Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 19/10/2018 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

ستراتێژیی نوێی ترامپ بە ئیلهام وەرگرتن لە شەڕی سارد

08/10/2018 | 12:01:54
+A
-A
و : کەماڵ حەسەنپوور

بازفید نیوز_ مایک جیگلیو
بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە کاتێکدا کە هەوڵی ستراتێژییەکی هێرشبەرانە دژی ئێران پەرە پێدەدا دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی شەڕی سارد، ستراتێژییەک کە دەتوانێ ڕێژیم ناسەقامگیر بکا و ببێتە هۆی تێکڕمانی.
کاربەدەستانی ئێستا و ڕابردووی وڵاتە یەکگرتووەکان دەڵێن کە کەمپەینێکی نوێ کە زۆر جار بە “ئەوپەڕی زەخت” باسی لێوە دەکرێ کە بە چاولێکەریی لە ستراتێژیی ڕۆنالد ڕەیگان، قارەمانی کۆنەپارێزی پێشوو کە شانازیی رێخۆشکەریی لەنێوچوونی یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ ئەو دەگێڕنەوە، ئامادە کراوە.
لایەنگرانی ئەو بۆچوونە کە بە هەمان شێوە پشتیوانی هەڵوێستێکی هێرشبەرانە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیین دەڵێن کە سیاسەتی شەڕویستانەی ڕەیگان بەرامبەر بە یەکیەتیی سۆڤیەت گیروگرفتەکانی کە بە هۆی بەرتیلخۆریی و بەڕێوەبەرایەتیی هەڵە دروست ببوون بەرجەستە کردنەوە و یەکیەتیی سۆڤیەتی بەرەو هەڵدێری نەمان پاڵ پێوەنا. دەلاقەیەک بەرەو ئەو شێوە بیرکردنەوە دەستبەدەست کرانی نوسخەیەک لەو کتێبەیە کە لە ١٩٩٤ بڵاو کرایەوە و ناوەکەی ئەمە بوو: “سەرکەوتن، ستراتێژیی نهێنی بەرێوەبەرایەتیی ڕەیگان کە بووە هۆی خێراکردنی هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤییەت.” نووسەری کتێبەکە پیتر شوایزەرە. ئەو لە “سەرکەوتن”دا، باسی هەوڵەکانی ڕەیگان و سەرۆکی سی ئای ئەی، ویلیام کەیسی بۆ کەڵکوەرگرتن لە گشت ئامرازی ژێر دەسەڵاتی وڵاتە یەکگرتووەکان جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەکا بۆ فڕێدانی یەکیەتیی سۆڤییەت بۆ نێو “زبڵدانی مێژوو”، هەر وەک ڕەیگان لە وتارێکدا لە ١٩٨٢ لە پارلمانی بریتانیا باسی کرد. ستراتێژییەکەی کە شوایزەر شیکاریی بۆ دەکا، شەڕی ئابوورییە، کە وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئێران لە توێی کەمپەینێکی هێرشبەرانەی گەمارۆیان گرتوویەتە بەر، دەگرێتە خۆ. چەندین بەشی کتێبەکە باسی لایەنە نهێنییەکانی ئەو هەوڵە دەکەن، لە پشتگیریی لە جوڵانەوەی جیابیران لە ئورووپا تا دابینکردنی پارە و چەکوچۆڵ بۆ موجاهیدینی ئەفغانستانی، کە خەریکی شەڕ دژی داگیرکاریی یەکیەتی سۆڤیەت بوون. کاربەدەستێکی کۆشکی سپی گوتی ئەوە “شتێکی شاراوە” نییە کە کتێبەکە هەندێک کاریگەریی لەسەر سیاسەت هەبووە.
یەکێک لە پەرەپێدەرانی کتێبەکە مارک دوبۆویتز، سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکیی لە دێموکراسییانە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوە لە واشینگتۆن کە لەوانەیە زۆرترین کاریگەریی دەرەکیی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەت بەرامبەر بە ئێران هەبێ. ڕەخنەگران دەڵێن دژایەتیی چەند ساڵەی دوبۆویتز لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما لە گەڵ ئێران لە ٢٠١٥ بووە هۆی بڕیاری ترامپ بۆ کشانەوە لەو ڕێککەوتنە لە مانگی مای. (دوبۆویتز دەڵێ ئەو دەیهەویست ڕێککەوتنەکە چاک بکا نەوەک هەڵیوەشێنێ.) ئەوان هەروەها ناوبراو وەک میعماری گەمارۆ تازەکانی ئێران دەناسن. کاربەدەستێکی پێشوو کە لەبەشی سیاسەت بەرامبەر بە ئیران لە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەڵێ: “ئەگەر دەتهەوێ بزانی هەنگاوی دواتر لە سیاسەتی بەرامبەر بە ئێران چییە، ئەگەری زۆر هەیە لە دوایین وتاری مارک دوبۆویتز یا وتاری دامەزراوەی داکۆکیی لە دێموکراسییاندا، باس کرابێ.”
