ئێوارێیه و وڵات تاریک و بێده‌نگ، دەرگا ئاوه‌ڵایه و ئه‌وه به هه‌ڵکه‌وتێکی باش دەبینێ. پاش قوته‌قوت کردنێک و سه‌ر سووڕاندن به ده‌وری خۆیدا که دڵنیا بوو که‌س ئاگای لێ نییه، ده‌چێته ژوورێ. چاوێک له سه‌رێ ده‌کا گڵۆپی سه‌ر ده‌رگاکه دایسێ، ورده‌ورده ڕێگه ده‌بڕێ. هه‌مان ڕێگایە که‌وا پێشووتریش نه‌ک جارێک و دووان، به‌ڵکوو به سه‌دان و بگره هه‌زاران جار بست به بستی ئه‌و عه‌رزه‌ی به لاقی خۆی پێواوه. به ئه‌سپایی و بێ خشپه ده‌رگا پێوه ده‌دا و به سه‌ری په‌نجه هێدی هێدی به سه‌ر 10_12 پێپلیکاندا وه‌سه‌ر ده‌که‌وێ. پێپلیکانێک ماوه، له‌پڕ خه‌یاڵێک به دڵ و مێشکیدا دێ و هه‌ستێکی نامۆ هه‌موو له‌شی داده‌گرێ. به ورته‌یه‌کی کپ له‌وانه وا مرۆڤ هێزی ده‌م هه‌ڵپچڕینی نییه و ته‌نیا ده‌نگ و زایه‌ڵه‌یه‌کی ناڕوون له‌نێو زاردا ده‌نگ ده‌داته‌وه و ته‌نیا بۆخۆی گوێی لێیه: «بڵێی ڕاست بێ یان هه‌ر خه‌ون و خه‌یاڵه ههمیشهییهکهیه وازم لێ ناهێنێ؟» هه‌ر له‌و کاته‌دا دڵۆپێک لیک شۆڕ ده‌بێته‌وه به لیچیدا. وەخۆ دێته‌وه. ده‌ستبه‌جێ ده‌م و لێوی ده‌سڕێ و چاوێکی توند به‌ملاولای خۆیدا ده‌گێڕێ نه‌وه‌ک که‌سێک چاوی لێ بووبێ. ئه‌وه ده‌یهێنێته‌وه سه‌ر وشیاریی خۆی و ده‌زانێ که ڕاسته و وه‌بیری دێته‌وه که له‌گه‌ڵ هاوڕێکه‌ی 10 خوله‌ک له‌وه‌پێش لێک جیا بوونه‌ته‌وه و بڕیاریان داوه تولحی به‌یانی له لای «داره‌تووه‌که»، یه‌کتر بگرنه‌وه.
بیروهرز و هەموو فکروزکری له‌لای چۆنیه‌تیی بەرەوڕووبوونەوە له‌گه‌ڵ بنهماڵەکهیەتی. دایک و باوکێک که له ڕه‌شیی دووریی ئه‌مێک، سه‌ر و ڕدێنیان له سپییه‌تی دابوو، برایه‌کی چکۆله که نه‌یتوانیبوو براگه‌وره‌یی بۆ بکا. سه‌دان گله‌یی و پرسیار و قسه و باس و ته‌نانه‌ت بێدهنگییهکانیشیان پرسیاری هۆکاری ئه‌م ماوه بێهه‌واڵی و دوورییه ده‌بوو… ده‌یزانی. له ئاکامی بیر لێکردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌وه‌ی برینی تازه کۆنبووی ئه‌وان و دیسانه‌وه به‌جێ هێشتنیان دڵه‌خورپه‌یه‌ک دایگرتبوو و هه‌موو ئازای به‌ده‌نی مێرووله‌ی ده‌کرد.
ده‌رگای داڵانه‌که قوفڵ کرابوو و زانی کە که‌س له ماڵێ نییه، ئه‌وه‌ش بووه هۆی خۆشحاڵی و هاوکات خه‌مباریشی. به به‌رده‌وامی دوو هه‌ستی دژبهیەک له دڵ و مێشکیدا پێک هه‌ڵده‌پڕژان. چاوی له که‌وشکه‌نه‌که کرد، دوو سێ جووت کهوشهکۆن له‌وێ داندرابوو، به هیوای جاری جاران ده‌ستی برده نێو یه‌ک له کهوشهکانهوه و دیتی کلیلێکی تێدایه. بزه‌یه‌کی تاڵی هاتێ. ئه‌و کات که منداڵ بوو و له خوێندنگه یان کایه‌کردن لە دەرێ ده‌هاته‌وه، دایکی هه‌میشه کلیلێکی له نێو که‌وشێکدا بۆ به‌جێ ده‌هێشت، بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌مێنێته‌وه؛ نه‌یده‌زانی ئایا ئه‌مجاره‌یان کلیلەکە بۆ براکه‌ی بووە یان دایکی هه‌ر به هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م بووە؟!
