Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 17/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

بەردەوامبوون لەسەر تێرۆری سیاسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات

22/11/2018 | 14:24:47
+A
-A
قادر وریا

کوشتنی گوماناوی” و تێرۆری سیاسی، دووانەی دەسەڵاتی مافیایی کۆماری ئیسلامی

دوو ڕووداو لەم دواییانەدا، جارێکی دیکە سەرنجەکانیان بۆ لای تێرۆری نەیاران و جیابیران بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە، ڕاکێشایەوە. لە نێوخۆی وڵات، کوژرانی گوماناویی دوکتور فەرشید هەککی، و لە دەرەوەی وڵاتیش ئاشکرابوونی پیلانی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی بەرهەڵستکارێکی عەڕەبی ئێرانی لە دانمارک.

هیچ کام لەو دوو ڕووداوانە، لە بەستێنی خۆیاندا _نەک لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدا_، بەڵکوو هەر لەماوەی ئەم یەک دوو ساڵەی دواییشدا، تاقانە نین. واتە لە نێوخۆی وڵات تەنانەت هەر لەم یەک دوو ساڵەدا، بە دەیان چالاکی سیاسی و مەدەنیی ناڕازی و نەیاری کۆماری ئیسلامی بە شێوەی گوماناوی گیانیان لێ ئەستێندراوە. لە دەرەوەی وڵاتیش، لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا، چەند کەس لە بەرهەڵستکارانی ئێرانیی نەیاری کۆماری ئیسلامی، بوون بە ئامانجی نەخشە تێرۆریستییەکانی مرۆڤکوژانی سەر بەو ڕێژیمە و، کۆمەڵێک پیلانی تێرۆریستی و ژمارەیەک لە مۆرەکانی بەشدار لەو نەخشە و بەرنامە تێرۆریستیانەدا ئاشکرا بوون.

زستانی ساڵی ڕابردوو، چەندین کەس لە پێشەنگان و ڕێکخەرانی خۆپێشاندانە جەماوەری و سەرانسەرییەکانی مانگەکانی بەفرانبار و ڕێبەندان، دوای گیران، لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرا. دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بەو پەڕی ڕووهەڵماڵاوی، ڕایانگەیاند کە ئەو کەسانە بۆ خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە! لاوی ئیلامیی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان تالب بەساتیوەند، یەک لەو کەسانە بوو. هەر لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، دوکتور سەید کاووس ئیمامی، مامۆستای زانکۆ و چالاکی ژینگەپارێز، لە ژێر ناوی «خۆکوژی» لە زینداندا کوژرا. بەڵام ئەوانە هیچیان «مەرگی گوماناوی» نەبوون، چونکە کەس گومانی لەوەدا نەبوو کە ئەشکەنجەگەرانی دامودەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لەنێوی بردوون. مەبەست لە مەرگی گوماناوی، کوژرانی کۆمەڵێک کەسایەتیی چالاکی مەدەنی و ڕەخنەگری سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە لە ڕووداوی تەماوی دایە. لە کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٦ فڕۆکەی هەڵگری چەندین کەسایەتیی چالاکی ژینگەپارێز، خۆی بە کێوی «دێنا»دا دا و هەر هەموو سەرنشینەکانی کوژران. «ئەحمەد نەزەری، دوکتورا و خاوەنی پسپۆڕی و توێژینەوە لە بوارەکانی پیسبوونی ژینگە؛ غولامعەلی ئەحمەدی، خوێندکاری دوکتورای فەلسەفەی پەروەردە و فێرکردن و مامۆستا لە زانکۆی ئازادی بێهبەهان و نووسەری وتاری بەرنامەڕێژی بۆ گۆڕینی ڕەفتار لەبارەی پاراستنی ژینگە؛ سەلمان شەریف ئازەری، توێژەری بواری ژینگەپارێزی؛ مەهدی جاویدپوور، ڕۆژنامهنووس و چالاکی ژینگەپارێز؛ حامید ئەمیری ئەندازیاری کشتوکاڵ و توێژەری زانستی لە بواری تێکنۆلۆژیی ژینگە؛ سەید بێهزاد سیادەتی، پسپۆڕی بەرز لە بواری زەویناسیدا؛ ئەردەشیر ڕاد، ئەندازیاری کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکان؛ مستەفا ڕەزایی، پسپۆڕی کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکان؛ عەلی زاریع، توێژەری بواری کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکان؛ محەممەد فەهیمی، عەلی فەرزانه، سەید ڕەزا فاتمیتەلەب، ئەحمەد چەرمیان، خەلیل ئاهەنگەران، موژگان نەزەری و بێهنام بەرزگەر لەو فڕۆکەیەدا بوون.» (١)

لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٦یشدا دوو برای چالاکی ژینگەپارێز به ناوەکانی محەممەد سادق و محەممەدباقر یووسفی لە شاری «جەم»ی پارێزگەی بووشەهر بە ڕووداوی پێکدادانی ماشێن کۆتایی بە ژیانیان هات.

