Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
هزروکولتور

ئێران داینامۆی سەرەکیی ناسەقامگیرکردنی ناوچەیە

07/11/2018 | 15:51:04
+A
-A
و: کەماڵ حەسەنپوور

کاربەدەستێکی پێشووی سی ئای ئەی: ئێران داینامۆی سەرەکیی ناسەقامگیرکردنی ناوچەیە

جێروزاڵم پۆست – یوسی مێلمەن

و: کەماڵ حەسەنپوور

 

لە یەکەم وتووێژیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئیسڕائیلی، کاربەدەستێکی پایەبەرزی پێشووی سی ئای ئەی پێشبینیی ئەوە دەکا کە ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییدا دەڕووخێ.
پۆلێنکردنی نۆرمەن ڕائول شتێکی دژوارە. هەندێک جار ئەو وەک لیبڕاڵێک قسە دەکا و هەندێک جار وەک کۆنەپارێزێک. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ناتەباییەک لەنێوان ئەو دوو بەرداشتە دژ بە یەکانەدا نییە. بەرداشتی ساکار ڕووڕاستییە و بۆ مرۆڤێکی ڕاستەقینەی نێو دەزگای هەواڵگریی هیچ سامانێک لە پیشەی ئەودا بەنرختر لە ڕووڕاستی نییە. ڕەنگبێ باشترین شێوە بۆ باس لە دیمەنی پیشەیی ئەو، قەرزکردنی ئەو دەستەواژە عیبرییە بێ، کە هەر دوو خووخدەی کۆتر و باشووی هەن. ڕەنگبێ شتێک وەک «کۆشوو.»
ڕائول ٣٤ ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی سی ئای ئەی (کە له پێشدا بە ناوی خزمەتگوزاریی شاراوەی بەرگریی دەناسرا) بە ئەرکی جیاواز لە مەیداندا و لە ئاستی بنکەی سەرەکیدا کاری کردووە، لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە ناویاندا ئەرکی بەڕێوەبەریی چەندین بەرنامەی پەیوەندیدار بە ئێرانی ڕاپەڕاندووە. لەو ساڵانەدا، ئەو وەک «بەڕێوەبەری هەواڵگریی نەتەوەیی لەبارەی ئێران» لە بنکەی بەڕێوەبەریی هەواڵگریی نەتەوەیی خزمەتی کردووە. کۆی لێکدانەوەی وردی ئەو لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران، کە لەو دواییانەدا وڵاتە یەکگرتووەکان جێی هێشت، باشترین پێناسەکەی دەتوانین بڵێین ئەوەیە کە هەر کەسەو لە ڕوانگەی خۆیەوە بەرداشتی لەبارەیدا هەیە.
بە هۆی ئەزموونی بەربڵاوی لە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو زانیارییەکی باشی لەبارەی کۆمەڵگەی هەواڵگریی ئیسڕائیل هەیە و زۆر لە کاربەدەستە پایەبەرزەکانی پێشوو و ئێستای، لە نێویاندا بەرپرسی مووساد مەئیر داگان، تامیر پاردۆ و یوسی کۆهێن و سەرۆکەکانی هەواڵگریی سەربازیی وەک ئامۆن یادلینی لە نیزیکەوە دیتووە.
ئەوە یەکەم وتووێژیەتی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئیسڕائیلی. ئێمە مانگی ڕابردوو لە هۆتێلێک لە شاری نیۆیۆرک چاوپێکەوتنمان هەبوو. ئەو بۆ بەڕێوەبردنی پانێلێک لە کۆنفڕانسێکدا کە لەلایەن «یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی»، ڕێکخراوێکی مەدەنی دوولایەنە پێکهاتوو لە سێناتۆرەکانی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان، سیاسەتوان و کاربەدەستانی هەواڵگریی، هەروەها کەسایەتیی ئوڕووپایی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی، لەناویاندا کۆچکردوو مەئیر داگان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئاڵمان بی ئێن دی (سرویسی هەواڵگریی فێدڕاڵ) ئاگوست هەنینگ، هاتبووە ئەم شارە.
ڕێکخراوی «یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی» دە ساڵی پڕ دەکرد و بۆ ڕێزگرتن لەو یادە، چەند میوانی پایەبەرز لە کۆنفرانسەکەدا وتاریان پێشکەش کرد. لەنێویاندا سەرۆکی ئێستای مووساد یوسی کۆهێن، وەزیری کاروباری دەرەوەی عەڕەبستانی سعوودی عادڵ ئەلجوبەیر، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی یەمەن خالید ئەلیەمەنی، باڵوێزانی بەحرەین و ئیماڕات لە وڵاتە یەکگرتووەکان، سێناتۆرانی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکان جۆزێف لیبێرمەن و برایان هووک نوێنەری وەزارەتی کاروباری دەرەوە بۆ پرسی ئێران.
ڕائول گوتی، «ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران هیچ دوورە دیمەنێکی نییە، لە ڕوانگەی لایەنگرانییەوە ڕێککەوتنەکە ئامانجی خۆی پێکا: ئێرانییەکان ڕێئاکتۆری بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم لە ئەراکیان لێک هەڵوەشاند، بەشێکی بەرچاوی سانتریفیووژەکانیان کۆ کردنەوە و ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیان هەناردەی دەرەوە کرد. بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ژێر چاودێریی پشکنێنەرترین بەرنامەی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی دایە و هیچ بەڵگەیەک لەبارەی دوایین هەنگاو بۆ درووستکردنی بۆمبی ناوەکی نییە. بەو پێناسەیە، ڕێککەوتنەکە سەرکەوتوو بووە. ئەوانی کە دژی ڕێککەوتنەکەن هەندێک جار وێدەچێ نەیانهەوێ ددان بەو دەستکەوتە ڕاستەقینانە دابنێن.»

