Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
شه‌ممه ۲۹ ی به‌فرانباری ۱۳۹۷ | 19/01/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

ئەمریکا لە نێوان حزووری نیزامیدا

06/01/2019 | 14:40:28
+A
-A
خالید حه‌سه‌نپوور

ڕۆژی ١٩ی دێسامبر ترامپ لە ڕێگای توویتێکەوە پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکای لە سووریە ڕاگەیاند. ئەو هەواڵە کتوپڕە هەم دۆستانی ئەمریکا و هەم دوژمنان و تەنانەت بەشێک لە دەوڵەتی ئەمریکاشی تووشی سەرسووڕمان کرد. کەمتر لە 10 ڕۆژ بە سەر ئەو بڕیارەدا تێنەپەڕیبوو کە سیناتۆری کۆماریخوازەکان، لینزی گرام ڕایگەیاند کە جارێ ئەمریکا پاشەکشە ناکا هەتا ئاخرین ئاسەواری داعش لەنێو نەچێ و هاوپەیمانە کوردییەکه‌ش پارێزراو نەبێ. هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی هەیە بە ناتەبایی لە سیاسه‌تی دەرەوەی ترامپدا، ئەوە یەکەمجار نییە کە ئیدارەی ترامپ هەڵوێستی لەو چەشنە دەگرێ. بەڵام هەتا ئەو جێگایەی پێوەندی بە ستراتیژیی ئەمریکا لە سووریەوە هەیە، ڕووسیە و ئەمریکا دوای چاوپێکەوتنەکەی پۆتین و ترامپ لە هێڵسینکی، لەسەر قەدەری سووریە دەکرێ بڵێین لە قەوارە گشتییەکەیدا پێک هاتوون. ئەگەرچی خاڵەکانی ئەو سازانە ئاشکرا نەکراون و ڕانەگەیەندراون، بەڵام دەکرێ بڵێین لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد هەتا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پاراستنی تەواوییەتی خاکی سووریە ڕێک کەوتوون. کە باسی تەواوییەتی خاک دەکرێ، وێدەچێ مەبەستەکە هەر بەتەنیا کوردی ڕۆژئاوا نەبێ، بەڵکوو ئێرانیش بگرێتەوە و جارێ ئەوەندە ڕوونە کە پێکهاتنی نێوان ئەو دوو گەورە هێزە بەتەنیا لەسەر مەسەلە گرینگەکانە و هێشتا لای لە وردەکارییەکان نەکردووەتەوە.
پرسیار ئەوه‌یە کە بەڕاستی سووریە چەندە گرینگیی هەیە بۆ ئەمریکا کە ده‌یهەوێ لە داهاتوودا هێزە سەربازییەکانی لێ بکێشێتەوە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەپێشدا دەبێ بڵێین کە ئەمریکا نە هیچکات سووریەی بە ناوچەی نفووزی خۆی زانیوە و نە بە شێوه‌یه‌کی ستراتیژیکی لێی ڕوانیوە. لە ١٩٥٠ بەملاوە سووریە هەمیشە هاوپەیمانیی هەبووە دەگەڵ یەکیه‌تیی سۆڤییەتی پێشوو و پاش نەمانی یەکیه‌تیی سۆڤییەتیش پێوەندییەکانی دەگەڵ ڕوسیە هەر بە شێوەی ڕابردوو درێژە داوە. هەر ئەو پێوەندییە مێژووییەیە کە بووەتە هۆی ئەوه‌ی کە ڕێژیمی ئەسەد لە ڕووی ستراتیژییەوە ببەسترێتەوە بە ڕووسیە. پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەڕەبی و قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی سووریە بوو کە ئیدارەی ئۆباما لە ژێر گوشاری بیروڕای گشتیدا کەوتە بیری ئەوەی کە دەست لە کاروباری نێوخۆیی سووریە وەربدا.
