Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 16/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

ئێران و کوردستان لە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ئێستادا

22/11/2018 | 14:31:37
+A
-A
"کوردستان"

ئەگەر بمانەوێ ئاوڕێکی خێرا بە سەر ئێران و گۆڕانکارییەکانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا بدەینەوە، بێشک دەبێ بنەمای ئەو ئاڵوگۆڕە بکەینە کۆتاییەکانی دەوڵەتی ڕەفسەنجانی و سەرھەڵدانی بیرۆکەیەک بە ناوی «نەوئەندیشیی دینی» لە حەوزەی ڕۆشنبیری دینی لە ئێرانی شیعەدا، ئەو بیرۆکەیەی کە لەسەر ئەو عەقڵانییەتە دامەزرابوو کە دەکرێ لە ئیسلامیشدا وەک مەسیحییەت جۆرێک چاکسازی و ڕیفۆرم بکرێ کە بتوانێ ئەگەری سازانی لەگەڵ واتا و چەمکە جۆراوجۆرەکانی دنیای مۆدێڕن، وەک؛ مۆدێڕنیتە، دێموکراسی، مافی مرۆڤ و حوکمڕانیی وڵامدەر زیاتر بێ و بتوانێ لە وەھا دنیایەکدا کە ئەم چەمکانە وەک فەزیلەتێک هەن ھەڵ بکا. دیارە شکڵگرتنی ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەوەی بیهەوێ عەمەلی ببێ دەبوو بێتە نێو کۆمەڵگەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو بێتە مەیدانی ململانێی سیاسییەوە، بە چەشنێک کە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ساڵی 1376بوو بە مەیدانی ململانێی ئەم عەقڵییەتە لەگەڵ بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی بە خوێندنەوە نەریتخوازانەکەی. وەک بیندرا خاتەمی بوو بە سەرۆککۆمار و نوێنەری ئەم شێوە ڕوانینە بە نیسبەت ئیسلام و حوکمڕانی. دەوڵەتی نوێی ڕیفۆرمخواز دەستی کرد بە ھێندێک گۆڕانکاری کە بۆخۆی دەکرێ بگوترێ بەرھەمی گۆڕانکارییەک بوو کە لە حەوزەی کۆمەڵایەتیی ئێراندا ڕووی دابوو. ھێندێک واتای وەک کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادیی بەیان و پێکهێنانی ئەحزاب بوو بە ڕۆژەڤ و بەرنامەکانی خاتەمی توانی وێڕای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕووی دابوو، ڕەوتی گۆڕانکارییەکان خێراتر بکا. لە ڕاستیدا لە کۆتاییەکانی دەیەی ھەشتادا کۆمەڵگەی ئێران کەمتر وەک دەیەی حەفتا و شەست دەچوو، و بەرنامە ئابوورییەکانی خاتەمی توانیبووی چینی مامناوەندی (طبقه متوسط)ی ئێران گەورەتر بکا، ئەو چینەی کە زۆرترین داواکاریی سیاسی بە نیسبەت دەسەڵاتەوە ھەبوو. ئەگەرچی ڕەوتی ئیسلاحتەڵەبی توانی لە ھەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە ساڵی ٧8یشدا سەر بکەوێ و تا ڕادەیەک پارلمانێکی حیزبی لە ئێراندا پێک بێت، بەڵام قەبارەی گۆڕانکارییەکانی شێوەی حوکمڕانی قەت بە ڕادەی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە نەبوو. چون ھەم وشیاریی کۆمەڵایەتی چوبووە سەرێ و ھەم پێکهاتەی حەشیمەتی ئێران زۆری گۆڕان بەخۆوە دیتبوو. ڕێژەی خوێندکاران بە ھۆی زیادبوونی زانکۆکان بە تایبەت زانکۆی ئازاد زۆر لە زیاد بووندا بوو و، چینی مامناوەندی بەھێزتر و گەورەتر ببوو و چینی کۆپینیی ئێران کە لە دوای دەستپێکی شەڕەوە بەشێکی بەرچاوی جەماوەری ئێرانی پێک دەھێنا کە زۆر لە چینەکانی دیکە لە ژێر نفووزی دەسەڵاتدا بوو، کەمی کردبوو. ئەم گۆڕانە چینایەتییە، ئاستی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی گۆڕی، ھەر بۆیەش دوای تەواوبوونی دەوڵەتی خاتەمی و بێهیوایی خەڵک لە ڕیفۆرم بە ھۆی کەمی و بەرچاونەبوونی گۆڕانکارییەکان بە نیسبەت داواکارییەکان، لە ھەڵبژاردنی ٨٤ی سەرۆککۆماریدا ھێندە ڕێژەی بەشداری لە کۆی ئێراندا دابەزی کە ئەحمەدینژاد بە پێگەیەکی کەمی جەماوەرییەوە دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران.
