Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 17/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

دێموکراسیی تەوافوقی

22/11/2018 | 14:28:40
+A
-A
حەسەن شێخانی

دەستەواژەی دێموکراسیی تەوافوقی لە دوو بەشی دێموکراسی و تەوافوق پێک هاتووە. ئەم دوو بەشە چ پێوەندییەکیان لەگەڵ یەکتر هەیە؟ ئایا دێموکراسی هەڵگر و لەخۆگری تەوافوقە یان تەوافوق دەبێ وەک چەمکێکی دەرەکی پێوەی زیاد بکرێ؟ ئایا دێموکراسی دەتوانێ لە دەرەوەی تەوافوق هەر هەبێ؟ ئەگەر دێموکراسی لەخۆگری تەوافوقە، چ پێویست دەکا ئێمە باس لە ئیدیۆمی دێموکراسیی تەوافوقی بکەین و ئایا تەنیا بەکاربردنی چەمکی دێموکراسی بەس نییە بۆ گەیاندنی مەبەست و گەیشتن بە ئامانج؟ مەبەست لە دێموکراسی تەوافوقی چیە و چ جیاوازییەکی لەگەڵ دێموکراسی هەیە؟ ئایا لە دنیای تێکەڵاوی ئەمڕۆدا و، بەتایبەت لە وڵاتانی فرەپێکهاتەدا، بە دێموکراسیی سادەی بەتاڵ لە میکانیزمی تەواوکەر، دەتوانین بڵێین دێموکراسی؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە پێوەندییان بە مژاری ئەم وتارەوە هەیە.
لەم وتارەدا ئەم گریمانانەی خوارەوە باس و تەتەڵە دەکەین و دەیانسەلمێنین:
یەکەم؛ چەمکی دێموکراسی لەسەر بنەمای تەوافوق بینا کراوە و لەخۆگری تەوافوقە.
دووهەم؛ بۆ ئەوەی کە دێموکراسی لە وڵاتانی تێکەڵاو و چەندپێکهاتەییدا نەبێتە دێموکراسیی ژاکوبنی، پێویستە بازنەی تەوافوقی دێموکراسی بەرینتر بکەین و خاڵەکانی جێی تەوافوق زیاد بکەین و بە دێموکراسیی سادە، میکانیزمی نیهادیی تەواوکەر، وەک فێدڕالیزم پەیوەست بکەین.
سێهەم؛ لە دێموکراسیی تەوافوقیدا (لێرەدا مەبەست لە تەوافوق میکانیزمی تەواوکەری دێموکراسیی سادەیە، ئەگینا خودی دێموکراسی لەسەر بنەمای تەوافوق ڕۆ دەنرێ)، دێموکراسی بەستێن و پشتیوانی تەوافوقە و تەوافوقیش تەواوکەری دێموکراسییە؛ واتا ئەم دوو بەشە پێویستیان بە یەکتر هەیە و بەبێ یەکتر کەمایەسییان دەبێ و کارایی خۆیان لە دەست دەدەن و دەبنە فۆڕمێکی بێ نێوەرۆک و مارژیناڵ. بە دەربڕینێکی دیکە لە وڵاتانی چەند پێکهاتەییدا دێموکراسی بەستێن و بەتایبەت پشتیوانی فێدڕالیزمە و فێدڕالیزمیش تەواوکەری دێموکراسی(ی سادە.)
دێموکراسی وەکوو زۆرێک لە چەمکەکان یان باشترە بڵێین وەکوو هەموو چەمکەکانی دیکە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تائێستا لەگەڵ ئاڵوگۆڕ لە نێوەرۆک و ڕووبەردا ڕووبەڕوو بووە و پێناسە و بازنەی لەخۆگریی، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و گووراوە. ئەم فاکتۆرە بۆتە هۆی ئەوەی کە، ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن دێموکراسی و دیفاعی لێ دەکرێ، تا ڕادەیەک جیاواز بێ لە جۆر و چەشنی سەرەتای سەرهەڵدانی.