ڕوانگەکەی دیکە چییە؟
ئەوانەی کە پێیان وابوو ڕێککەوتنەکە دەرگای دونیا بەرەوڕووی ئێران دەکاتەوە و ئەو هان دەدا کە ببێتە ئەکتەرێکی بەرپرسیارتر، هەڵە بوون. ئەوان دەڵێن ئێران پێویستی بە کاتی زۆرترە بۆ ئاڵوگۆڕ. ڕەنگبێ وابێ، بەڵام دەبێ چەند ساڵ ڕاوەستین تا ئێران دەست لە پشتگیریکردنی تێرۆریزم هەڵگرێ؟ ئەگەر تۆ لەو ناوچەیە بژی و قوربانیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی تێرۆریزم و هێرشی مووشەکیی بێ، شتێکی ئاساییە کە ناتوانی ئەو هەڕەشانە دژی خەڵکەکەت تەحەممول بکەی، بەو هیوایە کە ئێران دەگۆڕێ»!

هەڵوێستی دڵخواز کە دەبێ بگیرێتە بەر چییە؟
ئەگەر ئێران دەیهەوێ یارمەتیی حوسییەکان بکا، دەبێ یارمەتیی مرۆیی لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بنێرێ نەوەک مووشەک. ئاکارەکانی ئێران کێشەکەیان قووڵتر کردووەتەوە و بۆتە هۆی ئازارچێشتنێکی مەترسیدار بۆ خەڵکی یەمەن. ئێران پشتگیریی زیاتر لە جینێک میلیشیای شیعە و سوننی و تاقمی تێرۆریستیی لە ناوچەدا دەکا. ئەو تێکنۆلۆژیی پێشکەوتووی مووشەکیی بڵاو کردۆتەوە. هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کە ئێران داینامۆی سەرەکیی ناسەقامگیر کردنی ناوچە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە. ئەوە دەبێ کۆتایی پێبێ و ئێران دەبێ ناچار بکرێ کە ئاکاری خۆی بگۆڕێ.
ڕائول لەسهر باسکردن لە مهڕ خۆی دوو دڵە و پێی ناخۆشە کە من لە بارەی پێشینەی بنەماڵەیی ئەو پرسیار دەکەم. بە کورتی، ئەو لە شارێکی بچووکی کانزایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پێنسیلڤانیا لە بنەماڵەیەک، کە هەمیشە هەستی خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و وڵاتیان هەبووە، لەدایک بووە. ئەندامانی بنەماڵەکەی لە شەڕە مەزنەکانی ئامریکا لە سەدەی ڕابردوودا جەنگاون: دوو شەڕی جیهانیی و شەڕەکانی کۆرە و ڤییەتنام. لە بنەماڵەکەیدا فێر کراوە کە ئەو دەبێ هەمیشە دژی مرۆڤە شەیتانی و خراپەکان بجەنگێ. ئەو لە کالێجێکی بچووک بەدوای خولیای خۆی بۆ مووزیک دەستی بە خوێندن کرد بەڵام مێژووی دیتەوە و جیهان بەرەو ڕووی کرایەوە. کاتێک کە لە کالێج بوو سی ئای ئەی پێی زانی و کردیانە ئەندامی خۆیان.
