Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی به‌فرانباری ۱۳۹۷ | 19/01/2019 | کاتژمێر:
ئەدەب

بەندی کافرەکان و قووتدانی مار

06/01/2019 | 13:37:40
+A
-A
ئەحمەد سادقپوور

ئەمن ناوم ئەحمەد سادقپوور، ناسراو بە سۆفی ئەحمەد. ساڵی 1333 لە ئاوایی «شێخان»ی ناوچەی شنۆ لەدایک بووم. ماوەی شەش ساڵ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووم و ئەوەی لێرە بە کورتی باسی دەکەم، بەشێکە لەو دیرۆکە.
ساڵی 1361 ئەمن ئەندامی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و مەسئوولی ڕێکخراوی نەڵۆس بووم. ڕۆژی 12ی بانەمەڕی ئهو ساڵه لە ئاوایی «دێشەمس»ی ناوچەی شنۆ هێزێکی چەکداری باشوور گرتیانم. زۆرم هەوڵدا ڕادەستی کۆماری ئیسلامیم نەکەن، کەچی بەداخەوە بە قسەیان نەکردم و وابوو لەگەڵ دوو کەسی دی بردیانین بۆ ورمێ. کە گەیشتینە دەرکی زیندانی سپای پاسداران، خوارزای بەشیری مەلاحاجی دێشەمسمان لەگەڵ بوو. دەستی کرد بەگریان و گوتی سۆفی ئەحمەد خۆ من هیچ کارەمە. بەڕەحمەت بێ کاک سێمانی دێشەمسێ، ئەویشم لەگەڵ بوو. بە کابرای باشووری گوت جارێکیتر ناوی سۆفی بێنی ئاوات لێدەکەم و ئاوات بەسەر دێنم، دۆعا بکە سۆفی نەجاتی بێ… ئیتر ئەمن نە کاک سێمانم دییەوە، نە ئەو کابرا باشوورییە. لە زیندانی سپا بردیانمە ژووری ڕەحیم حەسەنی، سللولی ژمارە 4. ڕەحیم گوتی: تۆیان بە هەڵە هێناوە بۆ ئێرە و ئێستا ڕات دەگوێزن، بەڵام با شتێکت پێ بڵێم؛ بە زار و ئیمزای خۆت هیچ قبووڵ مەکە. دەزانم لێم دەترسی، ئەمن کوڕی مەلا حەسەنیم، سێ برام لێرەن دەگەڵ خێزانی واحیدی برام، ڕەشیدی براگەورەمان لە تەورێزە، ئێمە چریکین. ئەگەر تووشی واحیدی برام بووی بڵێ ڕەحیم برینەکەی سووکە…»گوللەی وەلاقی کەوتبوو. پاش نیو کاتژمێر منیان بردە سللولی ژمارە 14 کە ناخۆشترین شوێن بوو. ئیدی بە ڕۆژ ئەشکەنجە و لێدان و پرسینەوە بوو، شەوانەش نەیاندەهێشت بنووی. جارێک مووسەویی ئەردەبیلی و شەمخانی هاتن بۆ نێو سللولەکان. لە سللولی ڕووبەڕووی من عینایەتوڵڵای باغش بوو کە ئەندامی موجاهیدین بوو. پێیان گوت: ئەتۆ منافیقی. لێیان گەڕاوە و گوتی: «خومەینی منافیقە. ئیدی لێیان نەپرسی و هاتنە بەر درگای سللولەکەی من. گوتیان لێیان نەداوی، ئەزیەتیان نەکردووی؟ ئەمنیش پشتم و لاقەکانم پیشان دان و گوتم ئەشکەنجەیەکی زۆر کراوم». شەمخانی گوتی: «نا ئەمە ئەشکەنجە نییە. ئەتۆ مارێکت قووت داوە و ئەمە بۆ ئەوەیە بڕشێیەوە و مارەکە دەردەیە دەرێ کە ئەمە هەم بە قازانجی خۆتە و هەم بە قازانجی ئیسلام»!
هاوینی ٦١ بوو کە بردیانم بۆ دادگای شۆڕش، بە چوون و هاتنەوە چارەگێکی نەبرد، ئیمانی حاکمی شەرع بوو لە ورمێ. گوتی: «ئەتۆ پاسدارت کوشتوون، ماڵی خەڵکت تاڵان کردووە و چەتە بووی، دوایە دەمانچەکەی دەرێنا و گوتی زووکە داوای لێبوردن بکە لە ئیسلام دەنا ئێستا بۆ خۆم ئێعدامت دەکەم، گوتم ئەوانە هەموو بوختانن، ئیدی بە تورکی جنێوێکی دامێ و گوتی بیبەن؛ ئیدی بردیانمە زیندانی دەریا».
زیندانی دەریا پڕ بوو لە بەندیی سیاسیی دێموکرات، کۆمەڵە، موجاهیدین، چریک و … ئەو ڕۆژەی کە ٤٨ کەسیان لە زیندانی ورمێ ڕا بردنەوە مەهاباد ئەمن لەوێ بووم، بەتەمەنترینیان مەلاحەسەنی لاجەوەردی بوو کە تەمەنی ٤٨ساڵ بوو، کەم تەمەنترینیان سیامەک سەقزی بوو کە ١٦ساڵ و ٧مانگ بوو، فەریدوون شەنگەش ١٧ساڵ بوو کە دواتر هەموویان ئێعدام کران، پاش ئەوان ئێمەیان بردە بەندی ٧ و ٨ کە ئەوکات زیاتر لە ٥٠٠ کەسی تێدابوو. ڕۆژی سێهەم لەو بەندە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هەموومان مانمان لە خواردن گرت و سەرەخۆشیمان دانا…
