Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
یه‌کشه‌ممه ۳ ی خه‌رمانانی ۱۳۹۸ | 25/08/2019 | کاتژمێر:
ژنان

گەڵاڵەی توندوتیژی دژی ژنان بە “ئادرەسی قوم”

23/10/2018 | 09:10:13
+A
-A
سوفیا زاکاریان

توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران بابەتێکی نوێ نییە. ساڵانێکە ژنان بوتنە قوربانیی باوەری چەوت و پاشکەوتووانەی دەستەڵاتدارانی ئێران، ئەو دیاردەیە لە ڕێژیمەکانی پێشووش بە شێواز و لەونی جۆراوجۆر بەرامبەر بە ژنان هەبووە و هەر جارێ بە شێوەیەک بە هەڕەشە و گورەشە و چەوساندنەوە و جۆرگەلی ڕەوشتی بۆ گێشتن بە ئامانجەکانی پیاوان و حاکمان هەبووە. وەک دەڵێن ژن نیوەی کۆمەڵە و نیوەکەی تری لە داوێنی خۆی پەروەردە دەکا، لێ بەلێ چتۆیە ئێستاشی دەگەڵ بێ وڵاتێک کە بانگەشەی دین و ئایین گوێی ئاسمانیشی کەڕ کردووە نەیتوانیوە یاسایەکی تایبەت بۆ پشتیوانی کردنی ژنان دابنێت؟ پاش بگرە و بەردەی تاقەت پرووکێن لایحەی یاسایەک کە دەبوایە ڕاستەوخۆ بە ڕای نوێنەرانی پەرلەمان پەسەند کرابا، بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی دەبێ بچتەوە شاری قوم و بارەگای ئۆلی و دینیەکانی قوم!

 

لە دادگەکانی ئیسلامی بنەماڵە چ ڕوو دەدا؟

ڕۆژانە چەندین ژن تەنیا بۆ خۆدەرباز کردنی لەو ژینە نەگبەتییەی تێیدانە و بۆ ئازادکردنی ڕووحی یەخسیریان لە مافی خۆیان چاوپۆشی دەکەن و تەنیا داوای سەرافەتی مناڵەکانیان دەکەنەوە، چەنەها ژن ساڵانە بەرەوڕووی ئەشکەنجە و سوکایەتی دەبنەوە و هیچ شوێنەک نییە یارمەتیان بدا و پشتیوانیان لێ بکا، چوونکە هیچ یاسایەک نییە! لە دادگەکانی ئێران ژنان دەبنە قوربانی عورف و کلتوری سەقەتی کۆمەڵگە. واتە ئەوان دەبێ دان بە جیاوازی ڕەگەزیی دابنێن، چوونکە کۆمەڵگە ناخوازێ لە دادگەکان ژن براوە بێ، ئەگە پێچەوانەی ئەمە بێ یاسای ڕزیوی قەزایی خێزان تێک دادەڕمێ.

کاتێ کە یەکەم جار مەعسومەی ئیبتکار تەرحەکەی دابە “قوە قضائیە” گەلێک بۆچوون و ڕای جیاواز هەبوو کە لە ئاکام بۆ قۆناخەکانی کۆتایی بەرەو قوم نێردراوە، پاساوەکەش ئەمە بوو دەبێ ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی بنەماڵە و موشاور کە لە بواری ژنانەوە چالاکن ڕای خۆیان دەرببڕن. هەرچەند ئیبتکار دەڵێ ئەو لایەحەم بۆ زۆر شوێنی تریش ناردووە بۆئەوەی لە کەم و کورییەکانی ئاگادارم بکەنەوە، بەلام لایەکەی تری ئەو ڕووداوە دەبێ چ بێ؟

پارەکە بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ئەم تەرحە ڕوانینی ئوسەلگەرایەکان و خودی بەرپرسی شورای کلتوری کۆمەڵایەتی ئەوە بوو کە ئەو پێشنیارە ڕێک کۆپی لایحەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای ڕۆژئاواییەکانە.

جا با هەنێ باسی یاسای ڕۆژئاواییەکان بکەین، یاساگەڵێک پێویستیان بە نووسینەوە و دەست وە دەست کردن لە ئیدارە و ئۆرگانەکان نییە و کۆمەڵگە و حکومەت سەری پێ بلیندە، ژنان خاوەنی خۆیانن و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانی بە زۆرە ملی داگیری بکا و کەڵکی بەدڵی خۆی لێوەرگرێ، لە سەر داوای کەسی خۆی پێوەندییەکان هەڵدەبژێرێ هەتا لە هەڕەشەکان بەدوور بێ(کارێک کە ژنانی ئێمە خەونی پێوە دەبینن). لە کۆمەڵگای ئێران ژنان بۆیە شوو دەکەن چوونکە دەبێ وەک مێیینەیەک ئەوە بزانن کە پێویستیان بە پیاوێک هەیە و بە بێ پیاو هیچ کات کامڵ نابن، ژن پێویستی بە پیاو هەیە چوونکە ژنێک بەهەر هۆیەک نەتوانێ شوو بکا بە نیسبەت ژنانی تر کەموکورییەکی هەیە، ئەو ژنانەی کە هیچ کاسبی و پیشەیەکیان نییە لە هەموو پشتیوانی کردن و یارمەتیدانێکی کۆمەڵایەتی بێ بەشە ڕێک بە پێچەوانەی کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی، کەوابوو ناچارە پیاوێک لەسەر سەری خۆی وەبینێ، ئەم باسانە دەرخەری ئەوەن، ژن هیچ خاوەنداریەتێکی لەسەر ڕووح و لەش و ژیانی خۆی نییە و بە پێی دۆخ و خواستە کاتیەکانی، لە هەلومەرجێک دا گیر دەکا کە ڕەنگبێ هیچ کات ئارەزووی بۆ نەخواستووە.

