Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۷ ی ره‌زبه‌ری ۱۳۹۷ | 19/10/2018 | کاتژمێر:
راگەیەندراوەکان

به‌یاننامه‌: له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی “پلینۆمی شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانانی قه‌ڵای دێموکرات”

20/09/2018 | 15:54:55
+A
-A

خه‌ڵکی نیشتمانپه‌روه‌ری کوردستان!

ئازادیخوازانی ئێران!

ئه‌ندامان و لایه‌نگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

به ئاگاداریی هه‌موو لایه‌ک ده‌گه‌یه‌نین که نۆ‌هه‌مین پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی ٢٨ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی (به‌رامبه‌ر به ١٩ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی) به به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگران و ڕاوێژکارانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ژماره‌یه‌ک له که‌سایه‌تییه‌کانی حیزب و به‌رپرسانی هێندێک له ئۆرگانه‌کانی حیزب به‌ڕێوه چوو. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌‌یه که درێژه‌ی هه‌مان ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه بوو که به‌یانیی ڕۆژی ١٧ی خه‌رمانان (به‌رامبه‌ر به ٨ی سێپتامبر) به‌هۆی مووشه‌کبارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕه‌وتی کاره‌کانی ڕاوه‌ستابوو، به ساتێک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یاد و بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان به‌تایبه‌تی تازه‌ترین شه‌هیدانی قه‌ڵای دێموکرات و له‌نێو ئه‌واندا شه‌هیدان که‌ریم مه‌هده‌وی، ئیبرایم زێوه‌یی، ڕه‌‌حمان پیرۆتی، نه‌سرین حه‌داد ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، و سۆهه‌یلا قادری و هاشم عه‌زیزی، ئه‌ندامانی جێگری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌ستی به‌ کاره‌کانی کرد. هه‌‌ر بۆ ڕێزگرتن له یاد و ناوی ئه‌و شه‌هیدانه‌ش ئه‌م پلینۆمه به “پلینۆمی  شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانانی قه‌ڵای دێموکرات” ناودێر کرا. شایانی گوتنه که هه‌ر له جه‌ریانی کاره‌کانی پلینۆمدا بوو که هه‌واڵی شه‌هیدبوونی یه‌کێکی دیکه له برینداره‌کانی مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکرات، هاوڕێ قادر عێزه‌تی ناسراو به مامه قاله ڕیشه، گه‌یشت و به‌مجۆره ئاماری ئه‌و هاوڕێیانه‌مان که به‌هۆی ئه‌م جینایه‌ته‌ی ڕێژیمه‌وه تێکه‌ڵ به کاروانی شه‌هیدانی کوردستان بوون گه‌یشته چارده‌ شه‌هید.

له سه‌ره‌تای کاره‌کانی پلینۆمدا، سکرتێری گشتیی حیزب، کاک مسته‌فا مه‌ولوودی وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد. ناوبراو له قسه‌كانیدا وێڕای سڵاو ناردن بۆ ڕووحی پاکی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانانی قه‌ڵای دێموکرات و ئه‌و هاوڕێیانه‌ی له ئه‌نجامی مووشه‌کبارانی قه‌ڵای دێموکراتدا له‌نێو کۆڕی هاوڕێیانی رێبه‌ریی حیزبدا نه‌مابوون، به نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب و سه‌رجه‌م کادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه په‌یمانی درێژه‌دانی ڕێگای شه‌هیدان و به‌رده‌وامی له خه‌بات تا وه‌دیهاتنی ئاوات و ئامانجی شه‌هیدانی ڕاگه‌یاند. سکرتێری گشتیی حیزب ئینجا گرینگیی ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه له‌به‌ر ڕووناکایی هه‌لومه‌رجی هه‌ستیاری ئێستا به‌تایبه‌تی له‌پاش مووشه‌کبارانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هۆکار و ده‌ره‌نجام و ڕه‌هه‌نده‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌م هێرشه‌ی خسته‌ڕوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌سه‌ر پێشنیاری ده‌فته‌ری سیاسی و په‌سندی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پلینۆم وێڕای ته‌رخان کردنی به‌شێکی گرینگ له کاره‌کانی خۆی بۆ پرسی مووشه‌كبارانی قه‌ڵای دێموکرات، ده‌ستووری کاری پلینۆمی هه‌روه‌ک له کۆبوونه‌وه‌ پچڕاوه‌که‌ی پێشوودا بڕیاری له‌سه‌ر درابوو په‌سند کرده‌وه، و پلینۆم به‌پێی هه‌مان ده‌ستووری کار درێژه‌ی به کاره‌کانی خۆی دا.

ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مووشه‌کبارانی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و هۆکار و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م جینایه‌ته که‌موێنه‌یه‌ی ڕێژیم، هه‌ڵسه‌نگاندنی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات به‌شێوه‌یه‌کی فره‌لایه‌نه ڕه‌هه‌نده جۆربه‌جۆره‌كانی ئه‌م پرسه‌ی له خۆ گرتبوو که له‌نێو ئه‌واندا ده‌کرێ ئیشاره به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بکه‌ین:

١/ ئه‌وه که کۆماری ئیسلامی له هه‌لومه‌رجێکدا که هه‌م له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیی بێوێنه‌ی خه‌ڵکی ئێران به‌ره‌وڕوویه و هه‌م له‌ژێر فشارێكی زۆری نێوده‌وڵه‌تی دایه، به ‌له‌ژێرپێنانی سه‌روه‌ریی وڵاتێکی دراوسێ و هه‌موو  بنه‌ما و پێوه‌ره قانوونی و ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌كان کۆبوونه‌وه‌ی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی مووشه‌کباران کرد هۆکاری جۆربه‌جۆری هه‌یه. هۆکاره‌کانی ئه‌م جینایه‌ته‌‌ی کۆماری ئیسلامی که له‌ مێژووی ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه له‌گه‌ڵ هێزه‌ نه‌یاره‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانیدا بێوێنه‌یه، فره‌چه‌شنه و کۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی نیزامی و ئه‌منیه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیشی هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ که سه‌رانی ڕێژیم به‌م کاره‌یان ویستیان به‌رده‌وامییان له یاغیگه‌ری و توانای تێکده‌رانه و خراپکارانه‌شیان له ناوچه‌دا نیشان بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و پێوه‌ندییه‌دا له هه‌موو شتێک بڕیارده‌رتره ئه‌‌وه‌یه که کۆماری ئیسلامی حیزبی دێموکراتی کوردستان به مه‌ترسییه‌كی جیددی بۆ سه‌ر ئاینده‌ی خۆی ده‌بینێ و ده‌زانێ که خه‌ڵکی کوردستانیش قه‌ڵای دێموکرات وه‌ك هێما و سه‌مبوولی خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانه چاو لێ ده‌کا . کۆماری ئیسلامی له ڕابردووشدا چه‌ندین جار له ڕێگای هه‌واییه‌وه هێرشی کردووه‌ته‌ سه‌ر ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکرات و پێشتریش هه‌ر له قه‌ڵای دێموکرات کۆبوونه‌وه‌ی ڕێبه‌ریی حیزبی ئێمه‌ی بۆمباران کردبوو. له هه‌لومه‌رجی ئێستاشدا ئه‌وه‌ که پێش هه‌موو شتێک حیزبی ئێمه‌ی کردۆته‌ ئامانجی هێرشی ڕێژیم به چه‌کێک که ئه‌و ڕێژیمه هه‌رگیز پێشتر له‌دژی هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به‌كاری نه‌بردبوو، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی‌ پته‌و و زیندووی حیزبی ئێمه له‌ نێوخۆی کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا و کاریگه‌ریی گوتاری و ته‌شکیلاتیی حیزبه‌كه‌مان له‌سه‌ر ده‌كارخستنی هه‌رچی زیاتری زه‌رفیه‌تی خه‌باتگێڕانه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان له ساڵانی ڕابردوودا بووه به ئامانجی پله یه‌کی پیلان و هێرشه‌کانی کۆماری ئیسلامی، به‌ده‌ر له پاشخانی مێژوویی و نفوز و ئیعتباری حیزب، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که حیزبی ئێمه هه‌وڵی داوه هه‌موو شێواز و به‌ستێنه‌كانی خه‌بات لێک گرێ بدا و له‌و نێوه‌شدا هێنانه مه‌یدانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و متمانه‌به‌خۆبوونی ئه‌وان بۆ خه‌بات به‌دژی کۆماری ئیسلامیی له ئه‌وله‌وییه‌تی کار و به‌رنامه‌کانی خۆیدا داناوه.

