Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

پردی بولیوار و دەربەندی کەوشەن

07/11/2018 | 15:53:49
+A
-A
شاڕۆخ حەسەن زادە

٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی خەڵقی وەزاڵەهاتووی ئێران لەچنگ سیستەمی پاشایەتی، بەشێوەیەکی مەدەنییانە و لە ڕێی مانگرتن و ڕێپێوانە سەرتاسەرییەکان توانیان ئەو نیزامە دیکتاتۆرە سەرەوژێر بکەن. لە دەرفەتی پێکهاتوودا و بە پیلانی پێشتر بۆداڕێژراو خومەینی وەک ڕێبەری سەرجەم ئەو بزووتنەوانە پێناسەی بۆ کرا و هێنایانە سەرتەختی خونکاری! دوای ماوەیەکی کورت لە دەسەڵاتدارەتی و شێوە ڕوانینی حاکمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ حوکمەت و خەڵک، هەم وڵاتی بریتانیا و هەمیش ئەمەریکا وەک دوو دەسەڵاتی لایەنگری ئەم گۆڕانکارییە لە حوکمەتی ئێراندا دەگەڵ ئەم خەڵکە کە بە گڕوتینەوە دەسەڵاتی پێشوویان لەسەرکار لابردبوو ئاوی ساردیان بەسەر داکرا و پەژیوان بوون!
خوڵقاندنی شەڕی ماڵوێرانکەر و دوور و درێژی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق بە قەولی مۆحسین ڕهزایی، فەرماندەی سپای پاسدارانی ئەو کات ئەم ڕێژیمەی بیمە کرد، ئەو شەڕە شەڕێکی جیا لەوەی لەسەر هیندێ کێشە و پرسی ڕابردوو بوو، لە هەمان کاتدا جەنگێکی ئۆلی و مەزهەبیش بوو کە بەسیج و پاسداری ئێرانی چاوەڕێی گەیشتن بە کەربەلا و نەجەف بوون و دەیانویست هەیڤی شیعی پەرە پێبدەن.
دوای کۆتاییهاتنی سەرۆککۆماریی هاشمیی ڕەفسەنجانی و هاتنی خاتەمی بە جێگەی ئەو، بۆشاییەکی دژواز لە بیرۆکەکان ساز بوو، هاوکات بەهۆی ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی و پەرەسەندنی گەشەی شعووری کۆمەڵانی خەڵک و پێگەشتنی نەوەی نوێ، یەکەم ڕاپەڕینی خوێندکاری (کوی دانشگاه) ساڵی ١٣٧٨ سەری هەڵدا، کە بە توندترین شێوەی مومکین (بە قەولی قاڵیباف»گاز انبری») سەرکوت کرا. ئەمە قۆناخێکی نوێ بوو لە دەستپێکردنی خەباتی مەدەنی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی دەستەڵاتدارانی پاوانخوازی ئێران.
