Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
چوارشه‌ممه ۲۸ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 19/12/2018 | کاتژمێر:
روانینی دەرەکی

نیولیبڕاڵیزم لە ئاوێنەی مێژوودا (بەشی کۆتایی)

08/10/2018 | 11:59:37
+A
-A
د. کامران ئەمین‌ئاوە

سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووریی
بۆ جیهانیکردنی ئاڵوگۆڕ پێویست بە گۆڕانی بنەڕەتیی پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکانە. بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەی هاوتەرازکردنی پێکهاتەیی لەژێر چاودێریی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە بوو بە هۆی داسەپاندنی ڕێسایەکی سەخت و توند، هەروەها مەندی (ڕکود) و وێرانیی ئەو وڵاتانەی کە ملیان بەم سیاسەتە دا. سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووری بوو بە هۆی زۆرکردنی مەودای چینایەتی، گەندەڵیی ئابووریی و لاوازکردنی بەرپرسیایەتیی سیاسی.
کورتە لێکدانەوەی کاری سەندووقی نێونەتەوەیی پارە لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو پیشاندەری پانتایی سەرنەکەوتن و بنبەستی تیۆریی بە جیهانیبوونی ئاڵوگۆڕی ئازاد و بەرنامەی گەشەسەندن لەسەر بنەمای هەنارەدەکردنە. سەندووقی نێونەتەوەیی پارە لە ساڵی ١٩٨٧ لە ڕێگای قەرزدانەوە دەستی بە وەرێخستنی بەرنامەی هاوتەرازکردنی پێکهاتەیی کرد. سندووقی نێونەتەوەیی پارە بە ئەزموونی ئەم ساڵانە نەیتوانی بەڵێنەکانی خۆی بە جێ بهێنێ و ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئەو وڵاتانە یان باشترە بگوترێ ئەو پەرەسەندنە گەلێک نابەرامبەر بوو. بەپێی پێوەرە ئابوورییەکان، سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا بوو بە هۆی هەژاری، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی، دابەزینی ئاستی گەشەسەندنی ئابووری، چوونەسەرەوەی لاسەنگیی بازرگانی و قەرزداری و بەستراوەیی بە وڵاتانی بیانی. بۆ وێنە لە ئەفریقا ڕێژەی هەژاریی لە ٢٧٠ میلیۆن لە ساڵی ١٩٨٦ گەیشتە ٣٣٥ میلیۆن لە ساڵی ١٩٩٠، لە ئەمریکای لاتین ڕێژەی خەڵکی فەقیر لە سەدا ٤١ی ساڵی ١٩٨٠ هەتا سەدا ٦٢ی ساڵی ١٩٩٢ زیادی کرد.
لە وڵاتە ئاسیاییەکان ڕێژەی ئەو کەسانەی وا لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین زیادی کردووە، ئەم ڕێژەیە لە ئەندۆنێزی ٣٩٪، لە مالێزی ٢٧٪، لە فیلیپین ٥٨٪، لە کۆرەی باشوور ١٦٪ و لە تایلەند سەدا ٣٠یە. چوونەسەرەوەی ڕێژەی بێکاریی و دابەزینی حەقدەست بۆتە هۆی خراپتربوونی ئاستی هەژاری. لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین لە نێوان ساڵانی ٩١-١٩٨٠ دا، ئاستی دابەزینی نرخی مامناوەندی داهاتی ساڵانەی هێزی کار بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٨٠_١٩٧٠ گەلێک بەرزبۆتەوە. ڕێژەی بێکاری لە ئارژانتین لە ٥.٣٪ لە ساڵی ١٩٨٥ گەیشتۆتە ٧.٣٪ لە ساڵی ١٩٨٩ دا، لە بۆلیوی لە ١٨٪ لە ساڵی ١٩٨٥ بە ١٩٪ ی ساڵی ١٩٩٠، لە برزیل لە سەدا ٣.٤٪ ی ساڵی ١٩٨٥ بە ٧.٣٪ ی ساڵی ١٩٩٠ و لە نیکاراگۆئە لە ٣.٢٪ ی ساڵی ١٩٨٥ بە ١٤٪ ی ساڵی ١٩٩١ گەیشت و هتد…
