Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 20/06/2019 | کاتژمێر:
سیاسی

ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرکە هەنووکەییەکان

06/01/2019 | 14:16:48
+A
-A
قادر وریا

ئاماژە: لە ١٥ ی دیسامبری ڕابردوو بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ڕۆژی ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان، سمینارێک لەلایەن کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ هاوڕێیان قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی و خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە شاری ئۆسڵۆ پێکهات. ئەمەی خوارەوە دەقی پیادەکراوی باسەکەی هاوڕێ قادر وریا لەو سمینارە دایە کە بۆ بڵاوبوونەوە لە ڕۆژنامەی کوردستان ئامادە کراوە.

پێشەکی:
دۆستانی به‌ڕێز! هاوڕێیانی خۆشه‌ویست!
به‌خێر بێن بۆ سمیناری ڕێزگرتن لە ٢٦ی سه‌رماوه‌ز، ڕۆژی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.
وێڕای به‌خێرهاتنتان، له‌سه‌ره‌تاوه‌ حه‌ز ده‌که‌م پیرۆزبایی ئه‌و بۆنه‌یه‌ له‌ هه‌موو تێکۆشه‌رانی ڕێبازی ئاڵای کوردستان و هه‌روه‌ها هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوو بکەم که‌ له‌ سه‌نگه‌ری به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی کوردستاندا خزمه‌تیان کردووه‌. هه‌روه‌ها سڵاویش ده‌نێرم بۆ شه‌هیدانی کوردستان، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ڕێگای شه‌کاوه‌ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان و له‌ سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگایه‌تیدا گیانیان به‌خت کردووە، لە پێشه‌وەی هه‌موویان پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د، سه‌رکۆماری کوردستان و، له‌ دوا وێستگه‌ی ئه‌و کاروانه‌شدا شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانان که‌ له‌ تاوانێکی سنووربه‌زێنانه‌ و ئه‌خلاقبه‌زێنانه‌ و دڕندانه‌ی کۆماری ئیسلامی له‌ هاوینی ڕابردوودا، بەهۆی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، گیانیان به‌خت کرد.
***
مەبەست لە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات
سەرەتای ئەو بزووتنه‌وه‌یەی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان مەبەستمە، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 75 ساڵی ڕابردوو. بەڵام ئەگەر باسی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی دوایی بکه‌ین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەسپێکردنی خه‌باتی گه‌لی کورد له‌گه‌ڵ جمهووری ئیسلامیدا. پێویستە ئەمەش بڵێم ساڵانێک ئەگەر باسی بزووتنه‌وی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانمان ده‌کرد زۆرتر بزووتنه‌وه‌ له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کاندا خۆی ده‌نواند. چونکه‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌نێو خه‌ڵک بوون، له‌ ناوچه‌ی نفووزی خۆیاندا ده‌سه‌ڵات بوون، هێزی پێشمه‌رگه‌یان هه‌بوو، مه‌جبوور بوون کاروباری ڕۆژانەی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ڕایی بکه‌ن و به‌ڕێوه‌ی به‌رن. له‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزە سیاسییەکان حه‌ره‌که‌تێک نه‌بوو بۆ داواکاریی مافه‌کان. خه‌ڵک ئه‌گەر‌ جموجۆڵی سیاسیشی ده‌کرد له‌ ڕێگای کۆبوونەوە له‌ ده‌وری ئەو هێزانە و پشتگرتنی ئه‌وان بوو. هەر ئه‌وانیش له‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی مه‌رکه‌زیدا، له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یەنه‌کان و هتددا، نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵکیان ده‌کرد. ڕاگەیەنەکان و چاودێرانی سیاسی ئه‌گه‌ر بیانویستبایه‌ قسه‌یه‌ک له‌ جووڵانه‌وه‌ی کورد ببیستن، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی جووڵانه‌وه‌که‌دا حیزبه‌کان هه‌بوون و ڕوویان لەوان دەکرد. بۆیه‌ له‌ دوای هاتنه‌ سه‌ر کاری ڕێژیمی تازه‌ و لەو کاتەدا که کورد‌ له‌گه‌ڵ ڕێژیمی تازە کێشه‌ی لێ په‌یدا بوو له‌و وه‌خته‌یەوە هەتا ساڵانێکی زۆر، ده‌توانین بڵێین هێزه‌ سیاسییه‌کان پێکهێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوون.
به‌ڵام زیاتر له‌ ده‌یه‌یه‌که‌ که‌ باسی بزووتنه‌وەی ‌کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین ناتوانین ڕوویه‌کی دیکه‌ی ئەو بزووتنەوەیە نه‌بینین. ئه‌ویش ئه‌و خه‌باته‌یه‌ که‌ له‌‌ نێو خه‌ڵکدا هه‌یه.‌ ناڵێم پێوه‌ندیی نییه‌ به‌ حیزبه‌کانه‌وه‌، یا حیزبه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ری نییه‌. مەسەلەکە ئەوەیە له‌ هەلومەرجێکی دیکه‌د‌ا خه‌ڵک هاتۆته‌ مه‌یدان، به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر قسه‌ی خۆی ده‌کا و بۆ مافه‌کانی خۆی، بۆ ئازادییه‌کانی خۆی خه‌بات ده‌کا. ئه‌و دووانه‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و لێک جیا نین. به‌ڵام سروشتییە‌ دوو فۆڕمی جیاواز‌، دوو جوغڕافیای جیاوازی تێکۆشان و، دوو هه‌لومه‌رجی جیاوازیان هه‌یه‌. بۆیه‌ من که‌ ده‌ڵێم بزووتنه‌وه‌ی کورد، مه‌به‌ستم هه‌ر دوو به‌شیەتی، هه‌م تێکۆشانی هێزه‌ سیاسییه‌کان و هه‌م ئه‌و خه‌باته‌ جۆراوجۆره‌ که‌ له‌ نێو خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌یه‌.

٣ قۆناغ لە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتدا
وه‌ک سەرەتا‌یه‌ک بۆ ئه‌و باسه‌ پێویستە قۆناغبه‌ندییه‌ک بکه‌ین بۆ بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. له‌ ساڵی ١٣٥٨ـه‌وه‌ که لە نێوان ئەو بزووتنەوەیە‌ و کۆماری ئیسلامیدا کێشه‌ درووست بوو، هه‌تا ئێستا ئێمه‌ چه‌ند قۆناغێکمان بڕیوه‌. بۆخۆم ئاوای دابه‌ش ده‌که‌م _مه‌رج نییه‌ پۆلێنکردنەکەم زۆر زانستی بێ_ و ئەمە بۆ هاسانیی باسکردن لە هەلومەرج و ئاڵوگۆڕەکان و تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێکە.
