میتۆتولێر وەکوو باڵیۆزی نوێی ئامریکا ، لە عێراق هەڵبژێردرا.
ناوبراو کە پێشتر لە وڵاتی یەمەن باڵیۆزی ئامریکا بووە، هەمووکات بە دژی هەڵسوکەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە، بە تایبەتی لە یەمەن هەڵوێستی هەبووەو بە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە.
دەسنیشان کردنی میتۆتولێر وەکوو باڵیۆزی ئامریکا لە وڵاتی عێراق، لە درێژەی سیاسەتی رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامییە کە لەلایەن دەوڵەتی “تڕامپ”ەوە، پەیڕەو دەکرێ و بڕیارە چڕتر ببێتەوە.
رۆژنامەو ماڵپەڕەکانی ئێران بە بڵاوکردنەوە ئەو هەواڵە هەڵبژاردنی وەها کەسێک کە لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامییە، لە درێژە گوشارەکانی ئامریکا، بۆ سەر ئێران دەزانن.
جێیئاماژەیە، تولێر لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی باڵیۆزی ئامریکا لە یەمەن بووەو هەروەها لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١١ تا ٢٠١٤ باڵیۆزی ئامریکا لە کوەیت بووە.
تولێر هەمووکات بە دژی زێدەخوازییەکان و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕەخنەی توندی هەبووەو بە قسەی شارەزاییانی سیاسی هەڵبژاردنی میتۆتولێر وەکوو باڵیۆزی نوێی ئامریکا کە هەمووکات بەدژی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە، بەجۆرێک نیشانەی شەڕە لە گەڵ ئێران و بە باڵیۆزی شەڕ ناوی دەبەن.
میتۆتولێر باڵیۆزی نوێی ئامریکا لە عێراق لە کەسانی نیزیک بە “دۆناڵد تڕامپ”ەو پێشتریش کە باڵیۆزی ئەو وڵاتە بووە لە یەمەن، ڕەخنەی لە پشتیوانی دەوڵەتی ئێران لە میلیشیاکانی یەمەن گرتووەو، هەروەها بۆ ئەوەی عێراق هاوتەریب بکات لە گەڵ سیاسەتەکانی ئامریکا و گەمارۆخستن بۆسەر ئێران هەوڵی زۆری داوە.
هەڵبژاردنی تولێر وەکوو باڵیۆزی نوێی ئامریکا، بەشێک لە بەرپرسانی عێراقی نیگەران کردووە، کە ئامریکا دەیهەوێ عێراق بەرەو لای شەڕ و بەربەرەکانی لەگەڵ ئێران هان بدا و، هەربۆیە گوشار لەسەر بەغدا بخات کە پێبەندی گەمارۆکانی ئامریکا بە دژی کۆماری ئیسلامی بێ و، دەستی ئێران لەو وڵاتە کورت بکاتەوە.