Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۷ | 18/03/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

نەقڵی خۆش و نوقڵی مەجلیس

06/01/2019 | 14:04:23
+A
-A
عومەر باڵەکی

ڕەسووڵ نادری یەكێک لەو هونەرمەندانە بوو کە بە دەنگە خۆش و هەستبزوێنەکەی و گێڕانەوەی نەقڵ و نەزیلە لە ماوەی تەمەنیدا بە بەشداری لە سەدان کۆڕ و مەجلیس و شایی و هەڵپەڕکێدا دڵی هۆگرانی خۆی خۆش کردووە و شریتی بەیت و حەیران و گۆرانی و قسەخۆشەکانی لە زۆربەی ماڵەکانی کوردستان، بە تایبەتی ناوچەی موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەی هەوڵیر و سلێمانی لە باشووری کوردستان وەگیر دەکەوت و دەکەوێ. ڕەسووڵ نادری لە ساڵی ١٣١٢ لە ئاوایی «وزنتاش» سەر بە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی گوندی لە دایک بووە و بۆ ماوەیەک ماڵیان چووەتە ئاوایی «کانی سێو» هەر لەو ناوچەیە.
بۆ خۆی دەڵێ لە تەمەنی پازدە ساڵییەوە هۆگری هونەری گوتن بووم و هەر ئەوە وایکردووە کە ناوبراو بە تامەزرۆیی گوێ لە دەنگخۆشەکانی سەردەمی لاوەتیی خۆی بگرێ و، لە کۆڕ و مەجلیسان گوێ بۆ به‌یت و باو و سەربردە و قسەی خۆش و نەقڵ و نەزیلەکانی خەڵک هه‌ڵخا و، بە مێشکی خۆی بسپێرێ و لە دواییدا تاسولووسیان بکا و؛ بەو جۆرە کە خۆی ده‌یهەوێ و پێویستی کۆمەڵگه‌یە، بیانگێڕێتەوە. بەداخەوە ڕەسووڵ نادری لە ٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵدا بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، بەڵام هەگبەیه‌ک لە هونەر و خەرمانێک لە سامانی هونەریی بەنرخی لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە پاشخان و گەنجینەی هونەری کوردیی لە بواری هونەری زارەکیدا پێ دەوڵەمەند بووە. بەڵام ئەوی مەبەستی ئەو نووسینەیە تەنیا یاد کردنەوە لە هونەرمەند ڕەسووڵ نادری نییە، بەڵکوو بۆوەیە بەو قەڵەمە کڵۆڵە کە دەزانم توانای هەڵسه‌نگاندنی بواری هونەریی نییە، هەتا ڕادەیەک باسی هونەری نەقڵ گێڕانەوەی ئەو هونەرمەندە بکەم کە ئەو هونەرەی دەچێتە خانەی تەنزەوە و ئەوەی کە چۆن ڕەسووڵ نادری ویستوویەتی لەو هونەرە بە قازانجی خەڵك و کۆمەڵگه‌کەی کەلک وەربگرێ. بەڵام لە پێشدا بە کورتیش بێ با بزانین هونەری تەنزی زارەکی چییە؟
تەنزی زارەکی ئەو تەنزەیە کە هونەرمەند بە شێوەی زارەکی دەری دەبڕێ و بابەتەکانی ناباتە سەر کاغه‌ز و نانووسرێنەوە. بەڵام لە ئەده‌بیاتی ڕۆژانەی خەڵکدا جێی خۆیان دەکەنەوە و جاری وایە زار بە زار، ناوچە بە ناوچە خەڵک بۆ یەکتری دەگێڕنەوە و تەنانەت جاری وایە ئەوەندە کاریگەرییان دەبێ کە دەبنە بەشێک لە فەرهەنگی گوتنەوەی خەڵک. ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیه‌ کە تەنزی زارەکی توانایەکی زۆری هەیە کە دەتوانێ بۆ ماوەیەکی زەمەنی دوورودرێژ لە نێو توێژەکانی کۆمەڵگه‌دا جێی خۆی بکاتەوە.
