لە درێژەی کاردانەوەکان بەرانبەر بە نوێترتن هەوڵی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە دانمارک ، ناسر خزر وتەبێژی کاروباری دەرەوەی حیزبی موحافزەکاری دانمارک، داوای کردوە کە ئەندامانی سەر بە سپای پاسداران کە لە دانمارک، خەریکی سیخوڕین لەو وڵاتە دەربکرێن.
کاناڵی یەکی تلەویزیۆنی سەرانسەریی دانمارک ١٩ی خەزەڵوەر بڵاویکردوەو کە وتەبێژی حیزبێکی بەشدار لە دەسەڵات، داوای لە دەوڵەتی دانمارک کردووە سەرجەم ئەندامانی سپای پاسداران و کەسانی بەناوی دیپلۆمات کە خەریکی سیخوڕین لەو وڵات دەبێ دەربکرێن و بەچڕی ڕووبەڕووی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ببنەوە.
ناسرخزر وتەبێژی حیزبی موحافزەکاری دانمارک لە پێوەندی لەگەڵ پووچەڵکرانەوەی هەوڵێکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی دانمارک رایگەیاند: ئەگەرچی ئاندرێس سامۆئێلسۆن وەزیری دەرەوەی دانمارک ڕوو بە کۆماری ئیسلامی بە توندی قسەی کرد، بەڵام دەبێ هەنگاوی جیدی هەڵبهێنێ بۆ ناساند و دەرکردنی سەرجەم ئەندامانی سپا کە لە باڵیۆزخانەی ئێران داڵدەدراون و پێویستە لە دانمارک دەرکرێن.
جێیوەبیرهێنانەوەی کە رۆژی ٨ی خەزەڵوەر کەسێکی ئێرانی بە تاوانی هەوڵدان بۆ تیرۆری یەکێک لە دژبەرانی ڕێژیمی تاران، لە لایەن دەوڵەتی دانمارکەوە دەسبەسەرکرا و، کاردانەوەکان لەو بارەوە بەردەوامە.
دوای تێپەڕبوونی نیزیک بە دووحەوتە لەو رووداوە ماڵپەڕی موجاهدینی خەلق لەسەر شووناسی نێردراوی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک زانیاریی بڵاو کردووتەوە.
محەممەد داوودزادە لۆلۆیی ، تەمەن ٣٩ ساڵ مەئمووری ئیتلاعات لەسەر داوای دەوڵەتی دانمارک رۆژی ٨ی خەزەڵوەر لە فڕۆکەخانەی یۆتووبۆری سوئێد دەسبەسەرکرا.
دوای پووچەڵکرانی ئەو هەوڵە تیرۆریستییە بە پێی بەڵگەنامەکانی باڵیۆزخانەی ئێران ، ناوبراو لەژێر چاودێریی باڵیۆزخانەی ئێران سەرقاڵی سیخوڕی و چالاکی ئەمنییەتی بووە.
ناوبراو ساڵی ٢٠٠٨ خۆی وەکوو پەنابەر ناساندوە، بەڵام مەئمووری سپای قودس و لەگەڵ باڵیۆزخانەکانی ئێران، لە دانمارک و نوروێژ پێوەندی توندی هەبووە.
دوای ئاشکرابوونی ئەو هەوڵە تیرۆریستییە ، بەشێک لە رۆژنامەکانی ئێران خوازیاری روون کردنەوەی زیاترن لەو بارەوە.
رۆژێک دوای دەسبەسەرکرانی محەممەد داوودزادە، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئەوەی ڕەت کردەوە، بەڵام دوای دەنگدانەوەی ئەو هەوڵە تیرۆریستییە لە میدیاکان، چەند رۆژنامە و چەندکەس لە رۆژنامەنووسانی ئێرانی داوایانکردوە، کە دەبێ لایەن شاراوەکانی ئەو ڕووداوە ڕوون ببێتەوە.