە جۆراوجۆرەکان ڕێگەی گەیشتن بە دادپەروەریی سۆسیالیستی تاقی‌ بکرێتەوە و ڕەنگ و ڕووی ڕاستی پێ بدرێ.
بنەمای سەرەکیی تەواوی ئەم هەوڵانە گەیشتن بە ئازادیی مرۆڤ و دامەزراندنی کۆمەڵگه‌یەکی دادپەروەرانە و زاڵکردنی سەروەریی چینی کرێکار و تەواوی زەحمەتکێشانی کۆمەڵگه‌ بووە. بەڵام ئەم ڕەوتە بە هۆی نوێبوون و نەبوونی ئەزموونێکی مێژوویی، سەرەڕای ئەوەی دەستکەوتێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی بوو، بە هۆگەلی جۆراوجۆر بە ئاواتەکانی نەگەیشت و تووشی شکستێکی مێژوویی هات. بەم پێیە پێویستە هێزی چەپ پێداچوونەوەیەکی جیدی بەسەر مێژوو، بیر و هزر و ڕوانگەی گشتی و فەلسەفەی خۆی بکاتەوە و پاش خەسارناسی ڕابردووی خۆی، بەرەو پیری داهاتوو بڕوا.
پاش ڕووخانی یەکیه‌تیی سۆڤییەت‌ و وڵاتە هاوپه‌یمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئوڕووپا، قەیرانی فیکری و ڕێکخراوەیی زۆرینەی حیزبە کلاسیکەکانی چەپی جیهانی لەخۆ گرتەوە ‌‌و مەدینەی فازیلەی ئەوان لە ماوەیەکی کورتخایەندا بوو بە بەشێک لە مێژووی سەدەی ٢٠ی زایینی. بەشێک لەوانەی کە سیستمی یەکیه‌تیی سۆڤیەتییان بە سەرمایەداری دەوڵەتی ناو دەبرد پێیان وایە کە سیستمی سۆسیالیستی لەم کۆمەڵگه‌یەدا هەر بوونی نەبووە هەتا شکستی خواردبێ، بەشێکیش لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئەم کۆمەڵگه‌یە بە ڕاستی سۆسیالیستی بووە و بە ئاکام نەگەیشتنی ئەم ئەزموونە لە ڕاستیدا شکستی سۆسیالیزمە، بەشێکیش پێداگری لەسەر بیروباوەڕی پێشووی خۆیان واتە پشتیوانی لە سیستمی سۆڤیەتی و سۆسیالیزمی بە ڕاستی ئارایی(1) دەکەن و سەرەڕای قبووڵی ڕەخنەگەلێک، ڕووخانی ئەم سیستمە وەکوو ئاکامی فیت ‌و پیلانی دوژمنانی سۆسیالیزم، ئەمپریالیزم و خۆفرۆشانی نێو ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیست دەزانن.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەرەی هێزە جۆراوجۆرەکانی دژ بە سۆسیالیزم کەوتوونەتە گەڕ و چەمکی سۆسیالیزم و تەنانەت تەواوی مێژووی خەباتی چەپەکان و دەسکەوتەکانیان لە بەرەی خەباتی دژ بە سەرمایەداری بە چەشنی جۆراوجۆر بێبایەخ لە قەڵەم دەدەن و ڕووخانی سۆسیالیزمی بە‌ ڕاستی ئارایی لە سۆڤییەت و وڵاتە هاوپەیمانەکانی وەکوو شکستهێنانی یەکجاری نەک هەر ئەم سیستمە بەڵکوو بیروهزری چەپی سۆسیالیستی پێناسە‌ دەکەن.
لێرەدا گەلێک پرسیار لە پێوەندیی لەگەڵ چەمکی سۆسیالیزم، هۆیەکانی شکستی ئەم ئەزموونە لە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە وەکوو بەرەی سۆسیالیستی پێناسە دەکران دێتە ئاراوە کە پێویستە وڵام بدرێنەوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا گەلێک کتێب و بابەتی جۆراوجۆر لە لایەن یاران و نەیارانی سۆسیالیزم لە تەواوی جیهاندا نووسراون و ئەم مەسەلەیە لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە لێک دراوەتەوە. لێرەدا نووسەر تێدەکۆشی پاش پێداچوونەوەیەک بەسەر مێژوو و بەشێک لە چەمکە سەرەکییەکانی سۆسیالیزم، ئاوڕێک لەم بیروهزر و هۆیەکانی شکستهێنانی ئەزموونی سۆسیالیستی، هەروەها پێوەندیی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتیی کورد بداتەوە.