تەنز لە پێناسەیەکی کورتدا یانی دەربڕینی هونەرمەندان و ڕەخنەگران لەو ڕووداوانەی کە ناخی کۆمەڵگه‌ دەهەژێنن و یا لە قۆناغێک لە ژیانی ئەو کۆمەڵگه‌یە زیانی پێ دەگەیه‌نێ. جا ئەو زیان گەیاندنە لە لایەن تاکی کۆمەڵگه‌ و یا لە لایەن دەسەڵاتەوە بێ بۆ هونەرمەند هیچ فەڕق ناکا و ئەو لە ڕێگای تەنزەوە ناڕەزایەتیی خۆی دەردەبڕێ و کۆمەڵگه‌ ئەگەر لێی تێ بگەن، وشیار دەکاتەوە. هونەرمەندی تەنزی زارەکی هەر وەکی هونەرمەندانی دیکەی تەنز (شاعیر، کاریکاتۆریست و …) لە ئاست داب و نەریتە ناشیرینەکانی نێو کۆمەڵگه‌ بێدەنگ نابێ و هونەرمەندانە لە ڕێگای هونەرەکەیەوە ئەو بابەتانە بە جۆرێک دەخاتە بەر ڕەخنە و گازندە، کە بیسەر لە قۆناغی یەکەمدا کە ده‌یبیستێ پێی شادمان دەبێ و بەکەیفی خۆی پێدەکەنێ و بەڵام لە دواییدا بۆی ڕوون دەبێتەوە کە هونەرمەند مەبەستی لەو دەربڕینە چییە!
هەر وەک لە سەرەتای بابەتەکە باسمان کرد ڕەسووڵ نادری یەکێک لەو هونەرمەندانە بوو کە لە ماوەی تەمەنی هونەریی خۆیدا بە زمانی تەنز لە قاڵبی نەقڵ و نەزیلەدا، بابەتە دزێوەکانی نێو کۆمەڵگه‌ی کوردەواری و تەنانەت جارجاریش سادەڕوانینی خستووەتە بەر ڕەخنە و گازندەی خۆی کە هەق وابوو لەلایەن کەسانی بە توانا و خاوەن قەڵەمی ئەدەبییه‌وه‌ لانی کەم لە دوای مەرگی ئەو هونەرمەندە، کارە هونەرییەکانی کەوتبانە بەرباس و لێکدانەوە بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی لە لایەک و ڕێزدانان بۆ هونەرمەندان کە لە ماوەی تەمەنی هونەری خۆیاندا خزمەت بە زمان و فەرهەنگی کوردی دەکەن و، ئەو ڕێزدانانە لەمێژ ساڵە لە نێو نەتەوەکانی دیکە جێ کەوتووە.
ڕەسووڵ نادری خوێندەواری نەبوو و نەیدەتوانی بەرهەمی هونەرمەندانی دیکە بخوێنێتەوە، بەڵکوو تەنیا گوێی دەگرت و هەوڵی دەدا ئەو هونەرە کە لە نێو زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا باوە بڕەوی پێ بدا و دەوڵەمەندی بکا. ئەگەر چاو بە کارنامەی ئەو هونەرمەندەدا دەخشێنین، دەبینین پرە لە بەرهەمی هونەریی ڕەسەنی کوردی کە بە خاترجەمی ئەگەر ئەو بەرهەمە هونەرییانە لە نێو کوردستانی پارچە کراودا نەبوایە بێشک دەبوون بە شاکاری هونەری زارەکی. ڕەسووڵ نادری بێجگە لەوە هەوڵی دەدا لە ڕێگای نەقڵەکانیەوە دابونەریتی دزێوی کۆمەڵگه‌ بخاتە بەر ڕەخنە و گازندەی خۆی و، ته‌نانه‌ت بە سەر دەسەڵات وحوکمڕانیشەوە نەدەچوو و، کوردبوون و هەستی کوردایەتیی خۆی نەدەشاردەوە؛ هەر بۆیە لەگەڵ چەخماخەی خەباتی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی خەباتگێڕانی دێموکرات، ڕەسووڵ نادریش دەکەوێتە زیندان وماوەی سێ ساڵ لە زیندانی رێژیمی پاشایەتیدا حەبس دەکرێ. لە دوای ئازادبوونی لە زیندان ناگەڕێتەوە گوند و لە شاری مەهاباد نێشتەجێ دەبێ و لەوە بەدواوە ڕەسووڵ نادری زیاتر و زیاتر لە هونەردا دەردەکەوێ.
