Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 17/12/2018 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

کۆلۆنیانشینەکانی سەدەی١٧ و ویلایەت نشینەکانی ئێرانی سەدەی 21

22/11/2018 | 14:22:42
+A
-A
ئازاد کوردستانی

ڕوانگە لیبرالیستیەکانی «جان لاک» بیرمەند و ژیربێژی بریتانیی سەدەی حەڤدەهەم, شەقێکی وەها کاریگەر بوو کە قۆناخی سەڵتەنەتی موتڵەقە و حوکمەتی دیکتاتۆریی دیاری کرد.
جان لاک ڕەزامەندی دەسەڵاتداران و خونکارانی لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی هێنایە خوار، کەڵکەڵەی بۆچوونی لاک لە کتێبی «دوو نامیلکە لەمەڕ حوکمەتی سڤیل» خۆیا دەبێ کە لە ساڵی 1960ز چاپ و بڵاو کراوە.
ئەو بیرمەندە جیابیرە لەو نووسینە مەند و قووڵەدا پێوەندیی نێوان حوکمەت و نەتەوە زۆر بە جوانی شی دەکاتەوە و باڵە کەوی پێ دەکا. ناوبراو پێی وابوو ئەرکی سەرەکی و گرینکی دەوڵەت پشتیوانی لە ژیان، ئازادی و پاراستنی خاوەندارێتیی خەڵکی وڵاتە.
دەسەڵاتدارەتیی سیاسی هی کۆمەڵانی خەڵکە کە داویانە بە دەوڵەت. ئەو دەوڵەتە کە جگە لە نوێنەر هیچ شتێکی تر نییە، ئەرکدارە لەو دەسەڵاتەی کە خەڵک پێی بەخشیوە لە بۆ بەرژەوەندییەکانی گەڵ کەڵکی لێ وەرگرێ. هەرکات دەوڵەت چاو لە مافی خەڵک داپۆشێ، ئەوسا خەڵک مافی خۆیەتی حەقی دەستەڵاتدارەتی لە دەوڵەت بستێنێتەوە.
ئەمە کورتەیەک بوو لە تیۆریی جان لاک لەپێوەندی دەگەڵ دەستەڵاتداریی سیاسی. بە تۆزێک ڕامان دەبینین چۆن جان لاک توانی مافی دەستەڵاتدارەتیی لە خونکار و حاکمانی موتڵەقە کە پێیان وابوو ئەوە نێردراوێکی خوایی و ئاسمانییە بە سوخرە بگرێ و ئەوە بە پێوەندی و گرێبەستێکی سیاسی لە نێوان خەڵک و دەوڵەت بێنیتە ناسکرن و دایبەزێنی.
ئەو بۆچوونە توندئاژۆ و ڕادیکاڵانە لە ئەمریکای سەدەی هەژدەهەم بەهۆی کەسانی بیرتیژی وەک بێنیامین فرانکلین، سامۆئێل ئادامز و جیمز ئۆتیس بەدواداچوونی بۆ کرا و بە پشتیوانیی کەسانی شارەزای وەک پاتریک هێنری لە ویرجینیا و کریستۆفێر گادسێن لە کارۆلینای باشوور کاری بۆ کرا و سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
لە ئاکامدا بۆچوونی لاک بوو بە بناغەی پەیرەو و ئەساسنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە چواری ژوئیەی(1776ز) و، کۆنگرەی قاڕەیی کۆمیتەیەکی پێنج کەسیی بە سەرۆکایەتیی تۆماس جێفرسۆنی کردە بەرپرسی نووسینەوەی دەقی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا.
ئەو ڕاگەیاندنە سێ کەرتی لە خۆ گرتبوو: بەشی یەکەم کە سەرەکی بوو و هێڵە گشتییەکان و هێڵی حوکمەتی دیاری کردبوو بە ئاشکرا لە تیۆرییەکانی جان لاک کەڵک وەرگیرابوو: «ئێمە ئەو ڕاستیانەی ژێرەوە بە باش دەزانین: هەموو مرۆڤەکان ئازاد خۆلقێنراون و خۆڵقێنەریش مافی بەرابەر و دیاریکراوی بۆ داناون لە وان مافی ژیان, ئازادی و گەران بەدوای بەختەوەرییە». هەر لەم پێوەندییە دایە کە مافی دیاریکراو لە نێوان خەڵک و دەوڵەت پێناسە کراوە و هێزی ڕاستەقینەی ناوەند لەسەر بناخەی ویست و داوای خەڵک هەڵ دەقوڵێ. هەرکاتێ دەوڵەتەکان جگە لەمانە بکەن، خەڵک مافی خۆیەتی گۆرانکاری پێک بێنی و دەوڵەتێکی تر هەڵبژێری بۆ وەدەستهێنانی بەختەوەری و ئاسایشی خۆیان. بەم جۆرە بوو کە دوای شۆرشی 1688ز بریتانیا کە بە شۆڕشی بەبێ خوێن و ئەهوەن