چەمکی سۆسیالیزم لە ڕوانگەی مێژووییەوە
لە هەوەڵ دەیەکانی سەدەی نۆزدەی زایینی بیری سۆسیالیستی بە چەشنێکی ڕەخنەگرانە و خەیاڵی لە ئوڕووپا سەری هەڵدا. نوێنەرانی فیکریی ئەم بیرۆکەیە بریتی بوون لە سه‌ن سیمۆن و شارل فووریە لە فەڕانسە و ڕابێرت ئوون لە بریتانیا. دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی ڕەخنەگرانە ‌و خەیاڵیی ڕەخنەگری سیستمی سەرمایەداری خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتیی ئەم نیزامە بوون و «هێرشیان کردبووە سەر بنەمای کۆمەڵگه‌ی ئارایی‌ و بەم پێیە بنچینەیەکی گەلێک بە نرخیان بۆ ڕوونکردنەوەی بیری کرێکاران پێک هێنا»[بوو] … داهێنەرانی ئەم سیستمانە [سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی] هەرچەند دژایەتیی نێوان چینەکان ‌و کاریگەریی فاکتەرگەلی وێرانکەری نێو کۆمەڵگه‌ی دەسەڵاتداریان دەدی، بەڵام لە بەرەی پرۆلتاریادا توانایی لێکدانەوەی هیچ چەشنە کردەویەکی سەربەخۆی مێژوویی و هیچ چەشنە بزووتنەوەیەکی سیاسی‌ کە تایبەتمەند بە پرۆلتاریا بێ، نەدەدی».(2)
ئەم بیرمەندانە متمانەیان بە چینی کرێکار و دەوری مێژوویی ئەم چینە و پێداویستیی خەباتی سیاسی و شۆڕشی کرێکاری نەبوو. بە باوەڕی ئەوان چینی کرێکار توانای ڕزگارکردنی خۆی نەبوو، پێویست بوو هێزێک لە دەرەوەی ڕیزی پرۆلتاریا ئەم ئەرکە وەئەستۆ بگرێ. بە باوەڕی ئەوان، زانایانی ئاشتیدەرەوە و خێرخواز پێکهێنەری ئەم هێزە بوون و ئەوان دەیانتوانی بە یاریدەی ئامۆژگاریی ئاکاری و نیشاندانی نموونەگەلێکی دیاریکراو بەم ئاواتە بگەن. ئەوان هەر چەشنە هەنگاوێکی سیاسی و بە تایبەتی هەر چەشنە تێکۆشانێکی شۆڕشگێڕانەیان ڕەد دەکردوە و دەیانویست و هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە بە ئامانجەکانیان بگەن و شوێنگرەکانیان تەنانەت لە بەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاریدا ڕادەوەستان. «بۆ وێنە شوێنگرانی ئوون لە بریتانیا دژایەتییان لەگەڵ چارتیستەکان و شوێنکەوتووەکانی فووریە لە فەڕانسە، دژایەتییان لەگەڵ ڕیفۆرمیستەکان دەکرد.».(3)
سۆسیالیستە خەیاڵییەکان بە ڕەدکردنەوەی خەباتی سیاسی و چینایەتی، هەروەها پەنابردن بە خۆشخوویی و ئاکارباشیی بۆرژۆواکان، بە تایبەتی کاتێک بزووتنەوەی کرێکاری‌ و زەحمەتکێشان گەشەی ‌دەسەند، دەکەوتنە بەرەی کۆنەپەرستەکانەوە، بە قەولی مارکس و ئێنگڵس لە مانیفێستدا «گرنگی سۆسیالیزم و کۆمۆنیسمی ڕەخنەگرانە_خەیاڵی پێوەندییەکی پێچەوانەی لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانی مێژوو» هەبوو. «سۆسیالیزمی خەیاڵی نەیدەتوانی نە نێوەرۆکی کۆیلەتیی مزبەری(4) لە بارودۆخی سەرمایەداری شی بکاتەوە، نە یاسای گۆڕانکارییەکانی بدۆزێتەوە و نە ئەو هێزە کۆمەڵایەتییەی کە دەتوانێ داهێنەری کۆمەڵگه‌یەکی تازە بێ، ببینێتەوە».(5)