٢/ حیزبی ئێمه ته‌بلیغاتی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی ئه‌و جینایه‌ته‌ که به‌دژی ئێمه‌ی ئه‌نجام داوه به‌ته‌واوی به‌رپه‌رچ ده‌داته‌وه و ڕه‌تی ده‌کاته‌وه. ڕووهه‌ڵماڵاویی کۆماری ئیسلامی له وه‌ئه‌ستۆگرتنی خێرای ئه‌و جینایه‌ته و هه‌ڕه‌شه‌کردنی بۆ دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره هێرشانه له‌سه‌ر ئیدیعای ڕێژیم سه‌باره‌ت به مه‌ترسیی ئێمه بۆ سه‌ر به‌ناو ئه‌منیه‌تی میللیی ئێران هه‌ڵچنراوه. له‌پێشدا ده‌بێ بڵێین که ئه‌‌وه خودی کۆماری ئیسلامییه که به دروستکردنی خه‌فه‌قان و سیاسه‌تی سه‌رکوت ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر چالاکانی مه‌ده‌نی و خه‌ڵکی بێدیفاعدا، ته‌واوی ئێران و به‌تایبه‌ت کوردستانی نائه‌من کردوه. پاشان، حیزبی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که شانازی به خۆڕاگریی چه‌کدارانه‌ی له به‌رامبه‌ر هێرشی رێژیم بۆ سه‌ر خاک و خه‌ڵکی کوردستان ده‌کا و ئێستاش خاوه‌نی هێزی پێشمه‌رگه‌ی تۆکمه و به ئه‌زموونه، به‌ڵام هه‌م له رابردوودا هه‌میشه پشتیوان و خوازیاری چاره‌سه‌ری سیاسی و ئاشتیخوازانه‌ی پرسی کورد له ئێراندا بووه، هه‌م له هه‌لومه‌رجی ئێستادا ته‌نانه‌ت حزوور و چالاکیی پێشمه‌رگه‌کانیشی زۆرتر به‌مه‌به‌ستی یارمه‌تیدان به له‌مه‌یداندابوونی خه‌ڵک و به‌هێزکردنی به‌ستێنی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری بووه. ئێستاش که کۆماری ئیسلامی به‌م چه‌شنه دڕندانه‌یه هێرشی کردووه‌ته سه‌ر ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب، ئێمه وێڕای دڵنیاکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌وه که هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی ئێمه وه‌ک پێشوو له‌ مه‌یدان دا‌یه، ڕاده‌گه‌یه‌نین که به پشتبه‌ستن به‌ پاشخان و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان، ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه دیسان به‌هێزکردنی به‌ستێنی خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ری به‌دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ کۆتاییهێنان به‌و ڕێژیمه‌یه.

٣/ مووشه‌کبارانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ئاستی جۆربه‌جۆردا شه‌پۆلێکی به‌ربڵاو له کاردانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی لێ که‌وته‌وه. له‌و پێوه‌ندییه‌دا پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ پێویستی زانی پێش هه‌موو شتێک ستایش و ده‌سخۆشیی خۆی له به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی رێبه‌ری و کادر و پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌کانی حیزب له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیده‌کانی قه‌ڵای دێموکرات ڕابگه‌یه‌نێ که سه‌رباری ئه‌و زه‌بره قورسه که وه‌ په‌یکه‌ری حیزب که‌وت، به‌وپه‌ڕی وره و مشوورخۆرییه‌وه له هه‌موو ئاسته‌کاندا قورس و قایم رووبه‌ڕووی دۆخه‌که بوونه‌وه و له‌و کات و ساته هه‌ستیار و سه‌خته‌دا به ئیراده و خۆڕاگری و یه‌كگرتوویی خۆیان حیزبی دێموکراتیان سه‌ربه‌رز و راوه‌ستاو راگرت و مستێکی توندیان له دمی بڕیارده‌رانی ئه‌و جینایه‌ته وه‌شاند.