لە هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامییه‌وه ‌تا ئێستا خه‌بات و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:

قۆناغی یەکەم/ قۆناغی داسه‌پانی شه‌ڕ به‌سه‌ر کورددا:
دوای ئه‌وه‌ی که‌ شۆڕش له‌ ئێران سه‌رکه‌وت و نیزامی تازه‌ هاته‌ سه‌ر کار، سروشتی بوو‌ کورد که‌ ساڵانێکی درێژ بوو خه‌باتی کردبوو بۆ مافه‌کانی و خاوەنی کۆماری کوردستان بوو، خاوەنی بزووتنه‌وه‌ی ٤٦-٤٧ بوو، بۆیه‌ش له‌ شۆڕشدا به‌شداری نه‌کردبوو که‌ حکوومه‌تێکی ئیسلامی بێنێته‌ سه‌رکار، چاوه‌ڕوان بوو مافه‌کانی دابین ببێ. ڕێژیمی تازه‌ له‌باتی دابینکردنی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان شه‌ڕی له‌گه‌ڵ کرد. ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌کرێ بڵێم هه‌تا نێوه‌ڕاسته‌کانی ده‌یه‌ی ٧٠ی هه‌تاوی خایاند، له‌ پێشدا به‌ شێوه‌ی جەبهه‌یی و دوایه‌ به‌شێوه‌ی پارتیزانی. ئه‌وه‌ قۆناغێکه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد، بەرە بەرە لە شار و ناوچه‌کانی خۆی پاشه‌کشه‌ی کرد، چونکه‌ ئه‌و ئیمکانه‌ی نه‌بوو بتوانێ به‌شێوه‌ی نیزامی به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات ڕابوه‌ستێ و پاش قوربانیدانێکی زۆر _ده‌کرێ بڵێم بۆ هه‌ر بستێکی خاکی خۆی که‌ به‌جێی هێشت، قوربانی دا_ به‌ڵام له‌ نیهایه‌تدا نه‌یتوانی ئەو‌ ناوچه‌یه‌ی له‌ ژێر نفووزی خۆیدا بوو بپارێزێ و، ناچار بوو بچێتە‌ ئه‌و دیوی سنووره‌کان و له‌وێ نیشتەجێ بێ. هێزه‌ سیاسییه‌کان مه‌جبوور بوون بنکه‌ و باره‌گاکانیان ببەنە‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان. دیاره‌ دوای ئه‌وه‌ش کە قۆناغی جەبهه‌یی شه‌ڕ گۆڕا و بوو به‌ قۆناغی پارتیزانی، خه‌بات و تێکۆشانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ نێوخۆ هەتا نێوه‌ڕاسته‌کانی دیه‌ی ٧٠ی هه‌تاوی هەر ئیدامه‌ی هه‌بوو.

قۆناغی دووهەم/ قۆناغی زەمینگیربوون لە باشووری کوردستان
ئه‌م قۆناغه‌ لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٩٠ی زایینییەوە هه‌تا کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی٢٠٠٠، دەگرێتەوە. له‌و قۆناغەدا‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ واقیعدا دوور له‌ زێدی ئه‌سڵی و ژینگه‌ی تێکۆشانی خۆیان له ‌باشووری کوردستان به‌ جۆرێک زه‌مینگیر ببوون. له‌ ڕووی نیزامییه‌وه‌، له‌ ڕووی حزووری هێزی پێشمه‌رگه‌ و کادرەکانی حیزب نه‌یاندەتوانی له‌ نێوخۆی وڵات هه‌بن. نه‌ ته‌نیا نه‌یانده‌توانی به‌ شێوه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ نێو خه‌ڵکدا حزووریان هه‌بێ، بەڵکوو له‌‌ده‌ره‌وەی‌ سنووره‌کانیش و لەو شوێنەی جێگیر ببوون، له‌گه‌ڵ دوو کێشه‌ی گه‌ورەی بە دوای یەکدا‌ به‌ره‌وڕوو بوون. کێشه‌ی یەکەم ئه‌وه‌ بوو که‌ کۆماری ئیسلامی به‌ کاری تێرۆریستی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانیش ده‌یتوانی قوربانی له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان بستێنێ. نیوه‌ی دووهه‌می ده‌یه‌ی ٩٠ و نێوه‌ڕاسته‌کانی ده‌یه‌ی ٩٠ی زایینی، سه‌رده‌می سه‌رده‌مداری و تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی له‌ باشووری کوردستان بۆ ڕاوی تێکۆشه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات بوو. یەکێک لە کێشە گەورەکان کە ئێمە لەو قۆناغەدا لە باشووری کوردستان لەگەڵی بەرەوڕوو بووین ئەو کێشەیە بوو.
کێشەی دووهەم؛ ململانێ و کێشە نێوخۆییەکانی ئەو هێزە سیاسییانە بوو. ئەو هێزانە نوقمی کێشە و ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکانی خۆیان بوون. ئەمە وای کرد کە لە زۆر شت دوا بکەون، ئەو کێشە و ناکۆکییە نێوخۆییانە ماوەیەکی زۆر ئەو هێزانەی بە خۆوە خەریک کرد و سەرئەنجام لێک دابڕان و ئینشعابیان لێ کەوتەوە. ئەوەش وایکرد ئەوان لە زۆر کێشەی نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات داببڕێن و، هەم بە هۆی دابڕانی جوغڕافیایی و هەم بە دەلیلی سەرقاڵبوون بەو کێشانە، نەیانتوانی بەو جۆرەی پێویستە کاریگەری لە سەر زۆر لە ئاڵوگۆڕەکانی نێوخۆ دابنێن.
هەر لەو ساڵانەدا کە ئێمە بەو کێشانەوە مەشغووڵ بووین لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات هێندێک هێز و لایەن بە تایبەتی جەریاناتی ئیسلامیی توندڕەو، لە غیاب و دیارنەبوونی هێزە سیاسییەکان بە قازانجی خۆیان سوودیان وەرگرت. توانییان نفووزی خۆیان پەرە پێ بدەن و خەڵکێک جەزبی خۆیان بکەن. کۆماری ئیسلامیش ئەوەی پێ ناخۆش نەبوو. پێی خۆش بوو بەدیل بۆ هێزە نەتەوه‌ییەکانی ڕۆژهەڵات درووست بێ تا خەڵکەکە بە لای ئەودا بچێ و نەیدەزانی ڕۆژێک ئەو جەریاناتەی مەجالی تێکۆشان و خۆبڵاوکردنەوەی پێ داون لەوانەیە بۆ خودی ئەو ڕێژیمەش ببنە سەرئێشە.
