Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

یاسای بنەڕەتی یان گۆڤاری گاڵتەوگەپ!

07/11/2018 | 15:44:15
+A
-A
سام یارسان

سروشتییە کە یاسای بنەڕەتی یان ئەساسنامە بەپێی پێناسەکان بەرزترین بەڵگەنامەی حقووقیی هەر وڵاتێک و سەرچاوەی بنەڕەتییە بۆ کۆمەڵە یاساکانی دیی ئەو وڵات و کۆمەڵگەیە. لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدایە کە بنەما سیاسییەکان، پێکهاتەی دەسەڵات، مافی خەڵک، جێگەوپێگە و شوێنی دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگ دەداتەوە و شوێن و سنوور و بڕی هەر کام لەوانە دیاری دەکرێ.
هیچ یاسایەک نابێ ناتەبا بێ لەگەڵ یاسای بنەڕەتیی وڵات، بە واتایەکی دی یاسای بنەڕەتیی وڵات دەربڕی نیزامی سیاسیی زاڵە بەسەر وڵاتدا و، یاسایەکە ڕوونی دەکاتەوە کە دەسەڵاتەکان لەکوێ کۆ دەبنەوە و چۆن دابەش دەبن؛ پێوەندیی نێوان دەسەڵات لەگەڵ خەڵک و ماف و ئازادییەکانیان چۆنە، دەسەڵاتە لێک جیاکانی وەک دەوڵەت، پارلمان و دەزگای داد دەسەڵاتیان چەندە و ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان لەبەرامبەر خەڵکدا چییە و چۆنە. یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک هەروەها دەستنیشانی ئەوە دەکا کە ئاڵای ئەو وڵاتە چۆنە، سیمبول و نیشانە نیشتمانییەکەی چییە، بنەمای سیاسەتە ئابووری و پلانە فەرهەنگی و پێوەندییە بیانییەکانی چۆنن و چۆن دەبرێن بەڕێوە.
بەو پێیە قانوونی بنەڕەتیی وڵاتی ئێمەش دەبێ خاوەنی وەها تایبەتمەندییەک بێ، بەڵام ئاخۆ ئەو یاسا بنچینەییەی وڵاتی ئێمە لاقی لەسەر کام عەرزە و نێوەرۆکی کۆمەڵە یاساکە چەندە لەگەڵ واقعییەتەکانی کۆمەڵ و وڵات دێنەوە. چاوخشاندنێک بەسەر 177 ئەسڵی ئەو یاسا بنەڕەتییە هەر لەیەکەم خوێندنەوەدا پێمان دەڵێ کە ئەم قانوونە بەجێی ئەوەی دایکی یاساکان بێ، زیاتر لە گۆڤارێکی گاڵتەوگەپ دەچێ.
لەم قانوونەدا هەندێ پڕەنسیپ و بایەخ ڕەنگیان داوەتەوه، وەک: درووستکردنی بەستێنێک بۆ پەرەسەندنی فەزیلەتە ئەخلاقی و مرۆییەکان و بەگژداچوونەوەی هەر چەشنە گەندەڵییەک (ئەسڵی سێهەم)، یەکسانیی هەموو خەڵک چ ژن چ پیاو لەبەرامبەر یاسادا (ئەسڵی بیستەم)، قەدەغەبوونی لێپرسینەوە لە بیروباوەڕی خەڵک (ئەسڵی بیست و سێهەم)، خوێندنی بەخۆڕایی هەتا زانکۆ بۆ هەمووان (ئەسڵی سییەم)، ئەرکوەخۆگریی دەوڵەت بۆ کارخوڵقێنی و دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ خەڵک (ئەسڵی سی و یەک)؛ بەڵام کێیە نەزانێ لەسەر ئەرزی واقع لەم کۆمەڵگەیەدا چ ڕادەبرێ و پێوەندی خەڵک لەگەڵ دەسەڵات و ماف و ئازادییەکانیان چۆنە. زۆر بەشی دیکەی ئەم قانوونەش بەتەواوی لەگەڵ یەک ناتەبان و هەروەها لە زۆر شوێندا بەجێی ئەوەی لە سەرەکیترین بەڵگەنامەی حقووقیی وڵاتێک بچێ، وێنەی گۆڤارێکی گاڵتەوگەپە.
لەم دەرفەتەدا کورتە ئاوڕێک لە تەنیا ئەسڵێکی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەینەوە:
ئەسڵی 177ی پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیدا
لەو ئەسڵەدا هاتووە کە قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاتێک دەستکاری دەکرێ و گۆڕانی بەسەردا دێ کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دوای ڕاوڕاوێژ لەگەڵ کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام فەرمان بە سەرۆککۆمار دەکا سەرنج و خاڵە پێشنیارکراوەکان بۆ گۆڕینی قانوونی بنەڕەتی بداتە شووڕای پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتی کە ئەندامەکانی ئەمانەن:
ئەندامانی شووڕای نیگابان، سەرۆککۆمار، سەرۆکی مەجلیس، سەرۆکی دەزگای قەزایی، ئەندامانی هەمیشەیی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، پێنج کەس لە ئەندامانی مەجلیسی خیبرەگانی ڕێبەری، دە کەس کە ڕێبەر دەستنیشانیان دەکا، سێ کەس لە هەیئەتی وەزیران، سێ کەس لە دەزگای قەزایی، دە کەس لە نوێنەرانی مەجلیس و سێ کەسی ئاکادیمی.