بە گشتی بەرێوەبردنی سیاسەتی هاوتەرازکردن، کاریگەرییەکی گەلێک نەرێنی و تێکدەری لەسەر ڕەوتی گەشەکردنی ئابووری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا بووە. لە نێوان ساڵانی ٩١-١٩٨٠ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٨٠-١٩٦٥ مامناوەند نرخی گەشەسەندنی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ناسافی نیوخۆیی لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا گەلێک دابەزیوە، تەنانەت وڵاتە سەرکەوتووەکانی ئاسیایی وەکوو کۆرەی باشوور، تایوان، سەنگاپوور، هۆنگ کۆنگ، تایلەند، ئەندۆنێزی، مالێزی و فیلیپین سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بەرزیی نرخی گەشەسەندن بوون، تووشی دابەزینی ڕەوتی گەشەسەندنی ئابووری بوون، ئەم بارودۆخە لە ئەفریقا گەلێک دڵتەزێنترە. مامناوەند نرخی گەشەسەندنی ساڵانەی بەرهەمهێنانی ناسافی نێوخۆیی لە ساڵانی ١٩٨٠-١٩٧٠ دا، لە ١.٢٪ گەیشتبووە ٢.٤٪، بەڵام لە ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٠ هەتا ١.٣٪ دابەزی. ئەم نرخە لە ئەمریکای لاتین بێجگە لە شیلی لە کەمی دا. وەزعییەتی قەرز و بەستراویی بە وڵاتە بیانییەکانیش پاش دەستپێکی سیاسەتی هاوتەرازیی ئابووری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا گەلێک خەراپتر بوو، بۆ وێنە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ هەتا ١٩٩٣ ڕێژەی قەرزەکانی ئەندۆنێزی لە ٢.٩٤ میلیاردەوە گەیشتە ٨٩.٥٣ میلیارد، لە تایلەند لە ٨.٢٩ ەوە بوو بە ٤٨.٥١ میلیارد و لە هێندستان لە ٢٠.٥٨ ەوە گەیشتە ٧٨.٩١ میلیارد.
ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە دەیەی ٦٠ی هەتاویی بە هۆی هەرەسهێنانی ئۆتۆپیای ئابووریی ئیسڵامی، خەرج و مەخارجی ماڵیی شەڕ لەگەڵ عێراق، بایکۆتی ئابووریی نێونەتەوەیی و دابەزینێکی بەرچاو لە بازاری جیهانیی نەوت، پاش وازهێنان لە خەیاڵی دامەزراندنی دەسەڵاتی “مستضعفین” و قەبووڵی بریارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ عێراق هێنا. پاش شەڕ، دەوڵەتی ئێران هەوڵی خۆی بۆ ڕاکێشانی سەرمایە بیانییەکان دا و بە تایبەتی لە ساڵی ١٣٦٩ هەتاوییدا پێشوازییەکی گەرم و گوڕی لە لێژنەی سندووقی نێونەتەوەیی پارە _ بانکی جیهانی کرد کە بۆ یەکەم جار پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی سەردانی ئێرانیان دەکرد. ڕاپۆرتی ئەم سەردانە لە ٣٠ی ژوئیەی ١٩٩٠ لە IMF Survey لە ژێر ئەم سەردێرە بڵاو کرایەوە: “کۆماری ئیسڵامی ئێران بە شوێن گۆڕانکاریی بنەڕەتی و پێکهاتەییەوەیە”. لەم ڕاپۆرتەدا باس لە ویستی دەستەڵاتدارانی ئێرانی بۆ هاوتەرازکردنی تەواوی بوارەکانی گەورە ئابووریی ئەم وڵاتە، پێکهێنانی هەلومەرجی پێویست بۆ بە هێزترکردنی بەشی خۆیی و لابردنی پەیتا پەیتای کۆتوبەندەکانی ئابووری دەکرێ.