ژیان لە دۆخێکی یەکجار زۆر قورس و تژی لە تکا کە هیچ کات بۆی ناڵوێ. هەر ئەو کەشە وا دەکا گرفتی گەورە و کێشە ڕوو بدەن و چارەسەری بۆ نەکرێ ئەمە دەبێتە هۆی ڕەوشتی توند و هاتوهاوار لە بنەماڵە و شێواندنی ژیان لە هەموو لایەک، کە ئاکامەکە کار دەگاتە لای جەنابی قازی، جێگایەک کە زۆر چەتوونە پشتیوان لە ژن وەک خۆی بەڕێوەبچێ.

میناکی وەک ئەسید پڕژاندن و خۆکوژی ژنان لە کۆمەڵگا یەکجار زۆرە، ئەوە کاتێکە ژن ئەو هەمووە زوڵم و زۆرییە هەڵناگرێ و دەبێتە قوربانی قین و غەزەبی کۆمەڵگا و وەک تاوانبار و گوناهبار سەیر دەکرێ.ئەرێ کێشەی ژنێک لە ئێران و هەنێ لە وڵاتانی وەک ئێران بە خێرایی وڵاتانی ڕۆژئاواییە؟ ژنی ئیرانی کە داوای تەڵاق دەکا دەبێ مانگ و ساڵانێک لە ڕێڕەوەکانی دادگە بێت و بچێت هەتا وڵامی دەدرێتەوە کە ئائا دەتوانێ درێژە بە ژیانی هابەش بدا یانا!؟، چ هۆکارێکی گرینگی وەک نەبوونی ئەوین و خۆشەویستی، ڕێز و هەستی هاوبەش بوون… . ئایا ئەمە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان نییە کە مەحکومە بە ژیان؟ ئایا مناڵ لێسەندنەوە وەک کارتێکی زەخت بەکار نایە لەبەرامبەر لێخۆش بوونی مارەیی؟

کێ وڵامدەری ئەو هەمووە زوڵم و نادادپەروەرییە؟ لێدان، بێ ڕێزی، سوکایەتی، کوشتن و تێهەڵدانش با بمێنێ. ئەمە لە ناوچە دواکەوتووەکان بەڕادەیەکی زۆر دەبینڕێ و تەنانەت تۆختریشە، جا سەیرتر ئەمەیە حەق هەر بە پیاوە، ئاخر نەریتی کۆمەڵگە ئەوە دەخوازێ. چەنەها ژن لەبەر هۆکاری سەیروسەمەر گیانیان لێ ئەستێنراوە زۆریان تەنیا لەبەر دان پێیانەنان بە یاسایەکی دواکەوتووی بەربەریەت و کوێر و ڕەش. دەبێ چاوەرێ بین بزانین کەی ئەو یاسایە لە قوم ناوەندی یاسای ئیسلامی دەگەرێتەوە، ئەو ناوەندانەی تەنیا ماف بە خۆیان دەدەن و هیچ یاسایەک سەروەریان نییە. کێشەی هەرە گەورە ئەوە بوو کە “قوە قضائیە” دەبوایە ئەو تەرحەی بۆ پارلمان ناردبا نەک بۆ شاری ئایینی قوم، هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی فراکسیۆنی ژنانی پارلمان ڕایگەیاند، بە هەرشێوەیەک کە ئەو تەرحە بۆ مەجلیس نەگەرێتەوە، فراکسیۆنەکەمان تەرحێکی تر بۆ پشتیوانی لە ژنان دەخاتە ڕوو، ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسی شورای کولتووری دژایەتی خۆی دەگەڵ ئەو پلانە دەربڕیوە، جا سەیر ئەوەیە ئەم بەرپرسە خۆی ژنە! ئەو دڕدونگی و دەمەتەقەیە وادەکات لەم ناوەدا ژنان خەسارەیەکی زۆرتر ببینن. لە چاخی جیهانی خێرا و پێشکەوتن و سەنعەت ئێستاش ژنانی ئێمە لێرەولەوێ زۆڵمیان لێدەکرێ دەکەونە بەر تەوژمی توندوتیژی، هەر ئەوەس وایکردوە بە نیسبەت ژنانی دونیا لە ئاستێکی نزم دابین و وەک ئەوانن پێنەکرێ، نەبوونی هیچ هیوایەک بەدواڕۆژ و سەندنی مافی خوراو و پێشێلکراوایان بە هۆی نەبوونی یاسایەکی تۆکمەی یارمەتیدەر، ژنانی زۆر تەریک و لاواز کردووە بۆ سەدەمە دیتن و لەناو چوون.

ڕەنگبێ ئێستا ژنان لە هەموو کات پێویستیان بە پشتیوانی و یارمەتی کۆمەڵگای ئازادیخواز بێ بۆ دابین کردنی یاسا و ڕێسای وڵامدەر بۆ ژنان، با ئەمەش نەبێتە یاریەکی سیاسی کە تەنیا دایک و خوشک و ژنانمان لێی زیانبار دەبن، با دۆخێک بخوڵقێنین ژنان کە ئەرکی سەرەکیان جیا لەو شتانەی بۆخۆیان حەزیان لێیە، پەروەردە و فێر کردنی مناڵەکانمانە، بە ڕووحێکی ئاسوودە سەرقاڵ بکەین.