Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

تێرۆریزمی دەوڵەتی و سەری مارەکە!

07/11/2018 | 16:03:44
+A
-A
عەلی بداغی

هێشتا چەند ڕۆژێک لە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تێرۆری خاشقچی و مەحکوومکردنی عەڕەبستانی سعوودی سەبارەت بەو کوشتنە سیاسییە لەلایەن دەمڕاستەکانی ڕێژیمەوە تێ نەپەڕیبوو کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی وڵاتی دانماڕک ڕایانگەیاند پیلانێکی تێرۆریستییان لە وڵاتەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە کە بڕیارەکەی لە ئێرانەوە دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی دانمارک دەسبەجێ باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بانگ کرد و بڕیاری دا باڵوێزی خۆی لەو وڵاتە بکێشێتەوە. هەروەها دەوڵەتی دانماڕک داوای لە یەکیەتیی ئوڕووپا کردووە کە سەبارەت بەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئوڕووپادا سزا و گەمارۆ بخاتە سەر ئێران. ئاشکرابوونی ئەم پیلانە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم هێشتا ژانەسەری دەسبەسەرکرانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تێرۆریستەکەی لە کۆڵ نەبووەتەوە کە سەبارەت بە هەوڵێکی تێرۆریستیی بێئەنجام بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی لە فەڕانسە لە بێلژیک دەسبەسەر کراوە.
پێش ئەوەش لە ھولەند شوێنپێی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری دوو کەس لە ئەندامانی ئۆپۆزیسۆنی ئێراندا هەڵ گیرابوو. لە ئاڵمان و بێلژیکیش چەند تیمێکی تێرۆریستیی سەر بە کۆماری ئیسلامی پێش ئەوەی بتوانن پیلانەکانیان سەر بخەن؛ ئاشکرا بوون و پێشیان پێ گیرا.
***
پێشینەی کردەوەی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی وەک نیزام و دەسەڵاتێکی سیاسی بۆ پێش دامەزرانی ئەم ڕێژیمەش دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی کە ڕێبەرانی ئێستای ڕێژیم و هێزی دژبەری ڕێژیمی پاشایەتیی پێشوو لە چەکی تێرۆر هەم بۆ تێرۆری دژبەرانی فیکریی خۆیان _وەک ئەحمەد کەسرەوی_ و؛ هەم بۆ تێرۆری کاربەدەستانی سەرووی حوکمەت _وەک عەلی ڕەزمئارا، عەبدولحوسێن هەژیر، حەسەنعەلی مەنسوور، سێ سەرۆک وەزیرانی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی_ کەلکیان وەردەگرت. لە دوای شۆڕشی ساڵی 57 و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی سیاسەتی تێرۆر و تۆقاندن هەم بۆ نەهێشتنی دژبەران و هەم بۆ زاڵکردنی کەشی سەرکوت و، هەم لەپێناو جێبەجێکردنی سیاسەت و وێژمانی «ناردنە دەرەوە»ی شۆڕش! بوو بە نێوەرۆک و بەشی جیانەکراوە لە پێناسە و جەوهەری کۆماری ئیسلامی.
لەو کاتەوە تا ئێستا چوار دەیەیە باڵوێزخانە و نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتان شوێنی داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمن. بە درێژایی ئەم ساڵانە زیاتر لە250 چالاکی سیاسی و دژبەری نیزام لە وڵاتانی ئوڕووپایی و زیاتر لە 400 تێکۆشەری سیاسیی کوردی دژبەری ڕێژیم لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تۆڕ و تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. ئەوەی لەو نێوەدا بارتەقای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی گرینگە سیاسەتی هەڵکردنی وڵاتانی ئوڕووپاییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، کە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان چاویان لە تەڕاتێنی تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی نووقاندوە و، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم عەمەلیاتە تێرۆریستییانە تێچوویەکی ئەوتۆی بۆ ڕێژیم نەبێ و بە بەردەوامی دەستی بۆ کوشتن و لەنێوبردنی دژبەرە سیاسییەکانی ئاوەڵا بێ.