ھاتنە سەرکاری ئەحمەدینژاد بوو بە ھۆی چەند گۆڕانکاریی گەورە لە حەوزەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێراندا:
1ــ بەرنامە ئابوورییەکان بە تایبەت لە خولی دووھەمی سەرۆککۆماری ئەودا چینی مامناوەندی چکۆلە و بێهێز و گۆشەنشین کرد، ئەو چینەی کە لە بەرامبەر ئەحمەدینژاد و بناژۆخوازەکاندا ڕاوەستابوو.
2ــ سپای پاسداران و بەسیج کە ڕیفۆرم و بیرۆکەی ڕیفۆرمخوازییان بە مەترسی بۆ سەر ھێژمۆنی ئوسولگەرایی دەزانی، خۆیان ڕێک خست و بوون بە باڵێکی بەھێزی مەیدانی سیاسیی ئێران.
3ــ لە خولی دووھەمی سەرۆکۆمارییەکەی ئەحمەدنیژاددا حەوزەی سیاسی گەمەکارانی سیاسیی ئێرانی لە دوو کەرتەوە کرد بە سێ کەرت و مەیدانی ململانێی کۆمەڵایەتیش ھەر بەم پێیە کەرتێکی پێ زیاد بوو.
ئاکامی ئەم سێ ڕووداوە لە حەوزەی سیاسیدا بوو بە ھۆی ئەوەیکە لەو دەورەیەدا ئاستی داواکاریی خەڵک بێتە خوارێ و ھێزی سەرکوتکەری دەسەڵات بەھێزتر بێ. ئەگەرچی چینی مامناوەندی کەوتبووە پەراوێزەوە، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٨٨دا وێڕای ئەوەی ناڕازییانی ھەمیشە تەحریمی، ھاتنە سەر خەت و پاشان بزووتنەوەی سەوزی لێ کەوتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەم دەورەیەدا فەزای سیاسی بەگشتی کپ و کۆمەڵگەی مەدەنی چکۆلە و ناھومێدییەکی کەموێنە بە سەر ئێراندا زاڵ بوو. دەنگهێنانەوەی ڕووحانی لە ھەڵبژاردنی ٩٢دا بەرھەمی ئەو ناڕەزایەتییە گشتییە بوو کە لە ساڵەکانی ڕابردوودا شکڵی گرتبوو، ھاوکات و لەوە گرینگتر بە ھۆی ھیوایەک بوو کە بەشێکی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە ڕەوتی ڕیفۆرم مابوویان و پێیان وابوو لە ئەگەری ھێنانەوەی کەسێک بە تایبەتمەندی ڕیفۆرمخوازییەوە دەتوانێ ئێران لەم قەیرانانەی کە تووشی بووە، ڕزگار بکات. لە دەوری یەکەمی سەرۆککۆماری ڕووحانیدا تا ڕادەیەک ھێمنایەتی و سەقامگیری کەوتە کۆمەڵگە و ئابووری وڵاتەوە، ھەر ئەوەش توانی ڕەزامەندییەکی نیسبی لە نێو خەڵکدا ساز بکا، لەوەش گرینگتر ئەوە بوو کە بە کرانەوەیەکی نیسبی فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران گڕ و تینێکی نوێی گرت و چینی مامناوەندی متمانەی بە خۆ پەیدا کردەوە و وەک باسکی سەرەکیی ئەم کۆمەڵگە مەدەنییە لە گەشەیە؛ بوو بە بەشێکی ھەرە گرینگ لە گەمەی سیاسی لە ئێراندا و توانی ببێتە ئامرازی فشار لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات بە تایبەت دەزگای بەڕێوەبەری واتە دەوڵەت. ئەوە لە کاتێکدایە ھەر لەم قۆناغەدا ئەگەر بەشی مووچەخۆری ئێران بەھۆی ڕاوەستانی ئاوسانی ئابووری لە بارودۆخێکی باشتردا بوو، بەڵام بازاڕی ئێران بە ھۆی سیاسەتی ئینقبازیی دەوڵەتەوە چوبووە ڕکوود و بارودۆخێکی خراپی بە خۆوە دەبینی. هاتنەوەسەرکاری دەوڵەتی ڕووحانی و پاشان ھاتنەدەرێی ترامپ لە بەرجام فەزای سیاسیی ئێرانی گۆڕی؛ خۆپێشاندانەکانی زستانی ٩٦ و پاشان بەھار و ھاوینی ٩٧ بوو بە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە مەرزبەندیی کۆمەڵایەتیی ئێران کە نیشانەی گۆڕانکارییەکی مەزنی چینایەتی و کۆمەڵایەتییە لە ئێرانی ئەمڕۆدا:
1ــ کەوتنە گوشاری چینی مامناوەندی و چکۆلەبوونەوەی ئەم چینە بە ھۆی گوشاری ئابووری.