گۆڕانێکی سیاسی کە هاوکاتە لە گەڵ ئەم قۆناغە و لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە: لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بەم لایەوە (تا دێینە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوی) بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی وایکرد کە لە ئێران سەرکۆمارێک بێتە سەرکار بە گوتارێکی تازەوە، دەوڵەتێک بێتە سەرکار، جیاوازی هەبێ لەگەڵ دەوڵەوتەکانی پێشوو. مەجلیسێک پێک بێ لەگەڵ مەجلیسەکانی پێشوو جیاوازی هەبێ. ئەوەش فەزایەکی بۆ خەڵک بە گشتی و لەو نێوەدا بۆ خەڵکی کوردستانیش پێکهێنا کە جۆرێکی دیکە کار و تێکۆشان بکەن. پێشتر تەنیا لەگەڵ سەرکوت بەرەوڕوو بوون و هیچ مەجالێکی دیکە نەبوو، بەڵام لەو فەزایە ئیستفادەیان دەکرد. لە لایەکەوە نەسلێک لە کوڕ و کچەکانیان کە لە ساڵانی پێشوودا چووبوون بۆ خوێندنگەکان و زانکۆکان، پێگەیشتبوون و ئەو نەسلە لە ژێر کاریگەریی فەزایەک کە لە دانیشگاکاندا هەبوو، هەر وەها لەژێر کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەدا توانیان جموجۆڵی تازە درووست بکەن. کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی دیکە توانی ڕەفتاری سیاسیی لە خۆی نیشان بدا. بۆ وێنە لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا کە خاتەمی بۆ یەکەمجار کاندیدا بوو، هەموو حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەڵبژاردنیان تەحریم کرد، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرین لە هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد و زۆربەی دەنگەکانیشیان بە خاتەمی دا. دیارە بە داواکاری و ویست و چاوەڕوانیی خۆیانەوە ئەوەیان کرد. دوایە بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی شەشەمیش هەر بەم شێوەیە ڕەفتاریان کرد. بەو جیاوازییەوە کە لەمەیاندا حیزبی دێموکراتیش خەڵکی تەشویق کرد بەشداریی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی شەشەم بکەن بۆ ئەوەی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان یا هەر نەبێ کەسانی باش و نیزیک لە خۆیان هەڵبژێرن، بۆئەوەی بتوانن لەو فەزایەی کە هەیە ئیستفادە بکەن. جا ئەو بزووتنەوەیەی نێوخۆی وڵات، کە ئێستا و لەم دە ساڵەی ئەخیردا شایەدی گەشەکردنین، لەو سەردەمدا خۆی بڵاو کردەوە و، گوورا. بە هۆی ململانێ و ڕقەبەرییەک کە لە نێوان قۆڵەکانی دەسەڵاتدا هەبوو، خەڵک دەرفەتیان دەست کەوت کەسانێک بۆ مەجلیس بنێرن کە لە خۆیان نیزیک بوون. بە هۆی ئەو فەزایەی بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران و چاپەمەنییە بوێرەکانی ئەوکاتی ئێران پێکیان هێنابوو، بە هۆی گەشەی بزووتنەوەی فەرهەنگی و چالاکیی ڕۆشنبیری لە کوردستان و کۆمەڵێک شتی دیکەی ئاوا، لەو دەورانەیدا بزووتنەوەی مەدەنی و ئازادیخوازی لەنێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، توانی خۆی بڵاو بکاتەوە.

قۆناغی سێهەم/ قۆناغی جووڵان و بەخۆدا هاتنەوەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات
ئەو قۆناغە لە کۆتاییەکانی دەیەی یەکەمی ئەو سەدەیە، دەست پێ دەکا و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئەو قۆناغە قۆناغی جووڵان بوو لەنێو هێزە سیاسییه‌کانی ڕۆژهەڵاتدا. قۆناغی حزوور پەیداکردنەوەیان لە نێوخۆ و چاوخشاندنەوە بە پێوەندییان لەگەڵ یەکتر بوو. هاوکات لەگەڵ جووڵەی هێزە سیاسییەکان، لە ژوورەوەش بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵک، ئەو بزووتنەوەیەی پێی دەڵێن بزووتنەوەی مەدەنی، ڕوو لە گەشەکردن دەکا. هێزە سیاسییەکان دوای دەورانێک ناکۆکی و ململانێی نێوخۆیی و ئینشعابات، توانیان خۆیان سازمان بدەنەوە و جموجۆلێک وەڕێ بخەنەوە. دیارە هەر یەکێک بە سەبکی خۆی.
بزووتنەوەی نێوخۆ کە لەم دەورانەدا گەشە دەکا، سەرهەڵدان و گوورانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی دووهەم. بۆ ئەو کاتەی بزووتنەوەی ڕیفۆرمخوازی لە ئێران توانیی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ و پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی تەحمیل بکا. ئەم بزووتنەوەیە لەم ١٠-١٢ ساڵەی دواییدا پتر گەشەی کردووە. کە دێینە سەر ئەو قۆناغەی١٠-١٢ ساڵی ئەخیر ئێمە شایەتی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕین. با لە پێشدا باسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بکەم کە هێندێک چالاکیی دەست پێکرد کە دەکرێ بڵێم لە نەوعی خۆیاندا تازە بوون. یەکەمیان ئەوە بوو کە ئێمە پاش ساڵانێکی زۆر بووینە هۆی ئەوەی کە تێکۆشەرانی حیزب، کادر و پێشمەرگەمان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات حزوور پەیدا بکەنەوە. ڕچەشکێن و پێشەنگی ئەو حەرەکەتە، حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
گۆڕانێکی دیکە ئەوە بوو، ئەو بزووتنەوەیەی لە نێوخۆ هەبوو و پێشتر زۆر جار بە دڕدۆنگی سەیری دەکرا، بەڵام لەو قۆناغەیدا ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پشتگیرییەوە چووینە پشتی. پێمان وابوو ئەو خەڵکەی لەو فەزایەی ئەوێدا کار دەکا، ئەوە دەلیلی پێگەیشتووییانە. دەلیلی ئەوەیە ناتوانن بە شێوەی ئێمە کار و خەبات بکەن بەڵام لەو فەزایەی ئەوێ بۆ دەربڕینی داخوازەکانی خۆیان سوود وەردەگرن و هەزینەشی بۆ دەدەن. ئێمە دەبێ تەشویقی ئەوە بکەین و لە ئێستاشدا ڕەنگە باشترین شت هەر ئەوە بێ کە ئەوان تەشویق بکەین بێن بۆ خۆیان مەسائیلی خۆیان مەترەح بکەن. لەگەڵ ئەوەی لە پێشووشدا سابقەی هەبووە حیزبی دێموکرات بچێتە سەر ئەو سیاسەتەی کە لە دەرفەتەکان ئیستفادە بکا، وەک لە باسی مەجلیسی شەشەمدا ئاماژەم پێکرد، بەڵام لەو قۆناغەیدا ئێمە پتر لە هەمیشە هاندەر بووین بۆ ئەوەی خەڵک بۆخۆیان لە مەیداندا بن، بەهەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێ قسەی خۆیان بکەن.