ئێستا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پشت لە تێرۆر دەکا؟ چی وای کردبوو کە ڕێژیم ماوەیەک دەستی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ئوڕووپادا پاراستبوو و ئێستا چۆنە بێ هیچ داڵغە و حاشا و شاردنەوەیەک و بە بەرچاوی دنیا تیر و شیر لە دژبەرانی دەسوێ؟
تێرۆر بۆ کۆماری ئیسلامی تەنیا چەکێک بۆ لەنێوبردنی دژبەرانی نییە، بەڵکوو جەوهەرێکی پیرۆزی بۆیان هەیە و بەپێی خوێندەوە ئیدۆلۆژیکییەکانیان ڕەوایی پیرۆز و ئامانجداری هەیە. بۆیە لەهەر جێیەک و لەهەر هەلومەرجێکدا بواری لەبار بۆ سەرکەوتنی تیمە تێرۆریستییەکانی خۆش بێ، بە تامەزرۆییەوە بەرەو پیلی دەچن. بۆیە ئەگەر لە چەند بڕگە و قۆناغێکی تەمەنی ئەم ڕێژیمەدا مەودای کورتماوەیان لەگەڵ کردهوەی تێرۆریستی گرتبێ _ کە ئەوەش دواخستنی تێرۆر نەک ڕاگرتنی بووە_، هۆکارەکەی نەک بۆ گۆڕانکاری لەو خوێندنەوەیە، بەڵکوو تەنیا بۆ تێکچوونی باڵانسی دەسکەوت و تێچووی قورسی کردەوە تێرۆریستییەکانیان لەو کاتە تایبەتییانەدا دەگەڕێتەوە.
ڕووداوەکانی ئەم دواییانە وەک، تێرۆری شەوی یەلدای بەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نیزیک کۆیە، تێرۆری چەند کادر و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان، تێرۆر و کوشتنی چەند زانایەکی بوارە جۆراوجۆرەکان لە نێوخۆی وڵات، مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات، مووشەک تێگرتن لە ناوچەیەکی بندەسەڵاتی دژبەری بەشار ئەسەد لە سووریە، شوێنهەڵگرتنی تیمە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە چەند وڵاتێکی ئوڕووپایی دەری دەخەن کە ئەم ڕێژیمە ئیدی گوێی لە بەدناوی و مەحکوومکردن و ڕیسواییەکان لە دنیای دەرەوە نییە. وا وێدەچێ ئەم ڕێژیمە ئیدی نیگەرانی کاردانەوەی ئەم سیاسەتەی لەسەر دیپلۆماسیی بیانیی وڵاتەکەی نەبێ و بێتوو کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی زلهێزی بیانی نەیانەوێ بەرەوڕووی ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کردەوەی تێرۆریستیی زۆر و زیاتر لە کۆماری ئیسلامی دەبینین. چونکی سیاسەتی هەڵکردن و بێدەنگیی هەندێ وڵاتی شەریکە سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ئێران وای کردووە کە ئەم ڕێژیمە چیدی هەوڵ و بەرنامەکانی خۆی لە چوارچێوەی سەرکوتی توندی دژبەران و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵاتدا قەتیس نەکا و؛ لە دەرەوەی سنوورەکانیش بەدوای نێچیرەکانییەوە بێ. «تۆقاندن» و «باجوەرگرتن» و ئاوێتەکردنیان وەک سیاسەتێک لەبەرامبەر وڵاتانی ئوڕووپایی تا ئێستا بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی زۆری بووە، و ئێستاش کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت وڵاتانی ئوڕووپایی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و یەکلاکەرەوە دان.
وڵاتانی ئوڕووپایی کە بەربەرەکانی لەگەڵ تێرۆریزم وەک بنەما و پڕەنسیپێک بۆ خۆیان پێناسە دەکەن و هاوپێوەندیی جیهانیی بۆ پێک دێنن و لە وڵاتانی وەک سووریە و عێڕاق و ئەفغانستاندا شەڕی تێرۆر دەکەن و بە گیانی سەربازەکانیان و هەروەها خەرجکردنی ماددی تێچووی بۆ دەدەن، ئێستا لە بەرامبەر گیانگرتنەوەی تێرۆریسمی دەوڵەتیی ئێراندا هەڵوێستیان چی دەبێ؟ ئەویش لە بەرامبەر ڕێژیمێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکەوێتە بەر ڕق و بێزاریی خەڵکەکەی و نە لە نێوخۆی وڵاتدا هیچ ڕەواییەکی هەیە و نە لە نێو هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانیدا نەک هیچ ڕۆڵێکی بۆ سەقامگیری و ئاشتی نییە، بەڵکوو ماکە و هۆکاری زۆربەی قەیران و نائارامییەکانە.