2ــ گەورەبوونی چینی ھەژاری کۆمەڵگە و کەوتنە ژێر ھێڵی ھەژاریی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە.
3ــ گەورەبوون و بەهێزبوونی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران بە ھۆی نفووز و پەرەسەندنی فەزای مەجازی و گەشەی دامەزراوە مەدەنییەکان
4ــ نزمبوونەوەی ئاستی متمانەی کۆمەڵانی خەڵک بە ڕەوتی ڕیفۆرم و کەوتنە مەترسی کۆمەڵایەتیی ئەم باڵەی کۆماری ئیسلامی.
5ــ توندوتیژبوونی ئەدەبیاتی سیاسیی خەڵک بەرانبەر بە دەسەڵات و لێبڕاوتربوونی خەڵک لە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان.
6ــ گەورەبوونەوەی توێژی خوێندکار و پەیوەستبوونیان بە خێڵی بێکارانی وڵات، ئەو چینەی کە سێ داواکاریی بەرچاوی ھەیە: کار وەک داواکاریی ئابووری، ئازادیی سیاسی و ئازادیی کۆمەڵایەتی.
7ــ باوەڕبەخۆبوونی ژنان وەک توێژێکی گەورە و بەهێزی کۆمەڵگەی ئێران بە داواکاری مەزنەوە کە ڕاست لە بەرامبەر بنەماکانی ئیدئۆلۆژیی نیزامی سیاسیی ئێستای ئێرانە.
8ــ قووڵبوونەوەی کەلێنی ئیتنیکی و نەتەوەیی بە ھۆی گوشاری دامەزراوە ئەمنیەتییەکان لە سەر ئەو پێکهاتانە، پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان لە لایەن دەزگای بەڕێوەبەری (دەوڵەت) و، لەویش گرینگتر بە ھۆی زیادکردنی وشیاریی نەتەوەیی بە ھۆی خوێندەوار بوونی ئەم پێکهاتانەی ئێران و زۆربوونی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دنیای مۆدێڕن و شارەزابوونی بەشێکی بەرچاوی خەڵکەکەیان بە نیسبەت مافەکانیانەوە.
ئەم گۆڕانکارییە مەزنانە لە کۆمەڵگەی ئێراندا ئێستا لە ئارا دایە و دیارە دەتوانێ زەمینە و ھەوێنی گۆڕانکاری زۆر مەزن لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا بێ. بەڵام ئەو پرسەی کە دەتوانێ گرینگترین بابەتی گۆڕانکارییەکانی ئێران بێ، شکڵگرتنی ئەم بیرۆکەیە لە زەینی تاکی ئێرانی کە پڕۆتێستانیزمی ئیسلامی و گۆڕانکاری لە دەزگای ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی ئەگەر نامومکین نەبێ، لانیکەم لە ئاستی حکوومەتیدا نامومکینە و ناکرێ بیر لە کۆمارێکی ئیسلامی گۆڕاو لە سەر بنەمای «نەوئەندیشیی دینی»دا بکرێتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەم بیرۆکەیە نەتەنیا لە زەینی جەماوەردا شکڵی گرتووە، بەڵکوو نوخبە و چالاکانی سیاسیی ڕیفۆرمخوازیشی گرتۆتەوە کە دەتوانێ ڕووداوێکی گرینگ بێ لە حەوزەی سیاسیی ئێراندا. ئەو بابەتە گرینگترین گۆڕانە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیشدا.
