Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

مافە نەتەوایەتییەکان لە بەرەی هاوپەیمانییەکانی دژ بە ئێراندا

07/11/2018 | 16:01:59
+A
-A
ئا: ئازاد مستۆفی

ئەم ڕۆژانە بە هۆی خۆپێشاندان و مانگرتنەکان کە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ئێران دەچتە قۆناخێکی جیددی و ڕۆژانە دەبینین بە شکڵ و لەونی جۆراوجۆر مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین بە تایبەت لەلایەن ڕێکخراوەکان بەڕێوە دەچن، هەروەها بە هۆی دۆخی نێونەتەوەیی کە بە دژی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە، جووڵە و گۆڕانێکی ناوچەیی و نێونەتەوەیی هەست پێدەکرێ. لەو بارودۆخە نوێیەدا حیزبگەل و کەسایەتیی جۆراوجۆری ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی هەوڵ دەدەن بەرە پێک بێنن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە لەم بەرە و ئیئتلافانەدا مافی نەتەوەیی گەلانی ئێران بە کوێ دەگا؟ ئەو ڕەوت و کەسایەتی و لایەنانە چ جۆرە ڕوانگە و خوێندنەوەیەکیان بۆ مافی نەتەوەیی گەلانی ئێران هەیە و، هەروەها ئەو حیزبانەی کە لە پێناو مافی نەتەوەیی گەلەکەیاندا خەبات دەکەن و تێ دەکۆشن، ویست و داخوازیەکانیان چنە؟