لەم پێناوەدا، لە نێوەڕاستەکانی دەیەی حەفتای هەتاویی کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران داوانامەیەکیان بە نهێنی بۆ ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی نارد (وەرگیراو لە ڕۆژنامەی شرق ٤.٦.٨٣) و لە کۆتایی دەیەی ٦٠ ی هەتاوییدا حکوومەتی ئێران هەوڵی دا، بە بەرێوەبردنی سیاسەتەکانی هاوتەرازکردنی پێکهاتەیی، لۆژیکی بازار بەسەر کۆمەڵگەدا زۆرتر داسەپێنێ و بە دێرهاتێکی ١٠ ساڵە پەیوەست بە ئەو وڵاتانە بێت کە ملیان بە شەرت و مەرجەکانی سەندووقی نێونەتەوەیی پارە و بانگی جیهانی دابوو، ئەویش لە حاڵێکدا کە بە پێی لێکدانەوەی فەرشاد مۆمنی لە کتێبی “ئابووری سیاسیی گەشەسەندن لە ئێرانی ئەمڕۆ -١٣٩٤” قەرزی ئێران بە وڵاتە بیانییەکان نزیک بە سفر بوو”، بەڵام پاش بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە بڕی قەرز بە وڵاتە بیانییەکان لە ساڵی ١٣٧٤ بە ٣٤ میلیارد دۆڵار و ئاستی ئاوسان هەتا سەدا ٤٩،٥ بەرز بۆوە، ڕێژەی هاوردەکردنیش سنووری ٢٢،٥ میلیاردی لەو ساڵە تێپەراند. ڕێژەی هاوردەکردن لە ساڵی ١٣٩٣ گەیشتە ٥٣.٥ میلیارد دۆڵار.
ئەزموونی ئەم چەند دەیەیە پیشاندەری ناسەقامگیریی پارێزراوی پیشەیی، دابەزینی حەقدەستەکان و چۆنیەتیی خزمەتگوزاری بێهداشتی لەگەڵ چووونەسەرەوەی خەرج و مەخارجی سەرسووورهێنەر، دابەزینی چۆنیەتیی بارهێنان لەگەڵ خەرجێکی زۆر بۆ بنەماڵەکان و زۆربوونی جیاوازیی چینایەتی، هەروەها زاڵبوونی مافیای سەرمایەداریی بۆرۆکراتیک و بازرگانیی گەورە و سپای پاسداران و هیزە نیزامییەکان لە سەر ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتە بە هۆی سیاسەتە نیولیبڕالییەکانی ئێران و خۆییکردن واتە شیرکەتیکردنی بەشی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتی، ئازادکردنی نرخەکان بە بیانووی ئامانجدارکردنی یارانەکانە. سیاسەتەکانی نیولیبراڵی و هاوتەرازکردنی ئابووری سەرەڕای داهاتی ٨٠٠ میلیارد دۆڵاریی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە درێژایی سێ دەیە، ئەویش کاتێک داهاتی دراوی ساڵانە لە کاتی دەسەڵاتداریی ئەحمەدینیژاددا دو و نیو بەرانبەری داهاتی مامناوەندی ساڵابەی دەوڵەتی خاتەمی، ٤.٢ بەرانبەری دەورەی ڕەفسەنجانی و ٤.٨ بەرانبەری کاتی دەستەڵاتداریی میر حوسێنی موسەوی و ٥ بەرانبەری ٩ ساڵی کۆتایی دەستەڵاتی حکومەتی پەهلەوی لە ئێران بووە (ڕۆژنامەی سەرمایە، ٢٥ ی خەرمانانی ١٣٨٨)، نەک نەبوو بە هۆی خۆشبژیوی خەڵک و چوونەسەرەوەی ئاستی ژیانی ئەوان، بەڵکوو بە پێچەوانە، هەژاریی و بەرزبوونەوەی جیاوازیی چینەکانی ئێرانیشی زۆرتر کرد.