لە پووشپەڕی ڕابردووشدا، تەرمی مەریەم فەرەجی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری خوێندنی بەرز لە بواری بەڕێوەبەرێتیی نێودەوڵەتی کە ڕابردووی گیران لە پێوەندی لە گەڵ خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباریشیدا هەبوو، بە بێگیانی لە کەرەج دۆزرایەوە.(٢)

هەر ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە چالاکەکانی پێوەندیدار بە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینە مەدەنییەکانی مامۆستایان، خاوەن کامیۆنەکان، خوێندکاران، ئەنجومەن و سەندیکا سەربەخۆ جۆراوجۆرەکان، ژینگەپارێزان، وەکیلەکان و چالاکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، لە بەندیخانەکان دان و دوور نییە ژمارەیەک لەوان بە ناوی «خۆکوژی» یا ڕووداوی گوماناویی دیکە، گیانیان لێ نەستێندرێ. گرتنی «هاشم خواستار» لە ڕێکخەران و پێشەنگانی مانگرتنی مامۆستایان و هێشتنەوەی لە یەکێک لە شێتخانەکانی شاری مەشهەد لە کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، دوایین نموونەی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی چالاکان و ناڕازییانی نێوخۆیە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ کوژرانی گوماناویی دوکتور فەرشید هەککی، ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسە چالاکەکانی نێوخۆ کە لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی نێوخۆدا دەنگ و کاریگەریی خۆیان هەیە، هەڕەشەیان لێ کراوە کە ئەمجار بە گیران دەستیان لێ هەڵناگرن و دەبێ چاوەڕوانی چارەنووسێکی خراپتر بن.

ئەوە کە ئەو جۆرە مردنانە بە «گوماناوی» دادەنرێن و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان تێدا تاوانبار دەکرێ، لە خۆوە نییە. یەکەم هۆ دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی دەستهەبوونی وەزارەتی ئیتلاعات، سوپای پاسداران و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی نێو مافیای دەسەڵات لەو ڕێژیمە لە کوشتن و لە نێوبردنی نەیاران و ناڕازیاندا. ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، تووڕەیی نێو هەناوی کۆمەڵگە و گەشە و پێشڕەویی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران، کەلێن و ململانێی نێوان قۆڵەکانی ئەو ڕێژیمەیان بۆ دژایەتی لەگەڵ ئەم جۆرە کوشتنانە، قۆستەوە. دوای ئەوە پڕۆژەی چەند ساڵەی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ لە نێوبردنی کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییە چالاک و جیابیرەکانی نێوخۆی وڵات ناسراو بە قەتڵە «زنجیرەییەکان» لەم ساڵەدا گەیشتە چڵەپۆپە و تێرۆری یەک بە دوای یەکی داریووش و پەروانەی فرووهەر، محەممەد موختاری، جەعفەر پوویەندە، فیرووز دەوانی و هتدی بە دوادا هات، پەردەکان لە سەر سەرچاوەکانی ئەو جۆرە تاوانانە لادران. دەرکەوت «ئاوەکە لە سەرچاوەوە لێڵە» و سەری داوەکە، دەچێتەوە لای شەخسی ڕێبەری نیزام و دامەزراوەکانی ژێر ئەمر و فەرمانی جەنابیان. تەنانەت لە هەڵگرتنی کۆسپ و سەرئێشەکانی بەردەم دەسەڵاتدارێتیی خۆیاندا، نەک هەر ئامادەن دەستی سەعید ئیمامییەکان بۆ هەڵداشتنی ئوتووبووسێکی پڕ لە نووسەر، شاعیر و هونەرمەندی جیابیر و ڕەخنەگر ئاوەڵا بکەن، بەزەییان بە «یادگاری ئیمامی ڕاحیل» (ئەحمەد خومەینی)یش دانایە و بە «فتوای شەرعی» لە نێوی دەبەن. ئەوانەی ئەمڕۆ لە ترۆپکی ئەو ڕێژیمە و لە ئاستی هەرە سەرووی دامودەزگا مافیاییەکانیدا، بڕیاریان بەدەستە، هەر ئەوانەن کە ئەو کات لە پشت «قەتڵە زنجیرەییەکان»بوون.