باسی ڕۆژە سەختەکانی زیندان، کەمی ڕێوجێ، خراپیی خواردن، نەدانی ملاقات، هەوڵی شکاندن و سووکایەتی بە بەندییە سیاسییەکان و هێنانی سیخوڕ بۆ نێومان جارێ با لەولا بوەستێ. ئێمە دێموکراتەکان لە بەندی ٧ و ٨ ڕادیۆمان هەبوو کە بە من بوو. پاش بڵاوبوونەوەی خەبەرەکانی ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا دەنگوباسەکان بە هەموو بەندەکان دەگەیشتن، بەڵام کە ڕایانگواستین بۆ بەندی 15، لەوێ ڕادیۆکەمان لێ گیرا. ئەو هاوڕێیەی ئێمە کە ڕادیۆکە لە دەستی ئەودا گیرابوو، زیاتر لە ٩ مانگ لێیان دا هەر گوتی دەنێو بۆشکەی زبڵدا هێناومەتە ژوورێ و هەر ئەو ڕۆژەم پێ بووە… بەدوای گیرانی ڕادیۆ زۆریان بردینەوە زیندانی سپا لە نێو شار کە ئەمن یەک لەوان بووم. ئەفسەرێکی شارەبانی بەناوی «…..» گوتی: «سادقپوور ٦ منداڵم هەن، ئەگەر دەزانی خۆت پێ ڕاناگیرێ با من هەڵێم، ئەمن ڕادیۆکەم لەو کڕیبوو و هەر ئەویش باتری بۆ دەهێنام، گوتم کاکە بێخەم بە من هەر ناتناسم، ئەمن کوردم… دوای ئەشکەنجەی زۆر کە هێنایانمەوە زیندانی ورمێ، هەر ئەو ئەفسەرە هات و بە فارسی گوتی: ئەمن نۆکەرتانم و شانازیتان پێوە دەکەم…
بەهاری ساڵی ١٣٦٤ ئێمە کە ٧٨ کەس بووین دراین بە بەندی «کافران» کە بازداشتگای قەدیمی ئەوێ بوو. لەوێ حەوتووی جارێک و ئەویش ١٥ خولەک دەیانبردینە هەواخۆری، ئەویش بە قرچەی نیوەڕۆ… ساڵی دواتر ئێمەیان هێنایەوە بەندی ٧ی قەدیم کە بەوێشیان هەر دەگوت بەندی کافرەکان و تا ئازادبوونم لە زیندان لەوێ مامەوە.
دوو ساڵ پێش ئازادبوونم حاکمی شەرعی ورمێ گۆڕا و جەواهیری جێی ئیمانی گرتەوە و ئەمن لەگەڵ زۆر زیندانیی دیکە دیسان دادگایی کرامەوە. قازیی شەرع بۆ ئازادبوونم دوو مەرجی دانا. یەکیان ئەوە کە لە چوار مزگەوتی دیاریکراو یەکیان هەڵبژێرم و ڕۆژانی هەینی قسە بۆ خەڵک بکەم، لە مههاباد، نەغەدە، پیرانشار یان شنۆ، ئەوی دیکە ئەوەی لە تەلەڤیزیۆنی ورمێ بۆ نیو سەعات لە دژی حیزبی دێموکرات قسە بکەم. ئەمنیش گوتم جەنابی حاکم ئەمن شتی وا ناکەم، جەنابت چۆن شتی وا دەڵێی؟ گوتی ئەمن ناڵێم، ئەوە داوای بەرپرسانی زیندان و سپایە. گوتم ئەمن شتی وا ناکەم. وابوو دوو ساڵ و نیوی دیکەش لە زینداندا مامەوە هەتا ئەوەی حاکمی شەرع لە بەفرانباری ٦٦ بڕیاری ئازادکردنی دام.
ئەو ڕۆژە هەینی بوو و بەرپرسی زیندان لەماڵ نەبوو، جێگرەکەی ڕێگری نەکرد و هاتمە دەرێ، هەر ئەو شەوە ناوی بیست زیندانیی سیاسی خوێندرابوونەوە کە بەڕێی زیندانی تەورێز بکرێن کە یەکەم کەس ناوی منیان خوێندبۆوە. ڕەحمان مەحموودی، خەڵکی «دەلۆ» خەبەری دامێ کە خۆم نەدەم بە دەستەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوانی دی هەموویان وەبەر کوشتارە بەکۆمەڵەکەی ساڵی ٦٧ کەوتن کە هەمووم دەناسین و زۆریان ماوەی زیندانییان تەواو ببوو و ڕایان گرتبوون، ئی واش هەبوو ساڵێک، یان هەبوو 5 مانگی مابوو ماوە حوکمەکەی تەواو بکا…
بەسەرهاتی شەش ساڵ زیندان زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ کە لەسەری بدوێم، بەڵام گۆشەکەی ئێوە لە ڕۆژنامە هەر بەشی ئەوەندەی کرد…