Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 16/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

حاشاکردنی ڕێژیم لە قەیرانەکان و هەناسەسواریی خەڵک

22/11/2018 | 13:56:46
+A
-A
عەلی بداغی

دوو حەوتوویە ئەمریکا گەڕی دووهەمی سزاکانی خۆی سەپاندووەتە سەر ئێران، زنجیرە گەمارۆیەک کە بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی یەکجارەکیی کۆماری ئیسلامی گرتوویەتە بەر؛ بەڵام تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی بە ڕەسمی حاشا لەوە دەکا ئەم گەمارۆیانە کار بکەنە سەر ئابووریی ئەم وڵاتە.
ڕەنگبێ بۆ زۆر کەسیش پرسیار بێ کە گەمارۆ نوێیەکان چۆن شوێن لەسەر ئابووریی ئێران و ئاستی بەرگەگرتنی ڕێژیم دادەنێن؟ هەموو دەزانین ئابووریی ئێران پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێ و وڵات هەتا ئێستاش بەستراوەیە بە داهاتی نەوتەوە. کەمبوونەوە لە داهاتی نەوت، ئاڵۆزی لە بازاڕی دراو، کێشە دروستبوون بۆ مامەڵەی بازرگانیی ئێران لە ئاستی جیهانیدا دەبنە هۆی کێشەخوڵقێنی بۆ ئابووریی ئێران، ئەویش ئابوورییەک کە بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیک و ڕانتخۆری لە چوار دەیەی ڕابردوودا خۆی لە خۆیدا تێک تەپیوە و کەوتووەتە ئاویلکەدانەوە.
لە گەڕی یەکەمی گەمارۆکاندا کە لە نێوان ساڵانی 1391_1392دا گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی و هەتا ساڵی 1394 و بە بەرجام ڕاگیرا، نرخی گەشە و هەڵدانی وڵات بۆ خوار (9-) دابەزی. فرۆشی نەوتی ئێران وەک تاکەسەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵات گەیشتە لانیکەمی خۆی و، لەبەشی پەرەپێدانی کەرتی وزە و هەموو بوارەکانی دیکەدا وەبەرهێنەرانی بیانی ڕوویان لە ئێران وەرگێڕا. لەو سۆنگەیەوە بەشی پیشەسازیی وڵاتیش لە قوڕ چەقی و دەرگە لە بەشی بازرگانی گاڵە درا و کەرتی بیناسازی، خزمەتگوزارییەکان و کشتوکاڵیش بەرەوڕووی هەرەسهێنان بۆوە.
دوای هەموو ئەو هەناسەسوارییە «بەرجام» بووە هۆی ئەوەی ئابووریی ئێران پشوویەکی بێتەوە بەر، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئێران لە سیاسەتی قەیرانخوڵقێنی لە ئەمنیەتی ناوچەیی و جیهانیدا و تەرخانکردنی دراوە ئازادکراوەکانی ئێران لە سۆنگەی بەرجامەوە بۆ ناسەقامگیریی سیاسیی وڵاتانی ناوچە و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی بە چەکی کۆمەڵکوژ و مووشەکە بالستیکەکان کە دژایەتییان لەگەڵ ڕووحی بەرجام هەبوو؛ ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە هاتە دەر و لە ئێستاشدا هەموو گەمارۆکانی پێشووی بە زیادەوە خستووەتەوە سەر ئێران.
ڕاستە ئێران ئەزموونی باشی لە گەمارۆکانی پێشوو هەڵچنیوە و کەم و زۆر بە ڕێگاکانی دەورلێدانی سزاکانی زانیوە، بەڵام لەو لاش ئەمریکا هیندە دەستەوەستان دانەنیشتووە و مشووری لە هەموو ئەوانە خواردووە؛ بۆیە ئەمجارەیان بەرەوڕووبوونەوەیەکی سەخت لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا ڕوو دەدا.
ئەوەی لەو نێوەدا ئێران قەڵای هیوای لەسەر هەڵچنیوە بەندە بە چەندی و چۆنیی هاوڕییەتی و هاوکارییەکانی ئورووپا و شەریکە ئابوورییەکانی دیکەی ئێران وەک چین و ڕووسیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. بەڵام بێتوو ئەمریکا بتوانێ لە درێژەی گوشار و هەڵمەتە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیدا ئورووپا ڕەگەڵ خۆی بخا، ئەوە هەمان ئەم ڕۆژڕەشییەی ڕێژیمە کە بەپێی ئەزموونەکانی پێشووی هەڤڕکێی نێوان ئەمریکا و ئورووپا ناکرێ دوورەدەست بێ.