دووهەم هۆ، کە گومانێک نایەڵێتەوە، کوژرانی گوماناویی چالاکانی ناڕازی و ڕەخنەگر و، ڕێکخەران و بەشدارانی حەرەکەتە مەدەنییەکانی نێوخۆ، شتێک نییە جگە لە تێرۆری سیاسیی بەبەرنامەی بڕیاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، ئەو ڕقەیە کە سەرانی سوپا و شەریکەکانی دیکەیان لە مافیای دەسەڵات و سەروەت، بەرامبەر بە دەنگە ناڕازییە بوێرەکانی نێوخۆ و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی مەدەنیی ڕوو لە گەشەی خەڵکی ئێران کۆیان کردووەتەوە. نابێ ئەو ڕاستییە بە کەم بگرین کە هەر لەقاودانێکی دزی و هەڵلووشینی سامانی وڵات و هەر تیشک خستنەسەر یەکێک لە سیاسەتە چەوتەکانی دەسەڵات _لە بە فیڕۆدانی سامانی خەڵکی ئێران لە تەڕاتێنەکانی سوپای پاسداران لە سووریە و یەمەن و لوبنان و عێڕاقەوە بگرە تا دەگاتە ئەو پڕۆژانەی لە بواری ئاو و کشتوکاڵ و ژینگە گەورەترین و بێوێنەترین قەیرانەکانیان لێ کەوتووەتەوە_ پێی سوپای پاسداران و بەیتی ڕەهبەری دەگرێتەوە. بە دەربڕینێکی دیکە، ئەمڕۆ ئەوانەی نوێنەرایەتیی ئیرادە و بڕیاری ئەو ڕێژیمە دەکەن و لە سیاسەت و بەرنامە وێرانکەر و تاوانبارانەکانی چەندین ساڵەی ئەو ڕێژیمەدا بەرپرسیارن، لە گەڵ ئەو کەسانەی نوێنەرایەتیی ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵکی لە هەموو ڕوویەکەوە وەزاڵەهاتوو دەکەن، کەوتوونە بەرامبەر یەک. بەم هۆیەشەوە کە لە توانایاندا نییە قەیرانەکان چارەسەر بکەن و بەم جۆرە تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک کەم بکەنەوە، هەر وەها دەزانن کە مانەوە و لە مەیداندابوونی ئەو جۆرە کەسایەتییانە، ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ درووستبوونی ڕێبەریی خەبات لە نێوخۆ و، دەبێتە مایەی دڵگەرمیی خەڵک و خۆگرتن و بەردەوامیی بزووتنەوەی سەرانسەری و جەماوەری، لە نێوبردنی فیزیکیی ئەوان بۆ مانەوە و پاراستنی ڕێژیمەکەیان _بە خەیاڵی خۆیان_ بە چارەسازترین ڕێگە دەزانن.

 

هۆکارەکانی گەڕانەوەی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر تێرۆری نەیاران و بەرهەڵستکارانی خۆی

بۆ ئەوەی هیچ بە هەڵە تێگەیشتنێک ڕوو نەدا، پێشەکی پێویستە وەبیر بێنینەوە کە مەبەست لە بەکارهێنانی دەستەواژەی» گەڕانەوە بۆ سەر تێرۆری نەیاران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات» بە هیچ جۆرێک ئەوە نییە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغێک یا دەورەیەک لە تەمەنی خۆیدا، لەنێوبردنی فیزیکیی نەیارانی خۆی لە نییەت و بەرنامەی ڕۆژانەی دەزگا پیوەندیدارەکانی وەلا ناوە. ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی وڵات، هیچ کات لە کوشتنی نەیارانی، غافڵ نەبووە جا بە کوشتن لە ژێر ئەشکەنجە و ئێعدامدا بووبێ، یا بە هۆی لە نێوبردن لە ڕووداوێکی گوماناویدا. کوشتنی بەرەبەرەی ناڕازییان و بەرهەڵستکارانی سیاسی لە ڕێگای پەراوێزخستن و تێرۆری کەسایەتیی ئەوان و درووستکردنی گوشاری جۆراوجۆر بۆ سەر خۆیان و بنەماڵەکانیان، یەکێکی دیکە لە شێوەکانی لە نێوبردنی نەیاران لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە بووە. لە ڕاستیدا ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەک ڕایگرتبوو، تێرۆری ڕێبەران و تێکۆشەرانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە وڵاتانی ئوڕووپایی بوو. ئەمەشیان دەگەڕێتەوە بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو ڕیسواییە گەورەیە کە بە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای بێرلین لە بارەی تێرۆری میکۆنووس بۆ ئەو ڕێژیمە پێک هات و کاردانەوەی سیاسی و دیپلۆماتیکی یەکیەتیی ئوڕووپا، بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەدوادا هات.