رەئوف کەعبی

ڕەئوف کەعبی

متمانە و پشتبەستن بە گەلان و کۆنتڕۆلی دەورانی تێپەڕ
بەڕێز ڕەئووف کەعبی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی فیداییانی خەلقی ئێران دانیشتووی فەڕانسە، لەمەڕ دۆخی هەنووکەیی ئێران و ئەگەری گۆڕان لە نیزامی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دەڵێ: دەکرێ بڵێین، بەپێی ئەو میناکە دیار و بەرچاوانە لە کۆمەڵگەی و ناسینی شێوەی موباریزە و تێکۆشان لە بەستێنە جۆراوجۆرەکان، دۆخی سیاسیی وڵاتی ئێمە گەیشتۆتە قۆناخێک کە ئەگە بمانهەوێ بەپێی وتەی بەناوبانگ حوکم بدەین ئەوهای لێ دێ: گۆڕانی سیاسی کاتێکە کە «بەرزەکان» نەتوانن و «نزمەکان»یش نەیانهەوێ. دەبێ بڵێین ئەوەی کە ئێستا لە کۆمەڵگەدا دەیبینین یانی باری ئابووری، بێکاری، گرانی، دەرکردنی بەربڵاو لە تەنیشت ئەو هەمووە هەڕەج مەڕەجە هەمەلایەنە، تەنیا ڕێگەچارەی ڕێژیم، سەرکوت و کوشتار و سێدارەیە. ئەوە پێشان دەدا ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانە بەو هەمووە ئیمکاناتە زۆرە، ئەگە نەڵێین هەر هیچ، بەڵکوو زۆر کەمە، لە لایەکی دی بە سەرنجدان بەو پێواژۆ کۆمەڵایەتییانەی ئەم دواییانە، یانی، ڕابوونی بەفرانباری ڕابردوو، مانگرتنی بەربڵاوی کوردستان، مانگرتن و نارەزایەتیی بارهەڵگرەکان، بزووتنەوەی مامۆستایانی قوتابخانە و… دەکرێ بڵێین بەڵێ، ئێمە لە گۆڕان و ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە کۆمەڵگەی ئێراندا نزیک دەبینەوە. هەرچەندە ئەم حوکمە پێشمەرجی هەیە، چوونکە گۆڕان، پێویستیی بە چەند هۆکار هەیە کە دەکرێ لە جێگەی خۆیدا ئاماژەیان بۆ بکرێ. هەر لەم بارەیەوە بەڕێز سەید حەسەن شەریعەتمەداری، لە دامەزرێنەری یەکیەتیی کۆماریخوازانی ئێران دانیشتووی ئاڵمان، لەم باوەڕە دایە کە: لە ڕاستیا لە ئێران نیزامێک بە مانا باوە نێونەتەوەییەکەی نەماوە، ئەوەی کە هەیە بێ پڕەنسیپی و نەبوونی نەزم و ڕێوجێیە کە ناوی نیزامی بە خۆیەوە ناوە و دوو پاڵپشتی هەیە، ڕمبێک بۆ سەرکوت و گەندەڵی کە هەموو چین و توێژەکان و کاربەدەستانی نیزامی بۆ قازانج پێگەیاندن لە ڕانت و سامانی نەتەوەیی ئێران دەگەڵ یەکتر، یەکگرتوو کردووە، جا ئەمانەش بەم هۆکارە دەخوازن هێز و دەسەڵاتیان بپاڕێزن. ئەوانە لە قۆناخی یەکەمدا پارێزەری ڕێژیم نین و زۆرتر دەیانەوێ بەرژەوەندییەکانی کەسیی خۆیان بپاڕێزن. کاتێ لە نیزامێکی سیاسی قۆناخێک دەست پێدەکا کە ئیتر باوەڕ بە نیزامی سیاسی و کارهانینی ئەو بوونی نییە و زۆرتر بەرژەوەندییەکانە کە لە دەوری یەکتر کۆیان دەکاتەوە، لە وەها دۆخێکدا داڕمانی مێشک و ئاوەز دەست پێدەکا کە لە ڕاستیدا قۆناخی جیایی و تەواوکەری خەڵک لەو نیزامەیە. باوەڕی خەڵک بەوەی کە ئەم ڕێژیمە هی خۆیان نییە ماوەیەکی زۆرە گشتگیر بووە و ئێستا لە پلە جۆراوجۆرەکانی نیزامیش، هیچ کۆدەنگییەکیان بۆ پاراستنی ڕێژیم و تەنانەت بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی خۆشیان نییە. لایەنەکانی نیزام نە دەتوانن کۆدەنگ بن کە دەگەڵ ئەمریکا ئاشتی ڕابگەیەنن یا لەبەرامبەر ئەمریکادا بوێرانە ڕاوەستن و یان باری ئابووریی وڵات چارەسەر بکەن، تەنانەت ڕێک بکەون کە خەڵک سەرکوت بکەن یا بە پێچەوانە بجوڵێنەوە هەتا بتوانن چاکسازیی بنەڕەتی دەست پێبکەن و دەگەڵ خەڵک پێک بێن و داواکارییەکانیان بەجێ بگەیەنن. بۆ هەموو ڕێگەچارەکان دژبەرانێک هەن توند و قایم ڕاوەستاون و تەنیا لە سەر مژارە ئاساییەکان پێکەوە یەکگرتوون، ئەویش تاڵانکردنی خەڵکە. ئەم قۆناخە لە زانستە سیاسییەکاندا بە داڕمان ناو دەبرێ. ئەگە ئاڵتێرناتیوێکی بەهێزی جێ متمانەی خەڵک هەبێ، تێپەڕین بەم دۆخەدا کەم تێچووترە دەنا داڕمانی ئەو ڕێژیمه ڕەنگبێ ببێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵگەش و تێچوو و خەسارەی یەکجار زۆری بەدوا دابێ، کەوابوو دەبێ جێگرەوەیەکی وەها بەهێز و جێ متمانە پێک بهێنرێ کە ڕاگواستن لەم نیزامە بۆ سیستەمێکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ بە تێچووی کەمتر دابمەزرێ.
