Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۲۷ ی ره‌شه‌ممه‌ی ۱۳۹۷ | 18/03/2019 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

مافی کەمایەتییەکان لە ئێراندا و پرسی عەداڵەتی نەتەوەیی_فەرهەنگی

23/10/2018 | 13:01:55
+A
-A
شەفیع ئاراستە

مافی کەمایەتییەکان لە ئێران ڕاستەوخۆ گرێ دراوە بە ڕوانگەی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوەند و خوێندنەوەی بۆ هاوکێشەی سیاسی و ئەمنیەتیی پێوەندیدار بەو کەمایەتی و جۆراوجۆرییانە. وە ئەم تێڕوانینەی دەسەڵاتی ناوەندیش هەمیشە بە ئاقاری نەهێشتن و تواندنەوەی جۆراوجۆرییەکاندا شکاوەتەوە. بە واتایەکی دی پەیوەندیی کەمایەتییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و ڕۆڵ و کاریگەریی سیاسیی ئەوان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە نیزامی سیاسی و یاسایی و روانگەی بەڕێوەبەرانی وڵات و بناغەی هێزە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەیە .

لە ئیراندا دەتوانین قسە لە سێ جۆر کەمایەتی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی بکەین و هەرکام لەوان سەرەڕای زەوتکرانی مافەکانیان بەڵام بۆ دەستەبەری ئەو مافانە لە سەنگەری خەباتدا بوون و کۆڵیان نەداوە. بەو تێبینییەش پرسی نەتەوەکان لە ئێران ناکرێ ئابستراکت بە مژاری کەمایەتییەکان دابندرێ، چونکی هەر کام لەو نەتەوانەی دەسەڵاتی سیاسی بە کەمایەتیی ناو دەهێنێ، لەسەر خاکی خۆیەتی و زۆرینەشە؛ وەک عەڕەب، کورد، بلووچ و ئازەری و …. هەروەها هیندێک لەو نەتەوانە لە پێناو دەستەبەری مافە ڕەواکانیان ناچار بە شۆڕش و سەرهەڵدان بوون و بەرگریی چەکداریی پڕ شانازییان لە ویست و پرسی خۆیان کردووە، وەک کوردەکان و بلووچەکان…

پرسی جۆراوجۆری ئیتنیکی لە ئێران لە هەندێ کات و ئانوساتدا نەبێ کەمتر دەبێتە ڕۆژەڤی سیاسی، وە لە قانوونی بنەڕەتیی وڵاتیشدا پتر لە پەڕژانە سەر بابەتی فرەئیتنیکی لە ئێران، باسی کەمایەتییە دینییەکان کراوە کە هۆکارەکەی بۆ بەئەمنیەتیکردنی پرسی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە لە ڕوانگەی کاربەدەستانی حوکمەتەوە.

ئەو بەناو کەمایەتییە مەزهەبی و نەتەوەییانە لە ئێران لەڕووی حەشیمەت، ڕووبەری خاک و پانتایی جوغرافیاییەوە زۆرینەی ڕەهای وڵاتی ئێران پێک دێنن، بەڵام ئەوەی حوکمی ئەم وڵاتە دەکا بریتییە لە شیعە_فارس. لەو سۆنگەیەشەوە هەموو ئەو زۆرینەیە مافەکانیان زەوت دەکرێ و خراونەتە پەراوێزەوە. دەسەڵاتی ناوەند کە داننان بەو جۆراوجۆرییانە و مافی بەرامبەریان بە هەڕەشە بۆ سەر تەواوەتیی دەسەڵاتەکەیان دەزانێ، بەردەوام مافخوازیی ئەو پێکهاتانەی بە پیلانی دەرەکی بەستووەتەوە و ئەوەی کردووەتە بیانوو بۆ سەرکوتی بەردەوام.

لەو واقعە سیاسییەدا هەموو بڕیار و فەرمانەکان لە سوڵتەی «شیعە_فارس»ەوە شۆڕ دەبنە نێو هەناوی کۆمەڵگە و بۆ ئەوەش نەک هەر حاشا لە هەموو تایبەتمەندییەکی ئیتینیکی_ئایینیی گەلانی دی؛ بەڵکوو سیاسەتی تواندنەوەی بە هەموو کەرەسەیەک و پیلانێکی ڕەق و نەرم ڕەچاو کراوە. ئاکامەکەشی بریتییە لە بێبەشیی زۆرینەیەکی هەراو لە وڵاتدا و نادادپەروەرییەکی بەربڵاو.

