بۆ جارێکی دیکە بە هۆی کەمتەرخەمیی و نەبەرپرسایەتیی بەرپرسانی نەخۆشخانەیەک لەشاری سەقز، ژنێکی دووگیان، گیانی لەدەستدا.
بە پێی ئەو ڕاپۆڕتەی کە لە شاری سەقزەو بە دەستمان گەیشتووە ، لەیلا بەرایی خەڵکی ناوچەی سەقز، لە کاتی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی “تامین اجتماعی” شاری سەقز خوێندراوە، بەڵام بە هۆی کەمتەرخەمیی بەئەنقەست، گیانی لە دەستداوە.
گیان لە دەستدانی ئەو ژنە کوردە لە نەخۆشخانەی سەقز لە کاتێکدایە کە کەسانی نیزیک بەو ژنە، مەرگی بەگوماناویی دەزانن و، بە هۆی بەدواداچوون لەو بارەوە بەرپرسی نەخۆشخانەی “تامین اجتماعی” شاری سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندوە کە لێکۆڵیینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامن و، بۆ ماوەیەکی دیکە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنە دووگیانە بە ڕای گشتی دەگەیەنن.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی بە دەستمان گەیشتووە ، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ژنە دووگیانە لە نەخۆشخانە کوژراوەو بەرپرسان لە هەوڵدان بە جۆرێک سەرپۆشی لەسەر دابنێن و، هەر بۆ ئەو مەبەستەش تیمێک لە زانکۆی زانستی پزیشکی پارێزگای سنە ، سەردانی شاری سەقزیان کردووە.
سەرچاوەیەک ئاگادار ڕایگەیاند؛ لەیلا بەرایی خەڵکی گوندی چەم وەلی خانی سەقز، بە دەستی کاربەدەستانی نەخۆشخانەی “تەئمین ئیجتماعی” بە هۆکاری ناروون کوژراوەو، ئیستاش بۆ بە لارێدا بردنی پرسی گیان لەدەستدانی ئەو ژنە، تەرمەکی هەر لە ڕێگا سنە و سەقز دەیهێن و دەیبەن و، وڵامێکی ڕوونیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.
شیاوی باسە لەیلا بەرایی خوشکی ئازاد بەرایی ، یەکێک لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستانە .
جێیئاماژەیە کەسوکار و بنەماڵەی سەرفەرازی شەهیدانی گەل و وڵات، زۆرجار و بەشێوەی جۆراوجۆر لە لایەن دامودەزگا حکوومییەکانەوە ئازار دەدرێن و، تازەترین نموونەشی گیان لەدەستدانی لەیلا بەرایی خوشکی شەهید ئازاد بەراییە.