بە کورتی دەگەڵ ئەوه‌ی کە ئەمریکا لە زەمانی ئۆبامادا ده‌یەویست ڕوویکەردێکی ئەکتیڤتر لە جاران به‌رامبەر بە بارودۆخی ئەو وڵاتە بگرێتە بەر، بەڵام لەلایه‌ک بە هۆی نەبوونی پێوەندیی دۆستانە و لەمێژینە دەگەڵ ئەسەد و لەلایه‌کی دیکەشه‌وە بە هۆی نەبوونی لێبڕاویی سیاسیی به‌رامبەر بە هەڵسوکەوتی دژە دێموکراتیکی ئەسەد، کارتێکەریی لەسەر سیاسەتی سووریە زۆر کەم بوو. پاش ئەوەی ترامپ هاتە سەرکار، وا وێدەچوو کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا ڕوویکەردێکی جیدیتر له‌مه‌ڕ سووریەوه‌ بگرێتەبەر و، دەگەڵ ئەوەی ئیدارەی ترامپ هێزێکی سەربازیی نارد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و بە کرده‌وە دەگەڵ لایەنی کوردی و هێندێک لایەنی سەرانسەی هاوکاریی هەبوو، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەوەی شەقڵی لە سیاسەتی سووریە و گۆڕەپانی سەربازیی دەدا هەر ڕووسیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون. دەکرێ بڵێین کە هەم ئیدارەی ئۆباما و هەم ئیدارەی ترامپ بە شێوه‌یه‌کی بێپلان و حیساب بۆنەکراو چوونە نێو گەمەی سووریەوە. بۆیە ئەمریکا وەک گەورە هێزێک یان نەدەبوو بچێتە نێو سووریەوە، یان ئەگەر دەچوو دەبوو بە لێبڕاوییه‌کی زۆرتر و بە هێزێکی زۆرتر چووبا نێو گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتەوە.
دەکرێ بڵێین لایەنێک کە بەچوونەدەرێی هێزەکانی ئەمریکا تووشی زیان دەبن، کوردەکانن و ئەوەی پێی دەڵێن «هەسەدە»یە. ئەگەرچی یەپەگە لە سەرەتاوە پێوەندییه‌کی ئەوتۆیان بە ئەمریکاوە نەبوو، بەڵام لە ڕەوتی شەڕی کووبانی ڕا ئەرتەشی ئەمریکا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتیی شەڕوانەکانی یەپەگەی دا. ئەو ڕەوتە بەردەوام بوو هەتا ئەو جێگایەی هێزەکانی یەپەگە و ئەڕتەشی ئەمریکا بەره‌یه‌کی سەربازییان لەدژی داعش پێک هێنا. لەو کاتەوە بەستراوەیی ئەو هێزانە بە ئەمریکاوە تا دەهات زیاتر دەبوو. ئەوە ئەگەر لەسەر گۆڕەپانی سەربازی بەو جۆرە بوو، لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەو چەشنە نەبوو. هەتا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە دواڕۆژی کوردی سووریەوە هەبوو، ڕەنگبێ چارەنووسی کورد لەو وڵاتە، بە حزووری ئەمریکا یان بێ حزووری ئەمریکا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتبا.
سەرکردایەتیی کوردی ڕۆژئاوا هەر لە سەرەتاوە ڕایانگەیاندبوو کە لە سووریە جیا نابنەوە و، سازوکاری ئیدارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیشیان بەجۆرێک ڕێک خستبوو، کە لە ڕووی قەوارەوە بە بەشەکانی دیکەی سووریەوە وەسڵ ببنەوە. بەڵام ناتەبایه‌کی کە لە سیاسەتی بەڕێوەبەریی ئەو بەشەدا هەبوو ئەوە بوو کە لە لایه‌ک نیازی جیابوونەوه‌یان لە سووریە نەبوو و، لەلایه‌کی دیکەوە لە ڕووی سیاسی و سه‌مبولیکەوە جۆرێک تەعبیریان لە خۆیان دەکرد کە دەبوونە مایەی هەڕەشە لە سەر دەوروبەری خۆیان. هەروه‌ها هەر لەو پێوەندییەدا مەسەلەیه‌کی دیکە کە ئەویش وەک کەموکووڕییه‌کی جیدیی سیاسی خۆ دەنوێنێ ئەوه‌یە، مادام ئەجیندای جیابوونەوە لە سیاسەتی کوردی سووریەدا نەبوو و نییە، پێویست بوو کە سەرکردایەتیی کوردی ڕۆژئاوا دەنگی پێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، لە سەر گۆڕەپانەکانی شەڕ بە قازانجی ڕێژیمی ئەسەد لەگۆڕێدا بوون ببیستێ. ئەگەر یەپەگە واقعبینانە چاوی لە بارودۆخی سیاسی و سەربازیی سووریە کردبا و، بەپێی ستراتیژیی خۆی _کە مانەوە بوو لە چوارچێوەی سووریەدا_ جووڵابایەوە، دەبوو زۆر زووتر دەگەڵ ڕێژیمی ئەسەد بکەوێتە گفتوگۆوە. ئەو کارە دەبووە هۆی ئەوه‌یکە بەوەخت پێش بە تەڕاتێن و شەڕفرۆشییەکانی تورکیە بگرێ.
