Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳۰ ی به‌فرانباری ۱۳۹۷ | 19/01/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

ترامپ بۆ گەمارۆ ئابوورییەکان دەبێ هەوڵەکانی چڕتر بکا*

07/12/2018 | 21:21:55
+A
-A
و: کەماڵ حەسەنپوور

ستراتێژیی ئەوپەڕی زەختی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بۆ سەر ئێران لە ٥ی نۆڤەمبەر بەتەواوی کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوە سەپاندنەوەی گەمارۆی نەوت و خستنی گەمارۆ بۆ سەر زیاتر لە ٧٠٠ دامەزراوە، تاک، فڕۆکە و پاپۆڕ دەگرێتەوە. بەڵام ئاسەوارەکەی تا ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئاستی ئەوپەڕی زەخت، ئەگەرچی ڕێبازی بەڕێوەبەرایەتییەکە درووستە.

ڕیاڵ، دراوی ئێران، خۆڕاگرییەکی سەیری لەخۆی نیشان داوە. لە ٤ی نۆڤەمبەر نرخی دۆڵارێکی ئه‌مریکایی لە تاران گەیشتە ١٤٩٠٠٠ ڕیاڵ. حەوتوویەک دواتر، لە ١٢ی نۆڤەمبەر، نرخەکەی ٪٧ دابەزی و بوو بە ١٣٨٥٠٠ ڕیاڵ. بێگومان بازاڕی ئاڵووێری بەناو ئازادی دراو لە ئێران لەرزۆکە و، ئامانجی دەستێوەردانی بەهێز لە لایەن بانکی ناوەندییە، بەڵام نرخی ڕیاڵ لەگەڵ نیشانەکانی دیکە گونجاوە.

بازاڕی بوورسی تاران هەمان سەرزیندوویی نیشان داوە. ئیندەکسی گشتیی ٤ی نۆڤەمبەر ١٨٢،٩١٨ بوو. حەوتوویەک دواتر، لە ١٢ی نۆڤەمبەر، گەیشتبووه‌ ١٨٢،٢١١، داکشانێک کە تەنیا ٠،٤ لە سەد بوو. ئەگەر ئیندەکسی بە دۆڵار بقەبڵێنین لە ڕاستیدا هەڵکشانێکی ٪٧ لە نرخ دەکا.

لە هەمان کاتدا، بازاڕی مامەڵەی نەوت دووهەمین جەژنی فرۆشتنی نەوتی خاوی لەو حەوتووەدا گرت. بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ گەمارۆکانی سەر نەوت، تاران ڕێگا چارەیەکی دیتۆتەوە. ئەو ئێستا نەوت لە بازاڕێکی وزەی نەناسیاودا بە کڕیارەکان دەفرۆشێ کە ناسنامەکانیان نهێنییە. ئەو کڕیارانە، بە نۆبەی خۆیان، نەوتەکە لە بازاڕە نێونەتەوەییەکاندا دەفرۆشن. بەو شێوەیە کڕیاری نەناسراو ٧٠٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانیان لە ١١ی نۆڤەمبەر بە ٦٤،٩٧ دۆڵار بۆ هەر بەرمیل کڕی. نرخەکە شتێک کەمتر لە ٪٩ لە ژێر ئەو نرخە بوو کە کۆمپانیای دەوڵەتیی نەوتی ئێران دیاریی کردبوو. بەڵام هەرچۆنێک بێ ئەوە سەرکەوتنێک بوو چونکە ئێستا هەموو ئەوانەی کە لە چوار دەورەی دنیا دەیانهەوێ گەمارۆکانی ئه‌مریکا پێشێل بکەن دەبینن کە ڕێگایەک بۆ دەور لێدانەوەی بەربەستەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەیە.

لە وەرسووڕانێکی بەرچاوی دیکەدا، عەڕەبستانییەکان ئێستا دەیانهەوێ ڕێژەی هەڵێنجانی نەوت کەم بکەنەوە. ڕیاز پێشدا ئیددیعای کردبوو کە نەوت سەرڕێژی بازاڕ دەکا تا دڵنیا بێ کە ئێران نەتوانێ کەلک لە هەڵکشانی نرخی نەوت بە هۆی کەمبوونی نەوت لە بازاڕ بە هۆی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان وەرگرێ. نرخی گرانتر واتا داهاتی زۆرتر بۆ ئێران لەو نەوتەی کە دەیفرۆشێ.

جگە لەوە، بە دانی ئیزن بە هەشت وڵات، وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی نەکردۆتە سفر، ئەگەرچی بۆ ماوەی شەش مانگ ڕۆژانە یەک میلیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێژەی نەوتی [ئێران] کەم کردۆتەوە تا پێش بە فڕینی نرخی نەوت بگرێ، کە دەسکەوتێکی سەرنجڕاکێشە. داهاتی ئێران ئێستا لە حیسابەکانی سڕکراودا کۆ دەکرێنەوە کە تەنیا بۆ ئامانجی بازرگانیی مرۆڤدۆستانەی ڕێگەپێدراو کەلکی لێ وەردەگیرێ، کە دەبێتە هۆی زەختی زۆرتر بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە پاشەکەوتی دراوی بیانی. بەڵام بۆ بەچۆک داهێنانی هەناردەی نەوتی ئێران و چاودێریی بەسەر پارەی سڕکراو بۆ پێشگرتن بە هەوڵی بەربڵاوی خۆ دەرباز کردن لە گەمارۆکان کە جاری ڕابردوو کرا، زۆر شتی دیکە پێویستن.

سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لە پەیوەندی لەگەڵ سویفت، سیستەمی بەربڵاوی گواستنەوەی ئەلەکترۆنیکیی دراو، بە جیا کردنەوەی بانکی ناوەندیی ئێران و چەندی بانکی دیاریکراوی دیکەی ئێرانیی لەو سیستەمە، هەنگاوێکی پێویستی هاویشت کە دەمێک بوو چاوەڕوان دەکرا. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئیجازەی بە هەندێک بانکی ئێران دا کە بۆ ئاڵووێری مرۆڤدۆستانە لە نێو سیستەمی سویفت دا بمێننەوە، بەڵام هەر وەک هاوکارەکانم مارک دوبۆویتز و ئانی فیکسلەر باسیان کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ هەوڵەکانی دووقات دەکا تا چاودێریی کاناڵە مرۆڤدۆستانەکە بکا. ئێران لە ڕابردوودا کەلکی لە چاوپۆشیی مرۆڤدۆستانەی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ دەور لێدانەوەی گەمارۆکان بە شێوەیەکی بەربڵاو وەرگرتووە.

جگە لەوە، وڵاتە یەکگرتووەکان ئیجازەی بە عێڕاق و ئەفغانستان داوە کە بازرگانی لەگەڵ ئێران بکەن. هەردوو وڵات گیروگرفتی بەرتیلخۆری و نەبوونی شەفافییەتیان هەیە کە ئەوان دەکاتە شوێنی گونجاو بۆ ئۆپەراسیۆنە پێشکەوتووەکانی تاران بۆ دەور لێدانەوەی گەمارۆکان. بە تایبەتی عێڕاق، بۆتە شوێنی مەزنی گیرسانەوەی کاڵا و خزمەتگوزاریی ئێرانی.

لە کۆتاییدا، ئیجازە بە دەستڕاگەیشتنی هیندوستان بە بەندەری چابەهاری ئێران دراوە. دێهلی بۆ ئەو ئیجازەیە زۆر بە پەرۆش بوو تا ڕێگای زەوی بۆ گەیاندنی کەلوپەل بۆ ئەفغانستان لە جیاتی ئەو ڕێگا جێگرەوە کە دوژمنی لەمێژینەی واتە پاکستان کۆنتڕۆڵی دەکا، هەبێ. بەڵام واشینگتۆن دەبێ لە مامەڵەکە تێ بگا. ئەو بەندەرە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندیی بازرگانیی هیندوستان لەگەڵ ئێران. دێهلی هەر ئێستا یەکێک لە شەریکە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئێرانە.

بە گوێرەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جان بۆڵتۆن، گەمارۆی زیاتر و چەسپاندنی چڕتر بەڕێوەن. ئەوان زۆر پێویستن. ئاسەواری گەمارۆ تازەکان تا ئێستا لە ئاستێکدا نییە کە بتوانێ ڕەفتاری ڕێژیمی ئێران بگۆڕێ. بۆ دڵنیایی لە ئەوپەڕی زەخت، کەمپەینی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە شەش مانگی داهاتوودا بگەیەنێتە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا. وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ زەخت بخاتە سەر چین، تورکیە و هیندوستان تا ئاستی بازرگانیی خۆیان کەم بکەنەوە، بە تایبەتی کڕینی نەوت. دەستڕاگەیشتنی ئێران بە داراییە سڕکراوەکان دەبێ تەنیا ئاڵووێرە مرۆڤدۆستانەکان بگرێتەوە، بە چاودێری چڕ تا دڵنیا بین کە کەلکی خراپی لێ وەرناگیرێت.

پاشان، واشینگتۆن دەبێ بەتوندی ڕایەڵەی نایاسایی دارایی و کڕینی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کانادا، ئوڕووپا، ئه‌مریکای لاتین، تورکیە، قەفقاز و کەنداوی فارس بکاتە ئامانج. جگە لەوە، وڵاتە یەکگرتووەکان پێویستە سامانەکانی ئێران بە گەمارۆ کەم بکاتەوە و بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەدا لاواز بکا، بە تایبەتی لە سورییە و لوبنان، چونکە تاران ئەوان وەک پێگەی ستراتێژیک سەیر دەکا.

ئەگەرچی ئابووریی ئێران لە بەرامبەر ئاسەوارە دەستبەجێکانی دوایین گەمارۆکان خۆڕاگریی نیشان داوە، بەڵام تاران وەلەرزە کەوتووە. ئابوورییەکەی هێشتا لە ژێر گوشار دایە و دەستڕاگەیشتوویی بە دراوی وەک دۆڵار و یۆرۆ کەمتر دەبێ. لە هەمان کاتدا ناڕەزایەتیی لەناو خەڵکی ئاسایی ئێران لە پەرەئەستاندن دایە. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ناچارکردنی ڕێژیمی مەلایان بۆ گۆڕینی ڕێچکە مەترسیدارەکەیان هەیە، بەڵام ئاکامێکی وەها دەگمەن، هەنگاوی دەگمەن دەخوازێ.

 

* سەعید قاسم‌نژاد – بیزنس ئینسایدر