Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
پێنجشه‌ممه ۳۰ ی جۆزه‌ردانی ۱۳۹۸ | 20/06/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

ژنان له‌ نێو نووسیندا چه‌نده‌ ڕه‌هان

06/01/2019 | 13:41:11
+A
-A
کوێستان عومەرزادە

ئەگەر بە هەڵسەنگاندنێکی وردبینانەوە بچینە نێو ئەو باسەوە، به‌بێ ئەوەی ترسمان لە دەربڕین و دەرەنجامی باسکردنی ڕاستییەکان بێ، ڕەنگە بە ئەنجامێکی باش بگەین کە ئاخۆ ئێمە وەکوو ژن کاتێک لە هەر کام لە ژانرە ئەدەبییەکاندا یا خود باسە سیاسییەکاندا دەنووسین، چەندە هەست بە ڕەهابوون یاخود خۆ دۆزینەوە یان خۆبوون لە نێو دەقەکاندا دەکەین. ئەگەر بگەڕێینەوە نێو مێژوو چاوێک لە ئەدەبیاتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بکەین هەمان دیاردە بەدی دەکرێ بۆیە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتە سەرنج بدەینە شێوازی سەرکەوتنی ژنانی وڵاتانی پێشکەوتوو لەمەڕ خۆدەربڕین و خۆداماڵینیان لە هەر چەشنە سنوور و ئاستەنگێک. سروشتییه‌ مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگه‌یەکدا بژی، زیاتر شارەزایی لەمه‌ڕ کولتوور و دابونه‌ریتییه‌وه‌ هه‌یه،‌ بۆیە ئێمەش بەدوادا چوون و لێکۆڵینەوەکانمان زیاتر لەسەر کۆمەڵگه‌ی خۆمان بووە.
بە باوەڕی من ژنانی ئێمە کەم و زۆر هەمیشە کێشەیان بۆ دێتە پێش لە دەرەنجامی دەربڕین لە نووسینەکانیاندا، ژنان نەیانتوانیوە بە هۆی ئەو دابونه‌ریت و نۆڕمە کۆمەڵایەتییانەی هەن، خۆیان بن و لەنووسیندا خۆیان ڕەها کەن. بۆنموونە ئەگەر چاوێک بگێڕین بە مێژووی نووسینی ژنانی وڵاتی بریتانیا پێش سەدەی ١٩ ژنانێکی زۆر بوێر و باوەڕبەخۆ کە دەیاننووسی بەو پێیە کە نووسینی ژنان وەک پێویست لە لایەن کۆمەڵگه‌وە وەرنەدەگیرا، نە تەنیا لە میدیادا بەڵکوو لە گۆڤار و چاپەمەنییەکاندا بەشێکی زۆر لە ژنانی نووسەری ئەو کات بە ناوی پیاوانەوە بابەتەکانیان چاپ دەکرد و بڵاو دەکرایەوە، یاخود پێشەکیی کتێب و نامیلکەکانیان لە لایەن پیاوانەوە دەنووسران لەبەر ئەوەی وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، نووسین لە لایان ژنانەوە زۆر باو نەبوو و نووسین لەلایەن ژنانەوە بە کولتوور و فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگه‌یە زۆر نامۆ بوو. بۆیە ژنان ناچار بوون ئەو کات کە نووسراوەکانیان بە ناوی پیاوانەوە بڵاو بکەنەوە، تاکوو هەم لە کۆمەڵگه‌دا باش وەرگیرێن و هەم ڕێگە بدرێ بۆیان چاپ بکرێ. بەڵام دوای سەر هەڵدانی بزووتنەوەی فێمینیستی و شەپۆلەکانی ئەم بزووتنەوەیە خوێندنەوە و تێڕوانینی کۆمەڵگه‌ بۆ ژنان گۆڕدرا، نووسینی ژنان و ژنانی نووسەر ئەو کات چووە قۆناغێکی نوێوە. کەوابوو بە پێی سەردەم و ئەو گۆڕانکارییانە لە کۆمەڵگه‌دا درووست دەبێ، دەتوانێ تەئسیر و گۆڕانی لەسەر ژنانی نووسەر و ڕووناکبیر هەبێ.