٤/ پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌مه‌گناسیی خۆی له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێست و ئیراده‌ی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێ که جیا له هه‌موو ئه‌و پشتیوانی و هاوده‌ردییه که له ده ڕۆژی رابردوودا به شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ حیزبی ئێمه‌یان ده‌ربڕیوه، به شێوه‌یه‌کی بێوێنه به‌پیل بانگه‌وازی چالاکانی نێوخۆ و حیزبی ئێمه و ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی و ده‌ربڕینی ئیعتراز به مووشه‌كبارانی قه‌ڵای دێموکرات و ئێعدامی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نییه‌وه هاتن. ئه‌و مانگرتنه گشتییه له مێژووی ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له چوار ده‌هه‌ی ڕابردوودا ئه‌زموونێکی بێ وێنه و شیاوی ده‌رس لێ وه‌رگرتنه. کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌مجۆره “نا”یه‌کی به‌هێزیان به کۆماری ئیسلامی گوت که له یه‌ک ڕۆژدا چه‌ند که‌س له چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیی له‌ نێوخۆی وڵات ئێعدام کرد و قه‌ڵای دێموکراتی مووشه‌کباران کرد. پشتیوانی و هاوپێوه‌ندیی که‌موێنه‌‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکرات و بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان و خاوه‌نداریی ئه‌وان له قوربانییانی تێرۆر و ئێعدام له‌م مانگرتنه‌دا پێویسته وه‌ك سه‌رفه‌سڵێکی تازه له په‌ره‌پێدانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و یه‌کڕیزیی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی کوردستان که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێ.

٥/  ڕێبه‌ریی حیزبی ئێمه به‌ پێویستی ده‌زانێ جارێکی دیکه پڕ به‌دڵ سوپاسی داموده‌زگا و لایه‌نه‌کانی هه‌رێم و خه‌ڵکی باشووری کوردستان به تایبه‌تی له شاری کۆیه‌ی خۆشه‌ویست بکا که هه‌م له کاتی کاره‌ساته‌که‌دا  له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه به هانای حیزبی ئێمه‌وه هاتن و هه‌م دواتریش به‌رده‌وام هاوده‌رد و هاوخه‌می ئێمه بوون. هه‌رله‌و کاته‌دا له‌و باوه‌ڕه‌داین که به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ که مووشه‌کبارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی ئێمه هاوکات ده‌ستدرێژیشه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری و جێگیریی عیراق و هه‌رێمی کوردستان، ئیعترازی توندتر له به‌رامبه‌ر ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ی ڕێژیمی ئێران و هه‌نگاونان بۆ پێشگیری له دووپاتبوونه‌وه‌ی جینایه‌تی له‌م چه‌شنه و پاراستنی گیانی تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌کانیان به‌رپرسایه‌تیی ئه‌خلاقی و قانوونیی ده‌وڵه‌تی عیراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه.