***

کوردستان و گۆڕانکارییەکان
دیارە بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئێران لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە خۆیەوە دیتووە، کوردستانیش تەئسیری لێ وەرگرتووە. لە سەردەمی دەوڵەتی ڕیفۆرمخوازیدا ھێندێک گۆڕانکاریی هەرچەند کەمیش لە حەوزەی سیاسیدا ڕوویان دا. دوای شۆڕشی ١٣٥٧، کورد کەمترین متمانەی بە حکوومەتی ناوەند ھەبوو، تێکەڵاویی کورد و نوخبەی کورد لەگەڵ دەسەڵات لە ئاستێکی نزمدا بوو، بەڵام دەوڵەتی ڕیفۆرم بە گۆڕینی نیسبیی گوتاری ناوەند، لانیکەم لە نێو بەشێک لە دەسەڵاتدا تا ڕادەیەک توانیی متمانەی بەشێک لە بژاردەکانی کورد وەدەست بێنێ و ھێندێک ئیلیتی کورد ڕەکێشی چەند توێیەکی دەسەڵات و مودیرییەت بوون. ئەو گۆڕانکارییانە لە حەوزەی کۆمەڵایەتیدا زۆرتر بوون. بەهۆی چوونی زیاتری لاوان بۆ زانکۆکان ئاستی خوێندەواریی کورد چووە سەرێ، زانکۆکان بوونە مەکۆی ڕۆشنبیری و ناسیۆنالیزمی کوردی و نوخبە و چالاکی کورد لە دەوری ھێندێک گۆڤار و بۆنەی کوردیدا کۆبوونەوە و شێوەیەک لە شوناسخوازیی کوردی سەری هەڵدا کە بە پێچەوانەی ساڵەکانی ڕابردوو نەیدەتوانی بێتە نێو گوتاری زاڵ و تەنانەت گوتارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە دەرێ. ئەم وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییە ھەڵبەت بە مانای دژایەتی لەگەڵ ئەم گوتارە باوەی دەرێ (ئۆپۆزیسیۆن) نەبوو، بەڵکوو دژ کردەوەیەک بوو بە نیسبەت بێدەنگیی ئۆپۆزیسیۆن و چوونە سەرێی زانیاریی گشتیی کۆمەڵگەی کوردی کە بەو خوێندنەوەیە گەیشتبوون کە بێجگە لە گوتاری باو، دەکرێ بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوایەتی بیر لە شێوەگەلی دیکەش بکرێتەوە. ڕیفۆرمخوازیی کوردی شێوازێکی دیکەی پێشنیار دەکرد، ئەگەرچی لە نێو نوخبەدا بە نیسبەت کۆمەڵگەوە پێگەی زیاتر بوو، بەڵام لە ئاکامدا نەریتێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان بە کاریگەری وەرگرتن لە ناوەند ھاتە ئاراوە کە ئەگەر تا ئەو کات کورد یا لایەنگری دەسەڵات بوو _کە ڕێژەیەکی کەمی بوو_ یا دژبەری دەسەڵات بوو _کە ڕێژەی ھەرە زۆری کۆمەڵگەی کوردی لەخۆوە دەگرت_ لەم قۆناغە بەولاوە ڕێژەیەکی نە زۆر کەمی کۆمەڵگەی کوردی کەوتنە ئەو نێوانەوە و پێیان وابوو ڕەنگە جۆرێکیتر بیرکردنەوە بتوانێ شتێک لە ماف و داواکارییەکانی کورد دەستەبەر بکا. ئەگەرچی ھێندێک گۆڕانی ئەرێنی بە نیسبەت وەزعی کورد پێک ھات، بەڵام ئەم بیرۆکەیە وردە وردە بە نەگەیشتنی کورد بە ویستەکانی، لاواز بوو و جەماوەر و نوخبەی لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا ناھومێد کرد. دواتریش کە گەڕانەوەی جەریانی ڕیفۆرم لە چوارچێوەی دەوڵەتی ڕووحانیدا بەشداریی کوردی لە ھەڵبژاردنەکاندا کە لە دەورەی ئەحمەدینژاد و کۆتایی خاتەمیدا ھاتبووە خوارێ، بردە سەرێ.