دێموکراسی لە بنەڕەتدا یان لە جەوهەری خۆیدا بریتییە لە پەیمان (تەوافوق)ێکی کۆمەڵایەتی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی وڵات و دابینکردنی مافەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە. لەڕاستیدا دێموکراسی، تەوافوقی سووژەگەلی ئاگا و بەهێزە، کە بۆ ژیانێکی باشتر و پارێزراوبوونی مافەکانیان، لەنێوان خۆیاندا ڕێک دەکەون و گرێبەستێک واژۆ دەکەن؛ گرێبەستێک کە چۆنیەتیی ئیدارەی وڵات دەستنیشان دەکا و سنوورەکانی ئازادی و مافەکانی تاکەکانی جڤاک دەکێشێتەوە؛ بەچەشنێک کە ڕەوایی حکوومەت گرێ دەدرێ بە پابەندبوون بە چوارچێوە و نێوەرۆکی گرێبەستی گۆڕینەوە. کەواتە نەتەنیا دێموکراسی بەبێ تەوافوق بوونی نییە و مانای نییە، بەڵکوو بنەما و خاڵی دەستپێکی دێموکراسییە. بەم شیکردنەوەیە دێموکراسی چەشنێک تەوافوق (پەیمان و گرێبەست)ە، بە واتایەکی دیکە تەوافوق سروشتی دێموکراسییە و وا نییە کە ئێمە چەمکی تەوافوق، وەک چەمکێکی “عرضی” و دەرەکی و سەربەخۆ، پێوەی زیاد بکەین. دروستتر ئەوەیە بڵێین کە ئەم تەوافوقە هەموو بوون و پێویستییەکانی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ داناپۆشێ و پێویستە بازنەی تەوافوق بەرینتر بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو بیاڤەکانی ژیان و داخوازیی گرووپی و بەکۆمەڵی تاکەکانی کۆمەڵگەش بگرێتەوە.
کۆمەڵگەکان دوو جۆرن: تاکنەتەوەیی و فرەنەتەوەیی، یان باشترە بڵێین تاکپێکهاتەیی و فرەپێکهاتەیی؛ بۆ ئەوەی بێجگە لە فرەیی لە ئەتنیکدا، فرەیی ئایینی و ئایینزاییش بگرێتەوە. لە دنیای ئەمڕۆدا بەهۆی دیاردەی کۆچ و تێکەڵاویی نێوان مرۆڤ و ئەتنیکەکان، دێموکراسییەکان بەبێ میکانیزمگەلی نیهادیی دابینکەری مافی کەمایەتییەکان، قابیلی دیفاع نین و تەنانەت ناتوانین ناوی دێموکراسیشیان لێ بنێین. کەواتە بەم حسێبە دێموکراسیی سادەی گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگەکانی وەک یەک و تاک پێکهاتەیی پێشوو، لەگەڵ پێویستی و چیەتیی کۆمەڵگە تێکەڵاوەکانی ئەمڕۆیی نایەتەوە و وەڵامدەری پێچەڵپێچی کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆیی نییە.
بۆچی کۆمەڵگە فرەپێکهاتە و فرەنەتەوەییەکان بە دێموکراسیی سادە قەناعەت ناکەن و ڕێک دەکەون میکانیزمی دیکەی وەک فێدڕالیزم، پەیوەستی دێموکراسی سادە بکەن؟ لەبنەڕەتدا ڕاز و فەلسەفەی فێدڕالیزم وەک میکانیزمێکی نیهادیی پەیوەستکراو بە دێموکراسیی سادە چییە؟ بۆچی سیستمە فێدڕالییەکان خاوەنی دوو مەجلیسی نوێنەران و مەجلیسی پێکهاتە و یەکە فێدڕالییەکانن؟ لەبەر ئەوەی کە ڕیک دەکەون کە لە پرسە گرینگ و بنەڕەتییەکاندا بە ڕێسای زۆرینە و کەمینە، بڕیار نەدەن. لەڕاستیدا پێکهاتەی دوومەجلیسیی سیستمە فێدڕالییەکان هەر دوو ڕەهەندیی حەشیمەتی و فرەچەشنی نەتەوەیی کۆمەڵگاکان دەگرێتەوە و وەڵامیان دەداتەوە.
دێموکراسی بەبێ لیبڕالیزم دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی تاکەکان و لە کۆمەڵگە فرەپێکهاتەکانیشدا بەبێ میکانیزمی فێدڕالی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی گرووپی و بەکۆمەڵی پێکهاتەکان.