لە ئاڵوگۆڕەکانی دیکەی ئەم قۆناغە کە لە هێزە سیاسییەکاندا بیندرا و ئێمەش بە نۆرەی خۆمان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆرمان کار بۆ کردووە، ئەوە بوو کە «بازخوانی» (خوێندنەوەیەکی دووبارەی) پێوەندیی نێوان حیزبە سیاسییەکان بکەین. جارێکی دیکە بەیەکەوە دانیشین، گفتوگۆ بکەین و، لەباتی ئەوەی هەر لایەنەی بۆخۆی هەوڵ بدا، بەیەکەوە هەوڵ بدەین وتار و بەیانی هاوبەشمان هەبێ، هه‌ڵوێستی هاوبه‌شمان ببێ و بتوانین ئه‌و ده‌ورانه‌‌ له‌ ناخۆشی و گرژی لە نێوانماندا هەبووە، به‌جێ بێڵین.
ئه‌و کارانەی که‌ حیزبی دێموکراتی کوردستان کردنی، نه‌تیجه‌یان هه‌بوو. بۆ وێنە حزوور په‌یداکردنەوەی تێکۆشەرانی حیزبی ئێمە له‌ نێوخۆ، وایکرد هێزه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ش به‌ڕاستی ورده‌‌ ورده‌ وه‌خۆکه‌ون. ئەوانیش هه‌وڵ بدەن کادر و پێشمه‌رگه‌یان له‌ نێو خه‌ڵکدا حزووری هه‌بێ. له‌ بواری پێکەوە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ یەکتر، هێزی وا هه‌بوون به‌ ده‌نگمانەوه‌ هاتن و ئێمه‌ توانیمان نه‌تیجه‌ی لێ بگرین. یانی ئه‌گه‌ر پێشتر تەنانەت سێ هێزیش ئامادە نه‌بوون به‌یه‌که‌وه‌ دابنیشن به‌ڵام ئه‌مجار وای لێهات چوار هێز، پێنج هێزی سیاسی به‌یه‌که‌وه‌ دابنیشن و لەگەڵ یەکتر دیالۆگ بکەن و پێکەوە و بە هاوبەشی له‌ میدیاکان و له‌ سمینار و کۆنفڕانسی گەیشتینە ئه‌و جێگایه‌ی که‌ ئێمه ئێستا شاهیدی هاوکاری لەگەڵ یەکترین له‌ چوارچێوه‌ی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا. لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش هەر کام به‌ شێوەیەک لە شێوە‌کان چالاکتربوونەوە لەم قۆناغەدا،‌ جا هی وایه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ چالاکتر بوو، هیوایه‌ له ‌پێوەندیی له‌گه‌ڵ ژوورێدا.
بەم جۆرە ئەم ده‌وره‌یه واتە قۆناغی سێهه‌م، قۆناغی به‌خۆداچوونه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌کان، قۆناغی چالاکبوونەوە و هاوکاتیش گه‌شه‌ی بزووتنەوەی مه‌ده‌نی و ئازادیخوازی له‌ نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دایە. به‌ڵام له‌ ئێستادا کێشه‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ چین؟

قۆناغێکی چارەنووسساز لە تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا
ئێمە ناتوانین به‌بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوهه‌لومه‌رجەی ئه‌مڕۆ لە ئێراندا هەیە و به‌بێ دیتنی ئەو قۆناغەی لە تەمەنی ئەو ڕێژیمە‌دا دەستی پێکردووە، باس له‌ کێشه‌کانی خۆمان بکه‌ین. له‌ ئیستادا قۆناغێکی زۆر چاره‌نووسساز لە حه‌یاتی کۆماری ئیسلامیدا ده‌ستی پێکردووە. نه‌ک بڵێین ئێستا ده‌ستی پێکردووە، چه‌ند ساڵێکه‌ به‌ڵام ئێستا ئیدی هیچ کەس چ له‌ نێوحاکمیه‌تی جمهووریی ئیسلامی و چ لە نێو هێزه‌ سیاسییه‌کاندا هەروەها له‌ نێوخه‌ڵکدا گومانی لەوە‌دا نییە که‌ ئه‌و قۆناغه‌ ده‌ستی پێکردووە. بۆ چی پێمان وایە ئەو قۆناغە، قۆناغێکی چاره‌نووسسازه‌؟
یەک لە گرنگترینی ئه‌و کارتانه‌ی ئەو ڕێژیمە پێی بوون و یاری پێدەکردن و بە هۆیانەوە ده‌یتوانی عومری خۆی درێژ بکاته‌وه، هەڵبژاردن بوو. ئەو کارتە ئیدی چی دیکە‌ کارایی نه‌ماوه.‌ کۆماری ئیسلامی ئه‌و ده‌ستاوده‌ست کردنه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌ینی جەناحه‌کانی خۆی بەم جۆرە بە کار هێناوە کە هەر جارەی یه‌کیانی هێناوه‌تە سەر. قۆڵێک هاتووە خه‌ڵکی وەها جاڕز کردووە که‌ دوایه‌ حه‌سره‌ت بخوازن بۆ ئه‌وەکە‌ی دیکه.‌ ئه‌وجار، ئەویانی هێناوه‌تە سەر. بە بەڵێنیی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سیاسی، هەوڵی ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانی داوە، پاش چەند ساڵ، قۆڵەکەی دیکە بە بەڵێنیی باشکردنی دۆخی ئابووری و ژیان و بەڕێچوونی خەڵک هاتووەتە سەر کار. بەڵام بۆ حاڵی خەڵک ئەوە نەتیجه‌یه‌کی نه‌بووه‌. لە دوایین هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا، خه‌ڵک به‌هه‌ر سه‌ختییەک بوو، له‌ چوارچێوەی ئیمکان و وه‌زعی مه‌وجووددا کاندیدایەکیان له‌نێو ئەوەندە کاندیدایانەی که‌ کۆماری ئیسلامی لە مەیدانی ڕەقابەتدا هێشتبوونییەوە، هەڵبژارد. ڕۆحانی ‌قه‌ولی ئاساییکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوای ده‌دا و خه‌ڵکیش پێیان وابوو ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ئاسایی بێته‌وه‌ له‌سه‌ر ژیانی ئابووریی ئه‌وان ته‌ئسیری دەبێ.‌ حه‌تا له‌ بواری سیاسیشه‌وه‌ هێندیک قه‌ول و به‌ڵێنی دا، بۆیه‌ خه‌ڵکێک له‌ ئێران حه‌تا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش پێیان وا بوو ئەگەر دەنگی پێبدەن لەوانەیە له‌ ئێراندا ئاڵوگۆڕ پێک بێ، پێیان وابوو مادام‌ ناتوانن ڕێژیمەکە بڕووخێنن لانیکەم با یارمه‌تیده‌ر بن بۆ ئه‌وه‌ی «تحولات»ێک پێک بێ! به‌ڵام وەک بە کردەوە دەیبینین کارتی هەڵبژاردن -کە هەم ڕێژیم بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و هەم خەڵک بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە چوارچێوەی ئەو ڕێژیمەدا، هیوایان پێ بەستبوو- له‌و چه‌ند ساڵه‌یدا بێئاکامی و ناکاراییەکەی بە باشی دەرکەوتووە. تەنانەت ڕۆحانی توانیشی ئه‌و کێشه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا هه‌یان بوو لەسەر پرسی ئه‌تۆمی و هتد، ئه‌وەش حه‌ل بکا و ‌دیتمان به‌رجامیش هاتە کایەوە. به‌ڵام سەرەڕای جێبەجێبوونی «بر‌جام» و، ئازادکرانی پووڵه ‌دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران و هەڵگیرانی گەمارۆکان و قەول و بەڵێنیی وڵاتانێک که‌ له‌گه‌ڵ ئێران پێوه‌ندییە سیاسی و ئابوورییه‌کانیان زیندوو دەکه‌نه‌وه،‌ هێشتا له‌ ڕووی ئابوورییەوە گۆڕانێک بە قازانجی ژیانی خەڵک ڕووی نەدا و دیتمان له‌ به‌فرانبار و ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوودا، خەڵک چۆن به‌ره‌وڕووی ئه‌و ڕێژیمه‌ بوونه‌وه‌ و له‌ زیاتر له‌ سه‌د شاری گه‌وره‌ی ئێران هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و نه‌ک هه‌ر دژی ئەم یا ئه‌و جەناح، بەڵکوو داوای ڕووخانی ڕێژیمه‌که‌یان له‌ تەواوەتی خۆیدا کرد. یانی ئه‌وجار ڕه‌ئسی نیزامه‌که‌یان- که‌ خامنه‌ییه‌، به‌یتی ڕه‌هبه‌رییه، سپای پاسدارانه‌- کرد به‌ ئادره‌س و کوتیان ئه‌وانیان ناوێن.