وەک دەبینین ئێستا هەم لە نێوخۆ و هەم لە دەرەوەی وڵات، لە نێوبردن و تێرۆری نەیارانی سیاسی لە لایەن دەزگای تێرۆر و سەرکوتی ئەو ڕێژیمە بە هەمان شێوەی جاران، دەستی پێ کردووەتەوە. سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات، نەک هەر حەز ناکەن تاوانی پیلانگێڕی لە دژی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە خۆیان دوور بخەنەوە، بە پێچەوانەوە بەردەوام و لە بۆنەی جۆراوجۆردا، هەڕەشە دەکەن و نهیاران و دوژمنانیان لە هەر کوێیەک بن، لە ئەماندا نین و دەستیان لێ ناپارێزن. ئێستا ئیدی هەڕەشە و لێدوانەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران و بەرپرسانی ئەمنیەتی، هەر وەها هەوڵەکانیان بۆ لە نێوبردنی نەیاران و بەرهەڵستکارانی ڕێژیمەکەیان _چ ئەوانەی تێیدا سەرکەوتوو بوون و کوشتنی کەسانێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییان لێ کەوتووەتەوە، چ ئەوانەی ئاشکرا بوون و بەرینی و گەورەیی پیلانە تێرۆریستییە نوێیەکانی ئەو ڕێژیمەیان دەرخستووە_ گومانێکیان نەهێشتووەتەوە کە دەورەیەکی نوێ لە تێرۆر و لە نێوبردنی بە ئاشکرای نەیاران و بەرهەڵستکاران، لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کردووەتەوە. لەم بەشەدا هەڵوێستەیەک لە سەر هۆکارەکانی «گەڕانەوە»ی بڕیاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر ئەم جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیە لە گەڵ نەیاران و بەرهەڵستکارانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی دەکەین.

 

قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێراندا

ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران هەمبەر بە کۆماری ئیسلامی هیچ کات تا ئەم ڕادەیە پێی نەناوەتە نێو قۆناغێکی چارەنووسساز. ئەو پارامێترانەی وایان کردوە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران بەرامبەر ئەو ڕێژیمە، بچێتە نێو قۆناغێکی یەکلاکەرەوە ئەمانەن:

ــ وەڵامنەدانەوەی ئەو شانس و ڕێکارانەی بە دەست خەڵک و ڕێژیمەوە هەبوون

خراپیی هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و قەیرانی گشتی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە هەلومەرجەکە لەمێژ ساڵە هەیە. بەڵام کۆماری ئیسلامی بە موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنەکانی وەک سەرکۆماری و مەجلیس و یاریکردنی بە کارتی قۆڵەکانی نێو دەسەڵات و دەستاودەستکردنی بەشێک لە دەسەڵاتەکەی لەم قۆڵ بۆ ئەو قۆڵ، زۆر جار توانیویەتی ناڕەزایەتیی خەڵک کۆنتڕۆڵ بکا. خەڵکیش هێندێک جار هەوڵیان داوە سەرەڕای بەرتەسکبوونی دەرفەتەکان، لە هەڵبژاردنەکان و ململانێی نێو قۆڵەکانی دەسەڵات بۆ باشکردنی ڕێژەیی دۆخی سیاسی، یا پێشگیری لە خراپتربوونی دۆخی ئابووری و هتد، کەلک وەربگرن. دوا شانس و ڕێکاری هەم ڕێژیم و هەم خەڵک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان، هێنانە سەرکاری ڕووحانی بوو. ئەم «شانس»ە، تەنانەت لە دەورەی یەکەمی سەرکۆماریی ناوبراویشدا، کە بەخت یاوەری بوو و توانی ڕێککەوتننامەی بەرجام بگەیەنێتە ئەنجام، لە ئاستی نێوخۆدا، نە چاوەڕوانییە سیاسییەکانی دەنگدەرانی بۆ جێبەجێ بوو نە بەڵێنە ئابوورییەکانی خۆی.