بەڕێز کەعبی لە تێکۆشەرانی چەپی ئێران کە لەنێو کۆڕی سیاسیی دەرەوەی وڵات کەسایەتییەکە کە هەوڵێکی زۆری داوە بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان هەموو حیزبە ئێرانییەکاندا پێک بێنێ، لەمەڕ ئەوەیکە دەبێ ئەو پلاتفۆرمە چ تایبەتمەندییەکی هەبێ بۆ کاریگەری لەسەر نێوخۆی وڵات؛ بە ڕاشکاوی ڕای دەگەیەنێ: «ڕەوتێکی سیاسی یا بەرەیەک لە کۆمەڵەیەک لەو ڕەوتانە کاتێک دەتوانی کاریگەر و بەڕاستی لەنێو کۆمەڵگەدا جێگەوپێگەی هەبێ، کە یا لە نێو کۆمەڵگەدا هەبێ، یان دەنگی داخوازی و ویستی سەرجەم بزووتنەوەکان دەنگدانەوەی تایبەتی لەو کۆمەڵگەدا هەبێ. کەوابوو لە قۆناخی یەکەمدا کاریگەرییەکی کە مەبەستی ئێوەیە، لە سەر ماک و میناکێکە کە بناخەی نەزەری و فیکریی ئەو کاریگەرییە وێنا دەکا. لە کۆمەڵگەدا شەبەنگ و چینی جۆراوجۆر لە ڕاوبۆچوون و بیرۆکە هەیە، بەڵام هەتا ئەو جێگەیەی پێوەندیی بە لایەنێکی سیاسی، کە من مەبەستمە دەگهڕێتەوە، دەبێ بڵێم باوەڕبوون بە چەند هۆکار و ماک دەتوانێ تەکویستی گشتیی و شکانەوەی هەموو کۆمەڵگەی ئێمە کە بتوانێ ئەو پرسیارە بەرسڤ بداتەوە بەم شێوازە دەبێ: سەرەتا فەلسەفەی وجودیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە سەرجەم لایەنەکانییەوە، تەنیا هۆکاری دۆخی شێواوی هەنووکە و بە هۆکردی ئەو گۆڕانە دەژمێردرێ. کەوابوو سنووربەندی دەگەڵ بوونی ئەو ڕێژیمە و سەرتر لە ئەو، بە پێویستییەکانی بزووتنەوەی ئێستا دەژمێردرێ.
دواتر، ماکی دێموکراسی و بە فەرمی ناسینی ئیرادەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵانی خەڵک لە دە دەستگرتنی دەسەڵات و هێز، ئەم بیرۆکەیە هیچ دژوازییەکی دەگەڵ ڕێگەچارەکانی کە ئیرادەی خەڵک وەلاوە دەنێ و هێز و دەسەڵاتی سیاسیی تایبەت بە دەستەیەک کە بە ناوی ئایین و سەڵتەنەت دێن، نییە. خۆیابوونی ئەو بیرۆکەیە واتە حوکمەتێک لە سەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت بە پاڵپشتیی دەنگی ئازادانە و ڕاستەوخۆی خەڵک. خاڵێکی تر، فرەنەتەوەیی بوونی ئێرانە کە بە ناسین و بوونی واقعی ئەو ڕاستییە لە کۆمەڵگەی ئێران، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە دەگەڵ کولتوورێکی هاوبەش یا تاقە زمانێک بەرەوڕوو نین بەڵکوو جۆراوجۆری لەم بەستێنەدا حاکمە. بە فەرمی ناسینی ئەو باسە یەکێک لە پێویستییەکان و دواتر کاریگەری بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێرانە. خالێکی تر بە گشتیی کە بە سەر دۆخی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگە واتە کرێکارەکان و زەحمەتکێشان، کارمەندان و معاش وەرگران و هاوڕێیەکانیان، نەبوونی بەرابەری نێوان ژنان و پیاوان، نەبوونی ماف لەهەموو جومگەکان، نەبوونی ئیمکانی دامەزراوە و دیکە بیرۆکەی تر لە کۆمەڵگایەکی ئازادە، کە ئەمڕۆ لەناو بەشی هەرە زۆری هاونیشتمانیانی ئێمە ڕەگی داکوتاوە، لە کۆتاییا ئاماژە بەوەش بکەم بەپێی ئەزمونی مێژوویی بە تایبەت ئەوەی کە هەر لەو ئێرانە و وڵاتانی ناوچەی هاوسێ، هەتا ئێستا ڕووی داوە، ئەگە کۆمەڵانی خەڵک و نوێنەرانی سیاسیی ئەوان، خۆیان خولقێنەری بیرۆکە و پلانی تایبەتیی خۆیان نەبن، ئەوە لە دەرەوەڕا بۆیان دادەنێن و دەشبێ قەناعەتی پێ بکەی، هێزە دەرەکییەکانیش هەرچەند دژایەتیی ئەو ڕێژیمە بکەن دواجار بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دادەگەڕێن، لە لایەکی تر هانا بردن بۆ تێرمی شەڕ و کاری نیزامی لە نێوخۆ، لە پلەی یەکەم بە زەرەری ئەو هێزانەیە کە دەخوازن بە هێزی خەڵکی خۆیان، دەستەڵاتی سیاسی بگۆڕن. کەوابوو دژایەتی دەگەڵ ئەسلی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی و سیاسەت و ئالتێرناتیو چێکردن، لە کۆمەڵە هۆکردێکە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی یا نەرێنی لەسەر ئەم ڕەوتە دادەنێ. متمانە بە کۆمەڵانی خەڵک و پشتیوانییان، یارمەتیدەرێکی گرینگە بۆ کۆمەڵگەی ئێرانی.