نەقڵەکانی ڕەسووڵ نادری کە گوێیان لێ دەگری، لەگەڵ ئەوەدا لە قاڵبی گاڵتەوگەپ دان و بیسەر بە بیستنیان پێدەکەنێ بەڵام لە ڕاستیدا هەڵقوڵاوی پرسەکانی ناخی کۆمەڵگەن‌ و هونەرمەند لە ڕێگای ئەو نەقڵانەوە ناهاوسەنگیی نێو کۆمەڵگه‌ لە نێوان ئاغا و ڕەعیەت، دەوڵەمەند و هەژار، مەلا و خوێندەوار و نەخوێندەوار، گەندەڵیی کاربەده‌ستانی دەوڵەتی و نیاز و حەوجێی خەڵکی بێدەره‌تان و، خۆشەویستیی کچ وکوڕ و دابونەریتی کۆمەڵگه‌ و دەیان بابەتی دیکەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە نێوئاخنی تەنزی زارەکیدا دێنێتە بەرباس. بۆ نموونە کاتێک لە سەردەمی شادا لە زینداندا دەبێ، لە نەقڵێکدا ئاوا باس لە گەندەڵیی دەزگای ئەمنییەتی، واتا ژاندەرمەری دەکا و دەڵێ: «زیندانییەکانیان کۆ کردبۆوە و کابرای ئەفسەر پرسیاری دەکرد کێ خزمەتی نیزامی پاشایەتی کردووە و هەرکەس بۆ ڕزگاریی خۆی شتێکی باس دەکرد. نۆرە گەیشتە من و هیچم نەبوو بیڵێم، هەر بۆیه‌ گوتم منیش خزمەتی نیزامی پاشایەتیم کردووه‌ و جارێکیان بارگینی ژاندەرمەیەکم ئاو داوە.» یان لە بەیتی پیرۆتدا باس لە دڕندەیی ژاندەرمە دەکا، ئەوکات کە پیرۆت لە باشووری کوردستانەوە گەڕاوەتەوە و لە پشتی ئاوایی «گەرۆڕ» ناوچەی «نەڵێن»ی ڕەبەت خۆی مه‌ڵاس داوە هەتا ئێوارە دابێ و بچێتە نێو ئاوایی، بەڵام دەبینێ مانگا و گوێلکی خەڵکی لە نێو ڕەپستەی ماڵە خاڵی دان و ئەویش پێی ناخۆش دەبێ و بە تفەنگی دەستی دوو فیشەکان بە گاڕانەکەوە دەنێ کە خاڵی هاوار دەکا و دەڵێ: پیرۆت تەقەی مەکە، حەجەمۆکە پێ بزانن قەستی سەرە…
بە کورتی دەتوانین بڵێین ڕەسووڵ نادری هەر بە تەنیا گۆرانیبێژ و قسەخۆش نەبوو، بەڵکوو ڕەخنەگرێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی خۆیدا بوو. بێجگە لەوە هەر لە ڕێگای ئەو هونەرەوە خزمەتی زۆری زمانی پاراوی کوردی کردووە، لە پاڵ ئەوەدا هەستی نەتەوایەتیی خۆی نەشاردۆتەوە کە ئەو بابەتە لە گۆرانی و نەقڵەکانیدا بەڕوونی خۆیان دەردەخەن. لەو کاتەدا کە کۆماری ئیسلامی لە ئێرانی دوای ڕێژیمی پاشایەتی، دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و شەڕی بە سەر کوردستاندا سه‌پاند، ڕەسووڵ نادریش وەک زۆربەی خەڵکی کوردستان بێبەش نەبوو لەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکی کورستاندا هات و ئەویش بە هونەرەکەی خۆی هەتا ئەو جێگایە مەجالی هەبوو بەشداریی دەکرد، لەو دیفاع و بەربەرەکانییە کە ‌هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بۆ مانی خۆیان دەیانکرد. ئەوه‌تا لەو گۆرانییەدا لەژێر ناوی «ئای بژی حیزبی دێموکرات» باس لە ئازایەتیی پێشمەرگە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەکا و لەو ڕێگایەوە دەیهەوێ هەستی بەربەرەکانی و دیفاع لە بەرامبەر دوژمنێکی تینوو بە خوێن لە نێو گەنج و لاوەکانی کوردستاندا بەهێز بکا و ڕوو لە خەڵک دەکا و دەڵێ ئەگەر ئازادیتان دەوێ دەبێ ئیتیحاد و یەکیەتیتان هەبێ:

