نیزیک بە ١١ کەس لە ئەندامانی شووڕای شار و کارمەندەکانی شارەداریی مەریوان بە هۆی گەندەڵیی ماڵی، دوای لێپیچینەوە لێکردن بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کران.
هاوینی ئەمساڵ دوای کەڵەکەبوونی دەیان شکایەت و سکاڵای خەڵک سەربارەت بە سەرپێچی و گەندەڵیی ماڵی ئەندامانی خولی چوارەمی شووڕای شاری مەریوان و چەند کەس لە کارمەندەکانی شارەداریی ئەو شارە، هەیئەتێکی پێکهاتوو لە کارناسان و مەئموورانی “سازمانی بازڕەسی وڵات و پارێزگای سنە” بۆ ماوەی ٧٠ رۆژ پێداچوونەوەیان بە سکاڵا و بەڵگەنامەکان کرد و لە ئاکامدا ١١ کەسیان لەو پێوەندییەدا بە تاوانبار زانی.
بە پێی ڕاپۆڕتی سەرچاوەیەکی ئاگادار ، بێجگە چەند کەس لە ئەندامانی خولی چوارەمی شووڕای شاری مەریوان، چەند کەسی دیکەش لە کارمەندان و جێگرەکانی شارەداریی ئەو شارە، لەو پەروەندەدا دەستیان هەیە و هەرکامیان بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کراون.
هەر بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە شارەداری پێشووی مەریوان کە پێویستی بە بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی دەبێ بۆ ئازاد بوون، کاتێک کە “بەرپرسی گشتیی دەفتەری کاروباری شاری” ی پارێزگای سنە دەچێت بارمتەی بۆ دابنێ، پاش ناساندنی خۆی بە دادگا، وەکوو یەکێک لە تاوانباران لێپێچنەوە لێدەکرێ و دواتر بە دانانی بارمتەی یک میلیارد وسێسەد میلیۆن تمەنی دەربازی دەبێ.
بەشێک لە ئەندامانی خولی چوارەمی شووڕای شاری مەریوان و شارەداری پێشوو و جێگرەکانی بە گەندەڵیی ماڵی و دزی و تاڵانکردنی بوودچە و داهاتی شارەداریی مەریوان بە تاوانبار ناسراون.