بۆچی وایان کرد؟ چونکه‌ ئه‌و قه‌ول و به‌ڵێنە ئابوورییانه‌ی‌ قه‌رار بوو له‌گه‌ڵ هاتنی ڕۆحانی جێبه‌جێ بێ، جێبه‌جێ نه‌بوو. له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ ئه‌و قەول و بەڵێنانەی دابوونی، بۆ وێنە‌ به‌ نیسبه‌ت خه‌ڵکی کوردستانیش هێندێک قه‌ولی دابوو به‌ڵام ئه‌وانیشی جێبه‌جێ نه‌کرد. جا ئه‌وه‌ له‌و ئاخرییانه‌دا ده‌رچوونی ئه‌مریکا له‌ به‌رجام -له‌و ڕێککه‌وتنه‌ی که‌ قه‌رار وابوو زۆر «تحولات»‌ درووست بکات-ــیشی هاتەسەر. به‌ڕاستی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی که‌ کرابوو زۆر له‌ قازانجی ئێران بوو، چونکه‌ پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ توانی ئاسایی بکاته‌وه،‌ ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی له‌سه‌ری بوون لاده‌چوون، له‌ عه‌ینی حاڵیشدا به‌رنامه‌کانی خۆی، که‌ مووشه‌کسازییه‌ درێژه‌ ده‌دا، دەستتێوەردانەکانیشی له‌ وڵاتانی ناوچه‌دا هه‌ر درێژه‌ دا، به‌بێ ئەوەی له‌ ژووره‌وه‌ له‌ ڕووی سیاسی و‌ له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ مل بۆ گۆڕانێک بە قازانجی خەڵک بدا. بۆیه‌ ئێستا که‌ ئامریکا له‌و ڕێککەوتننامه‌یه‌ چووەتە‌ ده‌ر، گه‌مارۆکانی نوێ کردووەتەوە،‌ جارێ هێشتا کاریگەرییە ئابوورییەکانی ده‌رچوونی ئه‌مریکا لە بەرجام به‌ ته‌واوی خۆیان نه‌نواندووه.‌ ساڵی پێشوو که‌ ئه‌وانه‌ش نه‌بوون خه‌ڵک وەزعەکەیان له‌ ته‌حه‌ممول چووبووە‌ ده‌رێ، ئێستا کە ئه‌وانەشی ‌هاتووه‌ته‌ سه‌ری، به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌زعی خه‌ڵک له‌ ڕابردوو زۆر زۆر خراپتره‌ و هه‌ر ئانوساتێک ئیمکانی ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک به‌شێوه‌ی ڕابردوو و گه‌وره‌تر له ڕابردووش هه‌یه.‌ ئێستا خه‌ڵک هیوایه‌کی نه‌ماوه‌ بە هەڵبژاردنێکی دیکه‌ و سەرکۆمارێکی دیکه‌ و مه‌جلیسێکی دیکه.‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ چل ساڵه‌ ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە، هیچ کێشەیەکی ئەوانی چارەسەر نەکردووە و کێشەکانی ئەوان به‌و دەستاودەستکرانەی دەسەڵات لەم قۆڵ بۆ ئەو قۆڵ‌ جێبه‌جێ نابێ.
ڕاستییەکی دیکە کە هاندەری خەڵکی ئێرانە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان لە گەڵ ئەو ڕێژیمە یەک لا بکەنەوە ئەوەیە ده‌ست بۆ هه‌ر شتێک ده‌بەن هه‌ر کێشه‌ و قه‌یرانێک له‌و وڵاته‌یدا هه‌یه‌، سەرچاوەی هەموویان ده‌گاتەوە لای ڕەهبەری و به‌یتی ڕه‌هبه‌ری و سپای پاسداران و ئه‌و نیهادانه‌ی که‌ هیچیان له‌گه‌ڵ ناکرێ، نه‌ به‌ ئینتخابات و نه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌کی دیکە. ئه‌و دامەزراو و دەسەڵاتانەش هی ئەوە نین لە بەرامبەر خەڵکدا پاشه‌کشه‌ بکه‌ن یا دەسەڵاتەکە هه‌ر له‌ نێو خودی ئەو حاکمییه‌ته‌دا بدەن به‌ نه‌سلێکی دیکه‌ که‌ جۆرێکی دیکه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌ و ڕێگای ئازادیی سیاسی ده‌دا و مه‌سائیلی خه‌ڵک حه‌ل ده‌کا. ئه‌وان ده‌زانن تا بینه‌قاقا له‌ نێو تاوانەکانی چل ساڵی ڕابردوودا گیریان کردووە، ئەگەر یه‌ک قه‌ده‌م پاشه‌کشه‌ بکه‌ن خه‌ڵک به‌سه‌ریانه‌وه‌ ناچێ. بۆیه‌ بڕیاریان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هیچ جۆر ڕێگا نه‌ده‌ن ‌ده‌سه‌ڵات له‌ ئێراندا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێ. به‌ڵام خه‌ڵكیش کە هەم له‌ ڕووی ئابووری و ژیان و بەڕێچوونه‌وه‌، هەم لە ڕووی سەرکوتی سیاسی و بێبەشی لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان، هەتا هاتووە وەزعیان خراپتر بووە به‌ڕاستی گه‌یشتوونه‌ ئه‌و بڕیارە‌ی که‌ ئه‌و نیزامه‌ بگۆڕن و نیزامێکی دیکەی بێننە جێ.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرەو ئەوە دەچێ که‌ چی دیکە کۆماری ئیسلامی بۆ ته‌حه‌ممول نەکرێ. ئەمریکا کە‌ له‌ سیاسه‌تی جیهانیدا ڕۆڵێکی یەک لا کەرەوەی هەیە‌، له‌و په‌یماننامه‌یه‌ کشاوه‌ته‌وه. ‌درووسته‌ باسی گۆڕینی ڕه‌فتاری سیاسه‌تی ڕێژیمی ئێران ده‌کا و مەعلوومیشە کە ئەو ڕێژیمە، نایەوێ ڕه‌فتاری سیاسیی خۆی بگۆڕێ، کۆماری ئیسلامی لەم ڕەفتار نەگۆڕینەی خۆیدا به‌ مانەوەی ئوڕووپا لە بەرجام دا، دڵگەرمە. بەڵام ئوڕووپا بۆخۆیشی ناتوانێ ته‌حه‌ممولی ئه‌و سزا ئابوورییانە بکا که‌ ئه‌مریکا به‌ره‌وڕووی ده‌کاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران زۆر شت درێژه‌ بدا.