دوبۆویتز دوو ساڵە بانگەشە بۆ “سەرکەوتن” دەکا و نوسخەکانی بڵاو دەکاتەوە، کە لە کتێبفرۆشی سەر سایتی ئامازۆن کڕیونی. دوبۆویتزی ٥٠ ساڵە دەڵێ “سەرکەوتن” نەخشە ڕێگایە. ئەو گوتی “ئەوە کتێبێکی دڵڕفێنە. زۆر شتی دەقاودەقی تێدان. بەشێکی زۆر لە بیرۆکەکان دەکرێ لە دژی ڕێژیمی ئێران کەڵکیان لێ وەرگیرێ.”
کەمپەینی ئەوپەڕی زەخت بەپەلە و دوای کشانەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی داڕێژراوە. دەستپێکی گەمارۆی نوێ هەر ئێستا دراوی ئێرانی تووشی داڕمان کردووە، و بەشێکی زۆر لە گەمارۆی سزادەر بۆ سەر پیشەسازییەکانی نەوت و وزەی ئێران لە مانگی نۆڤامبر دەست پێدەکەن. وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپیۆ دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی ئاپریل سیاسەتێکی نوێ و بەهێزی هێناوەتە وەزارەتی کاروباری دەرەوە، بەڵێنی گەڕاندنەوەی “متمانە” بۆ نێو وەزارەتخانە بە پشتگیریی لە هەڵوێستێکی سەختتر لە وەزیری پێشوو بەرامبەر بە ئێران دەکا، لە کاتێکدا کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جان بۆلتۆن، کە بە ئاشکرا داوای گۆڕینی ڕێژیمی ئێران دەکا، هەمان مانگ دەستبەکار بوو. لە کاتێکدا کە خۆپیشاندانی سەرانسەریی لە ئێران لە دێسامبرەوە دەستیان پێکردووە، ڕێبەرانیان تووشی جیددیترین چالش لە ساڵی ٢٠٠٩ بەولاوە کردووە، کاتێک کە دوای ئاکامی هەڵبژاردنی جێی ناکۆکیی سەدان هەزار ئێرانیی ڕژانە سەر شەقامەکان و بێ بەزەییانە سەرکوت کران. ناڕەزایەتییەکان لە میدیای وڵاتە یەکگرتووەکان و بەهۆی ئابڕووچوونەکان و شەڕی دیپلۆماتیک کە وڵاتیان گرتۆتەوە تەنیا کەمێک سەرنجیان دراوەتێ، بەڵام کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان سەرنجی زۆریان پێداوە، چونکە دەرفەتی زۆرتر بۆ بنکۆڵکردنی ڕێژیمی ئێران بەدی دەکەن. برایان هوک، کە لەلایەن پۆمپیۆ وەک بەڕێوەبەری دەستەی کاری ئێران لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە دیاری کرا لە سێمینارێکی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان دوای هەڵبژێرانی لە مانگی ڕابردوودا بە دووپاتکردنەوەی دروشمی خۆپیشاندەران گوتی: “خەڵک سواڵ دەکەن، مەلاکان خودایی دەکەن.”
ئەو سەرچاوانەی کە خەریکی برەو پێدان بە دێموکراسین، کە لەوێدا دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پشتیوانی لە بەرنامەی پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە وڵاتانی دیکتاتۆر دەکا، گوتیان کە کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا حەزی خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە بەرنامەی هێرشبەرانەتر بۆ بە چالشکێشانی ڕێژیمی ئێران نیشان داوە. بەرپرسێکی ئاسایشی نەتەوەیی پێشوو کە کاری بۆ پرۆژەیەک لە بارەی دەور لێدانەوەی گەمارۆکان و بەرتیلخۆریی لە ئێران کردووە گوتی “ئامانجەکە ئەوەیە کە زەخت بخرێتە سەر دەوڵەت و هەروەها لە داهاتوودا لە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیم یارمەتیدەر دەبێ. پێموایە بە گشتی شتێکی باش بێ. بەرپرسیارکردنی ڕێژیمی ئێران تەنیا دەتوانێ شتێکی باش بێ”
بەڵام ئەوەشی زیاد کرد: “ئەوە دۆخێکە بە ڕاستی ئامادەی کەڵک لێ وەرگرتنە.”
کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە ناویاندا بۆڵتۆن، بە ئاشکرا پێداگرییان لەسەر ئامانجیان، واتە گۆڕینی ڕێژیم نەکردووە، بەڵکو هاندانی ئێران بۆ گۆڕینی ڕەفتار کە تەنیا بەرنامەی ئەتۆمیی نەگرێتەوە، لەناویاندا گیراوەکانی شارۆمەندی وڵاتە یەکگرتووەکان و پشتیوانیی لە تاقمی بەکرێگیراو وەک حیزبوڵڵا. ئەوان دەڵێن کە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران کە بڕیار بدا کە ئاکامی ئەوپەڕی زەخت چی بێ. هوک لە وتووێژێکدا گوتی “گەمارۆکان پێش بە ڕێژیم دەگرن کە داهاتی پێویست بۆ تێرۆریزم و سەرجەم چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران دەستەبەر بکا. ئێمە ئێران ناچار دەکەین کە لە نێوان کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ زەختی ئابووریی زۆرتر و تەریک کەوتنەوە یەکیان هەڵبژێرێ. و ئەوە بژاردەیەکە کە تەنیا ڕێژیم دەتوانێ هەڵی بژێرێ.”
لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت هەندێک لەو کەسانەی کە یەرمەتییان بە داڕێژانی هەڵوێستی سەختگیرانە کرووە نیگەرانیی خۆیان لە بارەی ئاسەوارەکانی دەربڕیوە. کاربەدەستێکی پایەبەرزی پێشوو لە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپدا کە هێشتا پشتگیریی لەو هەڵوێستەدەکا و وەک ئەوانی دیکە داوای کرد نەناسیاو بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕووڕاستانە قسە بکا گوتی “تۆ زەختێکی زۆر دەخەیە سەر ڕێژیم. کەوابوو پێموابێ شتێکی ئاقڵانەیە کە بیر لە ئاسەوارەکانی ئەو زەختە بکەیەوە. گەورەترین موشکیلەی ئەو لایەنەی ستراتێژییەکە ئەوەیە کە وا باشترە تۆ بزانی دوای تێکڕمان چی دەکەی. تۆ ناتوانی تەنیا لێگەڕێی کە تێک بڕووخێ، دەنا لیبییەکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.”
کاربەدەستە پێشوویەکە گوتی ئەوانە پرسیارگەلێکن کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە پشت شانۆوە پێیانەوە سەرقاڵە. “ئەو کەسانەی کە کار لەسەر پرسی خۆرهەڵاتی ناڤین دەکەن ساویلکە نین. ئەوان تێ دەگەن کە بۆشایی دەسەڵات چ بەسەر ناوچەکە دێنێ. مەبەستم ئەوەیە کە ئەوە هەرگیز باش نییە.”
کاربەدەستانی هەنووکەیی و پێشوو ئیعتڕاف بەوە دەکەن کە ترامپیش دەتوانێ ئاراستەی بە شێوەیەکی چاوڕواننەکراو بگۆڕێ، هەر وەک لە بەرامبەر کۆرەی باکوور کردی، پاش چەند مانگ هەڕەشە و گوڕەشە، پێشوازیی لە وتووێژ لەگەڵ دیکتاتۆرەکەی کرد. چەند سەرچاوە کە لە سەردەمی ترامپدا کاریان لەسەر سیاسەتی ئامریکا بەرامبەر بە ئێران کردووە دەڵێن معامەلەچییەکە (ترامپ وا خۆی پێناسە دەکا) پێی خۆشە بۆخۆی دەرفەتی ڕێککەوتن لە گەڵ ئێرانی گیر کەوێ، ڕێککەوتنێک کە ئەو شوێنانەی ئەو ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی کەسی پێش خۆی گرتبوو بگرێتە خۆ. ئەو ڕۆژی چوارشەممە دەرفەتی باسکردنی مەبەستەکانی بۆ دەڕەخسێ، کاتێک کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک حازر دەبێ تا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی پەرەپێدانی ئەتۆمیی بکا. ئەنجومەنەکە بە هەمان شێوە وەبیرهێنەورەوەی ئەو ڕاستییەیە کە سەرەڕای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕێککەوتنی ئێران هێشتا لە جێی خۆیەتی. واژۆکەرە سەرەکییەکانی دیکە، بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان، و یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ڕوسیە و چین، درێژە بە پشتگیریی خۆیان لە ڕێککەوتنەکە دەدەن، لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی کە ئێران تا ئێستا مەرجەکانی بەجێ گەیاندووە، کە وڵاتە یەکگرتووەکان ناچار دەکا داوای هاریکاریی بۆ چەسپاندنی گەمارۆ تازەکانی بکا. کاربەدەستێکی پایەبەرز لە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ گوتی تا ئێستا گەمارۆکان باش کاریان کردووە. کاربەدەستەکە بە مەرجی نەدرکاندنی ناوی بە گوێرەی سیاسەتی دەوڵەت گوتی، ” نۆڤامبر دێت و دەوری دووهەمی گەمارۆکان لەوەش بەهێزتر دەبن. ئێمە ئاڵوگۆڕی ڕەفتارمان دیتووە، و هەر ئێستا هاتنە خواری بەرچاوی کڕینی نەوتی ئێران دەبینین، کە دەقاودوق ئەو شتەیە کە دەمانهەوێ بیبینین.”