لەژێر توێی کۆمەڵی کوردەواریدا گۆڕانکاریی زۆر مەزن لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستای پاییزی ٩٧ لە ئارادا بووە و ھەیە کە بە شێوەیەکی گشتی خەریکە ڕوخساری کوردستان دەگۆڕێ، بەشێکی ئەم گۆڕانە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواریی خەڵک، پێوەندی بەردەوامی ئەم جەماوەرە بە دنیای دەرەوە و تەئسیر وەرگرتن لە میدیا و فەزای مەجازی.
دیارە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و جێبەجێنەبوونی بەڵێنەکانی ڕووحانی بە نیسبەت کورد کە لە بەیاننامەی «مافی کەمەنەتەوە و مەزھەبییەکان»دا دانی پێدا داندرابوو، کوردی بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووحانی و ڕیفۆرم و چاکسازی لە ئێراندا ناھومێد کردووە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئەم گۆڕانکارییانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕووی داوە:
1ــ ئاستی خوێندەواری لە کوردستان زۆر چۆتە سەرێ، بە جۆرێک کە کەم ماڵی کورد ھەیە لیسانس و زیاتر یا خوێندکاری زانکۆی نەبێ.
2ــ کوردستانی موکریان و ئەردەڵان قۆناغی شوناسخوازانەی تێپەڕکردووە و کورد لە قۆناغی داواخوازیدا بەسەر دەبا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کرماشان و ئیلام ئێستا لە قۆناغی شوناسخوازانەدا بەسەر دەبەن.
3ــ کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان لە قۆناغێکی بەھێز و ھەستیاردا بە سەر دەبا، بۆیە ھەستیار، چون ساوایە و پێگەیەکی (شکێنەر)ی ھەیە کە ئەو مەترسییە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی لاوازیی ئابووری و گوشاری ئەمنیەتیی حکوومەت.
4ــ کوردستان بە ھۆی گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ئامادەی خۆڕێکخستنە.
5ــ چەپ لە کوردستان پێگەی دابەزیوە و ئەو بەشە لە نوخبەی کورد کە مەیلی چەپگەرایانەی ھەبوو، ئێستا لە ژێر کاریگەریی گوتاری زاڵی جیهانی واتە لیبێرالیزم و واتاکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ دایە.
6ــ ئەوەیتری کورد لە موکریان لە نەتەوەی باڵا دەستەوە بۆ ناسیۆنالیزمی توندڕەوی تورک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. بە واتایەکی دیکە بە دوو هۆکاری؛ پیلانگێڕیی ئەمنیەتیی و نیزامی سیاسی لە تاران و هاندانی دەوڵەتانی دراوسێ، ڕەگێک لە ناسیۆنالیزمی توندڕەوی دژبەری کورد لە پارێزگاکانی دراوسێی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی کوردستان کە تێکەڵاوی تورک و کوردی هەیە، سەری هەڵداوە.
7ــ چەندکەرتبوونی کۆمەڵگەی کوردستان (نێوخۆ) لە ژێر کارتێکەریی لێکترازان و ناتەبایی نێوان حیزبە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات.
8ــ پەرەسەندنی بێمتمانەیی کۆمەڵگەی کوردستان و نوخبەی کورد بە نیزامی سیاسیی ئێستای ئێران و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری لە دەرەوەی وڵات.
ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ببنە بەستێنی ھێندێک ڕووداو یا ئەوەیکە ڕووداوەکان بەرەو ئاقارێکی تایبەت بەرن. بۆیە پێویستە حیزبەکان پێکەوە لە سەر بنەمای زەروورەتی یەکیەتیی نێوانیان لە سەر ئەو بنەمایە پلان و بەرنامەی تایبەت بۆ ھەنگاوەکانی دوایی ھەڵبگرن.
***