 

ــ وەدەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕێكکەوتننامەی بەرجام و ئاکامەکانی

وا چاوەڕوان دەکرا بە کۆتاییهاتنی کێشەی ناوهکیی ڕێژیمی ئێران لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژاوا و بە دوای بەرجامدا، سەرەڕای هەڵگیرانی گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەر کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوەی پووڵە دەستبەسەردا گیراوەکان، پێوەندیی ئابووری و بازرگانیی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ ئێران لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشەیەکی کەموێنە بە خۆیەوە ببینێ و ئابووریی ئێران پاش ساڵانێکی زۆر شایەدی گەشە و هەستانەوە بێ. بەڵام چوونەدەرێی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بە دوای هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لە دژی ئەو ڕێژیمە بۆ دۆخی پێشوو، خەون و ئاواتەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانی کردەوە هیچ. ئەگەر چی قەرار بوو یەکیەتیی ئوڕووپا بەبێ ئەمریکا، بەرجام بپارێزێ و بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامیش وایان دەنواند کە بە بەردەوامی و مانەوەی ئوڕووپا لە سەر ئەو ڕێککەوتننامەیە، کێشەیەکی ئابووریی ئەوتۆیان تووش نابێ، بەڵام بە کردەوە دەبینین کە ئەو ڕێژیمە هەم لە هەناردەکردنی نەوت و هەم لە هێنانی شتومەکدا، بە توندی دەستوپێی بەستراوە و گەمارۆکانی ئەمریکا، تەنگیان پێ هەڵچنیوە.

 

ــ گوازرانەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ سەر شەقام و شێوەی جەماوەری

ناهومێدیی خەڵک لە پێکهاتنی هەر چەشنە گۆڕانێکی ئەرێنی لە ڕووی ئابووری و سیاسی و دڵنیابوونیان لە خراپتربوونی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری هەلومەرجی گشتی، بێ بایەخبوونی بێوێنەی دراوی ئێران و گرانیی کەمەرشکێنی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک بە تایبەتی نان، شەکر، سووتەمەنی، دەرمان و هتد، بوون بە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەم بەش یا ئەو توێژی خەڵک دەربچێ و ببێتە گشتی. لە ڕووی خۆدەرخستنیشەوە، بێتە سەرشەقام و ببێتە سەرانسەری. خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ڕابردووی زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران، کە ئەو کات دۆخی ئابووری و ژیان و بەڕێچوونی خەڵک، بە ڕادەی ئێستاش خراپ نەببوو، و ئەو مانگرتنانەش کە لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە لایەن کرێکاران، مامۆستایان، خاوەن کامیۆنەکان و هتددا هەبووە، هەموو ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کە بێزاری و ناهومێدیی خەڵک گەیوەتە دوا پلە و لە دەرفەتێک و بیانوویەک بۆ تەقینەوە و سەرڕێژکردن دەگەڕێ.

 