بەم حاڵەش ئەم بیرمەندانە بە‌پێی قۆناغێکی مێژوویی نوێنەری ویست و ئاواتەکانی خەڵکی زەحمەتکێش بە چەشنێکی کاڵ و نەگەیشتوو بوون، لە نووسراوەکانیان بایەخێکی بەرچاویان بە گرنگیی خاوەنداریەتیی کۆیی، سەرچاوەی کۆکردنەوەی سەروەت و سامانی تاک، داڕشتنی بەرنامە بۆ ئابووریی وڵات، لە نێو‌بردنی جیاوازیی شار و گوند و هتددا بوو و ئامۆژگارییەکانیان وەکوو یەکێک لە سەرچاوەکانی سەرەتایی مارکسیزم پێناسە دەکرێ. لێنین لە سێ سەرچاوە و سێ پاژی مارکسیزم سەبارەت بە ئامۆژگارییەکانی مارکس دەبێژێ: «ئەم بارهێنانە میراتبەری بەنرخی باشترین بیرۆکەیەکە کە مرۆڤ لە سەدەی نۆزدەدا لە چەشنی فەلسەفەی ئاڵمان، زانستی ئابووریی بریتانیا و سۆسیالیزمی فەڕانسە پێکی هێناوە.(6)
هەتا نێوەڕاستەکانی سەدەی ١٩ی زایینی چەمکی سۆسیالیزم و سۆسیالیست لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیستیدا زۆرتر بۆ بزووتنەوەی بۆرژوایی بەکار دەهێندرا. لە بەشی ٣ی مانفێستی حیزبی کۆمۆنیست_مارکس و ئێنگڵس، لە ژێر دێڕی «نووسراوە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستییەکان» تێروتەسەڵ ڕەخنە لە سۆسیالیزمەکانی فیۆداڵی، مەسیحی، وردەبۆرژوایی، ئاڵمانی یان «ڕاستی»، خۆپارێز یان بۆرژوایی دەگیرێ. ئێنگڵس لەو پێشەکییانەی کە بۆ چاپی ئینگلیسیی مانیفێست لە ساڵی ١٨٨٨ و چاپی نوێ ئاڵمانییەکەی لە ساڵی ١٨٩٠ نووسیوە، لەم پێوەندییەدا ئاماژە دەکا و دەڵێ: … «بەم حاڵە، کاتێک ئەم نامیلەکەیە [مانیفێست] بڵاو کرایەوە، ئێمە نەماندەتوانی ناوی بنێین مانیفێستی سۆسیالیستی. لە ساڵی ١٨٤٧ ناوی سۆسیالیست بە دوو چەشنە کەس دەگوترا: لە لایەکەوە بە لایەنگرانی مەکتەبە جۆراوجۆرە خەیاڵییەکان و بە تایبەتی شوێنکەوتووەکانی ئوون لە ئینگلیس و شوێنگرانی فووریە لە فەڕانسە دەگوترا کە هەردووکیان لەو کاتەدا گرووپگەلێکی تەریک لەکار دەرهاتبوون و پەیتاپەیتا بەرەو لە نێوچوون دەچوون و، لە لایەکی دیکەوە بە سێحربازە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی‌ دەگوترا کە دەیانویست تەواوی بەڵا کۆمەڵایەتییەکان بە کەلکوەرگرتن لە ئیکسیر و پینەوپەڕۆکردن لە نێوبەرن، به‌بێ ‌ئەوەی کەمترین پێوه‌ندییه‌کی بە سەرمایە و سووده‌وه‌ هەبێ. ئەمانە لە هەر دوو حاڵەتەکەدا کەسانێک لە دەرەوەی بزووتنەوەی کرێکاری بوون کە زۆرتر لە چینە «خوێندەوارەکان» یاریدەیان وەردەگرت. بە پێچەوانە، ئەو بەشە لە چینی کرێکار کە بڕوایان بە کەموکووڕی‌ گۆڕانکارییەکانی تەنیا سیاسی هەبوو و خوازیاری سەرلەنوێ درووستکردنەوەی بنەڕەتیی کۆمەڵگه‌ بوون، ناوی خۆیان کۆمۆنیست نابوو. … لە ساڵی ١٨٤٧ سۆسیالیزم، بزووتنەوەی بۆرژوایی و کۆمۆنیزم، بزووتنەوەی کرێکاری بوو».(7)