سەرجەمی ئه‌و شتانه‌ وایان کردووە ئێستا خه‌ڵکی ئێران بیر له‌ به‌دیلی کۆماری ئیسلامی بکەنەوە. بۆ ڕۆژاواییەکانیش به‌ تایبه‌تی ئه‌مریکا ئه‌وه‌ مەسەلەیە‌ که‌ کۆماری ئیسلامی هەر کێشه‌یه‌کی ناوچەیی نییه‌، جیهانیشه.‌ هەڕەشەیە بۆ سەر ئه‌منییه‌تی ئه‌مریکا و زۆر وڵاتی دیکه‌ی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌دا. ئەمریکا ئەگەر بیهه‌وێ ئه‌و کێشە و هەڕەشانه‌ چاره‌سه‌ر بکا ده‌بێ ته‌کلیفی خۆی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی یەکلا بکاتەوە. ئۆپۆزیسیونی کوردیش و ئێرانیش گەیشتوونە ئەو قەناعەتە که‌ ده‌بێ له‌ فکری گوزار دابن، له‌ فکری سیستەمێکدا بن که‌ جێگه‌ی کۆماری ئیسلامی بگرێته‌وه‌. ئێستا ئه‌و قۆناغه‌ له‌ ژیانی کۆماری ئیسلامیدا ده‌ستی پێکردووە.
ئێمه‌ جاران بۆخۆمان زۆر ڕه‌عایه‌تی خه‌ڵکی نێو خۆمان ده‌کرد، ئەو کاتەی باسی مه‌سایلی ئەوێمان ده‌کرد، که‌ کارمان پێ‌ ده‌سپاردن، که‌ په‌یاممان بۆیان هه‌بوو، گوتارێکی نەرممان بە کار دەهێنا. ئێستا ئه‌وان زۆر جار ڕه‌خنه‌یان له‌ په‌یامه‌کانی ئێمه‌ هه‌یه‌، ده‌ڵێن وەزعەکە گۆڕاوه‌، سه‌رده‌مه‌که‌ گۆڕاوه و پێویست ناکا بەم گوتارە بدوێن، ئێستا که‌سێکی جاران دڵی به‌وه‌ خۆش بوو له‌ ڕێگای ئینتخاباته‌وه‌ شتێک بکرێ، بۆخۆی کاری ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی فڵان کاندیدا ببێته‌ سه‌رکۆمار، ئێستا بۆخۆ‌ی له‌و ڕابردوویه‌ی خۆی په‌شیمانه‌. چونکه‌ نه‌تیجه‌ی لێ وه‌رنه‌گرتووه.‌ که‌وابوو ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ له‌ ژوورێدا درووست بووه‌ که‌ ئه‌و ڕێژیمه‌ دەڕوا و هیچ ئومێدێک له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێژیمه‌دا جێبه‌جێ نابێ.

کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات
ئێمه‌ وه‌ک هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد له‌ چ شه‌ڕایه‌تێک داین؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستا جیدیتر بچێتە پێش، ئێمه‌ ئه‌و ئاماده‌ییه‌مان هه‌یه؟‌ له‌و باره‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆره‌.
یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکان، کە بزووتنه‌وه‌ی کورد بە گشتی و‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهەڵات لەگەڵی بەرەوڕوون ئه‌و ته‌فره‌قه‌یه‌یە که‌ له‌ نێوماندا هه‌یه.‌ ئه‌‌گه‌رچی ئەو تەفرەقەیە له‌ پێشوو که‌متر بووەته‌وه‌، پێوەندیی نێوان هێزه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک ئاساییه،‌ به‌ڵام هه‌تا ئێستاش هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌ کارێکدا که‌ پێیان وایه‌ جیدییه‌ هه‌ر به‌ ته‌نیا عه‌مه‌ل ده‌که‌ن. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و به‌ ته‌نیا عه‌مه‌لکردنه،‌ ئاکامی موسبه‌تی نابێ. بۆ وێنه‌ بمانەوێ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا پێوه‌ندی بگرین، هیچ هێزێک نییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ تاقی ته‌نیا بتوانێ نوێنەرایەتیی هه‌موو گه‌لی کورد بکا، نوێنەرایەتیی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌کان بکا کە ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر فڵان پڕۆژه‌ لە گەڵ ڕۆژاوا ڕێک که‌وت ئه‌وانی دیکه‌ی بۆ ڕازی بێ؟
تەنانەت لە پێوەندیی له‌گه‌ڵ نێوخۆدا ئەگەر هێزێک بڵی من ده‌توانم له‌گه‌ڵ حاکمییه‌ت پێک بێم و فڵان پڕۆژه‌ جێبه‌جێ بکه‌م، بۆی جێبه‌جێ نابێ. ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌کانی دیکه‌ لەگەڵیدا نەبن، چۆن جێبەجێ دەبێ و چۆن سەردەگرێ؟ ئەوساڵ کە هێزه‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دیتیان ئه‌و جموجۆڵانه‌ هه‌یە لە پێوەندیی لەگەڵ داهاتووی ئێراندا، هه‌ر لایه‌نەی بۆخۆی پێوه‌ندیی به‌ فڵان ئیداره‌ی ئه‌مریکا یا لایه‌نی دیکه‌ یا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆ‌نی ئێرانی دەگرت. به‌ڵام ئه‌و جۆرە پێوەندیگرتنە‌ غه‌یری ئه‌وه‌ی‌ کورد مه‌جبوور به‌ ته‌نازول بکا، بەرهەمێکی دیکەی نابێ. چونکه‌ کە به‌ ته‌نیا چووی، ئه‌و هێزەت نابێ و بەردەنگەکەشت حیسابێکی وات بۆ ناکا و داواکانت لێ قبووڵ ناکا. ئەمه‌ یه‌کێک له‌ نه‌قسه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتە کە هەتا ئێستاش له‌ باتی به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ین هه‌ر که‌س له‌ فکری خۆی ‌دایه.