لەوەها بارودۆخێکدا گەشەی ئابووریی وڵات نەک هەر دەوەستێ، بەڵکوو بە تەواوی دادەڕمێ؛ هەناردەی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە یەک میلیۆن بۆشکە لە کەمی دەدا؛ بەشی پیشەسازیی وڵات بە تەواوی ئیفلیج دەبێ و لەو سۆنگەیەوە بێکاری و گرانی سەر لە کێوان دەدا.
پێشبینییەکان بۆ بارودۆخی ئابووریی ئێران لە بەردەوامیی گەمارۆکان لە حاڵێکدایە کە «بانکی جیهانی» ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی پتر لە 6 میلیارد دۆلاری پێ قەرزدارە. لە نوێترین ڕاپۆرتی بانکی جیهانیدا هاتووە کە ئێران لە ماوەی یەک داڵی ڕابردوودا 533 میلیۆن دۆلاری لە بنیاتە ماڵییەکانی سەر بەو بانکە قەرز کردووە کە لەچاو ساڵی 2016 پێنج هیندە زیادی کردووە.
بەپێی دواڕاپۆرتی ئەو ناوەندە جیهانییە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێستادا 6 میلیارد و 276 میلیۆن دۆلار قەرزدارە و بە لەبەرچاوگرتنی گەڕێ نوێی گەمارۆکان زەحمەتە کۆماری ئیسلامی بتوانێ لەمساڵ و ساڵانی داهاتووشدا لەو ناوەندە ماڵییە قەرز بکا و دراوێک بۆ نێوخۆ ڕاکێشێ.
کەوتنە تەنگانەی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستا لە سۆنگەی پشتیوانیی لە تێرۆریسمی جیهانی لە حاڵێکدایە کە باری قورسی گوشاری ئەم گەمارۆیانە هەتا ئێستاش هەر لەسەر شانی خەڵکە، کەچی لەولا و سەرەڕای ئەو هەلومەرجە نالەبار و کارەساتە سیاسەتی رێژیم لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانییەکانی لە تێرۆریسم نەگۆڕاوە.
ڕۆژی 13ی نۆڤامبر، نیتێن ئەی سیلز، ڕێکخەری بەشی دژەتێرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵدا لانیکەم یەک میلیارد دۆلار لە داهاتی ئەم وڵاتە بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم خەرج دەکا و لە سفرەی خەڵک دەدزێ و گیرفانی حیزبوڵلا، حەماس و حوسییەکانی پێ پڕ دەکا.
ئەو کاربەدەستەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی «بنیاتی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست»دا ڕایگەیاند: «رێژیمی ئێران گەورەترین نیزامی سیاسیی پاڵنەر و پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا، ئەویش لە کاتێکدا خەڵکی ئەم وڵاتە نوقمی هەژاری و بێدەرەتانییە و تێچووی هەموو ئەم دەستدرێژی و بەرنامە تێرۆریستییانە لە گیرفانی خەڵک دێننە دەرێ.»
ماڵپەڕی «باڵوێزخانەی مەجازیی ئەمریکا لە ئێران»یش لە ڕاپۆرتێکدا ئامارێکی لەو حاتەمبەخشییەی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردووەتەوە. بەپێی ئەو داتایە کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێ 700 میلیۆن دۆلار دەداتە حیزبوڵڵا و بە پێدانی سەدان میلیون دۆلاری دیکەش بە گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی یەمەن، عێڕاق، سووریە و بەحرەین وەک پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریسمی دەوڵەتی لە جیهاندا خۆی دەرخستووە. ڕێژیم هەروەها بێ ئەوەی گوێ بداتە بارودۆخی ئابووریی وڵات و لە خەمی کێشەکانی خەڵک و کۆمەڵگەدا بێ، ئەولەوییەتەکانی هەروا پڕچەککردنی خۆی و پەرەپێدان بە توانا مووشەکی و هێرشبەرییەکانیەتی.