مارکس و ئێنگڵس بەپێی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ساڵەکانی دوو دەیەی پاش نووسینی مانیفێست، باس لەوەی دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە مانیفێست بەڕۆژ نییە و ئیتر بۆ ئەو کاتە کارایی نەماوە. لە پێشەکی بۆ چاپی ئاڵمانی مانیفێست لە ساڵی ١٨٧٢ له‌باره‌ی بەشی ٣ و ٤ی مانیفێستدا هاتووە :… «هەروەها ئەوە خۆبەخۆ ئاشکرایە کە ڕەخنە لە بابەتی سۆسیالیستەکان بۆ ئەمڕۆ ناتەواوە، لەبەر ئەوه‌ی ‌کە تەنیا تا ساڵی ١٨٤٧ لەخۆ دەگرێتەوە. هەر بەم چەشنەش ئاشکرایە کە خاڵە پێوەندیدارەکان لەگەڵ هەڵوێستگرتنی کۆمۆنیستەکان لە بەرامبەر حیزبە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆن (بەشی چوارەم) سەرەڕای ئەوەی کە ئەمڕۆش لە هێڵە سەرەکییەکانی هەر ڕاستە، بەڵام لە ڕوانگەی بە‌کارهێنانی لە کردەوەدا کۆن ‌بووە، لەبەر ئەوەی کە بارودۆخی سیاسی بە یه‌کجاری گۆڕاوە و ڕەوتی مێژوو، زۆرینەی ئەو حیزبانەی کە لەوێدا باسیان لێکراوە لەنێو بردووە.»(8)
ئێنگڵس بە تایبەتی لە کتێبی «ڕەوتی تەواوکاری سۆسیالیزم_ خەیاڵی و زانستی، وێڕای هەڵسەنگاندنی سۆسیالیزمی خەیاڵیی سەدەی هەژدە بە نوێنەرایەتیی سن سیمۆن و فووریە لە فەڕانسە و ئوون لە ئینگلیس و هتد، باس لە سۆسیالیزمی تازە یان ئەمڕۆیی، هەروەها زانستی دەکا». «ئێنگڵس ئاماژە بەوەی دەکا کە سۆسیالیزم دوو قۆناغی سەرەکی تەواوکاریی تێپەڕ کردووە. بۆ هەوەڵین جار لە هەیبەتی پێش زانستی، ئیدەئالیستی و ناپرۆلتاری سەری هەڵداوە، پاشان، بە‌پێی پەرەگرتنی شێوەی بەرهمهێنانی سەرمایەداری پێداگری لەسەر ئاکامەکانی خۆی دەکا و لە قاڵبی مارکسیزمدا سەر هەڵدەدا …(9) « ئێنگڵس دەبێژێ: «جەوهەری سۆسیالیزمی نوێ ئاکامی ڕاستەوخۆی ناسینی دوو ڕاستییە: یەکیان دژبەرەکیی چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگه‌ی ئەمڕۆ، دژبەرەکیی خاوەندارەکان ‌و هەژارەکان، سەرمایەدارەکان و کرێکارە مزبەرەکان؛ ئەوی دیکەش بێسەرەوبەرەیی بەرهەمهێنانە».(10)
«[هەروەها] لەوەبەولاوە سۆسیالیزم ئیتر دۆزینەوەیەکی بەهەڵکەوتی ئەم یاخود ئەو مێشکە بیرمەندە یان ئەو بلیمەتە نەبوو، بەڵکوو ئاکامێکی بە‌ناچاری خەباتی دوو چینی پرۆلتاریا و بۆرژوازی بوو کە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییدا پێک هاتن و گەشەیان کرد. ئەرکی سۆسیالیزم ئیتر ڕێکوپێککردنی نیزامێکی کۆمەڵایەتی بەلانی کەم تەواو نەبوو، بەڵکوو بریتی بوو لە لێکدانەوەی ڕەوتی مێژوویی و ئابووری کە بە‌ناچار دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم چینانە و پێکدادانیان، هەروەها دۆزینەوەی ئامرازی چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە لەو بارودۆخە ئابوورییەدا کە لەم ڕێگایەوە پێک هاتبوون. بەڵام سۆسیالیزمی پێشوو هەر ئەوەندە لەگەڵ تێگەیشتنی ماتریالیستی ناکۆک بوو کە سروشتناسی ماتریالیستە فەڕانسه‌وییەکان لەگەڵ دیالێکتیک ‌و زانستە سروشتییە تازەکان.