حەسەن شەریعەتمەداری

حەسەن شەریعەتمەداری

موهەندیس حەسەن شەریعەتمەداری لە سەرکردەکانی پێشووی حیزبی کۆماریی گەلی موسڵمان لە ئازەربایجان بە گرینگیدان بە دامەزراندنی بەرە لە قۆناخی ئێستا بۆ تێپەڕین دەڵێ: «بە باوەڕی من هەر جۆرە ڕێکخراو یا چەتری هاوبەش لە ڕەوتەکان، کەسایەتییەکان و ئەحزابی سیاسی بە مەبەستی تێپەڕین لەو ڕێژیمە بە شێوەی ئاشتیخوازانە و مەدەنی ئیشێکی گەلێک پیرۆزە، لە ڕاستیدا هیچ دێموکراسییەک بەبێ بوونی حیزبگەلی بەهێز و سەربەخۆ، تەمەندرێژ و ڕاوەستاو نییە، ئێمە دەبێ هاندەری ئەو جۆرە بەرە و پلاتفۆڕمانە بین. کەشی لەبار بۆ گەشەی زیاتری ئەو حیزبانە بخوڵقێنین بۆ بەڕمێن بوون و متمانەی زیاتری خەڵک. لێبەلێ لە سەردەمی تێپەڕین بەر لەوەی حیزبەکان بتوانن کارێک بکەن، بە هۆی دەروونناسیی تایبەتیی کۆمەڵگەی ئێران، ئەوە ڕێبەرانی ڕێکخراوەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن دەگەڵ کەسایەتیی سەرووحیزبی و بان گرووپی، کە لە سەرەوەی ڕکەبەری باوی حیزبەکان، کاریگەرییان دەبێ. لەم قۆناخەدا حیزبەکان دەبێ پەیوەندییان دەگەڵ نەپچڕن و پشتیوانییان لێ بکەن، هەتا ئێمە بتوانین ناوەندێک بە ناوی (شووڕای کارگێڕیی دەورانی تێپەڕ) ئامادە بکەین کە هەموو حیزبەکان نوێنەرانیان تێدا هەبێ و پشتیوانی و یارمەتییان بکەن هەتا بتوانین ئەو دەورانە بە بەرنامە تێپەڕێنین».

