Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

تێچووی بژیوی هەر خێزانێک لە ئێران پتر لە دوو هێندەی داهاتی کرێکارێکە

07/11/2018 | 15:30:25
+A
-A
سامڕەند عەتری

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێکڕای تێچووی بژیوی خێزانێکی شارنشینی ئێرانی ٣ میلیۆن و ٥١٠ هەزار تمەن ڕاگەیاندووە. لە کاتێکدا کە ههر لەو ڕاگەیەندراوەدا داهاتی لەسەدا ٩٠ی کرێکارانی ئێرانی، لە سێ میلیۆن تمەن کەمتر خەمڵێندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران تێکڕای تێچووی بژیوی خێزانێکی شارنشینی ئێرانی بۆ ساڵی ڕابردوو نیزیکەی سێ هێندەی لانیکەمی داهاتی ئەو خێزانانە بووە. ئەو ناوەندە ڕەسمییەی ئامار لە ئێران ڕایگەیاندووە، دەبوو لە ساڵی ١٣٩٦دا تێکڕای داهاتی مانگانەی خێزانی ئێرانی سێ میلیۆن و ٦٦٤ هەزار تمەن بووایە، کەچی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاری ئێرانی بە ٩٣٠ هەزار تمەن دیاری کراوە.
ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی باڵای کاری ئێران زیادکردنی حەقدەستی بە پێی بەستەی بژیوی خێزان ڕەت کردەوە، لە کاتێکدا کە کۆمیتەی مز و دەستهەقی ئەو ئەنجوومەنە بەستەی بژیوی بە نیزیکەی دوو میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن بەراورد کردبوو.
عەلی خودایی، ئەندامی شووڕای باڵای کاری ئێران بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندوە کە، «داهاتی مانگانەی سەدا ٩٠ی کرێکارانی ئێرانی لە سێ میلیۆن تمەن کەمترە».
ڕەحمەتوڵڵا پوورمووسا، چالاکی کرێکاری، ٢٩ی مانگی ڕەزبەر گوتبووی، «سەدا ٩٥ی کرێکارانی ئێران بە پێی گڕیبەستی کاتی و بە لانیکەمی حەقدەست کار دەکەن».
بۆ نموونە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ناوەندی کرێکاریی تەشکیلاتی «ساوە» و «زەڕندیە» ڕایەگەیاند گەمارۆ و گەندەڵیی ئابووری لە نێوخۆی وڵات بە گرفتی کێشە ئابوورییەکانی ئێران دەزانێ و دەڵێ دابەزینی نرخی دراو و مووچە و هەقدەست، توانای کڕینی بۆ توێژی کرێکار تا ٨٠ لەسەد هێناوەتە خوارێ.
داود میرزایی، بەرپرسی ناوەندی کرێکاریی تەشکیلاتی «ساوە» و «زڕندیە» ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزڵوەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەوڵدەریی ئیرنا ڕایگەیاند کە چوونەسەری مووچەی کرێکاران لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٧ تا ١٩.٥ لەسەد، هیوا و ئومێدی دا بە کرێکاران و پێیانوابوو کە هەقی خۆیان پێدراوە، بەڵام بەداخەوە گەمارۆکان و کردەوەی گەندەڵکارانی ئابووریی نێوخۆیی، هەلومەرجی ئابووریی وڵاتی تووشی گرفت کردووە وچوونەسەری هەقدەستی کرێکاران نەک هەرهیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لە سەر ژیانی کریکاران دانەنا، بەڵکوو بەهۆی هاتنەخواری نرخی دراو، کرێکاران ژیانیان لەڕابردووش خرابتر بووە و توانای کڕینیان تا 8٠ لە سەد هاتۆتە خوارێ.
ئەنجوومەنی باڵای کاری ڕێژیمی ئیسلامی لانیکەمی حەقدەست بۆ ئەمساڵی هەییی بە یەک میلیۆن و ١١٣ هەزار تمەن داناوە، کە بە دەرماڵە و زیادەکارەوە نیزیک دەبێتەوە لە یەک میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن. ئەمە لە کاتێکدایە هەڵاوسانی ئابووری کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵچوون دایە، ئەو کەمە زیادکردنەی حەقدەستیشی بێبایەخ کردووە، بە چەشنێک کە حەمیدڕەزا ئیمامقولیتەبار، پشکێنەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرێکاران، کە لەنێو نوێنەرانی سەندیکا کرێکارییەکانی سەر بە ڕێژیمدا