باڵوێزخانەی مەجازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی کورتە پەیامێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری برلینی وەبیر هاووڵاتییانی ئێرانی هێنایەوە.
باڵوێزخانەی مەجازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئێراندا، لە کورتە پەیامێکدا نووسیوویەتی: “لەم دواییانەدا لە لاپەڕەکەمان، ئاماژەمان بە هێندێک لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرتاسەری دنیا بەتایبەت لە ئورووپا کردووە. ٢٦ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێکدا لە ڕۆژی ١٧ سێپتامبر چالاکی سیاسیی کورد، دوکتور سادق شەرەفکەندی و سێ کەسی دیکە لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس لە شاری برلین تێرۆر کران، ئێوە لە سەر ئەم هێرشە تێرۆریستییە چی دەزانن؟
شایانی باسە نێوەڕاستی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، هەوڵی ڕێخستنی ئەم باڵوێزخانە ئینترنتییە داوە، کە زیاتر بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری بە هاووڵاتییانی دانیشتووی ئێران دامەزراوە.
تێرۆری میکۆنۆس لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ٧١ی هەتاوی، لە ڕیستۆرانتێکدا هەر بەم ناوە لە شاری برلین ڕووی دا، کە لەو ڕووداوەدا دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دیموکرات، فەتاح عەبدولی ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری ئەم حیزبە لە ئورووپا، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی تێرۆر کران.
دادگای میکۆنۆس لە ماوەی٣ ساڵ، ٢٤٧کۆبوونەوە و شایەتیدانی ١٧٦ کەسی لەسەر دۆسیەی تێرۆری میکۆنۆس ئەنجام دا و حکوومەتی ئێرانی بە “تێرۆریزمی دەوڵەتی” مەحکووم کرد.
حوکمی دادگای میکۆنۆس لە مانگی دێسامبری ١٩٩٨ بەتەواوەتی مسۆگەر بوو و بەرپرسانی ئێرانی لە باڵاترین ئاستدا وەک خامنەیی، ڕێبەری نیزام و ڕەفسەنجانی سەرۆککۆماری ئەوکات و وەزیرانی دەرەوە و ئیتلاعاتی ڕێژیم لە دۆسیەی تێرۆری میکۆنۆسدا مەحکووم کران.