Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۸ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 19/11/2018 | کاتژمێر:
ئەدەب

پیری سەنگەر و هەڵۆی پەڕوەریو

28/10/2018 | 10:35:09
+A
-A
ئەحمەد قادری

لە درێژەی مێژووی ژیانی نەتەوە بەشکراو و بەشخوراوەکەمان دا،گەلی ماف خواز و خۆڕاگری کورد زۆر تێکۆشەری نیشتمان پەروەری لە باوەشی خۆی دا پێگەیاندوون کە بە وتەی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە: “شیلەی سیاسەتیان لەگەڵ شیری دایکیان مژیوە”. باشترین و بە نرخترین ساتەکانی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەیان تەرخان کردوە و، تا تینیان تێدابووە لە خەبات و تێکۆشان نەسرەوتوون و هەدایان نەداوە. بەڵام تا لە ژیان دابوون ئەو شێوەکە پێویستە لایان لێنەکراوەتەوە و، کاتێک کە شەهیدبوون یا کۆچی دواییان کردوە بە بەژن و باڵامان هەڵگوتوون! هەربۆیە وەک پێشتر ئاماژەم پێکردبوو بەڵێنم بە ویژدانی خۆم داوە ئەو ئەرکەی وە ئەستۆگرم و، ئەوەندەی لەدەستم بێ ڕێز لەخەبات و خۆڕاگریی ئەو مرۆڤە خۆبەخشانە بگرم و، ژیان و خەباتیان بە لاپەڕە کاغەزان وەرکەم و بۆ بەرەی داهاتووی کۆمەڵیان بەجێ بێڵم.

ئەم جارەیان مەلی هەستم بەسەر ناوچەی بانەدا باڵ دەبزێوێ و، لەسەر لوتکەی ئاربەبا لەنگەر دەگرێ و، پیری سەنگەرو هەڵۆی پەڕوەریو، مامە قالەی دڵ پڕ لە سۆزی نیشتمان دەداتە بەر سەرنج.

عەبدولقادر فەتحیان ناسراو بە مامە قالە شۆڕش لە بنەماڵەیەکی وەرزێری گوندی “بەلوە”چاوی بۆ ژیان کردۆتەوە و دواتر لە شاری “بانە” نیشتەجێ بوون.لە بەرئەوە کە  “مامە قالە”پێشتر بەوردی بە ژیان و خەباتی خۆیدا چۆتەوە و لە سەر ماڵپەڕەکانیش بڵاوکراوەتەوە،ئەمن لێرەدا لە وردەکاریەکانی خۆم بواردووە و تەنیا ئەوەندە بەسە کە بڵێم:تەمەنێک بەسەربەرزی ژیا و سەری بەرزی بۆ نەیارانی کورد نەوی نەکرد. بەڵام بەحوکمی ئەوە کە منیش زۆر لە مێژە لە نزیکەوە مامە قالە دەناسم و ،تەنانەت وەک مامۆستایەک زۆر شتی لێ فێر بووم،بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی هەرچەند بە کورتییش بێ چەند دێڕێکی لێ زیاد بکەم و ئەمەگناسیی خۆم لە بەرانبەر محببەت و دڵسۆزیەکانی دەربڕم.

مامە قالە کە لە سەرەتای تەمەنی لاوەتیەوە هەستی بە ستەم لێ کراویی گەلەکەی و زوڵم و جینایەتەکانی رێژیمی پاشایەتی کردبوو،لە پێناو گەیشتن بە ئازادیی و مافە نەتەوەیەتیەکانی گەلەکەی دا زۆر زوو بەهۆی کۆمەڵێک لە دڵسۆزانی شاری بانە لە گەڵ بەرنامە و ڕێبازی پێشکەوتنخوازانەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئاشنابوو، پێوەندیی تەشکیلاتی لە گەڵ دامەزراند و وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسوور بە ئەرکی روونکردنەوەی لاوە ئەرک وەخۆگرەکانی وەئەستۆگرت و ئەوەی لە دەستی هات خۆی لێ نەبوارد. هەربۆیە ئەویش وەک زۆر لە ئەندامانی حیزب دەکەوتە بەر قین  و غەزەبی جەللادەکانی رێژیمی پاشایەتی و دەخرایە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی بێ بەزەییانە.