ئەو خۆی لە باس لەبارەی کۆمەڵگەی هەواڵگریی بوارد، بەڵام لە سەرچاوەی دیکەوە بۆم دەرکەوت کە لەکاتی ساڵانی دوور و درێژی خزمەتکردندا ئەو وەک جاسووسی نهێنی، بەرپرسی وێستگە و تا پلەی بەرز وەک بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوین کاری کردووە. لە ٢٠٠٨، ئەو پێشنیاری پێ کرا کە لە بەڕێوەبەریی هەواڵگریی نەتەوەییدا کار بکا، کە لە ٢٠٠٥ لە لایەن جۆرج دەبلیوو بووش بۆ باشترکردنی هاوکاریی لە نێوان ئۆرگانە جیاجیاکانی کۆمەڵگای هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان، دامەزرا. دووبارە ڕێکخستنەوەکە ئاکامی ڕووداوی کارەساتباری یازدەی سێپتامبر بوو، کە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دیتنەوە و پێشگرتن بە ڕووداوەکەدا ناسەرکەوتوو بوون. بە واتایەکی کرداریی، ئەو کاربەدەستی پایەبەرزی بەرپرس بۆ ئیدارەکردنی پلانە هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئێران بوو.
لە ماوەی ٩ ساڵ خزمەت لەو بەرپرسایەتییەدا، ئەو شاهیدی پتەوتر بوونی پەیوەندیی و هاوکارییەکانی نێوان کۆمەڵگای هەواڵگریی ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکان بوو بۆ پلەیەک کە تا ئێستا نەدیتراوە. دەکرێ شیمانەی ئەوە بکرێ کە ئەو لەو کاتەدا ئاگای لە گشت نهێنییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بووە.
هەواڵنێرییە نێونەتەوەییەکان باسیان کردووە کە سی ئای ئەی و مووساد ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان بەڕێوە بردوون، لەناویاندا کوشتنی عیماد موغنیە، گەورە تێرۆریستی حیزبوڵڵا، و دەزگای هەواڵگریی ئەو دوو وڵاتە ئەو ماڵوێرەیان [بەرنامەی کامپیۆتێر کە ئەرکی سیخوڕیی و خرابکاریی بەڕێوە دەبا] بەرهەم هێنا و خستیانە نێو کامپیۆتێرەکانی پەیوەندیدار بە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئێران و هەروەها ئۆپەراسیۆنی بوێرانەی دیکەیان لە چوار دەورەی دونیا بەڕێوە بردوون.
کاتێک کە هەوڵم دا لەبارەی ئەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە پرسیاری لێ بکەم، جوابەکەی بەئەدەبانە بەڵام قایم بوو. ئەو گوتی «من باسی کاری ڕابردوو لەنێو کۆمەڵگەی هەواڵگریدا ناکەم».
سەرۆکی پێشووی مووساد، تامیر پاردۆ، کە ڕائول زۆر باش دەناسێ، پێی گوتم کە «نۆرمەن کوڕێکی گەلێک ژیرە. ئەو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر چاک دەناسێ. ئەو شیکاریکەرێکی زۆر لێهاتوویە و ئهمن ئەوی وەک دۆستێکی ڕاستەقینەی ئیسڕائیل دەناسم. هەموو چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئەو لە ڕاددەبەدەر سەرنجڕاکێش بوون». دوای خانەنشین بوون لە سێپتامبری ٢٠١٧، ڕائول لە کەرتی تایبەتدا دەستی بەکار کرد و چووە نێو «یەکگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمیی».

