بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە کاک قادر فەتحیان ناسراو بە مامە قالە شۆڕش ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٠٦ ـ ٠٩ ـ ٢٠١٨ دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هێلسینگبۆری سوئێد کۆچی دوایی کرد.
مامە قالە ساڵی ١٣٠٥ ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاری بانە لە دایک بووە. لە گەڵ دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزرانی کۆماری کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی ئۆگر بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەگەنە کۆمار و بەشداری دامەزرانی کۆماری کوردستان دەکەن و لەو کاتەوە وەک ڕێبواری ڕێگای ئازادی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خەبات دەکا.
مامە قالە ٧٣ ساڵ لە تەمەنی خۆی لە ڕێگای نیشتمان و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا تێپەر کرد و لە پێناو ئامانجەکانی حیزبەکەی دا چەندجار برینی قورسی هەڵگرتووە و چەندین جار لە لایەن ڕژێمی پەهلەوی گیراوە. لەگەڵ یەکەم ڕاپەرینەکانی شۆرشی گەلانی ئێران مامە قالە لە یەکەم کەسەکان دەبێ کە بە چەکەوە هێرش دەکاتە سەر دام و دەزگای حکوومەتی پەهلەوی و بەم شێوەیە ئاڵا و دەنگی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرز دەکاتەوە. لە دوای شۆڕش مامە قالە لەگەڵ بنەماڵەکەی و کوڕەکانی دەبنە پێشمەرگە و تا دوا هەناسەی ژیانی وەک ئەندام و پێشمەرگە و فەرماندە خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردووە، مامە قالە برایەکی لە ریز شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستان دا لە کاتی گرتنی پادگانی بانەدا بە ناوی حەمەدەمین فەتحیان شەهید بووە.
لەکۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دمکرات و کوردکاناڵەوە سەرەخۆشی بنەماڵەی بەڕێزی مامە قالەی شۆرش و هەموو هاوسەنگرانی دەکین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.