باڕاک ئۆباما، سەرکۆماری ئەمریکا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی لە ڕێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئێران دەڵێ ئەو رێککەوتنە بە مانای چارەسەری هەموو کێشەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران نییە.
ئۆباما بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئەو ریککەوتنە دەڵێ ئەگەر ئەو رێککەوتنە نەکرابا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی بە تووشی شەرێکی دیکە دەبوو. ئۆباما دەڵێ رێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای باوەڕهەبوون بە ئێران نەکراوە، بەڵکوو بە پێی میکانیزامی چاوەدێریو کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتەیە.
مارتین شوڵتس، سەرۆکی پاڕلمانی ئوڕووپاش وێرای پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەڵێ رێککەوتنی ئەتومی لەگەڵ ئێران ” دەسپێک بۆ قۆناغێکی نوێ” لە مێژووی هاوچەرخەو دەڵێ ئەوە رێککەوتنێکی باش بۆ ئێران، ناوچەو ئەمنیەتی جیهانییە.
ولادیمیر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕوسیەش بەرەوپیلی ئەو رێککەوتنە چووەو دەڵێ جێهان ئێستا ئیدی دەتوانێ پشوویەکی بێتەوە بەر. پوتین دەڵێ ئەو رێککەوتنە یارمەتیی پەرەسەندنی هاوکارییەکانی ئێرانو رووسیە لە بواری کەلکوەرگرتنی ئاشتیانە لە وزەی ئەتومی دەدا.
فدریکا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپاش دەڵێ بەو ڕێککەوتنە قەیرانی ئەتومیی ئێران دەبرێتەوە. ئەو وێڕای بەرزنرخاندنی ڕێککەوتنەکە دەڵێ ئەوە دەتوانێ نیشانەی هیواو هۆمێد بۆ هەموو خەڵکی جیهان بێو دەکرێ خاڵی وەرچەرخان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بێ.
جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێ ئەو ڕێککەوتنە ” تەواو و پڕبەپێست” و بێ عەیب نییە، بەڵام دەکرێ سەرەتای وەرزێکی نوێ لە هیوا بۆ چارەسەری کێشەکانی دیکەی نێوان ئێرانو کۆمەڵگای جیهانیو پەرەسەندنی هاوکارییەکان بێ.
بەڵام بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسراءیل لە کاردانەوە بەو ڕێککەوتنە گوتی ئەوە هەڵەیەکی یەکجار گەورەی مێژوویی بوو کە دەرەنجامی زۆر تاڵی بۆ جیهان لێدەکەوێتەوە.
سەرک وەزیرانی ئیسڕائیل دەڵێ ئێستا ئیدی ئێران بۆ دەسخستنی چەکی ئەتومی ئەماننامەی دراوەتێو هەموو ئەو گەمارۆیانەی دەستی ئێرانی بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتومی بەستبوو، لەسەر وی هەڵدەگیرێن.
نەتانیاهوو دەڵێ ئێران لە ماوەیەکی نیزیکدا سەدان میلیارد دۆلاری بۆ دەگەرێتەوە و بەوەش فازێکی نوێ لە دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ نائەمنکردنی ناوچەو پەرەپێدان بە تێرۆریسم دەست پێدەکا.