Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 17/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

سەفیری شەڕ

22/11/2018 | 14:18:56
+A
-A
شاڕۆخ حەسەنزادە

ئیرەج مەسجدی هەر وەک بۆخۆی گوتی بە خۆشییەوە کورد نییە، بەڵام بە حوکمی هاموشۆی زۆری کوردان و شەڕ دەگەڵیان هەم کوردی باش دەزانێ هەمیش جوگرافیای کوردستان چاک دەناسێ. ناوبراو لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوییە، خەڵکی ئابادانە و خاوەنی سێ منداڵە، هەر لە تەمەنی لاوەتییەوە هاتووەتە نێو ڕیزی سپای تێرۆریستی پاسداڕان و تا ئێستا چەندین پۆست و بەرپرسیارەتیی گرینگی پێ ئەسپێردراوە. لە شەڕی ئێران و عێڕاق وەک فەرماندەی تایبەت چەندین جار هاتووچۆی عێڕاقی کردووە و دواتر وەک فەرماندەی قەرارگای ڕەمەزان (یەکەم قەرارگای دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لکی تێرۆریستیی سپای قودس بۆ کاروباری سیخوڕی، تێرۆریستی و ڕاهێنانی میلیشیا شیعەکانی عێڕاق وەک حەشدی شەعبی) هاوکاریی زۆری ئەو هێزانەی کردووە و دەگەڵ هادی عامری و ئەبوو مەهدی موهەندیس دۆستایەتییەکی پتەوی هەیە، ناوبراو پێش پۆستی لە سفارەت (کولانەی فیتنە)، ڕاوێژکاری قاسمی سولەیمانی بووە لە سپای قودس، دوای ٢٠٠٣ لە سەیتەرەیەکدا لەلایەن هاوپەیمانان دەگەڵ سەحراڕوودیی تێرۆریست دەگیرێن و دواتر بە واستەی دۆستە کوردەکانیان بەردەدرێن، مەسجدی هاوەڵزاوای پاستاڕی ناسراو محەممەدباقری زولقەدرە کە ئەویش یەکێکە لە فەرماندەرانی باڵای سپا. ئەمانە دەستیان بە خوێنی سەدان و بگرە هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران و عێڕاق و تەنانەت ئەمریکییەکان سوورە.
ئیرەج مەسجدی بۆ یەکەم جارە لە وتووێژێکدا دەگەڵ میدیایەکی دەرەکی چاوپێکەوتن دەکا کە من ئەوە بە دەستکەوتی مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان و هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کورد و جیهانی دەرەوە دەزانم. واش وێدەچوو ئەو چاوپێکەوتنە لەسەر داوای سفارەتی ئێران بووبێ و هەر لە شوێنی مانەوەی سەفیر لە بەغدا بەرنامەکە تۆمار کرابوو. دێکۆڕاسیۆنی ژوورەکە و جلی سەفیر و شەربەتی پرتەقاڵەکەش تایبەتی بوون! جیا لەو پرسیارە بەربڵاوانەی لێی کرا بە گشتی ئیرەجی مەسجدی دوو پەیامی بۆ دوو لایەنی سەرەکی پێ بوو، یەکەمیان ئەمریکا بوو کە