کێشه‌یه‌کی دیکه،‌ ئه‌و‌ ململانێیه‌ ناسالمانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موومان باس له‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ ده‌بێ لەگەڵ یەک باش بین، ده‌بێ پێکه‌وه‌ یه‌کگرتوو بین، به‌ڵام زۆر جار ده‌بینین له‌نێو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌کاندا کاتێک شتێک ڕوو ده‌دا لە قازانجی لایەنێک، ئه‌وی دیکه‌ ته‌حه‌ممولی ناکا، پرسیاری ده‌خاته‌ سه‌ر، به‌ به‌دبینییه‌وه‌ لێی ده‌دوێ و فه‌زایه‌کی ناسالم درووست ده‌کا. ئه‌م له ‌قووڵایی دڵه‌وه‌ قه‌بووڵنه‌کردنی یه‌کتر، به‌ به‌رچاوته‌نگییه‌وه‌ سه‌یری یه‌کترکردن، به‌ به‌دنیه‌تییه‌وه‌ له‌ کاری یه‌کتر ڕوانین، یه‌کێک له‌و کێشانه‌یه‌ که‌ هەن.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە ئێمه‌ گوتاریشمان به‌ نیسبه‌ت یه‌که‌وه‌ جیاوازه‌. بۆ وێنه‌ حیزبی وایه‌ وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستان که‌ زۆر باس له‌ خەباتی مه‌ده‌نی و ته‌شویقی خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌ ژووره‌وه‌ ده‌کا. هێزی وایه‌ زۆر له‌سه‌ر خه‌باتی توندوتیژ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی و دروشمی ڕووخان و هتد پێداده‌گرێ. هێزی دیکه‌ هه‌یه‌ زۆرتر تەئکید لەسەر خەباتی سینفی و کار لە گەڵ‌ سه‌ندیکاکان و ئه‌و شێوه‌ خه‌باته‌ له‌ ژووره‌وه دەکاتەوە. من هیچ یه‌ک له‌وانەم پێ‌ خراپ نین. ئه‌وانه‌ زه‌رفییه‌ته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان و هی خه‌ڵکی ئێمه‌ن و هه‌موویان له‌ جێی خۆیاندا کارایی خۆیان هه‌یه‌. ئەگەر تەنیا گرنگی بە یەکێکیان بدەین و ئه‌وانی دیکه‌ پشتگوێ بخەین، ئه‌وه‌یان غەفله‌تی سیاسییه و ئه‌وه‌یان هەڵە و زه‌عفه‌. هه‌مووی ئەوانە سه‌رمایه‌ و فورسه‌ته‌کانی بزووتنه‌وه‌ن، ده‌بێ ئیستفاده‌یان لێ بکرێ. به‌ڵام ده‌بێ ڕێک بخرێن. ئه‌گەر شوێنێک‌، ناوەندێک نه‌بێ کە هه‌موو ئه‌و شێوه‌ خه‌باتانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی هارمونیانه‌ سوودیان لێ وەربگیرێ، ده‌توانن یه‌کتر خونسا بکەنەوە‌. ئه‌وه‌ش یه‌کێک له‌ عه‌یبه‌کانمانه‌ که‌ ئێمه‌ نه‌هاتووین له‌سه‌ر گوتار و له‌سه‌ر شێوه‌ خه‌باتمان یه‌کگرتوو بین و به‌ هاوبه‌شی عه‌مه‌ل بکه‌ین.
گرفت و ناتەواوییەکی دیکە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات، ئەوەیە کە هەتا ئێستا هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکی هاوبەشمان نییە بۆ دیالۆگ و دانوستان له‌گه‌ڵ هێزە سیاسییەکانی ئێران یا بۆ خەبات لە دژی حاکمیەتی ئێستای ئێران، هەروەها بۆ تەعامول له‌گه‌ڵ هەر ئالتێرناتیڤێک کە لە داهاتوودا له‌ ئێران بێتە سەرکار، یا بۆ پێوەندیگرتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕاکێشانی پشتیوانییان بۆ لای خەباتی کورد. که‌ تۆ پڕۆژه‌ت نه‌بوو یا پڕۆژه‌ت هەبوو بەڵام هاوبه‌ش نه‌بوو، ناتوانێ وەک کورد ئه‌گه‌ر فورسه‌تیشت بۆ درووست بێ سوودی لێ وەربگری.

ئەرکە هەنووکەییەکانی ئێستامان:
دێمه‌ سه‌ر ئه‌رکه‌ هه‌نووکه‌ییه‌کان؛ ڕاستییه‌که‌ی ئێمه‌ وه‌ختایه‌ک ده‌توانین ئه‌و عه‌یبانه‌ی خۆمان ببینین که‌ بە چاوێکی ڕەخنەگرانە ئاوڕ لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە و مل بدەین بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌. مەبه‌ستم هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌کانه‌ ئەگینا‌ ده‌توانم بڵێم حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ جیاوازی هه‌یه‌ لەگەڵ ئەوانی دیکە. هه‌ر ئه‌م ڕۆژانه‌ کە باسی شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌کانی ڕابردوو هاتبووەوه‌ گۆڕێ، من بۆخۆم هه‌ڵوێستێکی حیزب که‌ ٨ ساڵ له‌وه‌ پێش په‌سندی کردبوو بڵاوم کردەوە. هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نیشان ده‌دا حیزبی دێموکراتی کوردستان دید و بۆچوونی به‌ نیسبه‌ت ڕووداوەکانی ڕابردوو له‌وانی دیکه‌ جیاوازه. لانیکه‌م ئه‌وشه‌هامه‌ته‌ی هه‌یە کراوه‌تر و به‌ سینگفراوانیی زیاتره‌وه‌ قسه‌یان لێبکا. ئەمن ناڵێم ئێمەش وەک حیزبی دێموکرات بێعه‌یبین، به‌ڵام پێشەنگ بووین لەوەدا کە به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ ئاوڕ لە ڕابردوو بدەینەوە. وا بیر ناکەینەوە کە هەموو شتێکی خۆمان باش بووه‌ و هەر چی خراپییەکانە، هی لایەنەکانی دیکە بووە. له‌ ئێمه‌شدا عه‌یب هه‌بووه‌، له‌وانی دیکه‌شدا. عه‌یبی وا هه‌یه‌ به‌ هه‌موومان ده‌توانین وا بکەین جارێکی دیکه‌ دووپات نه‌بنه‌وه‌.