چەپ و کۆماریخواز و پەسنی فێدڕالیزم
ڕەئووف کەعبی کە خۆی «دەلاقەیەک لەسەر باسی فێدڕالیزم»ی نووسیوە، لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە وەک شۆڕشگێرێکی چەپ، چ جۆرە نیزامێک لەبۆ دواڕۆژی ئێران وێنا دەکا، دەڵێ: «هێزی چەپ یارمەتیدەر و پشتیوانی ڕەوتە نەتەوەییەکانە بۆ وەدەستهێنانی مافی دێموکراتیک و دادپەروەرانە، هەڵبەت ئەم ڕوانینەش بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە دژایەتی ئەو بیرۆکانە نەکەین کە لە ژێر ئاڵای هەوێتی و ناسنامەی نەتەوەیی، بچتە بەستێنی جۆرێک توندئاژۆیی و ڕادیکاڵ بوون، سەت هەڵبەتە، لە ئێرانی ئەمڕۆدا، دەسەڵاتداری سیاسی دەبێ ئاوێنەی واقعی کۆمەڵگەی ئێران بێ کە ڕەنگاڵەیەکی ئاشکرا پێشان بدا. ئەم کارە بە هاوفکری و هاوکاریی سەرجەم هێزە باوەڕمەندەکان بەو خاڵە، دێتە ئاراوە، کامەیان ڕێگاچارەیەکی سەرتر دەخوڵقێنێ، ناکرێ هەر لە ئێستاوە بڕیار بدەین بەڵام دەکرێ ئەوە بڵێین، نیزامی داهاتووی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مافە سەرەکییە و تەکزکرن بەو خاڵە بنەڕەتییە لە کۆمەڵگە، بە هیچ شێوەیەک جێگای باوەڕ نییە. ئەساسەن ئەم ڕێگەچارەیە، دژی ناوەندگەرایی و بەشداریپێکردنی گشت ئەو کۆمەڵانە لە دەسەڵاتداری سیاسییە کە دەتوانێ شێوازی جۆراوجۆری هەبێ، لە فێدڕالیزمەوە بگرە هەتا جۆرەکانی تری ناموتەمهرکز». بەڕێز شەریعەتمەداریش بە شێوەیەکی تر خوازیاری فێدڕالیزمە و لەم بارەوە دەڵێ: «من خۆم خوازیاری فێدڕالییەکی ناقەومی، پارێزگایی و ئەیالەتی لە چوارچێوەی ئێرانێکی یەکگرتوو دام، خوازیاری یەکسانی و لابردنی هەموو جۆرە تەوفیر و جیاوازیی هەموو ئێرانیەکانم بەتایبەت بۆ کوردەکان، ئازەربایجانییەکان، بلووچ، تورکمەن، عەڕەب و لوڕەکانم. هەروەها گرووپ و لایەنەکانی ژێر ستەم وەک لاوان و ژنان و چینی هەژاری سەدەمەدیتوو. ئەوەی کە من دەمەوێ نەمانی جیاوازی بە شێوەی ئاسۆیی، واتە داڕشتنی فێدڕالیزمێکی سەرتاسەری لە ئێرانە، هەڵبەتە لەو ڕێگاچارەیەدا هەرێمی کوردستانیش قازانجی لێ دەکا».
ڕەئووف کەعبی لەمەڕ جێگە و پێگەی خەباتی کوردستاندا دەڵێ:» ئەگە نەڵێم کوردستان دڵی گۆڕانکارییەکانە لە ئێران، بەڵام بێشک لە ئەندامانی سەرەکیی ئەو جەستەیەیە و ئەمە زێدەڕۆیی نییە. چوار دەیەیە خەبات و خۆڕاگریی بێوچان هەروا بەردەوامە. هەر ئەو میناکەی ئەم دواییانە، واتە مانگرتنی سەرانسەری و بەربڵاو، هێمای پێگەیشتنی ڕەوتێکە کە بەرفرەوان. سڤیل و مۆدێڕنە، حیزبایەتی لە ئێران بە دامەزراندنی حیزبە کوردییەکان دەستی پێکرد، ناو و ناوبانگی خۆڕاگریی کوردەکان سینگ بە سینگ دەگێردڕاوە، ئەمە بۆ بەرگری لەبەرامبەر زوڵم و زۆری ڕێژیم دەگەڵ خەڵکی بێتاوانی خۆی بووە، گیانفیداکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی هێزە سەرەکییەکان، بە جۆرێک لە پێوەندی دەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ بە ئامانج گەیاندنی ژیانی هاوبەش و بەرامبەر لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بووە و وەک نموونەیەک لە تەقەڵا و فیداکاری لە بۆ پێکگەیاندنی بزووتنەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکان لە کۆمەڵگە، تۆمار کراوە. کوردستان بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک، ڕۆلی خۆی دیاری کردووە و باوەڕم وایە ئا بەم شێوەیە، سەرەڕای کێشە و گرفتی زۆر، دەبێ درێژەی هەبێ، لە نەستی کۆمەڵانی خەڵک، کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەیی_ دێموکراتیکی ئەو، بەرگری و خەباتی گەلەکەی، جێگەی دیاریکراوی خۆی هەیە و متمانەی پێ بەخشیوە و چاوەڕوانیی زۆری لێ دەکرێ، خەڵکی کوردستان ڕۆلی خۆیان گێڕاوە و دەیگێڕن، هێزە ڕەسەنە کوردییەکان لەسەریانە ئەو متمانە و باوەڕ و نرخ و بەهایەی کە باس کرا، وەک خۆی ڕابگرن و بە هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان هێزە ڕەسەن و خەڵکییەکان لە سەرتاسەری ئێران کە باوەڕی پتەویان بە ئازادی هەیە، مافی سروشتی لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ئێران وەک مافی خۆیان بە فەرمی بناسن و لە حاند وەدیهێنانی ئامانجە مێژووییەکانی ئەو خەڵقە، تێ بکۆشن».
لە هەرتک ڕێژیمی پاشایەتی و ئیسلامیی ئێراندا پرسی کورد دانی پێدانەنڕاوە. بەپێی دۆخی ئێران و کۆمەڵناسیی سیاسیی ئەو خەڵکە، بەڕێز شەریعەتمەداری لە سەر دواڕۆژی سیاسیی کوردستانی ئێران دەڵێ: «ئەمن پێموایە بەشداریی بەرینی خەڵک لە مانگرتنی ڕێکخراوەکان و مامۆستایان نیشانی دا کە ئەوان هاوئاهەنگ و هاودڵ دەگەڵ باقی خەڵکی ئێرانن و دەزانن کە دواڕۆژیان لە نێوخۆی ئێرانە و دەگەڵ خەلقی ئێرانە. لەسەر ئەو باوەڕەم کوردستان و ئازەربایجان دوو ئەیالەتی مەزن و گەورەی ئێران دەبن لە فێدڕالیزمی داهاتوودا کە دەبێ وەک جیرانێکی باش بە پێوەندییە تایبەتییەکان دەگەڵ یەکتر بژین و بناخەی ئابووریی ئێران بە تووریسم و سەنعەت و وەرزێری لەم دوو ناوچەیە دەبێ خول بخوا. ئەمن وای بۆ دەچم ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان و ئازەربایجان و گەلانی تری ئێران زۆر باش هەستییان بەو پرسە کردووە و وێڕای حیزبە مەزنەکانیان هاوڕێی ئەو هەوڵانە دەبن، ئێمە دەست دەناو دەستی یەک ئەو نیزامە بە مێژوو دەسپێرین و نیزامێک لە سەر بناخەی دێموکراسی و مافی مرۆڤ پێک دێنین».