بە پێ ڕاپۆرتی “محەمەد موخبێر دزفولی” بەرێوەبەری بنکەی “بەڕێوەبەرایەتی فەرمانی حەزرەتی ئیمام” ڕیکەوتی ١٧ی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٦، “[لە ئێراندا] دوازدە میلیۆن کەس لە ژێر هێلی ڕەهای هەژارییدا دەژین و ٢٥ هەتا ٣٠ ملیۆن کەسیش لە ژێر هێڵی ڕێژەیی هەژاریدا ژیان بە سەر دەبن، ئەویش لە حاڵێکدایە کە ئێران چوارەمین پاشەکەوتی نەوتی جیهان واتە لە سەدا ٩.٣ پاشەکەوتی نەوتی لەبەر دەست دایە”. کوشتن و قاچاغی ئەندامانی لەشی منداڵانی ئێرانی بە گشتی یەکێک لە کارەساتەکانی هەژاریی و بێ‌پارەیی لە ئێرانە. بە پێی راپۆرتی ڕۆژنامەی”بەهار”، محەمەد عەلی پورموختار ئەندامی کۆمیسیۆنی قەزایی و حقووقی مەجلیسی ئێران ئاماژە بە کرێدان و قاچاغی ئەندامی لەشی منداڵان، و بە تایبەتیی لە نێو بنەماڵەی گیرۆدەکانی مادەی سڕکەر دەکا. بە پێی وتەی فاتمەی دانیشوەر ئەندامی شۆڕای شاری تاران لە وتووێژێک لەگەڵ میدیاکان” لە زۆربەی بوارەکاندا منداڵان ون دەبن و ئەندامەکانیان قاچاغ دەکرێ و پاش ماوەیەک لەشی بێ چاو و گورچیلەیان لە بیابانەکان دەبینرێتەوە”. ڕۆزنامەی بەهار پێداگریی لەوە دەکا کە قاچاغی ئەندامی لەش هەر لەو نزیکیانە لە نیوان منداڵانی قەراخ‌ شارنشین و منداڵانی کار و ئەوانەی لە نێو زبڵدانەکان دەگەڕێن ڕوو دەدات. ئەو منداڵانەی کە هیچ کەس پەرۆشی بوون و نەبوونیانی نییە.
نرخی بێکاریی لە بەهاری ١٣٩٦ دا، بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماری ئێران سەدا ١٢.٦ بوو و ئەم ڕێژەیە لە بەراورد بە بەهاری ساڵی ١٣٩٥ هەتا ٠.٤٪ و زستانی ١٣٩٥ هەتا ٠.١٪ بەرزبۆتەوە.
بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران، ئاستی ئابووری بنەماڵەکانی ئێرانی لە دە ساڵی ڕابردوودا تا سەدا ١٥ دابەزیوە، بە پێی قسەکانی عەبدواڵرزا رەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕێژەی بێکاران لە بەشیک لە شارەکان، سەدا شەستە، هەروەها مامناوەندی ڕادەی خواردنی گۆشت، ماسی، نان، برینج و شیر لەم دە ساڵەدا لە سەدا ٣٠ هەتا ٥٠ کەمی کردوە. مەودای خەرجی نیوان پارێزگای تاران و پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەڵانی‌کەم دووقات زیادی کردوە، و جیاوازی بودجەی بنەماڵەکانی تارانی و پاریزگاکانی دیکەی ئێران لە سەدا ٤٥ لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا گەیشتۆتە سەدا ٨٧ لە ساڵی ١٣٩٥، سەرنجڕاکێش ئەوەیە وەزعی بنەماڵەکانی پارێزگای لۆڕستان و کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پاریزگاکانی دیکە، لە ئاستێکی نزمتردایە.
راپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی شۆڕای ئیسڵامی لە ساڵی ١٣٩٥ لە کتێبێک بە ناوی” سەرەکیترین پرسەکانی وڵات: راسەری (ئەولەویەت) و ڕێکارەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسڵامی لە خوڵی دەهەم” پیشاندەری قەیرانێکی هەموو لایەنە لە ئێران دایە. بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە “گەشەسەندی ئابووری ئێران لەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی هاوتەراز لە ئاسۆی درێژخایەندا نزم بووە. مامناوەندی گەشەی ئابووری ئێران لە نیوان ساڵانی ١٩٦٦ هەتا ٢٠١٤ بەرانبەر بە ٤.٢٪ بووە، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە مامناوەندی گەشەی ئابووری لەو وڵاتانەی کە داهاتیان ناونجییە، هەروەها لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست و باکووری ئەفریقا بە ڕیز ٥.١ و ٤.٨٪ بووە. لە نزیکەی ٥٠ ساڵدا جیاوازیی لە نرخی گەشەسەندن جیاوازییەکی بەرچاوی لە ئاستی داهاتی ئێران پێکهێناوە. دەگەڵ ئەوەش، دوورەدیمەنی دەرچوون لە مەندیی ئێستای ئابووری ئێران گەلێک نادیارە” ئێستاکە ٢.٩ ملیۆن لە ١٤ ملیۆن کرێکاری ئێرانی واتە پتر لە سەدا ٢١ی کرێکاران، بێکارن و ٢.٤ ملیۆنیش پێشەی ناتەواویان هەیە. بە پێی ئاکامی لێکدانەوەکان وێدەچێ لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوییدا ژماری بێکاران لە ئێران بگاتە ٥ میلیۆن کەس.
بە هۆی پەرەسەندنی نەرێنی ئابووری و نرخی سەرەوەی ئاوسان لە ساڵانی ١٣٩١ و ١٣٩٢ دا، داهاتی سەرانەی ڕاستەقینەی خەڵک بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٠ نزیکەی سەدا ٢١ دابەزیوە. لێکۆڵینەوەی ١٧١ وڵاتی جیهان پیشانی داوە کە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٢٦ وڵات نرخی ئاوسانی دوو ژمارەییان بووە و ئابووری ئێران لە ڕیزی ١٠ وڵاتی یەکەم دایە.
لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویی، سەدا ٧١ی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لە ناوچە شارییەکان ژیاون، نیسبەتی تەڵاق بە هاوسەرگیری، ٢٣ بووە و ئەوە لەخۆیدا دیاردەیەکی بێوێنەی ٥٠ ساڵی ڕابردووە. بە پێی سەرژماریی ساڵی ١٣٩٥ ڕێژەی ئەو ژنانەی کە سەرپەرستیی بنەماڵەیان وەئەستۆ گرتووە لەچاو ساڵی ١٣٧٥ چۆتەسەرێ و لە یەک میلیۆن و دوو سەد هەزارەوە گەیشتۆتە یەک میلیۆن و شەشسەت و چل ‌و چوار هەزار کەس. چوونەسەرەوەی ئاماری دۆسیە قەزاییەکان(١٥ میلیۆن)، بەرزبوونەوەی ڕادەی تەڵاق و دابەزینی ڕێژەی هاوسەرگیری، وێرای بوونی نزیکەی ١١ میلیۆن کەس لە تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیدا، دیاریکرانی ٣١٩٥٠ نەخۆشی ئەیدز هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٤ [هەڵبەت ڕێکخراوەی بێهداشتی جیهانی باس لە سەرەوەی ١٠٠ هەزار نەخۆشی HIV لە ئێراندا دەکا، پتر لە سەدا ٤٠یان لە ڕیگای پێوەندیی جینسییەوە تووشی ئەم نەخۆشی‌یە بوون]، بەرزبوونەوەی مەیلی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر و ڕەوانگۆڕ( پتر لە ٢٣٢٥٠٠٠ گیرۆدەی دایمی و بە ئیشتیا بوون)، ئەوانە هەموو بەشێکن لە کارەساتی سیاسەتی هاوتەرازکردنی ئابووریی نیولیبڕاڵەکانی ئێران. بە پێی ئاماری بنکەی خەبات لەگەل ماددەی سڕکەر ژماری گیرۆدەکان لە ئێران نزیکەی ٢٣٢٥٠٠٠ کەسە کە بە حیسابکردنی مامناوەندی ڕەهەندی بنەماڵە ٥.٣ کەس لە ئێران، دەکرێ ئاماژە بە تووشبوونی راستەوخۆی ٨ میلیۆن و ١٣٧ هەزار و ٥٠٠ کەس بە ماددەی سڕکەر بکرێ.
