Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

زیندانیانی نوێی کتێب لە ئێراندا

07/11/2018 | 15:26:53
+A
-A
حەسەن حاتەمی

سەرەتای ئەم مانگە لە زمانی سەرۆکی پۆلیسی تارانەوە بڵاو کرایەوە کە، عەمەلیاتێک بۆ گیران و دەستبەسەر داگرتنی کتێب گەلێکی «غیرە مجاز» ئەنجام دراوە و ١٥ کەس لەو پێوەندییەدا، گیراون.
لەو عەمەلیاتەدا، ڕادەی ٣٣٣ هەزار بەرگ کتێبی قاچاغ و بەکارنەهاتوو- لە ڕوانگەی ئەو بەرپرسە- لە ١٦ عەمباردا بەشێوەی هاوئاهەنگ دەستی بەسەردا گیرا. وترا کە ئەو کتێبانە، لە ٩٠٠ شوێنی «غیرە مجاز»دا دەفرۆشران. نێوەرۆکی ٢٠ هەزار بەرگی ئەو کتێبانە بەپێی بۆچوونی بەشی بازڕەسیی پۆلیس، سیاسی و دژی دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێراندا بوون. هەروەها، پێشتریش لە جۆزەردانی ئەمساڵدا، لە عەمەلیاتێکی دیکەدا، ١٠ وانێت کتێب _ لەو جۆرەی باسیان کرا_ دەستیان بەسەردا گیرا و ٣ کەس لەو پێوەندییەدا، گیران.
پۆلیس بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو کارەیان دەڵێ «بۆ پشتیوانی لە چاپ و بڵاوکردەونەوەی کتێب بە شێوەی ئاشکرا و بە نێوەرۆکی گونجاو و هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب ئەو عەمەلیاتانەیان کردووە. (١)
دەسەڵاتی سەرەڕۆیی نزیک ٤٠ ساڵەی ئیسلامی سیاسی لە ئێراندا کە بە شێوەیەکی تایبەت، دەسەڵاتی تەنانەت سەقەتی کۆماریی خۆی بە بارمتە گرتووە و لە ئەسڵی ١١٠ی یاسای بنچینەییدا، وەلی موتڵەقەی فەقیهـ بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستی ئاوهڵایە، چەوت و ئیدۆلۆژیک ڕوانیویەتە کتێب و کتێب خوێنان. بەتایبەتی ئارامی، بایهخی زانیاری، عادهت گرتن بە خوێندنەوەی کتێب لە سەرەتای ژیان و لە منداڵیدا _٤ هەتا ١٠ ساڵی_ خوێندن بە زمانی دایک، یەکێک لە پێویستییەکانی شکڵگرتنی کەسایەتییەکانی مرۆڤە کە، لەگەڵ قامووسی ڕێژیمی دژی زانستی و دژی مرۆڤایەتیی ئازاد و ماف تەوەردا، ناگونجێ.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە پێکهاتەی حەشیمەتیی ئێراندا کە لە شەش نەتەوەی سەرەکی پێک دێن و هەر نەتەوەیهک بۆ خۆی زمانی تایبەتیی خۆی هەیە و پێویستە بە ڕەسمی بناسرێن و ئازاد بن و هەر یەکەی لەو زمانانەش زاراوە گەلێکیان هەیە کە ئاخاوتنیان پێ دەکرێ و بەشێکێش کتێب و مەتڵەبیان پێ دەنووسرێ و بڵاو دەکرێنەوە. کەچی ڕێژیمی ئیسلامی _ خەڵکانی ئێران موکهللەف بە جێبەجێکردنی بڕیارە دژی گەلییەکانییان دەزانن، نەک ئەوەی خۆیان بە بەرپرسی ویست و داخوازییە ڕەواکانی گەلانی ئێران بزانن!
بۆیە، کتێبەکانی مێژوویی، چیرۆک، شێعر، پەخشان، ڕۆمان، کورتە چیرۆک و… بەشێکی بەناچاری و بەنهێنی یا بە قەولی ئەمڕۆیی «ژێر عەرزی» بەرهەم دەهێنرێن. چونکە فەرهەنگ و فولکلۆری نووسراو و بەرهەمێنراو، زۆرترین تیغ و چەقۆی سانسۆڕی لەسەرە.