ویستی ئەو پەیامەی پێ بدا کە ئێمە لە عێڕاق پنج و ڕیشەمان داکوتاوە و ئەو گەمارۆیانە ناتوانن بێرەدا تێپەرن و لە ماتەوزەی عێڕاق باشترین کەلک وەردەگرین، ئێوەش (ئەمریکا) لانیکەم لێرە پێمان ناوەستن. دیارە ئەمە وەک دەڵێن لە مەوزەعی هێزەوە لێدوانی دەدا وەک ئەوەیکە نە بای هاتووە نە بۆران! دووهەم؛ لایەنێکی تری سەرەکی چاوپێکەوتنەکە پرسی کورد بوو، جا کورد بەگشتی و بەتایبەت کوردی ڕۆژهەڵات. لەوەش حیزبی دێموکرات زۆر بە تایبەتیتر (هەرچەند تەنیا پێنج خولەک باسی ئەو مژارەی کرد، بەڵام بەقەرا ٥٢ خولەکەکەی تر بۆ ئێران گرینگ و پڕبایەخ بوو). دەکرێ بە زۆر بواراندا هەروەک هەستە “هیچ”ەکەی خومەینی بڕوانینە ئەو گوتوبێژە و شەن و کەوی بکەین! ئەوەی کە بۆ ئێمە وەک کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات زۆر جێ سرنج و تێڕوانین بوو، لە وڵام پرسیارەکهی پێشکێشکارەکە (هیوا جەمال) بوو، کە خۆی بۆ ماوەی چاردە مانگ لە ئێران ژیاوە و وەک ڕاگەیەندکارێکی بەتوانا دەرکەوتووە و ئاگای لە دۆخی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی هەیە)، ئەگەرچی بۆی نەبووە وەک میوانانی بەرنامەکەی خۆی (ڕووداوی ئەمڕۆ) تێی هەڵپێچێ و ئیزنی قسە کردنی پێ نەدا و بیهێنێ و بیبا! هیوا جەماڵ دندوکێک لە سەر ئیزنی پێشووی سەفیر لەو باسە دەدا و باسی ئۆپۆزیسیۆن و حیزبە دژبەرەکانی کوردی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکا. مەسجدی کە خۆی بۆ ئەم پرسیارە ئامادە کردبوو قوونەجووڵەیەک لە سەر کورسییەکەی دەکا و سەرەتا پێناسەی چەمکی ئۆپۆزسیۆن دەکا و پێی وایە هەر ئەم لایەنانە ئۆپۆزیسیۆنن کە چەکدار نین و لە نێوخۆی ئێراندا چالاکن، بە باوەڕی ناوبراو بەم شێوەیە ئێمەش (حیزبی دێموکرات) دەتوانین بێ هیچ کێشەیەک چالاکیی ئازادانە بکەین (کەسێک نەیاناسێ ڕەنگبێ بڕوایان پێ بکا)! ئەو پێی وابوو ئێمە وەک حیزبی دێموکرات (سەیر ئەوەب وو دوو جاری ئەو ناوە پیرۆزەی هێنا، بێ نەریتی باوی خۆیان کە پێشگری “مونحهلەی” بۆ دێننەوە) چوونکە چالاکیی چەکداریش دەکەین و بۆ سەر تەناهی و ئاسایشی حکوومەتەکەیان مەترسین، ناکەوینە خانەی ئۆپۆزیسیۆن؛ هەربۆیە بە ڕوانینی ئەوان دەبێ بە هەر شێوەیەکی مومکین بۆیان بگونجێ لە ناومان بەرن. بەڵام بەڕاستی پرسیار ئەوەیە کە ئۆپۆزسیۆن کێن و چییە؟ ئەو نووسینە تەتەڵەی ئەم بابەتەی.