٦/ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هاوده‌نگیی ئه‌وان به‌تایبه‌تی له چوارچێوه‌ی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران به‌دوای ئه‌م کاره‌ساته‌دا به شتێکی موسبه‌ت و هیوابه‌خش ده‌زانێ. به‌ڵام نیگه‌رانیی خۆی له‌و هه‌قیقه‌ته تاڵه‌ش ده‌ربڕی که ته‌نانه‌ت پا‌ش ئه‌م کاره‌ساته که‌م وێنه‌یه‌ش هه‌ماهه‌نگی و هاوهه‌نگاویی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک پێویست نییه و هیندێك لایه‌ن له‌سه‌ر تاکڕه‌وی و ته‌نانه‌ت به‌لاڕێدابردنی واقعیه‌تی ئه‌م ڕووداوه به‌رده‌وامن. حیزبی ئێمه وێڕای به‌رده‌وامیی بۆ مایه‌له‌خۆدانان له‌پێناو ئه‌وه‌ که فه‌زای زێهنیی ئێستا بۆ یه‌كگرتوویی نێوماڵی کورد له ڕۆژهه‌ڵات بپارێزرێ و په‌ره‌ی پێ بدرێ، سه‌رنجی لایه‌نه‌کانی دیکه بۆ ئه‌و زه‌رووره‌ته ڕاده‌کێشێ که ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ له ئاستی هه‌ستیاریی دۆخه‌که و چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستاندا بین پێویسته به به‌رپرسایه‌تی زۆرتره‌وه بیر له هه‌نگاوی زیاتر و راسته‌قینه‌تر بۆ یه‌كگرتنی به‌کرده‌وه‌ی هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵات بکه‌ینه‌وه.

٧/ سه‌باره‌ت به هێز و لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پاش ئه‌م موشه‌کبارانه و پاش ئه‌و هاوپێوه‌ندییه یه‌کده‌سته که خه‌ڵکی کوردستان له‌گه‌ڵ حیزبی ئێمه و بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستانی نیشان دا، هه‌م که‌سایه‌تی و لایه‌نه‌کانی دۆستی ئێمه له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا هاوخه‌می و هاوپێوه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌ربڕیوه، هه‌م به‌تایبه‌تی هێندێک ئاڵوگۆڕی موسبه‌ت له شێوه‌ی ڕوانینی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێران بۆ بزوتنه‌وه‌ی کوردستان و خه‌باتی حیزبی ئێمه‌دا به‌دی ده‌كرێ. به‌و حاڵه‌ش به‌داخه‌وه ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێران له‌و جینایه‌ته‌ی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی و هاوپێوه‌ندیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌گه‌ڵ حیزبی ئێمه و خه‌ڵکی کوردستان زۆر له‌وه که‌متره که له ئاستی جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی له ڕۆژی ١٧ ی خه‌رماناندا بێ. به‌وحاڵه‌ش حیزبی ئێمه هه‌روا ئاماده‌یه که یارمه‌تی به دیالۆگ و لێکتێگه‌یشتنی بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان و کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێران بکا بۆ ئه‌وه‌ی هاوپێوه‌ندی و هاوخه‌باتیی نێوان ئه‌م دووانه کۆتایی به سه‌ره‌ڕۆیی له ئێراندا بێنێ و ئه‌لترناتیڤی دڵخواز جێگه‌ی ئه‌و رێژیمه بگرێ. به‌ڵام ئه‌و هۆشدارییه‌ش ده‌ده‌ین که ئه‌گه‌ر بێت و ئاستی ده‌رک و پشتگیریی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان هه‌ر به‌و جۆره بێ که ئێستا ده‌یبینین، درز و مه‌وداکانی نێوان نه‌ته‌وه‌ی کورد و کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی ئێران هه‌ر دێت و زیاتر ده‌بێ و له ئاکامدا هه‌ر کۆماری ئیسلامی له په‌رش و بڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و نایه‌کگرتوویی پێکهاته‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران قازانج ده‌كا.