لە دنیای ئەمڕۆدا دێموکراسی لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و ئازادییە لیبڕاڵەکان و مافی بەکۆمەڵی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە دادەمەزرێ. لە دنیای ئەمڕۆدا دێموکراسیی ڕۆسۆیی یان ژاکوبنی کە لەسەر بنەمای زۆرینە بینا دەکرێ نەتەنیا جێی قبووڵکردن نییە بەڵکوو بە سەرنجدان بە کۆمەڵگە تێکەڵاوەکانی ئەمڕۆ، ناتوانین دێموکراسیشی پێ بڵێین؛ دێموکراسییەک کە بۆ کۆمەڵگەیەکی سادەی تاکپێکهاتەیی و تاک نەتەوەییش گونجاو نییە، چ بگا بۆ سروشتی کۆمەڵگە فرەپێهکاتە و تێکەڵاوەکانی ئەمڕۆ. چونکە لە دێموکراسیی ڕۆسۆییدا ئیرادەی تاک لە “ئیرادەی گشتی”دا دەتوێنرێتەوە و بە ناوی ئیرادەی زۆرینەوە، ماف و ئازادییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە پێشێل دەکا و ڕەت دەکاتەوە.
لە کۆمەڵگە فرە پێکهاتەکاندا دێموکراسیی سادە و بەبێ میکانیزمگەلی لە جۆری فێدڕالیزم، تەنیا مافی هاووڵاتیبوون دابین دەکا و دەبێتە هۆی زاڵبوون و هێژمۆنی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەی لە ڕووی حەشیمەتەوە زۆرینەی کۆمەڵگە پێک دێنن. بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگە فرەپێکهاتەکاندا بێجگە لە مافی هاووڵاتی، مافی بەکۆمەڵی هەموو پێکهاتەکان، بە زۆرینە و کەمینە لە ڕووی حەشیمەتەوە، دابین بکرێ، فیلسووف و زانایانی سیاسی بیریان لە میکانیزمی تەواوکەری دێموکراسی لە وڵاتانی فرەپێکهاتەدا کردووەتەوە و لەبەر ئەوەیە کە سیستمە حکوومەتییەکان لە یوونیتێریەوە کراون بە سیستمگەلی ناناوەندێتی، کە فێدڕالیزم لەم چوارچێوەدا جێ دەگرێ. واتا ڕاستە دێموکراسی لەسەر بنەمای تەوافوقە، بەڵام لە وڵاتە فرەپێکهاتەکاندا لە ڕێگای دانانی میکانیزمی نیهادیی دیکەوە، خاڵەکانی تەوافوق زیاد دەکرێن، بۆ ئەوەی نەتەنیا مافی تاکەکان بەڵکوو مافی بەکۆمەڵی پێکهاتەکانیش دابین بکرێ و بپارێزرێ. ئەوەی ئەمڕۆ بە دێموکراسیی تەوافوقی پێناسە دەکرێ، هەمان دێموکراسییە کە بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندی و جۆراوجۆریی کۆمەڵگەیەک، میکانیزمێکی دیکەی لە چەشنی فێدڕالیزم پێوە زیاد یان پەیوەست دەکرێ. واتا فێدڕالیزم لەسەر بینای دێموکراسی یان لەگەڵ وی، دادەنرێ بۆ ئەوەی ئەو مافانەی لە نوقتەی کوێری دێموکراسیی سادەدا جێ دەگرن، ئەو میکانیزمە تیشکیان تێ بگرێ و لەبەرچاویان بگرێ. ڕازی میکانیزمی زیادکراوی فێدڕالیزم ئەوەیە کە لەم سیستمەدا مافی ئەو پێکهاتە نەتەوەییانەی لە ڕووی حەشیمەتهوە لە کەمایەتی دان، بە ڕا و ڕەزایەتیی زۆرینەوە گرێ نادرێن. لەبنەڕەتدا ئەو کەس یان لایەنانەی کە مافی پێهکاتە نەتەوەییەکان لە کۆمەڵگهی فرەنەتەوەدا بە ڕێسای زۆرینە و کەمینەوە گرێ دەدەن، مەبەستیان داننەنان بە مافی ئەو پێکهاتانەیە کە حەشیمەتیان کەمترە. بۆ ڕاپرسی لەسەر مافی هەر پێکهاتەیهکی نەتەوەیی تەنیا دەبێ پرس بە تاکەکانی ئەو پێکهاتەیە بکەی و “لاغیر”. تەنزی سیاسییە کە بۆ ڕەواییدان بە مافی بۆ نموونە کوردەکان لە ئێراندا، پرس بە فارسەکان بکرێ!