لە قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا «مەسیحی، جوولەکە و زەردەشتی» وەک کەمایەتی ناویان هاتووە، دانیان پێدا نراوە و بەقسەش بووبێ کۆمەڵە مافێکیان بۆ لەبەرچاو گیراوە _کە دیارە بە کردەوە هیچ مافێکیان پێ ڕەوا نەبیندراوە و کۆماری ئیسلامی لایەنێکە کە بەهۆی پێشێلکردنی مافی کەمایەتییە ئاینییەکان نیزیک بە چوار دەیەیە بە بەردەوامی لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە مەحکووم دەکرێ_ بەڵام وەک کورد و ئیتنیکەکانی دیکەی وڵات وەک پێکهاتەیەک دانیان پێدا نەنراوە و بەبەشێکی جیانەکراوە لە کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئێران! ناویان هاتووە.

ئەم جۆرە پێناسەیە ئەگەر لەلایەک بۆ شوناسی ئیسلامی و دینیی دەسەڵاتی ناوەندی دەگەڕێتەوە و ڕەنگدانەوەی تۆخبوونی هێژمونیی دینییە بەسەر قانوونی بنەڕەتیی وڵاتدا؛ بەڵام لە پڕاکتیکی سیاسیدا باشترین پاساو بووە بۆ حاشاکردن لە مافی نەتەوەیی ئەم پێکهاتە و جۆراوجۆرییە نەتەوەییانە و پشتگوێخستنی مافەکانیان.

دەسەڵات هەروەها لە ڕێگەی بەرنامە نەرمئامێرییە بەناو فەرهەنگییەکانیدا و لەڕێگەی تەرخانکردنی سەرمایە و وزەیەکی زۆرەوە هەوڵی کاڵکردنەوەی شوناسی نەتەوەیی پێکهاتەکانی وڵاتی داوە و پلان و پیلانیان ئەوە بووە کە تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆراوجۆرییە ئیتنیکییانە لە بازنەیەکی زۆر تەسکی فەرهەنگی و کەلەپووریدا پێناسە بکەن. بۆ ئەوەش تێ کۆشاون ئەو زێهنییەتە جێ بخەن کە جۆراوجۆریی نەتەوەیی و شوناسی سەربەخۆی پێکهاتەکان لە ئێران دژایەتیی تەواوی هەیە لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکانی ئەم وڵاتە. وە لە نێو هەموو نەتەوەکانیشدا کەسانێکیان لەڕێگەی جۆراوجۆری وەک تەماح‌وەبەرنانەوە دۆزیوەتەوە کە شوناسی ئەم نەتەوانە بە شوناسی نەتەوەی باڵادەستەوە ببەستێتەوە؛ لەچەشنی ڕەشید یاسەمیی کورد کە پێوەندی مێژوویی و ڕەچەڵەکی خۆی بە هی فارسەوە دەبەستێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو بۆچوونە جێ دەخەن کە جۆراوجۆرییە ئایینی و ئیتنیکییەکان لە ئێران بە درێژایی مێژوو ئەزموونی هاوبەشیان هەیە و قەوارەیەکی لێکدانەبڕاون. عەیب و نوقسانیی ئەو گوتارە لەوە دایە کە چۆنە تەنیا یەکێک لەو پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییە هەموو پشکی ئەم ئەزموونە! هاوبەشەی پێ براوە و ئەوانی دی بەشیان حاشا و سڕینەوە بووە؟ چۆنە یەک لەوان بووەتە باڵادەست و ئەوانی تر تەنانەت ڕێگەی خوێندن و فێربوونی زمانەکەشیان نادرێ؟ چۆنە یەکیان بەهۆی شیعەبوونییەوە دەتوانێ حوکمی هەموو وڵات بکا و ئەوانی تر بەهۆی شیعەنەبوونیان قەت ناتوانێ لە وڵاتەکەیدا خۆیدا بگاتە بەرپرسایەتی و پلەیەک کە ئەو هاونیشتمانە شیعەیەی! بە ئاسانی دەتوانێ پێی بگا؟ هەروەها مەگەر غەیری ئەوەیە کە لە هەموو بڕگەیەکی مێژووییدا شوناس ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ و خۆی دادەڕێژێتەوە؟

کیمێلیا بروای وایە کە فەیلەسووفانی سیاسی لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا یەکەی سیاسیی وڵاتیان یەکدەست چاو لێ کردوە و ئەوە بووەتە هۆکاری چەوساندنەوە و تواندنەوەی کەمایەتییەکان.ئەمە لەسەردەمی ئێستادا و بەتایبەت لە ئێراندا خێراییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە. لە ئێرانێکی فرەکولتوور، فرەئایین، فرەزمان و فرەشوناسدا و بە مەبەستی سیاسەتی یەکدەستکردنی نەتەوەیی! و ئایینی! دەیان ساڵە شوناسی نەتەوەیی و ئایینیی زۆرینەی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بە زەبری چەک و سەرکوت پێشێل دەکرێ؛ سیاسەتێک کە نەدەتوانێ ئێرانی «واحید»!ی لەسەر بنیات بنرێ و نە تا ئەو کاتەی دان بەو جۆراوجۆرییانە و مافی بەرامبەر و وەک یەکیان دانەندرێ دەتوانێ ئاسوودەیی بەخۆی ببینێ.