بەشی هەرەزۆری ئەو هێزانەی دژبەری سیستەمێکی دەستەڵاتدار و حاکمن ئۆپۆزیسیۆن نین، ئەوانە تەنیا دژی هیندێ سیاسەتی نیزامن بۆ پشکداربوونی خۆیان لە دەستەڵات. بەم واتایە دووجۆر ئۆپۆزیسیۆن هەیە، یەکەمیان بە چاویلکەی نیزام ئەوەی تریش بە مانای ڕاستەقینەکەیهتی. بەشی زۆری ئەو لایەن و کەسایەتییانەی خۆیان وەک دژبەر (ئۆپۆزسیۆن، موخالف) پێناسە دەکەن درێژەدەری ئەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییانەی خەڵکین کە لە ئاکامی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایتییەکان یان لە خەبات بە دژی ناعهداڵەتی و زوڵم، سەر هەڵدەدەن. ئۆپۆزسیۆنی واقعی توانای ڕێکخستن یا ورووژاندنی بیرۆکەی ئالتێرناتیڤی پێویست بۆ ئەم پێواژۆیانەی هەیە کە ئەندامەکانی پێکهاتوون لە گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگه، بە تایبەت چالاکانی بوارگەلی کۆمەڵایەتی، کلتووری، سیاسی، ئابووری و… بۆ گۆڕانکاری جدی ئەو دستەڵاتانەی مافی خەڵک نەک هەر پێشێل دەکەن بەڵکوو بە شێوازی جۆراوجۆر ئەو کەس و لایەنانەی داوای حەقی خەڵکی خۆیان دەکەن بە توندترین شێوە سەرکوت دەکەن، لەوەها دۆخێکدا ئۆپۆزیسیۆن کە بواری بەشداری پێکردن لە دەستەڵاتی پێ نەدرا و بە دڕندانەترین شێوەش بەرپەرچی داوا ڕەواکانی دەدرێتەوە و شاربەدەر دەکرێ بە ناچار بۆ بەرگری لە خۆی و چاوترسێنکردنی دەستەڵات پەنا بۆ چەک دەبا. ئەو دژبەرە نەرمانەی دەستەڵات بە ئۆپۆزیسیۆنیان دەناسێ ڕەوت یا کەسانێکن کە لە هەناوی ئەو نیزامەدا هەڵدەقوڵێن و کەسانێکی خودین و شەریک و برابەشی هەموو کارەساتەکانن کە بەسەر خەڵکیان هێناوە. نیزامیش بە هەموو تواناکانی کار دەکا بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان بەو خەتەی پێیان دراوە ئەوانە وەپێش کەون و، قوت ببنەوە و مەتاڵی پاراستنی هەنێ مافی سەرەتایی و دواکەوتوو بەرز دەکەنەوە کە دەکرێ ئەوانە بە “ئۆپۆزسیۆن نما” ناو بەرین! هەموو ئەو کەس و ئۆپۆزسیۆن نمایانەش کە لاقیان لە بەڕەی خۆیان درێژتر دەکەن بە ئەنگی جۆراوجۆر لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا دەگیرێن دەنا لەنێو دەبرێن؛ بۆ میناک قەتڵە زنجیرەیەکانی دەیەی حەفتا کە تێدا ٨٠ کەس لە ڕەخنەگران و دژبەرانی نەرمی ئەو حکوومەتە تێرۆر کران، لەوانە کەسانی ناوبەدەرەو و نوخبەی کۆمەڵگهی تێدابوو وەک شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگر، چالاکانی سیاسی و… کە بەناوبانگترینیان داریوش فروهەر و پەروانەی ئەسکەندەری بوون، یا لە جەریانی ناڕهزایەتییەکانی دەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری (١٣٨٨) ئێران کە دواتر بە “ڕەوتی سەوز” ناسرا، سەدان و هەزاران کەس لە خەڵکی ناسراو و سڤیل هەر بە هۆی ئەوەیکە دژی ئەو هەڵبژاردنە پڕ لە تەزویر و فێڵە بوون و داوای دەنگی دزراوی خۆیان دەکرد، گیران و ئەشکەنجە دران و کوژران، تەنانەت ڕوحمیان بە مناڵانی بەرپرسانی باڵای خۆشیان نەکرد و “محسن روح الامینی” ییەکان لە زیندانی کەهریزەک بە شێوەیەکی قیزەونانە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژتیانن. لیدەری ئەو بزووتنەوە ناڕهزایەتییە مەدەنییانە، کەڕڕوبی و مووسەوی بوون، ئەمانە کە خودی و لە ئۆپۆزسیۆنەکەی خۆیان بوون و پێشتر پۆست و پلەی بەرزی حکوومەتیان دەدەستدا بوو، چیان بەسەر هات؟ یا ئەو هەمووە خەڵکەی بە ناوی زیندانی سیاسی و بە تاوانی جیابیری و دژبەری بیروباوەڕ لە سێدارە دران، ئەوانە هەموویان بە جۆرێک دەکەونە خانەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی مەسجدی باسی دەکا، ئایا ئەمانە چەکدار بوون؟ ئەمانە هەر برابەش و لە خۆتان نەبوون؟ شەڕی چەکدارییان دەکرد؟
ئاغای ئیرەج مەسجیدی! حەتمەن لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران کورد، بە تیمێکی هاوبەش پێکهاتوو لە چەندین کەسایەتی و ڕەوتی سیاسی لە چەپ و ڕاست و سەربەخۆ بەبێ چەک بەو پەڕی ئازادی و دەسەڵاتەوە هاتنە مەیدانی موزاکرە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. لە مهاباد و قوم دەگەڵ بەرپرسانی ئێوە دانیشتن تەنانەت بەرزترین کەسی نیزامەکەتان (خومەینی)شیان بینی، ئێوە دەگەڵ ئەو نییەتە پاکانە چتان کرد؟ هەر زۆر زوو ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ئاشتیخوازانەیە بە فەرمانی جیهادی ڕێبەرەکەتان کەوتنە بەر دڕندانەترین هێرش و بە هەموو جۆر چەک و چۆڵ پەلامار دران، بە سەربازەکانتان گوت قەیتانی پۆتینەکان مەکەنەوە هەتا کوردێک مابێ!! ئاوا دەبێ وڵامی ئۆپۆزیسیۆنی دژی شەڕ و ئاشتیخواز؟ هەمیسان جارێکی تر لەبەر باوەڕی قوڵمان بە ئاشتی و مەدەنییەت، بۆ پێشگرتن بە کاولکاری و کوشتار و کارەسات، شەهیدی نەمر دکتۆر قاسملوو لەسەر میزی گوتوبێژ دەگەڵ سەحراڕوودیی هاوڕێت ویستی بە شێوازێکی ئاوەزمەندانە و بە دوور لە شەڕ و خەباتی چەکدارانە لە وڵاتیکی ئازادی ئەورووپی، ئێوە بێنیتە سەر ئەو قەناعەتەی کە بە شەڕ و گرتن و کوشتن ناتوانن ئێمە لەنێو بەرن، مادام وایە مافی ئێمە بدەن و واز لەو هەمووە تێرۆر و هەڕەشە و گرتنەش بێنن و با پێک بێین. بەڵام دیسان وەڵامەکەمان بینی کە چی بوو…
ئیرەج مەسجدی دەڵێ با لێرە واتە لە هەرێمی کوردستان بە دڵی خۆمان کاری سیاسی و تەبلیغی بکەین جا ئێمە کارمان پێ نین، دەنا ئەوەتا مووشەکبارانتان دەکەین و دەتانکوژین. دیارە حیزبێکی سیاسیی سەربەخۆ بۆخۆی بڕیاری چۆنییەتی کاری سیاسی، تەشکیلاتیی خۆی دادەڕێژی، بەڵام بەو فاکتانەی هێنامەوە دێمەوە سەر ئەو بانگەشەیەی ناوبراو دەڵێم ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درۆ دەکا. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردووی خۆیدا ئا بەم شێوازە سیاسەتی کردووە و ڕەوشت و ئەخلاق هیچ مانایەکی دە قامووسی سیاسەتیاندا نییە و ئەم فاکتەرانە جێگای خۆیان بۆ ئاژاوە، تێرۆر، چەواشە و درۆ لێژ کردووە. بەڵام ئێمە دەتوانین ئەم بانگەشەیە بە دوو جۆر هەڵیسەنگێنین، یا ئەوان بەم قسانە بە درۆ ترسی خۆیان لە خەباتی چەکداری دەردەبڕن و، دەیانهەوێ بەمەبەست تووشی ئیحساسات بین و هانمان بدەن و ڕامانکێشنە ناو کەمین و بۆسەمان بۆ دابنێنەوە و تێکمان بشکێنن و، بە سیاسەتی شەڕهەڵایسان ئاواتیانە دیواری کورتی کورد (بە نیسبەت ئیسڕاییل و ئەمریکا) بڕووخێنن و بڵێن شەڕمان کرد و سەرکەوتین. یا دەنا ئەگەر پێمان وابێ هەر بەڕاستی شەڕیان ناوێ و لەم شێوازە خەباتە تۆقیون (کە زۆر سەیر نییە بەو دۆخەی ئێستا تێیدان) بۆ کات کڕین و نەشڵەقانی دووڕگەی پڕ لە گڕکانی ئێران هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە کە، ئێمە وەک هێزێکی ڕەسەن، خاوەن جەماوەر و بەبڕست مەترسی جیدین بۆ سەریان. شتێکی تر ئەوەیە هەتا پێش ئەو قسانە ئێرانییەکان هەمیشە داوایان لە بەرپرسانی باشوور کردووە ئێمە دەبێ خاکی هەرێمی کوردستان چۆل بکەین بەڵام ئەوجارە دەڵێن بەو مەرجانە دەتوانن بمێنەوە!!
هیچ شک دەوەیدا نییە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دۆخێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێ. ئەم قسەیە چوونکە زۆر گوتراوە سواویتەوە، لێبەلێ بەقەولی خۆیان “این تو بمیری از آن تو بمیریها نیست!”، ئەو ڕێژیمە زۆری تەمەن کردووە و کەمی ماوە، خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد بە هەموو ڕەخنە و سەر و لێژی و کەند و لەندەکانی توانیویەتی لانیکەم خۆڕاگر بێ، سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم لە قاو بدا و، وەک شۆڕشگێڕێکی نەبەز مەیدانی بۆ چۆل نەکردووە و بوێرانە ئاڵای خەبات بە دژی ستەمکاری و زوڵمی ئەم دیکتاتۆرانەی بۆ گەشتن بە ئازادی و دێموکراسی هەڵ کردووە، قەیرانی ئابووری، کێشە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گرفت و کووڕی کۆمەڵایەتی، کێشەی نێوخۆیی لایەنەکان هەروەها فەساد و گەندەڵی و ڕانتی نێو بەرپرسانی سەرووی ڕژیم، ڕابوون و ناڕهزایەتی ڕۆژانەی شەبەنگ و توێژەکانی کۆمەڵگه، زەختی ترامپ و تیمەکەی، هەموو ئەوانە هێمای داڕمین و ڕووخانی حکوومەتێکە کە بە نەمانی، جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئاسوودە دەبێ و دەحەسێتەوە. ئیدی مرۆڤایەتی زۆرکەمتر شەڕ، فیتنە، ئاژاوە، کوشتن و سێدارە بە خۆیەوە دەبینێ. لەم چاوپێکەوتنەدا مەسجدی وەک نوێنەر و دەستەڵاتداری پلە یەکەمی ڕێژیمی ئێران لە عێڕاق (وەک خاڵی ستراتژیکی ئەو نیزامە بە هۆی هەڵکەوتەی تایبەتی) کە پلانداڕێژ و سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی گەلی عێڕاقە، ویستی خۆیی و حکوومەتەکەی زۆر ئارام و ئاسایی نیشان بدا و بە دروشمگەلی ئابووری و نیزامی و… پڕوپاگەندا بۆ مانەوەی ڕێژیم دەکرد (یوزێف گوبڵز و سەعید سەحاف)یش زۆریان لەو ڕیکلامانە کردن کەچی بەخۆشییەوە ئێستا خۆیان و دەستەڵاتەکەیان فندوور بوونە و قۆناخێکی نوێ لە مێژووی دێموکراسی و ئازادی خوڵقاوە!