چل ڕێکخراوی پێوەندیدار بە کۆمەڵگەی مەدەنی، نامەیەکیان ڕەوانەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کردووە و داوا دەکەن کە پشتیوانی لەو بڕیارنامەیەی “کانادا” بکەن کە لەبارەی مافی مرۆڤی ئێرانەوە، نووسراوە.
ناوەندیی کەمپەینی مافی مرۆڤ بۆ ئێران کە خۆی یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە ئەو نامەیەی ئیمزا کردووە، ڕایگەیاند کە تا ٢٣ی خەزەڵوەر، بڕیارنامەکەی “کانادا’ دەگاتە کومیتەی سێهەمی نەتەوەیەکگرتووەکان.
لەو نامەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ دڵنیابوون سەرنجی زیاتر بداتە پەیمانە نیودەوڵەتییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە لە ئێران، بۆ ئەوەی ئاگادار بن کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران چۆن تێدەپەڕێ.
لەو نامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پشتیوانیی لە بڕیارنامەکەی “کانادا” پەیامێکی توندە بە رێبەرانی ئێران کە پێویستە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن.
هەر لە پێوندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، جاوید ڕەحمان، ڕاپۆڕتنێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران ، کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمسال بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردراوە، لە یەکەمین ڕاپۆڕتی خۆیدا داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە، کە کۆتایی بە قەدەغەی سەردانی ڕاپۆڕتنێرانی تایبەت بە مافی مرۆڤ بهێنن و، ڕێگا بدەن کە سەردانی ئەو وڵاتە بکا.