ڕیچارد جانسۆن کە لەبەر کشانەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنی ئێران دەستی لەکار کێشایەوە، یەکێک لە پایەبەرزترین پسپۆڕانی ئەتۆمیی لە وەزارەتی کاروباروی دەرەوە بوو، گوتی ئەو لە بەڕیوەبەرایەتی هەوڵی دژ بەیەک دەبینێ: لە لایەک، بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئێران و هێنانە ئارای ڕێککەوتنێکی باشتر، و لە لایەکی دیکەوە، کەڵکوەرگرتن لە دەورەی سەرۆک کۆماریی ترامپ بۆ پلاندانان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم. ئەو گوتی، حاڵی حازر، هەردووکیان دەتوانن تێکهەڵکێش بکرێن بۆ خستنی ئەوپەڕی زەخت. ئەو گوتی “بە بۆچوونی من، ئەو خەڵکەی کە ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبەن باوەڕمەندی ڕاستەقینەن. ئەوان بەڕاستی پێیان وایە کە دەتوانن کەمپەینێک بۆ ئەوپەڕی زەخت بۆ سەر ئێران دەست پێبکەن، کە بتوانێ ئابووری ئێران هەرەس پێبێنێ و تووشی کەسادیی ئابووری بکەن و ئێرانییەکان بە تەواوی بەچۆک دابێنن، تا ئەو جێیە کە ئەوان یا دێنە لای ئێمە و دەپاڕێنەوە بۆ وتووێژ، یا ئێمە دەبینە هۆی ڕووخانی ڕێژیم و شتێکی دیکە بەدوای دا دێ.”
جانسۆن کە کاتێک کە لە دەوڵەت دابوو بە شێوەیەکی بەربڵاو هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ کۆرەی باکوور کاری کردووە و ئێستا بەڕێوەبەری پایەبەرزی دەستپێشخەریی هەڕەشەی ئەتۆمیی، ناوەندێکی نابازرگانیی وڵاتە یەکگرتووەکانە، پێی وایە کە ئێران هەڕەشەیەکی مەزنتر بۆ ناکۆکی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانە، سەرەڕای ئەوەی کە کۆرەی باکوور هەر ئێستا چەکی ئەتۆمیی هەن. ئەو گوتی “لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەی کە من پێموایە ئەگەری سەرهەڵدانی دوژمنکاریی لە کوێ زۆرترە، من زۆرتر نیگەرانی ئێرانم. چونکە بە هەر هۆیەک بێ سەرۆککۆمار بڕیاری داوە کە لەگەڵ کۆرەی باکوور باش بێ.”
ئەو ئەوەشی زیاد کرد:”شتێکی دیکە کە لە بەراورد لەگەڵ کۆرەی باکوور ون دەبێ ئەوەیە هیچ لۆبییەکی دژی کۆرەی باکوور لە واشینگتۆن نییە. و هیچ وێکچوونێک لە دەوڵەتانی ناوچەدا نییە. تۆ ئیسڕائیلت نییە، عەڕەبستانی سعودیت نییە، تۆ ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبیت نییە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هێندە ئەکتەری دیکە بوونیان هەیە کە هەوڵ دەدەن پرسەکە بەرەو ئاراستەیەکی نەرێنی بەرن.”
سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترامپ، ئەو بە ئاشکرا، وەک زۆربەی ئامریکاییەکان گوتویەتی کە دەستوردانێکی پڕ تێچوونی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوێ. لەگەڵ ئەوەشدا ترامپ هێرشی مووشەکیی کردە سەر سورییە دوای هێرشی چەکی شیمیایی لە ساڵی ڕابردوو و ئێریک بروەر، کارناسی هەواڵگریی وڵاتە یەکگرتووەکان کە بەڕێورەبەری دژە پەرەپێدانی [ئەتۆمیی] لە شوڕای ئاسایشی نەتەوەیی بوو تا مانگی مای، گوتی کە بەرز بوونەوەی گرژیی لە نێوان واشینگتۆن و ئێران ئەگەری پەرەئەستاندن زیادی کردووە. ئەو نیگەرانی ئەوەیە کە ئاخۆ بەڕێوەبەرایەتیی بە تەواوی بیری لەوە کردۆتەوە کە چۆن وەڵامی ورووژاندنەکانی ئێران وەک دەستپێکردنەوەی ڕێژەیی هەندێک لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کە لە کاتی ڕێککەوتنەکەدا وەستاندبوونی بداتەوە. ئەو گوتی “تەنیا بژاردەی کە ئەوان باسیان کردووە ئەوەیە کە “وا مەکە، دەنا”، کە دەکرێ وەک جۆرێک هەڕەشەی کردەوەی سەربازیی تەعبیری بۆ بکرێ، بەڵام ڕوون نییە. هەڕەشەی ناڕوونی کردەوەی سەربازیی بۆ پێشگرتن بە ئێران کە هەندێک سانتریفیوژ زیاد بکەن نە باوەڕپێکراوە و نە ئاقڵانە.”
ئەو ئەوەشی زیاد کرد: “لەوانەیە هەندێک کەس هەبن کە پێیان وابێ کە هەڵوێستی سەختگیرانە دەتوانێ ئێران ناچار بکا کە دەستی خۆی ئاشکرا بکا، بەڵام من لەو بڕوایە دام کە هەم وێناچێ وابێ و هەم مەترسیدارە. پێموایە ئێمە دەبێ زۆر بەگومان بین لە هەر کەسێک کە ئیددیعا دەکا کە دەتوانێ بە متمانەوە پێشبینی ئەوە بکا کە ئەم شتە بە چ ئاراستەیەک دا دەڕوا.”
دوبۆویتز، سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان، لەبارەی ئەو بیرۆکەیە کە سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە بارەی ئێران بەشێکی بۆ ناسەقامگیرکردن و ئەگەری ڕووخاندنی ڕێژیم داڕێژرابێ گوتی “بێگومان، ئەوان بە فەرمیی حاشای لێ دەکەن. من پێموایە کە بۆڵتۆن و ئەوانی دیکە ڕاشکاوانە پێیان وایە دەکرێ ڕێژیم تێک بشکێنن هەر وەک چۆن ڕەیگان یەکیەتیی سۆڤیەتی تێك شکاند.”
ئەو گوتی گۆڕینی ڕێژیم دەستەواژەیەکی هەڵەیە چونکە پەیوەندی بە شەڕی وڵاتە یەکگرتووەکان لە عێراقەوە هەیە: “لەو پەیوەندییەدا، ئەوە بە مانای داگیرکردنی ئێران لە لایەن هێزی مێکانیزە و داگیرکاریی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەنە. ئەو شتە ناقەومێ.” ئەو ئەوەشی زیاد کرد کە دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی دیکە دەتوانێ ئاکامی سیاسەتی ئیلهام وەرگرتوو لە ڕەیگان بێ، و هەرەسهێنانی ڕێژیمی ئیسلامیی دەتوانێ ئاکامێکی دیکەی بێ. هەر سێناریۆیەک کە بەدوای ڕووخانێکی ئەوتۆدابێ، ئەو زیادی کرد، لە دۆخی ئێستا باشترە، شیکارییەکەی ئەوە بوو کە تەنانەت ئەگەر ڕێژیمێکی دوژمن بە ڕێبەریی سپای پاسدارانی ئیسلامیی ئێران کۆنتڕۆڵی وڵات بەدەستەوە بگرێ، بە هۆی دووبەرەکیی نێوخۆ و ئەوەی کە مەلاکانی ئێران ڕەوایی پێ نادەن لاواز دەبێ. ئەو گوتی “هاوتەریبیی لەگەڵ شەڕی سارد لێرە دایە. یەکیەتیی سۆڤیەت ڕووسیەی ئێستایە. ڕووسیە مەترسیدارە. من نامهەوێ ئەو مەترسییە کەم بنوێنم. بەڵام هەڕەشەی مان و نەمان نییە وەک یەکیەتی سۆڤیەت بوو.”
ئەو موشکیلەیەکی لەگەڵ ئەو وێکچوونە بەدی دەکرد. ئەو گوتی “ترامپ ڕەیگان نییە، مرۆڤ دەبێ هەمیشە ئەوەی لەبیر بێ.”