هەڵدەبژێردرێ، گوتوویەتی: «ئەمساڵ توانای کڕینی کرێکاران لەسەدا ٥٠ و ڕاست نیوە بە نیوە دابەزیوە». عەلی خودایی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کاریش ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە، کە توانای کڕینی کڕێکاران لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا لەچاو مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ـــ کە خەڵکی ئێران دژی گرانی لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران خۆپێشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد ـــ لە سەرووی سەدا ٤٨ـ دابەزیوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زیادبوونی ١٩.٥ لەسەدیی حەقدەست نەتوانێ وەڵامدەری تێچووی بژیوی کرێکاران بێت.
خودایی، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کرێکاران گوتوویەتی، «حەقدەستی کرێکارانی سەرپەرستی خێزان تەنیا یەک لەسەر سێی تێچوونی مانگانەی خێزانەکەی پێ دابین دەکرێ». خودایی گوتوویەتی، «بەپێی ئاماری ڕێکخراوی دابینی کۆمەڵایەتی، داهاتی مانگانەی زیاتر لە سەدا ٨٠ی کرێکاران لە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار تمەن کەمترە و لەسەدا ٩٠ی کرێکارانیش مانگانە کەمتر لە سێ میلیۆن تمەن داهاتیان هەیە».
ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران لەبارەی تێچوو و داهاتی خێزانی ئێرانییەوە نیشانی دەدا کە خێزانی شارنشینی ئێرانی زیاتر لە یەک لەسەر سێی داهاتەکەی بۆ کرێی شوێنی نیشتەجێبوون خەرج دەکا و تەنیا نیزیکەی یەک لەسەر چواری داهاتەکەی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بژیوی خێزانەکەی (خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆ و…) پێ دابین بکا.
ناوەندی ئاماری ئێران نرخی هەڵاوسانی زۆر کەمتر لە ڕێژەی ڕاستەقینەی خۆی ڕاگەیاندووە و بە لەسەدا ١٣.٤ی خەمڵاندووە. نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیشی بە لەسەدا ٣٢.٨ داناوە. ئیمامقولیتەبار ئەو ژمارەیە بە ڕاست نازانێ و پێی وایە دەبوو کاربەدەستان نرخی ڕاستیی هەڵاوسانیان بە لەسەدا ٣٠٠ ڕابگەیاندایە. کەچی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی ئاماری ڕێژیمیش نیشانی دەدا کە هەڵاوسانی خۆراک و خواردنەوە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لەچاو مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەسەدا ٤٥ بەرز بووەتەوە. ئەو ناوەندی ئامارەی ڕێژیم هەڵاوسانی شوێنی نیشتەجێبوون و کرێی خانووی بە لەسەدا ٢١ ڕاگەیاندووە، کەچی جێگری سەرۆکی سەندیکای ڕاوێژکارانی مڵک لە تاران دەڵێ، نرخی خانوو لەسەدا ٣٣ و نرخی کرێی خانوو لەسەدا ٥٠ بەرز بووەتەوە.
سەرباری ئەوانەش، ئابووریناسی ناسراو و نیزیک لە دەسەڵاتی ئێرانی، حوسێن ڕاغفەر پێی وایە، «هەڵچوونی نرخی هەڵاوسان لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵدا لە قەیران دەردەچێ و دەبێت بە کارەسات».
ڕاغفەر دەڵێت، «قاتوقڕی و شۆڕش لە ئێراندا بەڕێوەیە و پێی وایە گەورەترین هۆکاری ئەو دۆخەش سیستەمی بڕیاردانی ئابوورییە لە وڵاتدا، کە بە قسەی ئەو «سیستەمی ئابووریی ڕهفیقایەتی و خزمخزمێنە» لە لووتکەی دەسەڵات دایە».
ڕاغفەر دەڵێ: زۆربوونی خۆکوژی، خۆسووتاندن، خەمۆکی و بەرزبوونەوە و گەشەی هەوسارپچڕاوی تاوان و تێکچوونی باری ئاسایشی گشتی و ئاسایشی ئابووری و کۆچکردنی مێشکە بەتواناکانی وڵات نیشانەی شۆڕشێکی گشتییە. ئهو لە درێژەدا نهیشاردهوه «ئەو کرێکارەی حەقدەستەکەی خۆی پێ نادرێ، هیچ ڕێیەکی بێجگە لە شۆڕش بۆ نامێنێتەوە.»