ئه‌و قەناعەتە‌ بەو جۆرە درووست ده‌بێ که‌ هەر کامێکمان له‌ نێو حیزبی خۆماندا له‌ بیرمان بێ کە ئێمه‌ هه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وندیی حیزبه‌که‌ی خۆماندا به‌رپرسیار نین، بەڵکوو له‌ به‌رامبه‌ر میلله‌ته‌که‌شماندا به‌رپرسیارین. ده‌بێ له‌و جێیانه‌ی که‌ که‌موکۆڕی له‌ سیاسه‌تی ئێمه‌ و له‌ هەڵوێستی خۆماندا هەیه‌ ڕه‌خنه‌ی لێبگرین. خه‌ڵکیش ده‌بێ له‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌کان هێزی گوشار بن. یانی بێجگه‌ له‌ ئه‌ندامانی هه‌ر حیزبێک که‌ ده‌بێ هێزی گوشار بن لە سەر حیزبه‌که‌ی خۆیان بۆ بەردەوامبوون لەسەر کاری باش و بۆ دووپاتنەکردنەوەی کارێکی هه‌ڵه‌، به‌ڵام به‌ گشتی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کانیش ده‌بێ ئه‌و فه‌زایه‌ به‌ نه‌قد بکێشن. ئێمه‌ پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ بە درووستکردنی کەشوهەوای گونجاو، به‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و باسی ڕەخنەگرانە و لەژێر ڕووناکایی ئاوڕدانەوەی خەسارناسانە لە ئینشعابات و له‌ شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌کان و کێشە و ناکۆکی و وێکهەڵنەکردنەکانی ڕابردوو، پێداچوونەوە بکەین بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ یەکتر. ئه‌گه‌ر له‌ باری فکرییه‌وه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌مان تێدا درووست بێ، ڕێگا خۆش دەبێ بۆ ئەوەی ئه‌و حیزبانه‌ی که‌ پێشوو یه‌ک حیزب بوون بەڵام دوایە بوون به‌ چه‌ند حیزب، یەک بگرنەوە و ببنەوە حیزبێکی یەکگرتوو. یەکگرتنەوەی حیزبە لەتبۆوەکان، زۆر کۆمه‌گ ده‌کا بەوە که‌ هاوپه‌یمانییەکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست ببێ. ئه‌گه‌ر یه‌ک حیزبی دێموکرات، یه‌ک کۆمه‌ڵه‌ هه‌بێ چاکتر ده‌توانن پێک بێن تا وه‌کوو چه‌ند دانه‌ بن.
ئه‌گه‌ر هەر کامێکمان «خودمحوربین»ی وەلا بنێین، بە نۆرەی خۆمان هەوڵی نەهێشتنی عەیبەکانی خۆمان بدەین، ده‌توانین هەم یه‌کگرتنه‌وه‌ی حیزبه‌ لەتبۆوەکان عەمەلی بکەین، هەم هه‌موو حیزبه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ هاوپه‌یمانه‌تییەک‌ درووست بکه‌ین. هاوپه‌یمانه‌تییه‌کی وا کە پلان و پلاتفۆرمی هه‌بێ بۆ هه‌ر ئاڵوگۆڕێک کە له‌قۆناغی ئێستادا لەوانەیە پێک بێ. بە بوونی هاوپەیمانەتییەکی ئەوتۆ، له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی هه‌رێمی کوردستان -که‌ ئێمه‌ له‌وێ ده‌ژین، له‌وێ لەوانەیە زۆر مه‌ترسی له‌ ئایه‌نده‌دا ڕوومان تێبکەن- قسەمان و چاوەڕوانیمان حیسابێکی دیکەی بۆ دەکرێ. هەروەها ڕوو بە هەر بەردەنگێکی بیانی، که‌ بیهه‌وێ پشتیوانی لە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ ئێراندا بکا، هاوپه‌یمانه‌تی و یه‌کگرتوویی پێویسته.
ئێمه‌ بەرامبەر بە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتیش هەربه‌ هاودەنگی و یەکگرتوویی و هاوخەباتی ده‌توانین ته‌ئسیرمان هه‌بێ. چاوتان لێ بوو ئه‌مساڵ له‌ ٢١ی خه‌رماناندا که‌ حیزبه‌ سیاسییه‌کان قسه‌یان و داوایان یه‌ک بوو و یه‌کییه‌تی و یەکگرتووییان له‌ خۆیان پێشان دا خه‌ڵک چۆن به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ هاتن؟! له‌ داهاتووشدا هەر وایه‌.
ئێمه بۆ هەر چی باشتر که‌لکوه‌رگرتن له‌و زه‌رفییه‌تانه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌‌ی کوردستاندا هه‌ن پێویستیمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ پێشدا خۆمان وه‌ک حیزبه‌کان له‌ دەو‌ری یه‌ک کۆ بینه‌وه‌ و لاپەڕەیەکی تازه‌ له‌ هاوکاریکردن لەگەڵ یەکتر هه‌ڵده‌ینه‌وه‌. ئه‌وه‌نده هاوکارییە‌ش که‌ ئێستا هه‌یه‌ من به‌ که‌می نابینم، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌وه‌ زۆر سه‌ره‌تاییه‌. ئێمه‌ ده‌بێ هەنگاوی زۆر گه‌وره‌تر هه‌ڵبگرین، لە هەمان کاتیشدا به‌رنامه‌مان هه‌بێ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌رده‌نگێک و ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانی داده‌نیشین، به‌ داوای دیار و ڕاشکاوانەی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ بچین. ئه‌گه‌ر تاقولۆقه‌ لە گەڵیان بکەوینە دانوستان، ڕه‌نگه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا مافی شه‌هروه‌ندیت پێ ڕەوا ببینێ به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌کان یه‌کده‌نگ بن، داوای فیدرالیزمیش بکەن قبووڵی ده‌کەن.
ئێمه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌م قۆناغە چارەنووسسازە خۆمان ئامه‌ده‌ بکه‌ین. هەمیشەش ئەوەمان لە بیر بێ کە ئەگەر ئه‌و سینگفراوانی و ئاوڕدانەوەی ڕەخنەگرانە لە ڕابردوو و بەخۆداچوونەوەیە لە خۆمان ڕا دەست پێ بکەین، لەگەڵ هەر هێزێکی دیکە کە دابنیشین قسه‌مان زۆر دلێر ده‌بێ.

پوختەی مەبەست
ئێمه‌ی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەی که‌ له‌ ئێران ده‌ستی پێکردووە، هەروەها بە وردبوونەوە لەو دۆخەی بۆ خۆمان تێی داین -دەیان ساڵ دەربەدەری و دوورەوڵاتی و ئەو هەمووە کارەساتەی بە سەرمان هاتووە و ئەو هەمووە مەترسییەی لە سەر ڕێمانە- پێویستە کۆتایی بە تەفرەقە و ململانێی زیانبار لەگەڵ یەکتر و دوورەپەرێزی و بە تەنیا هەنگاونان بێنین. کاتی ئەوە هاتووە وەخۆ بێینەوە و بە گرتنەبەری نیازپاکی و هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لە ئاست داهاتووی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوپەیمانەتییەکی سیاسی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی چاوەڕوان دەکرێن، پێک بێنین.

***