لەو پێوەندییەدا پێویستە ئاماژە بە دیاردەی «شۆڕشی فەرهەنگی» بکرێ کە لە ساڵی ١٣٥٩ هێنرایە نێو زانستگەکان و دواتر ڕێکخراوە گەلێکی پشتیوانی بۆ درووست کرا. سەرەڕای دەرکردنی سەدان مامۆستا و پسپۆڕ لە زانستگەکان، بە تاوانی بیری ڕۆژئاوایی هەم دەستییان لە نێوەرۆکی کتێبە زانستگەیی و دواتر لە ڕەدەی قۆناغی دوا ناوەندیی خوێندندا وەردا و هەم بە ناوی ئیسلامیکردن و گونجاندنیان لەگەڵ وەزعی سەردەم بە شێوەی ئیسلامی و پێکهێنانی یەکیەتیی حەوزەی عیلمییەی قوم و زانستگەکان، زۆربەی کتێبەکانیان لە نێوەرۆک بەتاڵ کرد. زۆرترین فشار لەو بوارەدا، بۆ بەشی زانستە ئینسانییەکان هێنرا.
لەو بوارەدا، دکتور سادق زیباکەلام دەڵێ: «زەمان سەلماندی کە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی نەهاتنە دی. بەتایبەتی لە بواری زانستە مرۆییەکاندا کە بڕوایان وابوو، وانەکانی ئەو زانستە کە لەسەر فەلسەفەی ڕۆژئاوایی بونیاد نراوە، سێکۆلاریسم لە زانستگەکاندا پەرە پێدەدەن و لە کۆمەڵگەیەکدا کە، ٩٨٪ ی خەڵکەکەی دەنگیان بە نیزامێکی ئیسلامی داوە نابێ ڕوانگەی ڕۆژئاوایی تەوهری باسەکان و نێورۆکی کتێبەکانی بێ و…» (٢)
بە گشتیی وەزعییەتی بازاڕی کتێب لە ئێراندا، زۆر کەساد و وەرشکستەیە و کەم نێوەرۆک یا بەتاڵ کراوە لە نێوەرۆکی باش، هەرچەند، بۆتە هۆی زێدەخۆریی (رانت خواری) کەسانی پشتیوان و دەهۆڵکوتی ڕێژیم لە لایەک. لە لایەکی دیکەش جگە لە وەی زۆر نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا لەنێو نەتەوەکانی وڵاتدا، هەن کتێب گەلی زۆر جێی سەرنج دەنووسن یا تەرجەمەی دەکەنەوە، کەچی بەشی سانسۆڕ ئیزنی بڵاو کرانەوەیان پێ نادا و ناچارن بەنهێنی بەرهەم بهێندرێن. یا لە دەرەوە لە چاپ بدرێن و بۆ نێوخۆ بەڕێ بکرێن. لەو حاڵەتە دایە، خەڵکانی کتێب خوێن یا کتێب خۆشەویست پێشوازیی گەرمی لێ دەکەن. لەو بوارەشدا، ڕۆڵی «وزارەتی ئیڕشاد»ی ڕێژیم، یەکێک لە شوێنە پڕکێشەکانی ئەو نیزامە سەرەڕۆیەیە. بەڵام بە هەموو دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئەو شوێنە نەیتوانیوە، بە مەبەستەکانی بگا. بۆیە لەو ساتەدا پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا کە گەلانی بەرایی لە ئێران، لەژێر باری قورسی نالەباری ئابووری و گیرۆدەی گەمارۆیەکی زۆر سەخت و دژوار و کەم وێنە دان، مەترسی گرانی و ئاوسان، بێکاریی پتر و دابەزینی زیاتری نرخی دراو، ترس لە شۆڕشی برسییەکان، سێبەری شەڕێکی زۆر مەترسیدار، کە جگە لە دەسەڵاتداران لێی بەرپرس نین، هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم بۆ هێرش بۆ کتێب و کتێب فرۆشانی ئازا و بوێر دەکەن؟
ڕێژێم ئێستا کەوتووەتە بارودۆخێکەوە هەر کار و جووڵەیەکی خەڵکی کە گەشە بە مەدەنییەت و شارستانییەت و عەقڵانییەت بدا، وەک مەسەلەیەکی ئەمنییەتی و زیان بۆ سەر دەسەڵاتە نگریسەکەی سەیری دەکا و هێرشی دەکاتە سەر و تێکۆشەرانی ئەو بوارانە دەستبەسەر و زیندانی دەکا. کتێبخانەی دەستفرۆشەکانی تاران لە سێ مانگی ڕابردوودا، دوو جار، لەلایەن بەشی بەناو ئەمنییەت _بخوێنەوە بەشی سەرکوت و تەپەسەری_ هێرشی کراوەتە سەر و، خراوەتە خانەی ئەمنییەتی و جێی مەترسی. هەروەها، دەکرێ کتێبی ئازاد، لە خانەی ترس لە زانیاریی خەڵک پەسند و بێبڕوایی بە کتێب و بڵاوکراوەکانی بێ نێوەرۆکی ڕێژیمش خوێندنەوەی بۆ بکرێ.