چۆنیەتیی کارەکە و شێوەی هەڵبژاردنەکە و هەلومەرجەکەش یاسا دیاریی دەکا و پەسندکراوی ئەم شووڕایە دوای ئەوەی لەلایەن ڕێبەری نیزامەوە پشتڕاست کرایەوە، جا دەدرێتە دەرێ هەتا خەڵک لە ڕاپرسییەکدا دەنگی بۆ بدا.
نێوەرۆکی هەندێ لە ئەسڵەکانی پێوەندیدار بە ئیسلامیبوونی نیزامی سیاسی و گەڕانەوەی هەموو یاسا و ڕێساکانی وڵات بۆ بنەما ئیسلامییەکان _شیعەی دوازدە ئیمامی_ و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی ئوممەتیش کە لە ئەسڵە نەگۆڕەکانی قانوونی بنەڕەتیی ئێرانن.
ئەوەی قانوونی بنچینەیی وڵات بخوێنێتەوە، بۆی دەردەکەوێ:
ــ تێگەیشتنی درووستی سیاسی، بوێری و ئیمانداری بۆ ڕیز دەکرێ، بەڵام بەپێی ئەسەڵەکانی قانوونی بنەڕەتی و لەسەر ئەرزی واقع نەک ڕێبەر، بەڵکوو حەزرەتی سوڵتانە. بۆ نموونە دیاریکردنی ئەندامانی شووڕای پێداچوونەوەی قانوونی بنچینەیی، هەڵبژاردنی سەرۆکی دەزگای قەزایی، شەش کەس لە ئەندامانی شووڕای نیگابان کە ئەرکیان پەسندکردنی هەموو پەسندکراوەکانی مەجلیسە؛ ڕاستەوخۆ بە دەست خۆیەتی و لە دەسەڵاتی ئەودایە. ئەو شەش کەسەی دیکەی شووڕای نیگابانیش لەلایەن دەزگای قەزاییەوە دیاری دەکرێن و دەدرێنە مەجلیس، کە سەرۆکەکەی لەلایەن خودی خامنەییەوە دیاری دەکرێ. هەروەها هەموو ئەندامانی هەمیشەیی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامیش کە ژمارەیان 44 کەس بوو و ئێستا بۆ 49 کەس زیاد کراوە، ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی خامنەییەوە دیاری دەکرێن.
ــ شووڕای نیگابان بە پشتبەستن بە قانوونی نیزارەتی ئیستسوابی تەنیا ڕێگە بە کەسانێک دەدا بۆ هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و مەجلیسی خیبرەگان بخرێنە بەردەم هەڵبژاردنی خەڵک، کە ئەو کەسانە لە هەموو پاڵوێنەکانی کۆماری ئیسلامی تێپەڕیبن. بۆیە دەکرێ بڵێین هەموو ئەندامانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خیبرەگانیش دەستەبژێری حەزرەتی سوڵتان، یان نوێنەرانی دڵخوازی ئەون.
… ئێستا بگەڕێینەوە سەر باسەکەمان و تیشک دەخەینە سەر ئەو مەرج و ڕێوشوێنانەی لە ئەسڵی 177ی قانوونی بنەرەتیدا، بۆ پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لە قانوونی بنەڕەتی داندراون:
یەکەم؛ بەر لە هەموو شتێک دەبێ حەزرەتی سوڵتان بیهەوێ و مەیلی لەسەر بێ.
دووهەم؛ کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام دەبێ پرسی پێ بکرێ و ڕای وەربگیرێ.
سێهەم؛ ئەو تیمەی لەو پێکهاتەیە درووست دەبێ بریتین لە 98 کەس کە لەوەندە کەسە 66 کەسیان ڕاستەوخۆ لەلایەن حەزرەتی سوڵتانەوە هەڵ دەبژێردرێن و 26 کەسەکەی دیکەی لە ڕێگەی دەستنیشانکراوەکانی دیکەی سوڵتانەوە دەستچن دەکرێن و، خۆ ئەگەر وای دابنێین سێ وەزیر و سێ ئاکادیمییەکەش ڕاستەوخۆ سەر بە جەنابیان نەبن؛ دەمێنێتەوە تەنیا 6 کەسی سەربەخۆ لەو شووڕایەدا!
جا دوایە تازە دەگەینە بەشی گاڵتەجاڕی چیرۆکەکە، ئەویش ئەوەی دواجار ئەو پێداچوونەوە و گۆڕانکارییە دەبێ بێتەوە بەردەستی حەزرەتی سوڵتان و ئەگەر ئەو مەیلی لێ بوو، جا خەڵکیش بتوانن دەنگی بۆ بدەن.
وەک دەبینین ئەسڵی 59ی قانوونی بنەڕەتیی وڵات کە گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵکە، بە هیچ کلوجێک لەگەڵ ئەسڵی 177 کە پرسی قانوونی بنچینەیی وڵاتە نایەتەوە. بەو مانایە کە خەڵک بەهیچ جۆرێک ناتوانن بەڕەسمی قسە لە پێداچوونەوە بە قانوونی بنەڕەتیدا بکەن و باس لە گۆڕانکاریی تێدا بکەن. سەیر ئەوەیە خەڵک وەک چۆن ناتوانن شیکردنەوە و لێکدانەوەی خۆیان لەسەر شان و شکۆی قوڕئانی پیرۆز هەبێ، ئاواش ناتوانن شیکردنەوەیان لەسەر قانوونی بنەڕەتی وڵات هەبێ؛ چونکی بەپێی ئەو قانوونە _ئەسڵی نەوهد و هەشت_ تەنیا مەرجەعی تەفسیر و لێکدانەوەی قانوونی بنەڕەتی؛ شووڕای نیگابانە!
جا ئەوەش کە چۆن دەکرێ باس لە کۆماریبوونی ئەم نیزامە سیاسییە بکرێ و پاساوی بۆ بهێندرێتەوە، باسێکی دیکەیە و نە لەو نووسینەدا جێی دەبێتەوە و نە نووسەری ئەم دێڕانە خۆی لێ دەدا.