بەداوی سەرکەوتنی راپەڕینی گەلانی ئێران و زەوتکردنی دەسەلاتی وڵاتەکەمان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی و،دەستپێکردنەوەی  تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، مامە قالە کە خەوی بەو ڕۆژەوە دەبینی، بۆ دیفاع لە دەسکەوتەکانی شۆڕش خۆی و کاک جەمال و مستەفای کوڕی و کاک حەمەدەمینی برای کە لە شەڕێکی حەماسی دا گیانی بە نشتیمان بەخشی،بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەیان پۆشی و تێکۆشانی تەواو وەخت و بە کردەوەیان دەستپێکرد. بنەماڵەی مامە قالە  کە بەگشتی لە خزمەت بەرژەوەندی یە گشتیەکانی خەبات و خۆڕاگریی گەلەکەماندابوون،بەداگیرکرانی شارەکان و میلیتاریزەکردنی ناوچەکانی کوردستان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی یەوە ناچاربوون ماڵ و هێلانەیان بەجێ بێڵن و گەڕۆک و جانتا بەکۆڵ قۆناغ بە قۆناغ پەڕیوەی باشووری کوردستان بوون.

مامە قالە لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتی خۆیدا بەرپرسایەتی جۆراوجۆری لە ئەستۆ بوون و، هەر ئەرک و مەئمووریەتێکی لە لایەن حیزبەکەیەوە بۆی دیاری کرابایە بەگیان و بە دڵ ئەنجامی دەدا و لە کارکردندا ماندوویی نەدەناسی.لە پێناوی گەشەپێدانی زیاتری تەشکیلاتی حیزبەکەی لە هیچ فیداکارییەک خۆی نەدەبوارد و تا هێزی لەبەردابوو لە تێکۆشان نەسرەوت. کاتێک بەهۆی پیری و نەخۆشی و تەنگ و چەڵەمەی ژیانی بنەماڵەکەی ناچاربوو بگەڕێتەوە نێو ماڵ و منداڵی،ڕەوتی خەباتی گۆڕی و،وەک ئەندامێکی جەسوور و کارلێهاتوو درێژەی بە تێکۆشان دا و ، لەو قۆناغەش دا لە کاروانی خەبات وەدوا نەکەوت.

مامە قالە مرۆڤێکی تا بڵێی زمان شیرین، قسەخۆش، ڕوو کراوە، لێو بەبزە، نوکتەزان، خۆش مەشرەف و خۆش مەجلیس و، لە هەر مەجلیسێکدا بایە بە نوکتەی بەتام و جەفەنگ و، بە وتە پاراوەکانی ژەنگ و پەژارەی خەمی لەسەر دڵی دۆستان مشتووماڵ دەکردوو و، بزەی شادی و خۆشحاڵی وەسەر لێوانیان دەپەڕاندن.

لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە جۆراوجۆرەکانی حیزب دا بە شیعر و پەخشانی حەماسی و نوکتەی لە دڵ چەسپیو کۆڕی هاوسەنگەرانی دەڕازاندەوە و، دەرسی ورە و ئیمان و خۆڕاگری و کۆڵ نەدانی فێری پێشمەرگەکان دەکرد.

مامە قالە حیزبەکەی و نەتەوە و نشتیمانەکەی تا ڕادەی پەرستن خۆش ویستوون. هێزی باوەڕ و ئیمانی بەهێزی بە سەرکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی نەتەوە ماف خوازەکەی شانی لەشانی چیاکانی کوردستان دەدا. لە تەنگەبەرترین قۆناغ دا هومێدی بەرنەداوە و، هەمیشە پێشمەرگەکانی بۆ سەرکەوتن دڵگەرم دەکردن. تەنگو چەڵەمە و کەند و لەندی ژیانی پێشمەرگایەتی لە ورە و ئیرادەیان دانەشکاند و لە پێیان نەخست. دواتریش کە بەهۆی نەخۆشی و بە ساڵداچوونی لە هەندەران ناچار بە ژیانی پەنابەری بووە، هەست و بیری هەر لەلای خەبات و پێشمەرگەکان بوو و خەونی بە کوردستانەوە دەبینی.