ئەگەر باس لە نووسینی ژنان لە ئێستادا بکەین کە ئایا ژنان چەندە ڕەهان لەو پەیامەی کە دەیانهەوێ بیگەیەنن، ڕەنگە هەر یەکە و لە سووچێک و بە تێڕوانینی خۆی، لەسەر ئەم باسە بدوێ. بە باوەڕی من نووسینی ژنان ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەمیشە پڕ لە دیقەت و ترسێکی یەکجار زۆرە.
نووسین لەهەر لایەنێک بێ دەبێ ڕەها بێ جا چ سیاسی یاخود ئەدەبی، بەڵام زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێم ئێمە وەکوو ژن تا ئێستاش بە گشتی نەمانتوانیوە خۆمان لەو چەقبەستووییە ڕزگار بکەین. لە وتارە سیاسییەکاندا کاتێ قەڵەمی ژنێک دەبینی وێنەیەک بەدی دەکەی کە بە دیقەتێکی پڕ لە ترسەوە دەدوێ واتا ترس لە چاوی ڕەخنە و ترس لە جێگە پێ لەنگبوونی ئەگەر لە حیزبێکی سیاسیدا بێ.
من پێم وایە نووسین کە ڕەها بوو کاڵ و کرچی و ناکامڵی پێوە دیار نابێ و دەتوانێ تەعبیر لە ژانی تۆ بکا، ئەویش کاتێک دەبێ کە زەمینە بەرفراوان بێ کەرەستەت زۆر بێ لە نووسیندا و دیدگا و خوێندنەوە و تێڕوانینی دوور بپێکێ، کە لەو خاڵەدا بەداخەوە ئێمەی ژنان زۆر جار کەمی دێنین. ئەوەش نەک بەو مانایەی کە ناتوانین، بەڵکوو لە بەرامبەر ئەو کولتووری نووسینەی بەسەرماندا فەڕز کراوە، هەرچەندە زۆر جار هەوڵ دەدەین کە تەسلیم نەبین. من پێم وایە نووسین بەو کەرەستە و خەیاڵ و بۆچوونانەوە قەد دەگرێ کە لای تۆیە وەکوو نووسەر ئەگەر تۆش ترست بوو لە بەکار هێنان و هۆنینەوەیان ترس و خۆفێکت لا درووست بوو نەتتوانی بۆچوونی خۆت لە دەقێکدا بە ڕەهایی دابڕێژی و بیگەیەنی کەواتە نەتتوانیوە خۆت بی، کاتێک ناتوانی خۆت بی کەواتە نووسینەکەی تۆ ئامانجی تۆی نەپێکاوە.
بەداخەوە کولتوور و فەرهەنگ و دابونەریت، ئایین و هەموو ئەوانە تەئسیریان هەبووە لە هەست و بەیانکردنی ژنان و نووسینی ژنان.
ڕەهابوون لە نووکی قەڵەمە، ڕەهابوون لە فیکر و خەیاڵە کە دەتوانێ مەبەست و ئامانجەکانی تۆ بپێکێ، ئەگەر تۆ وەک خۆت لە بەرفراوانکردنی خەیاڵەکانت ترست بوو لە بەکارهێنانی کەرەستەکانی نووسین بە پارێزەوە گوڵبژێرت کرد ئەوە تۆی کە زوڵمت لە خۆت کردووە، دەبێ مرۆڤ وا بنوێنێ کە من کەسێکی ڕەهام و لە نووسیندا ڕەهاتر لەوەی کە خۆم دەمهەوێ، نابێ نووسینەکان و خوێندنه‌وەکانی تۆ بە پێی شوێنی ستراتیژ و کولتووری بێ بەڵکوو دەبێ بەپێی فیکری تۆ بێ کە چیت.
ڕەهابوون باوەڕ بە خۆبوونێکی بەهێزی دەوێ، ڕەنگە زۆر کەس پێی وا نەبێ ژنان زەعفی لە باوەڕبەخۆبوون لە بەیانکردن و دەربڕینی هەستەکانیاندا هەیە ئێمەی ژن بەبێ ترس و بەبێ خۆف و بە ئازادی لە دایک بووین، هەر وەک (سیمۆن دۆبووار) لە کتێبی ڕەگەزی دووهەمدا باسی کردووە کە هیچ شتێک لەگەڵماندا لە دایک نەبووە، بەڵکوو ئەوە کۆمەڵگه‌ و کولتوور و هەلومەرجی جوغڕافییە ئێمە دەکا بە ژن و هەست و خەیاڵمان موتوربە دەکا.
ژنانی نووسەر بۆ خۆ دۆزینەوە زیاتر لەو مەیدانە دەبێ بوێرتر و ئازایانەتر بە قەڵەمەکانیان ژان و زامەکان بنووسنەوە لە بەکارهێنانی هیچ خه‌یاڵ و فیکر و کەرەستەیەک سڵ نەکەن، هەستی خۆیان چۆن ئارام دەگرێ و پەیامی خۆیان بە چ شێواز و میتۆدێک گوڵ دەگرێ دەبێ ئەوە بن.