جێی سەرنجە ئەو ڕێژێمە سەرکوتگەرە لە کاتێکدا دژی کتێب و کتێبخانەی پڕ لە زانیاری و عەقڵانییە کە هەم ئۆگر و خوێنەریان زۆرە و هەم جێی مەترسین بۆ فێڵ و تەڵەکەکانی ڕێژێم و دواکەوتوویی فیکری، کە جیهانی پێشکەتوو خەریکی شەپۆلێکی نوێی تێکنۆلۆژییە کە بە «شۆڕشی ماشێنیی دوویەم» (٣) ناوی دەبرێ و بە خێراترین کات مەسەلەکان، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە گوێ، زار و چاوهکانی بە میلیارد خەڵکی دنیای دەگەیهنن. لەو دۆخەدا نە سانسۆڕ باوی دەمێنێ و دادیان دەدا و نە بە هێرش بۆسەر کۆگاکانی کتێب و کتێبخانە دەستفرۆشییەکان دەتوانێ پێشی پێ بگرێ.
دوکتور عەبباس میلانی لە کۆبووەوەیەکدا کە بۆ باس لەسەر پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی و ناکارامەیی و شکستی بێ ئەملاولای گرتبوو، باسی لەوە دەکرد کە: «دەرکەوتووە هەتا دوو ساڵ لەمەوبەر پتر لە ٦٠٪ ی نووسەرانی کتێب لە ئێران ژن بوون… خەباتی مەدەنیی ژنان هەر لە ڕۆژانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ئەو رێژیمە لە ئارادا بووە و لەو ٤٠ ساڵەدا، سەرکەوتنی زۆری وەدست هێناوە و زۆرترین چالنجی بۆ ڕێژیم درووست کردوە».(٤)
لە هێرشی تێرۆریستیی ١٧ ی خەرمانان بۆ قەڵای دێموکراتیشدا، یەکێک لەو شوێنانەی پێکرا، کتێبخانەی گشتیی و بهنێوەرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و دوو پێشمەرگەی خەباتکاری بەڕابردووش، خەدیجە پوورمەند و گوڵاڵە محەممەدزادە بریندار بوون. ئەو کتێبخانەیە بە دروشمی «کتێب باشترین دۆستی مرۆڤە»، خزمەتێکی زۆری بە پێگەیاندنی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب کردووە، و بەردەوام دەبێ لە ڕێی زانیاری گەیاندن بە تێکۆشەران و ئۆگرانی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە دابێ.
بە ڕوانیینێکی سەرەتایی لە ئاکاره ناکارەمەییەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو بوارەدا، بەو ئاکامە دەگەین کە، کتێبی بەنێوەرۆک و بەرهەمی بیری ژیربێژی و مەنیتقی، وەک دوژمنێکی پڕ مەترسی سەیر دەکرێ و خەڵكانی ئۆگری کتێب و کتێب خوێندەوە کە سەرچاوە جێی متمانەکەیان پتر شوێنە دەستفرۆشەکانە، بەو جۆرەی باسی کرا هێرشیان دەکرێتە سەر. کتێبەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێ و کتێب فرۆشەکانیش بەداخەوە زیندانی دەکرێن. بۆیە پێویستە لەمەو بەدواوە، لە کارنامەی پڕ لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ _لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی ئینسانی لە ئێراندا_ کە هەموو ساڵێ مەحکووم دەکرێ، ئەمساڵ هێرش بۆ سەر کتێب و کتێبخانەشی لێ زیاد کرێ و گوشار بۆ ئازادکردنی زیندانییانی کتێب لە ئێراندا، بە زیندانیانی سیاسیی زیاد کرێ و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان لە چوارچێوەی مافی کتێب وەخوێناندا، وەک فایلێکی نوێ و جیاواز، گرینگی پێ بدرێ.

سەرچاوەکان:
١- سایت، اخبار روز، ١ آبان ١٣٩٧ (٢٣ اکتبر ٢٠١٨)
٢- ویکی پدیا
٣ و ٤- یوتیوب، دکتر عباس میلانی، بحران ساختار کنونی ایران و چشم انداز آیندە.
***