هیندێ لە حیزبەکانی ئوپۆزیسیۆن، گەلان وەک کەرەسە بەکار دێنن
بەڕێز حافز فازڵی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی «تضامن دمکراتیک»ی ئەهواز دانیشتووی بریتانیا لە وڵامی پرسیاری «زۆربەی کاتەکان دەبینرێ کە حاکمییەتی ئێران و هەندێ لە کەسایەتییەکان و ڕەوتە سیاسییەکان، کە کار دەگاتە مافی نەتەوەکانی ئێران، گوتارێکی هاوبەشیان هەیە، بۆچی؟» ئەو ڕاشکاوانە دەڵێ: «چوونکە پرسەکە بە تەواوی سیاسییە و ڕەوشتی تێدا نییە، لە ڕاستیدا بەرژەوەندیی گەلی باڵادەست ئیزنی خوڵقاندنی ئەو جۆرە گوتارانە نادا، جا چ لە دەسەڵات بێ چ لە دەرەوەی ئەو بازنەیە. دەگەڵ دانپێدانان بەو دیسکۆرسە، دەبێ دەست بە گۆڕانکاری بنەڕەتی بکەن و هەرچی هەیە دەبێ دەگەڵ پەراوێزخراوەکان دابەش بکەن کە ئەوان میراتگرانی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن. دابەش کردنی هێز و دەستەڵات و سەرچاوەکانی ماڵی بەرامبەرە دەگەڵ لە دەستدانی سەرچاوەگەلی مادی زۆر و باوەڕبوون بە کێبرکێیەکی پاقژی زمانی و کولتووری کە لە ڕاستیدا سەدەیەکە وەدەست ناوەندگەراکان لە ڕاستای پەرەپێدان بە شیعەگەری و زمان و فەرهەنگی فارسی یەک نەتەوە، یەک هەڵوێست بوونە و ئەو پارێزگا و شارانەی ناوەند کە بە هیچ شێوەیەک مەرجی پێویست بۆ گەشەی تێدا نییە، پەرە پێبدەن، پێویستە چاوێک بە شارە گەشەکردووەکانی ئێران بخشێنن، هەڵبەت ئەوە بە مانای نەبوونی مرۆڤی ئازادیخواز و بە ئینساف لە قەومی باڵادەست نییە، بەداخەوە ئەو جۆرە بنیامانە زۆر دەگمەنن و تەنانەت لەلایەن ناوەندگەراکانەوە پەراوێز خراون و مەیدانیان پێ نادەن».

حافیز فازڵی

حافیز فازڵی

 

لەسەر ئەو باسە بەڕێز کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەڵێ: «ئەگە حاکمانی ناخەڵکی کە هەمیشە دەسەڵاتیان هەبووە، ئاکار و ڕەوشتیان بە ئاقاری ئینکاری مافی نەتەوەکانی ئێران بووە شتێکی سەیر و سەمەر نییە، چوونکە ڕابردووی دیرۆکی ئێران نیشانی داوە کە هیچ کام لەو دەسەڵاتدارانە لەبەر دڵی ئێران و خەڵکەکەی بەرپرسیارەتییان وەرنەگرتووە. بەڵام باوەڕبوون بەم شێوە سیاسەتە حکوومەتییە و پەسنی لەلایەن بیرمەندان و ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارانی ناحکوومی، بە باوەڕی من بۆ هەڵسەنگاندنی غەڵەت لە مافی مرۆڤ، دێموکراسی، ئازادی و دابینکردنی درێژ ماوەی ئێران دەگەڕێتەوە، هەوڵنەدان بەلای دەرکی هاوبەش لە ڕاستییەکانی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئێران و هەروەها ترس لە لێکدانەوەی خەیاڵی و ڕەشۆکییانە لە سیاسەتە کە دەبێتە هۆی سەرلێشێواویی هیندێ حیزب و کەسایەتیی سیاسیی ئێران».