بۆچوونت لە بارەی دەستبەسەر داگرتنی ئارشیوی ئەتۆمیی ئێران لەلایەن مووسادەوە چییە؟
«من تەنیا ئەو شتانە دەزانم کە لە مێدیاکاندا خوێندوومنەوە. بەڵام بێگومان شتەکان وێدەچێ بیسەلمێنن کە ئێران لە کۆتاییدا بژاردەی پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمیی لە داهاتوودا بۆخۆی پاراستووە».

بە ئەزموونی بەربڵاوی خۆت، شێوەی کار و ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران کامانەن؟
ئێران کەڵک لەو شتە وەردەگرێ کە پێی دەڵێن شەڕی هایبرید یا تاکتیکی زۆنی بۆر. لە ئێران، لەوانەیە کە ڕێبەری گەورە بە ئەوانی ژێردەستی بڵێ ڕیسکی تێوەگلان لە کێشەی مەزن مەکەن، بەڵام لەژێر ئەو ئاستەدا دەتوانن بە شێوەیەکی شەڕئەنگێزانە وەجووڵێن. ئەوە ڕێگا بە ئێران دەدا کە بە خێرایی جووڵە بکا، بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا کە هەر هەنگاوێک دبێ زۆر بە وریاییەوە لە لایەن سیاسەتوانەکان و کۆنگرەوە چاودێریی بکرێ.

مۆدێلێکی ئەوتۆ بە کردەوە چۆن لە مەیداندا جێبەجێ دەکرێ؟
ئێران بە قووڵی لە عێڕاق، سووریە، لوبنان و یەمەن چالاکە. وا دێتە بەرچاو کە ئاکارە شەڕئەنگێزەکانی ئێران لە ناوچەدا شەڕێکی ئاسایی کردووهتە دووبەش: ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئۆپەراسیۆنی هەوایی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە هەندێک وڵات، ئۆپەراسیۆنی هێزی دەریایی لە دەریای سوور، هێرشی سایبری دەورەیی. چونکە ئەو ئاکارانە بەسەر هێنده شوێناندا دابەش بوون، ڕۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکان کێشەکە پاشگوێ دەخەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک دەمرن.

بەڵام ئەوە نییە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گەمارۆی خستوونە سەر ئێران؟
ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا چەندین گەمارۆیان خستوونە سەر ئێران لەبەر تێوەگلانی لە تێرۆریزم، تەقاندنەوەی چوار باڵوێزخانە [لە بەیروت]، و هێرشی مووشەکیی دژی عەڕەبستانی سعوودی. بەڵام ئەو گەمارۆیانە هێشتا لەو ئاستەدا نین کە شوێن دانێنە سەر بڕیاردانی ئێران. لەوانەیە ئێمە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران و حیزبوڵڵامان هێواش کردبنەوە، بەڵام هێشتا ماویەتی تا بیانوەستێنین.

ڕەنگبێ دیپلۆماسی لە گەمارۆیان باشتر بێ؟
لە کاتی مشتومڕ لەبارەی داهاتووی ڕێککەوتنەکە، من لام وابوو کە دەبوو ڕێککەتنەکە جێ نەهێڵین و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار بۆ فشارهێنان بۆ سەر ئێران بکەین. ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێ وا بێتە بەرچاو کە دژی ئێران بە تەنیایە.