دێموکراسی و تەوافوق لەسەر میکانیزمگەلێکی وەک فێدڕالیزم لە کۆمەڵگە فرەپێکهاتەکاندا، دوو ڕووی دراوێکن و پێویستییان بە یەکتر هەیە. بەبێ دێموکراسی، تەوافوق بەدەست نایە، ئەگەر بەدەستیش بێ، هەمیشە لەژێر مەترسی دایە و هەڕەشەی لەسەرە. بەبێ تەوافوقیش ئەوپەڕەکەی مافی شارۆمەندی دابین دەبێ.
ئەزموونگەلی مێژوویی دەسەلمێنن کە میکانیزمگەلی نیهادی لە چەشنی فێدڕالیزم، لە نەبوونی دێموکراسیدا لە نێوەرۆک بەتاڵ دەبن. یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشوو و یوگوسلاڤیای پێشوو نموونەی هەرە بەرجەستەن کە نیشان دەدەن فێدڕالیزم لە نەبوونی دێموکراسیدا دەبێتە سیستمێکی فۆڕمالیتە؛ ئەو دوو وڵاتە هەرچەند بە ڕواڵەت فێدڕالی بوون بەڵام چونکە دێموکراتیک نەبوون، نەتەوەی زاڵ لە چەقی سیاسەت و ئابووریی ئەو وڵاتانەدا جێی دەگرت و نەتەوەکانی دیکەش دەچەوسانەوە و ژێردەست بوون، هەر بۆیە کە دەرفەتیان بۆ ڕێ کەوت، ئاڵای سەربەخۆییان هەڵ دا و جیابوونەوە. هەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت و یوگوسلاڤیای پێشوو و، سەربەخۆ بوونی کۆمارەکانی پێشووی یەکیەتیی سۆڤییەت و نەتەوەکانی باڵکان، نیشانی دا کە لە نەبوونی دێموکراسیدا، فێدڕالیزم و خودموختاری هەمیشە هەڕەشەیان لەسەرە و سەرکەوتوو نابن.
دێموکراسی نێوەرۆک و ڕۆنی چەرخ دەندەکانی فێدڕالیزمە و لە بەستێنی دێموکراسی دایە کە فێدڕالیزم جێبەجێ دەبێ و دەپارێزرێ. لە ڕاستیدا دێموکراسی ڕۆڵی ڕێگرێک دەبینێ کە ناهێلێ ئەو پێکهاتە نەتەوەییەی زۆرینەیە و بەهێزترە، پرەنسیپە تەوافوقییەکانی فێدڕالی پێشێل بکا؛ لە غەیری ئەوەدا و لە نەبوونی بەستێن و پێکهاتەیەکی دێموکراتیکدا، نەتەوەی زۆرینە هەرکات دەرفەتی بۆ ڕێکەوت لەسەر حیسابی نەتەوەکانی دیکە، بازنەی ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆی پەرە پێ دەدا.
کورتەی قسە ئەوەیە لە کۆمەڵگە فرەچەشنەکاندا، نە دێموکراسی و نە فێدڕالیزم، هیچ کامیان بەتەنیایی بەس نین و کارساز نین. هەرکامیان بەشێک لە مافەکان دەپارێزن: دێموکراسی مافی شارۆمەندی و تاکەکان و، فێدڕالیزمیش مافی بەکۆمەڵی پێکهاتەکان. ئەمەیە دێموکراسیی تەوافوقی، دێموکراسییەک کە تێیدا بازنەی تەوافوقی جەوهەریی دێموکراسی فراوانتر کراوە بۆ ئەوەی هەموو پێویستی و مافهکانی مرۆڤ لە خۆی بگرێ.