ناسراوە و بەرەو سیستەمی پاشایەتیی مەرجدار و هێزی پەرلەمانی هەنگاوی نا، یەکەم ئاسەواری ئازادیی تاک، مافی مەدەنی، حوکمەتی یاسایی بەپێی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە سەدەی هەژدە لە وڵاتێکدا جێگیر بوو کە تا ئەوکات خۆی موستەعمیرە بووە. لە ئاسەواری تری جان لاک کە چەوساوەکان کەڵکیان لێ وەرگرت «نامەگەلێک لەسەر ئازادیی ئایین» بوو. لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکادا کلیسەی ئەنگلیکەن دەسەڵاتدار بوو کە خۆی لەژێر سێبەری بریتانیا بوو، ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە شەبەنگێک لە کاتالۆتیکەکان و پرۆتستان و هۆگنۆییەکان و پیۆریتێن و ژێزۆئیتەکان و باپتیست و کویکەرەکان و باقی لایەنە ئۆلییەکان باوەڕیان بە کلیسەی ئەنگلیکەن نەبووە.
جان لاک لەم نامیلکەیەدا دووپاتی دەکاتەوە کە کلیسا و دەوڵەت هەرکام دەسەڵاتی تایبەتیی خۆیان هەیە و دەبێ جیا لە یەکتر ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن. کلیسای واقعی ئەو شوێنەیە خەڵکی باوەرمەند تێیدا سەرقاڵی کاروباری ئایینیی خۆیان بن و ڕێرەوانیشی ئازادانە پشتیوانیی لێ بکەن، نەک دەوڵەت کە بەرپرسیارەتیی ئیداری و سیاسی هەیە.
باب و کاڵانی شۆڕشی ئەمریکا بۆ پەرەدان بەو بیرۆکەیە دۆخێکی تایبەتیان خوڵقاند کە لەوێدا هەرکام لە کلیسا و دەوڵەت کاری تایبەت بە خۆیان بکەن. لێ ئەمرۆ دەبینین لە سەدەی بیست و یەک و لە وڵاتێکدا کە داوای شارستانییەتی چەند هەزار ساڵە دەکا، دیسان بە حوکمەتی ئیمامی زەمان قاییلن کە دەسەڵاتەکەی زۆر لەو گرێبەست و یاسایانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرزترە، هیوای ئەمە دەدەن کە وڵات دەکەنە شاری خەونەکان و یۆتۆپیایەک ساز دەکەن بێ خەبەر لەوەی ڕێگای مەدینەی فازلە بە ئاسماندا نییە، بەڵکوو بە یاسای زەوینی و ئینسانییە.
لە ئێرانی ژێر سەیتەرەی کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر هیچ مافێکیان بۆ ئەتنیکە جۆراوجۆرەکان دیاری نەکردووە، بەڵکوو مافی کەمینە ئایینیەکانیش پێشێل دەکرێ. جیا لە مەزەبی شیعە کە ئایینی فەرمیی وڵاتە و گشت جومگەکانی نیشتمانی لە دەست دایە بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەش سەر بە مەزەبی سوننین کە بە پلە دوو دێنە ئەژمار و ئایین گەلی وەک زەردەشتی بەهایی و مەسیحیەت و یاریش لە هیچ کوێ ناخوێندرێنەوە. لەم بەینەدا باسی جیابیرانیش هەر ناکەین کە مەحکومن بە مەرگ و نەمان، بەڵێ ئەمەیە ئەو نێردراوە ئاسمانییە پیرۆزە.
لەم وڵاتەدا بەرپرسان هیچ جۆرە مافێک بۆ خەڵک بە ڕەوا نابینن چ لە بواری ئایینی چ نەتەوەیی. ئەوانە خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیمامی زەمان و ئیسلامی ڕاستەقینەی محەمەدی دەزانن کە هەرچی پێیان خۆش بێ دەتوانن بیکەن و، بۆیان هەیە لەبەرامبەر هەر جۆرە وڵام دانەوەیەکدا دەست لە هیچ شتێک نەبزیون.
ئەمرۆکە نەتەوەکانی ئێران هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ موستەعمەرەنشینانی ئەمریکای سەدەی هەژدە نییە کە لەژێر باڵی بریتانیادا دەیناڵاند، جا بۆیە هەروەک چۆن ئەوان ڕاپەڕین و شۆڕشیان کرد ئێمەش دەتوانین و بۆمان هەیە بە دژی ئەو حوکمەتە فاشیست و دیکتاتۆرە بە شێوازی جۆراوجۆری سیاسی فەرهەنگی و چەکداری ڕابپەرین.

***