مایکێل رووبین، توێژه‌ری “رێکخراوی ئهمەریکین ئینتێرپرایز” له واشینگتۆن‌و ڕاوێژکاری پێشووی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران‌و عێراق ده‌ڵی تێرۆری دوکتور قاسملوو پیلانی ئێران بوو، رێكکه‌وتنی ئامریکاش له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
مایکێل رووبین که تا ئێستا چه‌ند کتێبی له باره‌ی ئێران‌و جیهانی عه‌ره‌ب بڵاو کردۆته‌وه، لەبارەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێێانی له ڤیه‌ن ده‌ڵێ: 26 ساڵ پێش ئێستا دوکتور قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێموکرات ڕێک مانگێک پاش مردنی خومه‌ینی تێرۆر کرا، عه‌لی ئه‌کبه‌ر هاشمیی ره‌فسه‌نجانی که زۆر له‌مێژه له‌لایه‌ن زۆربه‌ی چاوه‌دێران وه‌ک که‌سێکی میانه‌ڕه‌و ده‌ناسرێ، به وه‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ته‌واو بوو به سه‌رکۆمار و له هه‌مان کاتیش‌دا، نزیکه ساڵێک پێشتر شه‌ڕی نێوان ئێران و عێراق کۆتایی هاتبوو، ئه‌وکات زۆربه‌ی دیپڵۆماته رۆژاواییه‌کان رایان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو که ئێران بەرەو گۆڕان‌و ئاشتبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی هەنگاو دەنێ، به‌ڵام ئه‌مە بیرکردنەوەیەکی هه‌ڵه بوو.
رووبین به ئاوڕدانه‌وه له ڕوداوی تێرۆری دوکتور قاسملوو ده‌ڵێ به‌پێی هەموو به‌ڵگه‌کان هه‌یئه‌تی ئێرانی هه‌وڵی تێرۆری ئه‌م ڕێبه‌ره‌ی کوردی داوه‌و دوابه‌دوای ئه‌ویش، پۆلیسی ئۆتریش حوکمی ده‌ستبه‌سه‌ر کرانی 3 که‌س له‌م تێرۆریستانه‌ی ده‌رکرد، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان گه‌یاندبۆوه ئێران‌و کۆماری ئیسلامی ئاماده نه‌بوو ڕادەستی پۆلیس‌و دادگای ئوتریشیان بکاتەوە. له بری ئه‌م خۆشخزمهتییهش سه‌حراڕوودی؛ سه‌رۆکی ئه‌م تیمه تێرۆریستییه، پله‌ی به‌رز کرایه‌وه‌و وه‌ک فه‌رمانده‌ی یه‌که‌ی ئیتلاعاتی هێزی قودسی سپای پاسداران دیاری کرا. ئه‌م پاداشه له په‌نا ئاستی به‌رزی هه‌یئه‌تی ئێرانی‌دا، نیشانه‌ی ئه‌وه بوو که عه‌مه‌لیاتی تێرۆر، هه‌وڵێکی خۆڕسکانه نه‌بووه و له هه‌مان شوێن ئه‌م پلانه شوومه دانه‌ڕێژرابوو، به‌ڵکوو ئه‌م بڕیاره لە تاران‌و له سه‌ره‌وه درابوو.
ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی وتارێک له وێبسایتی “کامنتری” ده‌پرسێ مەگەر سه‌رۆکی ئه‌و کاتی شوورای به‌رزی ئه‌منیه‌تی میللیی ئێران، واته حه‌سه‌ن رووحانی، ده‌ستی لەم پیلانەدا نەبوو؟ هەر هه‌مان رووحانی که ئێستا باراک ئۆباما، ئه‌م رۆژانه ئه‌وی وه‌ک شه‌ریکی خۆی دیاری کردووه؟
رووبین هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی لە بیست‌و شەشەمین ساڵوه‌گه‌ڕی یه‌کێک له بێشه‌رمانه‌ترین هێرشه‌کانی رێژیمی ئیران‌دا، بڕیاره سەودایەکو رێککەوتنێ لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای متمانه کردن به‌م رێژیمه له ڤیه‌ن بکرێ، مه‌سه‌له‌یه‌ک که نیشانی ده‌دا چه‌نده پرۆسه‌ی تێرۆریسمو دوژمنایه‌تی کردن له‌لایه‌ن ئیران سهرکهوتووە و له به‌رامبه‌ریشدا، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا شپرزه‌و ناسه‌قامگیر بووه.