کەماڵ کەریم،ی

کەماڵ کەریمی

کورد و عەڕەبەکان بەرەیەکیان قبووڵە، کە تێیدا مافی نەتەوەییان ڕوون کرابێتەوە
بەڕێز فازڵی کە نوێنەری عەڕەبەکان لە ڕێکخراوی UNPO _ە، لەمەڕ ویستی ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری دەگەڵ حیزبەکانی کە خوازیاری مافی نەتەوەیینە دەڵێ: «هیچ کات ئۆپۆزیسیۆن ویستی هاوکاری لەتەک حیزبە نەتەوەییەکانی نەبووە و نییە، لە ڕاستییا هیندێ لەو حیزبانە هەوڵ دەدەن بە شێوەی کەرەستەیی و بۆرە و تۆرە، لە هیندێک دانیشتنەکانیاندا کەڵک وەرگرن هەتا بە قازانجی تراویلکەیی، خۆیان پێ ڕابنێن. بەرە پێویستیی بە هیندێ ڕێککەوتن و بەرنامەی کاری دیاریکراو هەیە کە ئەو حیزبانە هیچ کات نایکەن، غافڵ لەوەی کە هیچ جێگرەوە و ئەلترناتیڤێک بەبێ پشتیوانیی گەلانی تر لە دواڕۆژا، جێگرەوەی نییە.
لەسەر جۆری داواکارییەکان لە کاتی ئێستادا دەتوانین ئاماژە بە پرسێکی گرینگی وەک، دژبە ناوەندبوون و فێدڕالیزم بکەین، بەڵکوو ئەوەی بەسەر ئەو گەلانە لە سەدەکانی ڕابردوو هاتووە تۆزێک قەرەبوو بکرێتەوە. بەڕێز کەریمی لەمەڕ داواکارییەکانی گەلی کورد لەو بەرانەدا بە ڕاشکاوی دەڵێ: «داواکاری گەلانی ڕۆنیشتووی ئێران زۆر ڕوونە، بۆ میناک کوردەکان، کە حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرکردایەتیی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵک و خەبات و تێکۆشانی ئەو چەند دەیەی وەئەستۆ گرتووە، هەموو کات پێداگریی لەسەر ژیانی ئاشتیخوازانەی خەڵکی ئێران و باوەڕ بە مافی نەتەوەیی ئەوان لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتدا هەبووە و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە سیستەمێکی حکوومەتی دێموکراتیکی فێدڕال کە ڕوانینێکی واقعبینانەی بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی خەڵکی ئێران هەبێ، یارمەتی بەو کێشە مێژووییانە دەدا. ئەپێم وایە هەر بەرەیەکی یەکگرتوو کە ئامانجەکەی دابینکردنی ویست و داخوازیی درێژماوەی ئێران بێ، دەبێ سرنج بداتە ئەو خاڵە هەستیار و جیدییە، ئەگینا لە هەر گوزەرێکا بەرەو گۆڕان لە ڕێژیمی سیاسی ئێران، بە تەواوەتی دەکەونە داوی ڕێژیمەکانی پێشوو کە جگە لە وێرانی، بە کوشتدانی خەڵکی ئێران و سەرئەنجام لە چارەسەری کێشەکاندا هیچ ئاکامێکی نابێ، بەپێی ئەو ئەزموونە مێژووییانە، کوردەکان هیچ بەرەیەک قبووڵ ناکەن مەگەر پێشەکی چۆنیەتیی چارەسەری پرسی مافە نەتەوایەتیەکانی تێدا باس و ڕوون نەکرابێتەوە».
کەماڵ کەریمی لەسەر ئەوەیکە ئایا گەلانی نێشتەجێی ئێران کە ویست و داخوازیەکانیان لەلایەن حیزبەکانیانەوە داوا دەکرێ هەتا ئێستا توانیویانە ڕای ئەرێنیی حیزبەکان و ڕەوتە سیاسییە سەراسەرییەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن؛ دەڵێ: «ئەو دەستە حیزبانە کە نوێنەرایەتیی گەلانی جۆراوجۆری ئێران دەکەن لەم بەستێنەدا هەوڵی زۆریان داوە و، ئەگەرچی توانیویانە سەرنجی هیندێ لە گرووپ و کەسایەتی سیاسی تێکۆشەری ئێرانی بۆ لای ڕاستیی ئەو پرسەی خۆیان ڕابکێشن، بەڵام نەبوونی بەردەوام و حزووری ڕاستەوخۆ لە کایەی خەباتی خەڵک و هیندێ بیرۆکەی شۆڤینیستی لە هیندێکیان و دڵەڕاوکەی ناڕاست، لە هۆکاری قبووڵنەکردنی هێنانەبەرباسی ئەو بابەتەیە لە نێوان گشت ڕەوتە سیاسییەکانا». بەڕیز فازڵی هەر لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێ:» نەخێر، هۆی سەرەکی هەر ئەو ڕوانینە تەواوییەتخوازانەیە، بەڵام لە ڕاستیدا حیزبە نەتەوەییەکان بە هاوفیکری بووتنە لایەنی ئەو پرسە، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕال و شووڕای دێموکراسیخوازان و هەروەها بەرەی نوێ دەگەڵ هیندێ له هێزە چەپەکان باشترین بەڵگەن_دەبێ ئەوەش بسەلمێنین کە ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەبەرە، بە باوەڕی من تەنیا ڕێگای سەرکەوتن، یەکدەنگیی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی نەتەوەکانە_فێدڕالی و سەربەخۆخواز_ و چالاکی لەژێر چەترێک ئەگە بەڕاستی باوەڕمان بە دێموکراسی هەبێ، ئەگە پێداگری و خەباتی حیزبەکانی نەتەوەیی نەبا بەم جۆرە چەمکی فێدڕالیزم نەدەبووە جێ باس و سەرنجی زۆران. بەڕێزیان هەروەها لە مەڕ داخوازیی عەڕەبەکان دەڵێ: لە ڕاستیدا لە ئێران عەڕەبەکان، جیاواز لە گەلانی تری ئێران نین، عەڕەبەکانیش وەک کوردەکان ویست و داخوازی وەک یەکیان نییە، هەنێک خودموختاریان دەوێ، دەستەیەک تەنیا ڕێگەچارە لە فێدڕالیزمدا دەبینن و هیندێکیش تەنیا ڕێگەی ڕزگاری دە سەربەخۆییدا. هەر بۆیە لە وەڵامی پرسیاری پێشوو دا گوتم، بەرە لە نێوان سەرجەم لایەنەکان زۆر پێویستە چوونکە وزەیەکی زۆر لە گەلان تەرخان دەکا، بەڵام بە سرنجدان بە دۆخی نێونەتەوەیی و بە ئەزموون وەرگرتن لە شوێنی وەک کەتالۆنیا و هەرێمی کوردستان تەنیا ڕێگەی چارەسەر، گەیشتن بە ئێرانێکی دێموکرات و فێدراڵە».
حیزبی»تضامن دمکراتیک»ی ئەهواز باوەڕی بە خەباتی مەدەنی و پشتیوانی لە بزووتنەوەکانی نێوخۆیە و داخوازی نیزامێکی دێموکراتیک و فێدڕال لە ئێرانە. وتەبێژی ئەو حیزبە لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگە هەموو ئەو حیزبانەی گەلانی ئێران دەگەڵ یەک یەکگرتوو بن دیسانیش لە بەرەکان پێویستییان بە ڕەوتە سەرتاسەرییەکان دەبێ؟ دەڵێ: «بەڕاستی هیچ ڕەوتێک بە تاک و تەرا ناتوانێ ڕێژیم بڕووخێنێ و نیزامی سیاسیی داهاتوو دابمەزرێنێ، کەسێک لە داهاتوو لە تاران دەسەڵاتی دەبێ کە ڕەزامەندی گەلانی تری هەبێ و نەتەوەکان بە هاوپشکی خۆیان بزانێ. لەکاتی ئێستادا حیزبە نەتەوەییەکان تواناییەکی زۆریان هەیە و ئەو جۆرەی دەبینین ئامادەن نرخی بۆ بدەن. باری جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆ دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە ڕێگای ڕاستمان پێواوە و لە دواڕۆژێکی نەدوور بە ئاواتەکانمان دەگەین». بەڕێز کەماڵ کەریمی کە حیزبەکەی (حیزبی دێموکراتی کوردستان) لە ڕۆژی 17ی خەرماناندا، لەلایەن سپای پاسدارانی تێرۆریستەوە هێرشی مووشەکیی کرایە سەر و پلینۆمی ئەو حیزبە لە خوێن وەردرا، لەو بارەیەوە ڕایدەگەیەنێ: «لەبۆ گۆڕان و تێپەڕین لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، یەکگرتوویی و بەرە بۆ سەرجەم خەڵکی ئێران بە تایبەت ئەو دەستە لەو ڕەوتە سیاسییانەی کە دەبێ بۆ دواڕۆژی ئێران، بەرنامەیەکی دیاریکراو بخەنە ڕوو کە بریتی بێ لە، دابینکردنی مافی هەموو خەڵکی دانیشتووی ئێران، زۆر پێویست و گرینگە. هەرچەند یەکیەتیی گەلانی ئێران و حیزبەکانی بەشدار لە مەیدانی تێکۆشان و خەبات دەبێ هەوڵ بدەن لەسەر داخوازییەکانی هاوبەشیان پێداگر بن و هاونیشتمانیانی تریش دەگەڵ خۆ هاوڕێ بکەن».