هەرچەند سۆسیالیزمی پێشوو ڕەخنەی لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئارایی و ئاکامەکانی دەگرت، بەڵام، توانای شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئەوه‌ی نەبوو و لە ئاکامدا، هەروەها توانای چارەسەرکردنیشی نەبوو؛ تەنیا دەیتوانی ئەو وەکوو شتێکی خراپ و نادرووست بە هەژمار بێنێ.
سۆسیالیزمەکەی پێشوو، هەرچەند چەوساندنەوەی چینی کرێکاری کە بەشی جیانەکراوەی شێوە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بوو بە توندی ئیدانە دەکرد، هەر بەو ڕادەیەش لە ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی و چلونایەتیی پێکهاتنی ئەم چەوساندنەوەیە بێدەسەڵات بوو. لە ڕاستیدا، مەسەلە ئەوە بوو کە پێویست بوو: ١) شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە لایەکەوە لە پێوەندییەکی مێژوویی و پێداویستی پێکهاتنی لە قۆناغێکی مێژووییدا لێک بدرێتەوه‌؛ لە لایەکی دیکەوە، هەروەها تایبەتمەندییە ناوەکییەکەی کە شاراوە بوو ئاشکرا بکرێ و، ئەم بایەخدانە لە ڕێگەی دۆزینەوەی زێدە‌بایی وەدی هات…
ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ دوو دۆزینەوەی گەورە: تێگەیشتنی ماتریالیستیی مێژوو و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەپێی زێدە‌بایی قەرزداری مارکسین. بە‌پێی ئەم دوو دۆزینەوەیە، سۆسیالیزم کرا بە زانست…».(11)

سەرچاوەکان:
1ــ لەم بابەتەدا ئارایی هاوڕیزی وشەی «موجود»ی فارسییە
2ــ مانيفست حزب کمونيست. ک. مارکس و ف. انگلس، ترجمە م. پورهرمزان صص. ٥٥ -٥٦، انتشارات حزب تودە ايران، چاپ دوم ١٣٨٥
3ــ سەرچاوەی سەرێ. ل٥٦
4ــ کرێگرتە، مزبەر، مزيار (بە فارسی: مزدبگیر)
5ــ سە منبع و سە جزء مارکسيسم، و. ای. لنين، ترجمە م. پورهرمزان ص ٤، انتشارات حزب تودە ايران
6ــ سەرچاوەی سەرێ لاپەڕەی ٣
7ــ مانيفست حزب کمونيست. ص ٩ و ١١
8ــ سەرچاوەی سەرێ، لاپەڕەی ٢
9ــ تکامل سوسياليسم از تخيل بە علم، ف. انگلس، ترجمە گروە کادرها، ص ١٤، انتشارات کمونيسم، ١٣٥١، بازنويسی ياشار آذری ١٣٨٣، نشر کارگری سوسياليستی
10ــ سوسياليسم تخيلی و علمی. ف. انگلس، ترجمەی مسعود صابری، ص ٦١ تهران، نشر پرسو ١٣٨٥
11ــ سەرچاوەکەی سەرێ لاپەڕەکانی ٩١-٩٠