کەوابوو سیاسەتی ترامپ هەڵەیە؟
من باسی سیاسەت ناکەم. ئێمە دەبێ لەبیرمان بێ کە ناڕەزایەتییەکانی سەرۆککۆمار ترامپ بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە شتێکی دەگمەن نین. بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرە، لە نێویاندا دێموکراتەکان، ئەو بۆچوونانەیان لە کاتی مشتومڕ لە سەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەبوو. من پێموایە کە ئێمە پێویستە لەگەڵ ئوڕووپا و هاوپەیمانەکانی دیکە کار بکەین، بەڵام ئەوە شتێکی عەقڵانی نییە ڕێگا بە ئوڕووپا بدرێ فشارخستنە سەر ئێران وەدوا بخا. گەمارۆ تازەکان زەخت لەسەر ئێران زیاد دەکەن. ئێران شوێنێکی هێندە پڕ دەسکەوت نییە بۆ مامەڵەی مەزن و، کۆمپانیا گەورەکان ناتوانن ڕەوایی بە هەڵبژاردنی بازاڕی سەخت، ناخۆش و گەمارۆلێدراوی ئێران لە جیات وڵاتە یەکگرتووەکان بدەن.

کاردانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران چی دەبێ؟
ئێران بەرەوڕووی چالشی هاوکاتی وەها بۆتەوە کە لە ڕابردوودا وێنەیان نەبووە. ئەو چالشانە لە ئاستی دێموگرافی، ئابووری، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسین. تووشی بێ ئاوییەکی مەزن بۆتەوە، و دۆخی ڕێگاوبانەکان زۆر خراپن. بەڵام ئێران بۆخۆی خۆی تووشی ئەو گیروگرفتانە کردووە. ئەو بڕیاری دا کە نەوتەکەی لە جیات بەکارهێنان بۆ ڕێگاوبان و یارمەتیدانی خەڵکی مەدەنیی خۆی، بنێرێ بۆ سووریە. بە گشتی نەوەی لاوی ئێران متمانەیان بە دەوڵەت نەماوە و زۆریان وڵات جێ دەهێڵن. کۆچی مێشکەکان چالشێکی دیکەیە.

هۆی هاتنی ئێران بۆ سەر مێزی وتووێژ ئەوە بوو کە خەریک بوو هەرەس بێنێ؟
هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە ئێران لە کاتی هاتنە سەر مێزی وتووێژ خەریک بوو هەرەس بێنێ. ئەوان لە ژێر زەختێکی گەورەدا بوون و بۆیە هاتنە سەر مێزی وتووێژ تا بزانن دەتوانن چ مامەڵەیەک بکەن.

هەواڵگریی ئیسڕائیل ئیددیعا دەکا کە ئێران ٦-٣ مانگ لە بەرهەمهێنانی بۆمب دوور بوو؟
بە گوێرەی گەلێک ڕاپۆرتی مێدیاکان، ئەوە درووستترە کە بڵێین ئێران تەنیا چەند مانگ لەوە دوور بوو کە هێندە ئۆرانیۆمی زۆر پیتێندراوی هەبێ کە بەشی بۆمبێک بکا. کاری زۆرتر پێویست بوو تا خودی بۆمبەکە درووست بکەن.

دەتوانی ئامانجەکانی گەمارۆکان پێناسە بکەی؟
گەمارۆکان دەبێ ببنە هۆی یەکلابوونەوەی ڕێبەرانی ئێران. کامیان پێ باشترە: دەستێوەردان لە ناوچە یا سەقامگیریی ئابووری و سیاسی لە نێوخۆ. لەبەر ئەو هۆیە، من پشتگیریی لە سیاسەتی گەمارۆی بەهێزتر دەکەم.
ئێران بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی کێشەی جێنشینیی خامنەییش بۆتەوە. کێ جێگای ڕیبەری گەورە بگرێتەوە و کام شۆڕش بۆ ئەو بە میرات بەجێ دەمێنێ؟ ئەو پرسە دەبێ ڕێبەری گەورەی ئێستا زۆر نیگەران بکا. ئێرانییەکان هەروەها بەرەو هەڵبژاردنی پاڕلمان لە ٢٠٢٠ و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی لە ٢٠٢١ دەچن. خەڵکی ئێران دەتوانن کەڵک لەو دەرفەتانە بۆ گۆڕینی دەوڵەت وەرگرن.
من پێموایە کە ڕێژیم لە کۆتاییدا دەڕووخێ بەڵام توانایی کەڵکوەرگرتنی لە توندوتیژیی کاری پێشبینیکردنی کاتی ڕووخان دژوار دەکا. من دەزانم کە کاتێک ئەوە قەوما، هیچ کەس پێی سەیر نابێ.