دە ساڵ دواتر بە هۆی فرت و فێڵی بەربەرین لە هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی سەرۆککۆماری لە ئێران جارێکیتر خەڵک ڕژانە سەر شەقام و بە دروشمی ناڕەزایەتیی وەک»دەنگی من کوا؟» و «دەنگی خۆم دەوێتەوە» ڕەوتێکی جیاوازایان بە ناوی «بزووتنەوەی سەوز» خوڵقاند کە ئەم ناڕەزایەتییانەش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمەوە بە گرتن و کوشتن و ئەشکەنجەدان کۆتایی پێهات. ئەو ناڕەزایەتییانەی چەند مانگ لەمەوبەر (بەفرانباری ٩٦) دەستی پێکردووە دەگەڵ ڕابوونەکانی پێشوو کە هەر دەساڵ جارێک (٧٨-٨٨) بۆ ماوەیەکی کورت درێژەیان دەکێشا گەلێک تەوفیر و جوداوازی هەیە. ئەوەی ٧٨ خوێندکارانی زانکۆکان بە تایبەت تاران کە بە (کوی دانشگاه) ناوبانگی دەرکرد لە سەر داخستنی ڕۆژنامەی «سەلام» بوو و ئەوەی ٨٨یش وەک باس کرا بە فرت و فێڵی هەڵبژاردنەکان دەستی پێکرد. لێ، هی ئەم جارە زۆر جیاواترە و بۆنی ڕووخانێکی یەکجارەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لێوە دێ، کۆمەڵێک پرس و کێشەی جیدی وەک»بێکاری، گرانی، گەندەڵی و ڕانتی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، گوێنەدان بە ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک، نەبوونی هیچ جۆرە ئازادییەکی کۆمەڵایەتی، ڕادەربڕین، ئایینی، دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە وڵاتانی سووریە، عێڕاق، یەمەن، لوبنان و … لەسەر گیرفانی ئەو خەڵکە هەژارە، گرتن و ئازاردانی خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران بە تایبەت جیابیران، ڕووناکبیران و زەخت و هەڵاتنی ئێلیت و نوخبەکان بەرەو وڵاتانی تر، سەرەڕۆیی بنیاتە ئەمنیەتییەکان و لەسەرەوەی هەمووان سپای تێرۆریستی پاسداران دەست و پێوەندیەکانی و…» ئەو ناڕەزایەتییەی ئەمجارەی لەگەڵ هاوشێوەکانی پێشوو فرە جیاواز دەکا! شتەکە ڕوونە: تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆر درێژ بووهتەوە و سیاسەتەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی بۆ خەڵک و جیهانی دەرەوە قەیرانخوڵقێنە، دڕاندنی بەرجام لەلایەن ترامپ و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی پێشوو بە ئیزافەی سەختترین و دیرۆکیترین گەمارۆکانی مێژوویی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتێک (ئێران) نیزامی کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی کێشەی زۆر چارەنووسساز کردووەتەوە، جیدیبوونی خەڵک و ئەو دروشمانەی ڕێک ئەسڵی نیزام و کەسی یەکەمی ئەو ڕێژیمە واتە خامنەییان داوەتە بەر پللاری مەدەنییانە و (مرگ بر اصل ولایت فقیە)، پشتیوانیی بێپەردەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ترامپ و سەرجەم تیمی هاوکاری لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران چەند دیمەنێکی دیکەی گۆڕانکارییەکانی ئێرانی ئەمڕۆن.
خەڵک ڕەنگبێ چاوپۆشی لە زۆر زوڵم و ستەمکاری بکەن بەڵام کێشەی ئابووریی خەڵکی ئێران پرسێک نییە چین و شەبەنگی هەژار و کەم دەراماتی ئێرانی بتوانێ وا بە سانایی چاوی لەسەر بنووقێنێ و هەڵوێست نەگرن. ئەو وڵاتانەی سیستەمی ئابوورییان بە شێوەی ئیدۆلۆژی (کۆمۆنیستی) و ئایینی هەڵ دەسووڕێن، ئابورییەکەی دەدەست تاقمێکی حکوومەتی دایە، ئاکامی ئەم جۆرە ئابووری و بازاڕەش جگە لە گەندەڵی و ڕانت و دزی هیچ شتێکی تری لێ شین نابێتەوە. میناکی هەرە بەرچاوی ئەم جۆرە وڵاتانە، ڤێنێزۆئێلایە، ئابووریی ئەو وڵاتە بە حوکمی تەکڕەهەندیی داهاتەکەی (نەوت) و پاوانکردنی سامان و سەروەتی نەتەوەیی ئاکامەکەی بە شێوەی ئەستوونی ئەوهای لێ دێ: پووڵی زۆر لەناو بازاڕ/ نەغدینەیی/ زۆربوونی داوا (تقاضا)/ چوونە سەرێی نرخەکان/ هەڵئاوەسان (تورم).