مووچەی مانگانەی خانەنشینەکان تەنیا لە سەتا ٤٨ی خرج و مەخارجی ژیانی ئەوان مسۆگەر دەکات. قەرزی دەوڵەت بە ڕێکخراوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی سەرەوەی ١٠٠ هەزار میلیاردە. لەسەدا ٨٠ی مووچە و سەربەشی خانەنشینەکان لە سندووقەکانی سپایی و نێوخۆیی لە بودجەی گشتیی دەوڵەت مسۆگەڕ دەکرێ و ئەمە بە مانای نابووتبوونی ئەم دوو سندووقەیە.
لەم هەل و مەرجەدا، بارودۆخی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران خراپتریشە، هەژاریی و بێکاری لە کوردستان تەنانەت بۆتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری و کوژران و برینداربوونی سەدان کەس لە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵدا. کوژرانی کەسانێک کە بۆ مسۆگەڕکردنی ژیانی بنەماڵەیان گیان و سڵامەتی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و هێزەکانی سەرکوتکەری ئێران بێ بەزەییانە ئەوان و ئاژەڵەکانیان وەبەر گولـلە دەدن و دەیانکوژن. بە پێی ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی “سلامت آنلاین – ٢٦ ڕێبەندانی ١٣٩٥ “دا، پارێزگاکانی ورمێ، سنە وکرماشان زۆرترین ڕێژەی کۆڵبەریان هەیە و زۆرترین حاڵەتەکانی کوژرانی کۆڵبەرەکان لە مەریوان، سەردەشت، شنو، بانە و نەوسود ڕوو دەدا. بە وتەی عەبدولکەریم حوسێن‌زادە نوێنەری خەڵکی نەغەدە و شنو لە پەرلەمانی ئێران هەموو ساڵێک لە نیوان ٥٠ هەتا ١٠٠ کۆڵبەر کە تەمەنیان لە نێوان ١٠ هەتا ٧٠ ساڵە، گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.
بە پێی لێکدانەوەکان ڕێژەی هەژاریی داهات لە کوردستان سەرەوەی سەدا نەوەدە. بە وتەی ئەحمەد میدری، جێگیری بەشی خۆشبژیوویی و کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی، هەژاریی چەند ڕەهەندی لە پارێزگای سنە دەگاتە سەدا ٤٥. بە پێی قسەکانی سەید مێهدی فەڕشادان نوێنەری شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران لە پەرلەمانی ئێران: “بە پێی ڕاپۆڕتی ناوەندی ئاماری ئیران نرخی بێکاری لە نێو گەنجانی پارێزگای سنە لە یەک تاقە ساڵدا، دوو بەرانبەری مامناوەندی ئێران بەرزبۆتەوە و نرخی بێکاری لە گرووپی تەمەنی ٢٤-١٤ ساڵدا نزیکەی سەدا ١٢ لە مامناوەندی وڵات بەرزترە”، فەڕشادان هەروەها دەڵێ “سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی کارخانەکانی ئەم پارێزگایە و گشت یەکەکانی بەرهەمهێنەری گەورە و بچووک ٨٢٧ یەکەیە، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان لە سەدا ٦٠ی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی کوردستان ناچالاک و بە پێی ئاماری فەرمی ٢٣٧ یەکە وێستاو و نیوە چالاکن. مامناوەندی چوونە سەرەوەی ئاستی هەژاریی ڕەها لە پارێزگای کوردستان لە نێوان سالانی ٩٠- ١٣٨٧ هەتاوییدا ٦.٩٪ و میزانی هەژاری ڕێژەیی ٩.٦٪ بووە. بە قسەی سەید شاکری ئیبراهیمی، نوێنەری کرێکارانی پارێزگای کوردستان حەقدەستی کرێکارانی ئەم پارێزگایە یەک لە ٣ی هێڵی دیاریکراوی هەژارییە.
بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لە شاری مهاباد کە لەسەر بنەمای وەڵامی سەرپەرستی بنەماڵەکانی ئەم شارە لە پێوەندیی لەگەڵ میزانی داهاتیان کراوە و دەکرێ وەکوو پێوەرێک بۆ لێکدانەوەی ئاستی هەژاریی لە پانتاییەکی گەورەتر لەبەر چاو بگیرێت، بەرزترین دەستەی هەبووی داهات لە شاری سابڵاغ لە نێوان ٢٠٠ هەتا ٣٠٠ هەزار و پاش ئەوان دەستەی داهات لە نێوان ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ هەزار تمەن لە مانگ دایە. بە پێی ئەوەی کە بانکی ناوەندیی ئێران ٤٨٠ هەزار تمەنی وەکوو هێڵی هەژاری دیاری کردوە، لە سەدا ٩٢ی خەڵکی سابڵاغ لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بێکاری لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندا یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی سەرهەڵدان و پەرەگرتنی هەژاری‌یە و ئەمڕۆکە پتر لە سەدا ١٥ی خەڵکی سابڵاغ بێکارن و سەرەوەی سەدا ١٥ش بێکاری نهێنی خۆیان لە ژێر سەرپۆشی پیشەی ئازاد و پڕ زەحمەتی کشت‌و کاڵدا شاردۆتەوە.
ئاستی سەرەوەی هەژاری و بێ‌پارەیی بۆتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی فرۆشتنی ئەندامانی لەش لە هەموو ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی. بە پێی قسەکانی سەید عەتااللە عەبدی سەرپەرستی پشتگری لە نەخۆشەکانی گورچێلەی پارێزگای سنە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “باران خبر”، پارێزگای سنە پلەی هەوەڵی لە ئێران بۆ فرۆشی گورچیلە هەیە و هەژاریی بەرچاوی ئابووری هۆی چوونەسەرەوەی ڕادەی فرۆشی گورچیلە لە کوردستانە. عەبدی هەروەها دەڵێ لێکدانەوەی زۆربەی فایلەکان نیشاندەری پێداویستی سەختی ماڵیی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێ گورچیلەکانیان بفرۆشن”. پەرەسەندنی بێکاری، گرانی، هەژاریی، ئاستی بەرزی جیاوازیی چینایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە هۆی ئاسایی بوونی دیاردەی فرۆشتنی ئەندامی لەش و سەرهەڵدانی بازرگانی خوێناویی فراندن وکوشتنی منداڵان و گەنجان لە لایەن قاچاخچیەکان و کڕین و فرۆشتنی ئەندامی ئەوان لە بازاری ڕەشی نێوخۆیی و بیانیدا.

