Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۶ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 16/12/2018 | کاتژمێر:
راگەیەندراوەکان

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنگرەی پارتی دێموکراتی پێشڤه‌رۆی کورد له‌ سوریه‌

17/11/2018 | 12:31:42
+A
-A

به‌رێز پارتی دێموکراتی پێشڤه‌رۆی کورد له‌ سوریه‌

له‌گه‌ڵ ڕێز و سڵاو‌!
له‌ ڕێگای نوێنه‌رتان له‌ سلێمانی ئاگادار کراین، که‌ پارتی ئێوه‌ به‌م زووانه‌ پازده‌هه‌مین کۆنگره‌ی خۆی ده‌به‌ستێ. به‌م بۆنه‌وه‌، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایتان پێ ده‌ڵێین و هیوادارین کۆنگره‌کەتان له‌ ڕاپەڕاندنی کاره‌کانیدا و سەرخستنی ئامانجەکانیدا سه‌رکه‌وتوو بێ.
ئێوه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێکدا کۆنگره‌ ده‌به‌ستن که‌ خه‌ڵكی کوردستانی سووریه‌ به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ بارودۆخێکدا که‌ له‌ سووریه‌ خوڵقابوو، به‌ تێکۆشان و که‌ڵكوه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌تێک که‌ له‌و وڵاتەدا‌ هاتبووە ‌پێش _هه‌ر چه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ شه‌ڕێکی نه‌خوازرا و ماڵوێرانکه‌ر ڕووی دا و وێرانییەکی زۆر و کوژراو بڕیندار و ئاواره‌بوونی که‌موێنه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی لێ که‌وته‌وه‌_ به‌ڵام خه‌باتکارانی کورد و هێزه‌ سیاسییه‌کانی کورد توانییان له‌ ئه‌رزی واقیعدا بوونی خۆیان بسەلمێنن و نیشان بده‌ن که‌ کورد پتانسێل و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵك وه‌ربگرێ و بەدووی شوناسی مافخوازانەی خۆیدا بڕوا. له‌م ڕێگەیه‌وه‌ به‌ خۆشییه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ سووریه‌ چوونه‌پێشی باشی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هەروەها چاوه‌ڕوان ده‌کرێ شه‌ڕ له‌م وڵاته‌ به‌ره‌و کۆتایی بروا، به‌ڵام لە ڕاستیدا ئه‌منییه‌ت و ئاسایش و ته‌واوبوونی شه‌ر به‌بێ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و ڕێککەوتن و ڕه‌چاوکردنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ تایبه‌تی دابینکردنی مافی خه‌ڵكی کوردستان له‌ سووریه‌ وەدی نایە. بۆ ئه‌وه‌ش پێشمەرجی سه‌ره‌کی یه‌کیەتی و هاوکاریی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی سووریه‌یه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ یه‌کیەتیی و‌ هاوکاریی هێزه‌ سیاسییه‌کان ده‌توانێ ببێ به‌ فاکته‌رێکی به‌هێز له‌ تێکۆشان بۆ دابینکردنی زیاتری مافی خه‌ڵكی کورد له‌ سووریه‌.
هیوادارین کۆنگره‌ی پازده‌هه‌می پارتی دێموکراتی پێشڤه‌رۆی کورد له‌ سووریه‌ له‌و پێناوەدا هه‌نگاو هه‌ڵێنێته‌وه‌ و کۆنگره‌کەش به‌ سه‌رکه‌وتوویی کۆتایی به‌کاره‌کانی بهێنێ.
جارێکی دیکه‌ داوای سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌تان بۆ ده‌که‌ین.

لەگەڵ ڕێزدا
حیزبی دێموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
12/11/2018