ــ بەردەوامبوونی ماکە و سەرچاوەی ئەو دۆخەی ئەمڕۆی ئێران لە سەر سیاسەتەکانیان

هەرچی خەڵک پتر هەست بە مەینەتی و ڕۆژڕەشییەکانی ژیانی خۆیان دەکەن، ماکە و سەرچاوەکانی گرفتاریی خۆیان و وڵاتی ئێران بەم دۆخەی ئەمڕۆ، زیاتر و باشتر دەناسن. ئەوان ئێستا ئیدی گومانێکیان نییە کە سەرکۆمار هەر کەسێک بێ و، مەجلیس بە دەست هەر کامێک لە قۆڵەکانی ئەو ڕێژیمە بێ، ناوکەی سەرەکیی ئەو دەسەڵاتە، (ڕێبەری و سپای پاسداران و هێندێک دامەزراوی دیکە)، وڵات هەر بەو جۆرە بەڕێوە دەبەن کە بەرژەوەندەیی خۆیان دەخوازێ. ئەم ناوکەیە کە هەموو جومگە سیاسی، نیزامی و ئابوورییەکانی ڕێژیمەکەیان لە کۆنتڕۆڵی خۆیان گرتووە، سامانی وڵات لە جیاتی لە باشکردنی ژیانی خەڵک یا لە وهڵامدانەوە بە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ئەو خەڵکە خەرج بکەن، لە هێشتنەوەی خۆیان و درێژەدانی ئەو سیاسەت و بەرنامە و پڕۆژانە خەرج دەکەن کە کەمترین سوود و بەرژەوەندەی خەڵکی تێدا نییە. پێداگری و بەردەوامیی سەرانی ئەو ڕێژیمە لە سەر نیازی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، دەستتێوەردانە سیاسی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچە سەرەڕای ئەوەی ساڵانە بە میلیارد دۆلار سەرمایەی خەڵکی ئێرانیان بۆ بە فیڕۆ دەدرێ، هیچ خواست و هیچ سوودێکی خەڵکیشیان تێدا نییە. ئەم ڕاستییە واتە بەردەوامیی دەسەڵاتداران لە سەر دزین و بە فیڕۆدانی سامانی وڵات لە پڕۆژە و سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە ئەویش لە حاڵێکدا کە دانیشتووانی وڵات ژیانیان لەو پەڕی خراپی دایە، خەڵکیان لە سەر یەکلاکردنەوەی خەبات بە دژی ئەو ڕێژیمە، شێلگیرتر کردووە.

 

ــ چڕبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە سەر بەدیلی کۆماری ئیسلامی

پێی بە پێی قووڵتربوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرامبەر کۆماری ئیسلامی و نوێبوونەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، نەیارانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات، پتر هەست بە پێویستیی هاوکاری و هاوخەباتی و ساغبوونەوە لە سەر بەدیلی خۆیان بۆ جێگرتنەوەی ئەو ڕێژیمە دەکەن. لە مانگەکانی ڕابردوودا، کۆڕ و کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێو ڕەوت و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بە مەبەستی ڕێککەوتن لە سەر بنەماکانی هاوپەیمانەتی و ساغبوونەوە لە سەر جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی، هەم لە ڕووی چەندایەتییەوە، هەم لە ڕووی بەرەوپێشچوونەوە، پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە دیوە. لە نێوخۆی وڵات، ئەو دەنگانەی دەڵێن لە چوارچێوەی ئەو ڕێژیمەدا، هیچ شانسێک بۆ وەدیهاتنی ویستە بنەڕەتییەکانی خەڵک نییە و پێویستە بەدوای دیتنەوەی چارەسەر لە دەرەوەی ئەو ڕێژیمەدا بگەڕێین، ڕاشکاوتر بوون. ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش ناڕەزایەتیی نێوخۆیی، داماویی ڕێژیم لە چارەسەری قەیرانەکان و گوشاری دەرەکی بۆ سەر ئەو ڕێژیمەی بە دەرفەت زانیوە کە هەستیارانەتر لە پێشوو بکەوێتە خۆ بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەری لە هاندان و ڕێبەریکردنی ناڕەزایەتیی خەڵک بە دژی کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا هەبێ.

ناوکەی سەرەکیی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، نە لە توانای دایە چارەسەر بۆ ئەم قەیرانانە بدۆزێتەوە، نە ئامادەیی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی هێمنانە دەسەڵات ڕادەستی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک بکا. لە ڕاستیدا لە بەر پێشینەی پڕ لە تاوان و گەندەڵیی خۆیان و لە ئەستۆبوونی بەرپرسایەتیی چوار دەیە بەڕێوەبردنی وڵات بەم شێوە ڕەشە، وەک هەمیشە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکدا، یەک ڕێگا لە بەردەم خۆیان دەبینن: سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و لە نێوبردنی فیزیکیی ڕێبەران، ڕێکخەران و سیماکانی خەباتی ئازادیخوازی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات. دیارە ئەو ڕێژیمە دەتوانێ بە هاسانی ژمارەیەکی کەم یا زۆر لە نەیارانی سیاسیی خۆی لە نێوخۆ یا لە دەرەوەی وڵات بە تێرۆر و کوشتنی گوماناوی لە نێو ببا، بەڵام ئەوەی کە گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە ئەمجار بە هاسانی بەرۆکی خۆی و چارەنووسی خۆی لەم قۆناغە لە ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵك بۆ ڕزگار نابێ.

* ئەم وتارە لە دوو بەشدا و لە ژمارەکانی 737 و 738ی ڕۆژنامەی “کوردستان”دا چاپ و بڵاو بووەتەوە