وه‌ژوور که‌وت، یه‌که‌م شت کە سه‌رنجی ڕاکێشا وێنه قاپکراوهکانی سه‌ر دیوار بوو، یه‌ک له وێنه‌کان که له‌وێدا ئه‌م له نێوان دایکی و بابی و برا چکۆله‌که‌ی که به‌باوه‌شی دایکییه‌وه بوو و له جیاتی چاوی له دوربینه‌که بێ ده‌ستی بۆ سه‌ری ئه‌م ڕاداشتبوو، بیره‌وه‌ریی ئه‌و ڕۆژه و ئه‌و ڕۆژانه‌ی هه‌موو بۆ زیندوو کرده‌وه.
وێنه‌که‌ی بە قاپەوە ده‌ست دایه و له کۆڵهپشتییکهی خست و به په‌له دوو دێڕی له سه‌ر له‌تکه کاغه‌زێک نووسی و به بزماری وێنه‌که‌وه که ئێستا به‌تاڵ بە دیوارەکەوە مابوو، هه‌ڵواسی و وه‌ده‌ر که‌وت.
به لانی که‌مه‌وه 10_12 کاتژمێر کاتی مابوو، به‌ڵام له سه‌ر هیچ شتێک ڕانه‌وه‌ستا و ملی ڕێی گرته به‌ر و له دوای سه‌عاتێک گه‌یشته لای داره‌که. ته‌زوویه‌کی ساردی ده‌هات، له قووڵکهیهکدا که دیار بوو پێشووتریش هه‌ر جێگا ئاور بوو، ئاورێکی کرده‌وه و هه‌تا بڕێک گه‌رم داهات، ئه‌وجار کۆڵهپشتییەکەی کرده‌وه و وێنه‌که‌ی ده‌رهێنا و تێر تێری تێی ڕاما، وه‌ک بڵێی بۆ دواجاره چاوی لێده‌کا. کیسه خه‌وه‌که‌ی ڕاخست و چووه نێوییه‌وه، وێنه‌که‌شی له ته‌نیشت ئاوره‌که دانا و خه‌یاڵ بردی له‌گه‌ڵ خۆی…
که وه ئاگا هات ڕۆژ هه‌ڵاتبوو و پێش له‌وه‌ی بیر له‌وه بکاته‌وه چ ده‌کا و بۆ لێره‌یه و ده‌بێ چ بکا، دیمه‌نی دوو گه‌ڵای زه‌ردی داره‌که که هاوکات ده‌ستیان له لقی داره‌که به‌ربۆوه و به‌ره‌و خوارێ ده‌هاتن، سه‌رنجی ڕاکێشا. گەڵاکان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که سووڕ ده‌دران هێور هێور ده‌هاتنه خوارێ، هه‌ر چاوی لێ نه‌بڕین یه‌کیان شلوێ شلوێ یه‌کڕاست له قووڵکه ئاوره‌که که‌وت و یه‌کیشیان خۆی هاویشته نێو جۆگه ئاوێکی ڕوون که به بن داره‌که‌دا تێ ده‌په‌ڕی و ڕۆشت و ڕۆیشت و ڕۆیشت هه‌تا له پێش چاوان ون بوو. چاوی له قووڵکه‌که کرد، دیتی گه‌ڵاکه‌ی دیکه‌شیان ڕێک وه‌سه‌ر پۆلوو که‌وتووه کە به‌شی سووتاندنی گه‌ڵایه‌ک تین و گڕی تێدا مابوو.
وه‌خۆ که‌وت. زانی که دره‌نگه و کاتی ئه‌وه نییه و هه‌ر گونجاویش نییه له سه‌ر هاوڕێکه‌ی مه‌حته‌ل بێ، خێرا شتومه‌که‌کانی پێچاوه و کۆڵه‌پشتیی له شان کرد و چه‌که‌که‌ی ده‌ست دایه و به‌توندی هه‌ڵکشا به قه‌دی شاخەکەی بەرامبەری. بە دەم ڕێ بڕینەوە ئاوڕێکی داوه و دیتی وێنه‌که‌ی له قوڵکەکەدا به‌جێ هێشتووه… چاوی لە ئاسۆ بڕی و هەنگاوەکانی توندتر کرد….