بە چوونەدەرێی ئەمریکا لە سووریە و ڕۆژئاوا، هەتا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە دەستێوەردانی تورکیە لە بارودۆخی سووریەوە هەیە، پارسەنگیی سیاسی و سەربازی هێندێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ. چونکە هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین و داگیرکردنی ئەو ناوچەیە، بەر لە هەموو شتێک بە چرای سەوزی ڕووسیە ڕووی دا. ڕووسیە بەهۆی هێرشی تورکیە بە تیرێک دوو نیشانەی ئەنگاوت. لەلایه‌ک ئەمریکا و تورکیەی وەک دوو ‌هێزی هاوپەیمان لە ناتۆدا لە به‌رامبەر یەکتردا ڕاگرت و، لە لایه‌کی دیکەوە بە جووڵاندنی سپای تورکیە بۆ نێو خاکی ڕۆژئاوا، کوردەکانی ناچار کرد کە پەنا بۆ ڕێژیمی ئەسەد بەرن و ڕێگای سازان دەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بگرنەبەر. هەرچەند حزووری ئەمریکا لە کورت ماوەدا بە سوودی یەپەگە بوو، بەڵام حزووری ئەمریکا خۆی لە خۆیدا ببووە هۆی گرێدانی ئەجیندای سیاسیی تورکیە، سووریە و ڕووسیەش لە نێو گەمەکەدا. سروشتییە کە دەرچوونی ئەمریکا لە سووریە، قەڵەشتی بەرژەوەندیی نێوان لایەنەکانی سەر گۆڕەپانی سووریە هەتا دێ لە درێژ ماوەدا زیاتر دەکا.
ڕووسیە هەتا ئێرە بۆ ئەوەی بەڕەی سووریە لەو قوڕاوەی کە تێی کەوتووە بێنێتە دەرێ، وەک دەڵێ ‹›تەواوییەتی ئەرزیی بپارێزێ›› سیاسەت و ستراتیژییه‌کی زۆر پلانمەند و حیساب بۆکراوی گرتووەتە بەر. ستراتیژیی سەربازیی ڕووسیە لە نێو شەڕی سووریەدا، هەتا ئێستا ئەوە بووە کە هێزە بچووکەکان بە هێزە گەورەکانی لەسەر گۆڕەپانی سووریە و دەرەوەی سووریە لە نێو ببا، یان بە هۆی گوشاری هێندێکیان بۆ سەر ‌هێندێکی دیکە ملکەچی دەوڵەتی ناوەندییان بکا. نیشانەکان له‌ ئێستاوە دەری دەخەن کە ئەو ڕوویکەردە لە داهاتوودا کۆماری ئیسلامیش دەگرێتەوە. سپای قودس کە هەتا ئێستا هۆکارێک بووە بۆ سەقامگیریی ڕێژیمی ئەسەد، لەمەو بەدواوە بە زاڵبوونەوەی حکوومەتی ئەسەد بەسەر بارودۆخی سووریەدا، بە هۆی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ئیسڕاییل، دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیریی لە سووریەدا. بۆیە ئەگەر سووریە بەرەو بارودۆخێکی ئارامتر هەنگاو بنێ و، گەمارۆکانی ئابووریی ئەمریکاش کاریگەرییان لەسەر ئێران هەبێ، لەوانەیە یەکەم جێگا لە ناوچەدا کە کۆماری ئیسلامی بەجێی بێڵێ، سووریە بێ.
ماوەتەوە بڵێین ئایا پاشەکشەی سەربازیی ئەمریکا لە هێندێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەمانای پاشەکشەیە لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە ئاستی جیهان و ناوچەدا؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە سەرنج بده‌ینە هاتنەدەری یەکلایەنەی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرجام وەک پەیمانێکی نێونەتەوه‌یی و، هەوڵی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ناوکیی کۆرەی باکوور و هێنانە سەرمیزی وتوێژی سەرۆکی ئەو وڵاتە، «کیم ئیل سونگ» و هێمنکردنەوەی شێوە دووڕگەی کۆرەیە. هەروه‌ها ڕەوانەکردنی گەلەکەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا بۆ کەنداوی فارسیش یەکێکیتر لەو هەوڵانەیە کە نیشان دەدا ئەمریکا بە نیسبەت ئاڵوگۆرەکانی ئەو ناوچەیە بێلایەن و سەیرکەر نییە . بەڵام شکی تێدا نییە ئەولەوییەتی سیاسەتی ترامپ لەو دەوره‌یه‌دا دە پێشدا بارودۆخی نێوخۆیی ئەمریکایە. بۆیە ئەو ئیدارەیە لەژێر تیشکی دوو هۆکاری بنەڕه‌تی، واتا چارەسەری بارودۆخی ئابووریی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خەرجەکانی، بۆ به‌کرده‌یی کردنی سیاسەتەکانی خۆی لە ئاستی جیهاندا، لە ڕووی سەربازییەوە وەک سێ دەیە لەمەو بەر، دەچێتەوە نێو قاوخی خۆی و؛ هەوڵ دەدا لە ڕێگای شکڵبەندیی دیکە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کەمتر خەرجی تێبچێ حزووری سیاسی و سەربازیی خۆی بپارێزی.