بژی هێزی پێشمەرگە
دوژمن نەسیبی مەرگە
تێکۆشن بە دڵ و بە گیان
پێشمەرگە زۆر بە جەرگە

ئازادییە و ئازادی
میللەت ئازادی دەوێ
ئیتیحاد و یەکیەتی
دەبا میللەت سەرکەوێ

به‌ دوای ئەوەدا کە دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامی بە سەر کوردستاندا زاڵ دەبێ ڕەسووڵ نادری دەبردرێتە زیندانی ئیتلاعاتی مەهاباد و لەگەڵ چەند کەسی دیکەی هاوشاریی خۆی بە تاوانی! هاوکاریکردنی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگە بۆ ماوەیەک زیندانی دەکرێ، بەڵام کە لە زیندان دێتەدەر باسی زیندانیکردنی خۆی و شێوەی ڕەفتاری زیندانەوان دەکاتە نەقڵێکی تەنز و بەئاشکرا و بێترس دەگێڕێتەوە کە چۆن بە گوتنی بەهارە پاسدارەکانی تووشی سڵەوات لێدان کردووە:

ئای لە بەهاری ئەوساڵ
بەهارێکی پڕ نوورە
بەهار وڵاتی داگرت
پڕ بوو لە گوڵاڵە سوورە
بەفر کەوتە بناران
زانی بەهار مەئموورە
مزگێنی بێ لە برادەران
دەڵێن ئەوڕۆ بەهارە

یا چۆن پێشنوێژیی بۆ کردوون و لەو نەقڵەدا دیهەوێ بڵێ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی فڕی بە سەر ئەو دینەوە نییە کە موسوڵمانی ڕاستەقینە ئیمانی پێیەتی، دەنا چۆن پێشنوێژیی خۆیان بە کابرایەکی گۆرانیبێژی زیندانی دەکەن. یا له‌مه‌ڕ خۆفرۆش و جاشەکان هەتا هەلی بۆ هەڵکەوتبێ بە نەقڵ و نەزیلە و تەوسان هێرشی بۆ کردوون و وەبیری هێناونەوە کە پشت لە نەتەوە و نیشتمانی خۆتان مەکەن چونکە ئاکامەکەی شکان و سەرشۆڕییە. ئەوه‌تا لە نەقڵێکدا دەگێڕێتەوە و دەڵێ لە نێو بازاڕی مەهاباد تووشی چەند جاش بووم و دوای پێکەوە ڕاوەستان گوتیان چی نوێت بۆ ساز کردووین؟ لە وەڵامدا ڕەسووڵ نادری دەڵێ: هیچی نوێم نییە، بەڵام جاشەکان دەستبەرداری نابن و ئەویش دەڵێ مادام وایە گوێم بۆ بگرن:

چاوم بەجاشان کەوت
دەستم لە خۆ فڕێ دا
یەکی پیریان لەگەڵ بوو
خەریک بوو لوشکەم لێدا
کڵاوێک جۆم بۆ ڕاگرت
ئەگەر ئاوڕێکی لێدا
تەواو خۆی بۆ نەگیرا
تفەنگەکەی فڕێ دا
بۆ دەبن بە جاش قوڕبەسەر
زۆر گەورەبن دەبن بە کەر

ڕەسووڵ نادری لەو هەڵوێستانەی بەردەوام بوو و تەنانەت ئەو کاتانەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان دەکرد، هەرچۆنێک بوایە سەری لە حیزبەکەی خۆی، حیزبی دێموکرات دەدا و تەنانەت جارێکیان وەک سورپرایزێک لە ڕێوڕەسمێکی حیزبی لە قەڵای دێموکرات و لە کێبەرکێی تیمەکانی هونەری هەڵپەڕکێی هێزەکانی پێشمەرگەدا بەشداری کرد و، هەر لەو ڕێوڕەسمەدا جارێکی دیکە ئەو کۆپلە هونەرییەی بژی حیزبی دێموکراتی گووتەوە؛ کە بوو بە مایەی خۆشحاڵیی سەدان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەندە بڵێم ئەو نووسینە تەنیا وەفایەکە بۆ کەسێک کە لەگەڵ ئەوەدا خوێندەواری نەبوو، بەڵام خاوەنی بەهرەیەکی هونەریی ئەوەنده‌ بەهێز بوو، کە لە سەردەمانێکدا کە تەلەڤیزیۆن وئینترنێت نەبوو لە زۆربەی ماڵەکانی کوردستان شریتی گۆرانی و به‌یت و حەیران و نەقڵەکانی ڕەسووڵ نادری دەستاودەستی پێدەکرا. ئەو هونەرمەندە لەو سەردەمه‌دا، توانیبووی بە هونەرەکەی خۆی لاینگرانی لە کوردستان سەرگەرم بکا و لە هەمان حاڵدا بە زمانی تەنز کەموکورتییەکانی نێو کۆمەڵگه‌ی خۆی بێنێتە بەرباس و هەر ئەوە وای کردبوو کە ڕەسووڵ نادری خۆشەویستی خەڵکی کوردستان بێ.