٨/ ده‌نگدانه‌وه و کاردانه‌وه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی مووشه‌كبارانی بنکه‌ی سه‌ره‌کیی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه شتێکی که‌متر دیتراو بوو. پلینۆمی نۆهه‌‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای ده‌سخۆشی له‌و هه‌وڵانه‌ی تا ئێستا به‌شه‌كانی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی ئێمه داویانه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جینایه‌ته له ئاستی مێدیا و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌ جیهانییه‌کاندا ده‌نگدانه‌وه‌ و دژکرده‌وه‌ی زۆرتری لێ بکه‌وێته‌وه، هاوڕێیانی پێوه‌ندیدار به‌م بواره‌ی ڕاسپارد که له کار و هه‌وڵه‌کانی خۆیان به‌رده‌وام بن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای له‌به‌رچاوبوونی هه‌موو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی تا ئێستا له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌دا به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن نفووزی جیهانه‌وه بۆ مه‌حکوم کردنی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ی کۆماری ئیسلامی گیراون، به‌له‌به‌رچاوگرتنی واقعیه‌تی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستڕۆیشتوویی له عیراق به‌تایبه‌تی له ئاستی ئاسمانیدا، به‌رپرسایه‌تیی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ هه‌ڵێنانه‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌کرده‌وه به‌دژی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ی کۆماری ئیسلامی و پێشگیری له دووپاتبوونه‌وه‌ی جینایه‌تی له‌م چه‌شنه ده‌ستنیشان کرد.

٩/ سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌ندی ئه‌منیه‌تیی موشه‌كبارانی قه‌ڵای دێموکرات، کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای تاوتوێی چه‌ند و چۆنیی شێوازی کار و تێکۆشانی ڕێبه‌ری و ئۆرگانه‌کانی حیزب و ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌منیه‌تییه‌وه، سه‌باره‌ت به‌ که‌موکوڕییه‌كان ڕه‌خنه‌ی له خۆی گرت و هه‌یئه‌تێکی تایبه‌تی بۆ تاوتوێی وردتری ئه‌م لایه‌نه‌ی پرسه‌که و هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی پێویست بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زیاتری پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دیاری کرد.

له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی کاره‌کانی پلینۆمی نۆهه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، گه‌ڵاڵه‌یه‌ک بۆ پێداچوونه‌وه‌ به هێندێک پرسی ڕێکخراوه‌یی و ئه‌ساسنامه‌یی که له‌لایه‌ن هه‌یئه‌تێکی ڕێبه‌ریی حیزبه‌وه له به‌ره‌به‌ری کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستاندا ئاماده کراوه، که‌وته به‌ر دید و بۆچوونی به‌شدارانی پلینۆم. پاش گفتگۆیه‌کی تێر و ته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به نێوه‌رۆکی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه، پلینۆم ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی ڕاسپارد که به له‌به‌رچاوگرتنی تێبینییه‌کانی ڕێبه‌رایه‌تیی حیزب ئاڵوگۆڕی پێویست له‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا پێک بێنێ به چه‌شنێک که باشتر وڵامده‌ری پێویستییه‌کانی کار و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات له‌ قۆناغی ئێستادا بێ.

دوایین بڕگه‌ی نۆهه‌مین کۆمیته‌ی ناوه‌ندی تایبه‌ت بوو به دیاریکردنی کۆمیته‌ی ئاماده‌کردنی کۆنگره‌ی حه‌ڤده‌هه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستان. له‌و به‌شه‌شدا ده‌فته‌ری سیاسی هه‌یئه‌تێکی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پێشنیار کرد و کۆمیته‌ی ناوه‌ندییش پێکهاته‌ی هه‌یئه‌ته‌که‌ی وه‌ک خۆی په‌سند کرد.

به‌م جۆره پاش چه‌ندین سه‌عات کاری چڕ و پڕ، پلینۆمی نۆهه‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی به سه‌رکه‌وتووییه‌وه کۆتایی پێ هات و به‌شدارانی پلینۆم شێلگیرتر و سوورتر له هه‌ر کاتێک بۆ درێژه‌دانی ڕێبازی هاوڕێ و هاوکاره شه‌هیده‌کانیان  و به ئیمان به سه‌رکه‌وتنی خه‌باتی ره‌وای حیزبی دێموکرات و خه‌ڵکی کوردستان گه‌ڕانه‌وه شوێنی کار و تێکۆشانی خۆیان.

 

سڵاو له شه‌هیدانی ١٧ی خه‌رمانانی قه‌ڵای دێموکرات!

سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌باتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان!

ڕیسوایی و نه‌مان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران!

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان

ده‌فته‌ری سیاسی  ٢٩ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ (٢٠ی سێپتامبری 2018)