مامەقالە چ لەباری ماددی و چ لەباری عاتیفە و خۆشەویستییەوە هەموو پێشمەرگەکانی بە جگەر گۆشەی خۆی دەزانین. گێڕانەوەی تەنیا ئەم بیرەوەریە کە بۆخۆم شاهیدی بووم ڕەنگە سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بێ:

ساڵی 1365ی هەتاوی کە بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لەسەر بڕیاری دەفتەری سیاسی ناچاربووین بنکەی هێز و کۆمیتەی شارستان لە کوڕاداوێ چۆڵ بکەین، بۆ شەوێ هاتینە نەخۆشخانەی 25ی گەلاوێژ کە لە شارۆچکەی کارێزە بوو. بڕیارەکە وابوو کە بۆ فێرگەی سیاسی نیزامیی حیزب بەڕێمان کەن کە ئەوکات لە بناری قەندیل بوو. بەیانییەکەی لەکاتی بەڕێکردنمان دا مامە قالە کە ئەوکات ماڵەکەی لە کارێزە بوو هات بۆ دیداربینی و خواحافیزە لەگەڵ پێشمەرگەکان. هەروەک ئێستا لەبیرم ماوە چەپکێک دە دیناری و پێنج دیناری لەنێو داستیدابوو. بە نێو پێشمەرگەکان دا دەگەڕا و، هەر کامیانی ماچ دەکرد بی ناسیبا یان نەی ناسیبایە، دە دیناری یا پێنج دیناریەکی لەمستی دەنا و دەیگوت: ئەوە بۆ خەرجی ڕێگایەت. لەدوای هەمووان هاتە لای من و لەگەڵ خواحافیزی 35 دیناری لەمستی نام کە بۆ ئەوکات پووڵێکی کەم نەبوو گوتی: ئەگەر لە ڕێگایە لاتان دا قاوە خانە و….. ئەوەی بۆ پێشمەرگەکان خەرج کە. ئەوە تەنیا نموونەیەکی گچکە بوو لە بەخشندەیی و دەست و دڵ ئاوەڵایی مامە قالە دەرحەق بە پێشمەرگەکان. دیارە تا ئێستاش کە لە دەرەوەی وڵات بە پەنابەریی دەژیا ئەوەندەی من ئاگاداربم بەشێوەی جۆراو جۆر ئەوەندەی لە توانایدا بووبێ لە یارمەتیدانی کۆنە هاوسەنگەرانی خۆی نەبوارد.

ئەو تایبەتمەندییانە و زۆر تایبەتمەندیی پەسەندی دیکە، مامە قالەیان کردبووە خۆشەویستی هاوسەنگەرانی و، پێشمەرگەکان وەک باوکی خۆیان ڕێزیان لێ دەگرت و، لەنێودڵی هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیان ناسی هێلانەی چێکردبوو.

بە داخەوە ڕۆژی ١٥ی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٦ی مانگی سێپتامبری ٢٠١٨ی زاینی بەهۆی پیری و نەخۆشی لە وڵاتی سوئێد چاوە پڕ لە چاوەڕوانیەکانی بۆهەمیشە لێک نان و، ماڵئاوایی یەکجاریی لە هاوسەنگەرانی و نشتیمانە نازلێشواوەکەی خواست و گۆڕ غەریب بوو.

لەناخی دڵمەوە سەرەخۆشی بە خوشکی بەڕێزم دادە فاتم، کاک جەمال و کاک ئازاد بانەیی دەڵێم و، لە و خەمە گەورەدا لەگەڵیان شەریکم.

ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی باقی بێ.

 

* ئەم نوسراوە هی پێش کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو مامە قالە شۆرشە.