کۆتایی
سیستمی سەرمایەداری لە سەدەی بیستەمدا، سێ قۆناخی مەندیی لە نێوان ساڵانی ١٩٢١-١٩٠٠، ١٩٤٩-١٩٢٩ و ١٩٨٢-١٩٦٥ تێ پەراندوە. لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسیی مارکسییەوە بەرهەمهێنانی “زێدە سەرمایە” و ناتەبایی “دەرخستن و ویستنی” کەلوپەل هۆی سەرەکیی قەیرانی سیستمی سەرمایەدارییە. نیشانەکانی ئەم قەیرانە بریتین لە دابەزینی بەهرەی سەرمایە، بەرزبوونەوەی وزەی بەرهەمهێنانی پەنگخواردو، کەڵەکەبوونی قەرز و زۆربوونی جیاوازیی چینایەتی. لە دەیەی ١٩٧٠دا قەیرانی کەڵەکەبوونی سەرمایە، پەرەسەندنی بێکاری و ئاوسانی بێوچان و خێرا، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەمووان بوو. قەیرانی سێهەمی سەرمایەداری و ناڕەزایەتیی گشتیی لەم بارودۆخە نالەبارە، هەروەها بەیەکگەیشتنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کرێکاریی و شاری لە بەشێکی بەرچاو لە جیهانی سەرمایەدارییدا، ڕێخوشکەرێ ڕەوتی زاڵبوونی بیرو هزری نیولیبڕاڵی وەک وڵامێکی ئایدیۆڵۆژیک بە قەیرانی”دەوڵەتی خۆشبژیوی کێنزی” و کۆتاییهاتن بەم سیاسەتە ئابوورییە(کێنزی) لە زۆربەی وڵاتە سەرمایەدارییەکانی جیهان بوو.
لە سەرەتای دەیەی ١٩٨٠_ وە، تاچریسم لە بریتانیا و ڕێگانیسم لە ئەمریکا ڕێخۆشکەری ڕەوتی خۆییکردن و پەرەسەندنی نیولیبڕالیزم لە هەموو جیهانی سەرمایەدارییدا بوون. بە شوێن ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەت، گشت خولی مێژووی خاوەنداریەتی دەوڵەتی بە چەشنێکی بەرچاو پاشگەز کرایەوە. بە شوێن ئەم پاشگەزبوونەوە، ئەوەی کە ڕووی دا بریتیی بوو لە دەستپێکی چەرخی سەربزێویی سەرمایەداری و گەڕانەوە بۆ خاوەنداریەتی خۆیی شیرکەتەکان و دووربوونەوە لە خاوەنداریەتی گشتی و دەوڵەتی، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ڕێساکانی دەوڵەتی بۆ پیشەسازیی و بەشە جۆراوجۆرە ئابوورییەکان، ماڵیکردنی کۆمەڵگە، و بەم هۆیە بازاریبوونی هەرچی زۆرتری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها دابەزینی ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و شتومەکی خۆڕایی، یان “یارانەی دەوڵەتی”. نیولیبڕاڵیستەکان خوازیاری کرانەوەی سنوورەکان بۆ سەرمایە و کەلوپەلی سەنعەتی و ئازادیی بازاری کاری جیهانین. مەبەستی سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵیزم لە ئازادیی بازاری کاری جیهانی`هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو یاسایانەیە کە لە بەرژەوەندیی کرێکاران پەسەند کراون، هەروەها لەنێوبردنی یەکیەتیی کرێکاران و گرێبەستەکانی کۆیی نێوان کرێکار و خاوەنکارەکان، هەڵوەشاندنەوەی یاسای دایمی کار و جێگیرکردنی لانیکەمی حەقدەست بۆ بەرهەمهێنەرەکان، کە وەکوو کۆسپێک لەسەر ڕێگای یاسای بێ عەیبی بازار پێناسە دەکرێن. بەڕێوەبردنی سیاسەتی نیولیبڕاڵی و ڕێکارنامەکانی سندووقی نیونەتەوەیی پارە و بانکی جیهانی لە زۆربەی وڵاتاندا بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوسانی ئابووری، بێکاری، گرانی، هەژاری، دابەزینی ئاستی خزمەتگوزاری لە تەواوی ئاستەکان، پەرەگرتنی گەندەڵی ئابووری، و بەرزبووونەوەی ئاستی نەخوێندەواری.
بەرزبوونەوەی نابەرانبەریی سامان و سەروەت و داهات. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی جیاوازیی چینایەتی،‌ ئاکامی سیاسەتی ئابووری نیولیبڕاڵییە.