بەپێی سەرچاوەکان ڕادەی هەڵئاوەسان لەو وڵاتە گەیشتووهتە چەند هەزار لەسەد، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دەکا ئەو تەوەڕومە بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ خۆی لە یەک میلیۆن لەسەد بدا. بۆ تێگێشتنی ئەم کارەساتە دەبێ بڵێین، ١٢ میلیۆن بۆلیوار (دراوی ڤێنێزۆئێلا) بۆ کڕینی یەک مریشکی دوو کیلۆیی پێویستە، تازە ئەگەر وەگیریش کەوێ. کە ئەمە بە دراوی یۆرۆ دەکاتە ٢ یۆرۆ، واتە هەر شەش میلیۆن بۆلیوار دەبێتە یەک یۆرۆ! ئەمە ئابووریی ئاڵمانی دوای شەڕی جیهانیی دووهەممان وەبیر دێنیتەوە بەو جیاوازییەی ئەوکات شەڕێکی جیهانی گەورە ڕووی دابوو، ئێستاش لەو وڵاتانەی بەو سیاسەتە ئابوورییە فەشەلە تەنیا شێوازی سەقەتی بەڕێوەبەریی حکوومەتی وای کردووە ئەو کارەساتانە بخوڵقێن.
هەر ئەم داڕمانە ئابوورییە وای کردووە ڕۆژانە سەدان و بگرە هەزاران کەس لە خەڵکی ڤێنێزۆئێلا (ئەو وڵاتەی ئەحمەدینیژاد هەزاران میلیاردی بە ناوی پرۆژەی جۆراوجۆر لە سامانی گەلانی ئێران بۆ خەرج کرد) بە سەر پردی بۆلیوار بەرەو کولومبیا هەڵبێن، جا لەوێش ڕا بۆ وڵاتی سێهەم. لە لای خۆیشمان هەر ئێستاش خەڵکێکی زۆری کورد و ئێرانی بە دەربەند و ڕێڕەوە سنوورییەکانی وڵاتی ئێران بە شێوەی قاچاخ خۆیان لەو نەهامەتییەی بەسەریان هاتووە بە هیوای ژیانێکی ئاسوودە دەرباز دەکەن، ئەمە لە جێی خۆیدا کارێکی زۆر خراپە و مەیدان چۆڵکردنە بۆ گەندەڵیی زیاتر و پاوانخوازانی حاکم. دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە مەحکوومن بە لەنێوچوون.
ڕووداوەکانی ئێستای بازاڕ و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵک لەو تێزە ترسناکەی ڤێنێزۆئێلا نزیکمان دەکاتەوە، جا بۆیە خەڵکی ئێمە دەبێ خۆی ساغ بکاتەوە یا دەبێ چاوەڕوانی ئەو جۆرە ژیانە بێ و قبووڵی بکا یا بێنە مەیدان و بە ڕابوون و هەستانەوەی بوێرانە شۆڕشێکی تر بەرپا بکەن، هەتا لەو دۆخەی ئێستا تێیدا دەژین نەجاتیان بێ و ئەو هەمووە زوڵم و زۆری و ستەمە بنگۆم بکەن، ئەمە ڕێک ئەو خواستەی وڵاتانی ڕۆژئاواییشە، ئەوان ناخوازن ئێران بەشەڕ و تێکهەڵچوون واز لە سەرەڕۆییەکانی بێنێ و سێناریۆی سووریە و ئەفغانستان و عێڕاق دووپاتە بکەنەوە. ترامپ بە گەمارۆ سەختەکانی کە هەموو جومگە و ژێرخانی ئابووری ئێران دەپێکێ، تۆپەکەی دە زەمینی گەلانی ئێران هاویشتووە، هەتا ئەو زەخت و فشارە هەمە لایەنە بکەنە هەوێنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان کە ئەمە باشترین و شیاوترین مۆدێلی گۆڕانکاری لە ئێران دایە.