Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
هه‌ینی ۲۵ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 16/11/2018 | کاتژمێر:
چالاکی

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لە پاریس لە دژی کۆماری ئیسلامی

15/09/2018 | 02:15:06
+A
-A

کاتژمێر ۱ی پاشنیوەرۆی رۆژی هەینی ۱٤ی سێپتامبر (۲۳ی خەرمانان) لە مەیدانی یێنا نزیک لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە پاریس بەڕێوەچوو. لەم خۆپێشاندانە دا دەیان کەس لە تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هێز ولایەنە ئێرانی وکوردستانیەکان بەشدار بوون.
ئەم خۆپێشاندانە کە بۆ مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب و ئیعدامی ۳ رۆڵەی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دا رێک خرا بوو کۆمەڵێک پەیام پێشکەش کران کە بریتی بوون لە پەیامی کەسایەتی سیاسیی کورد کاک عەزیز ماملێ، پەیامی کۆمیتەی فەرانسە حیزبی دیموکراتی کوردستان، پەیامی کۆمتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران، کۆمەڵە زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران، شبکە همبستگی برای حقوق بشر در ایران.
ئەم خۆپێشاندانە کە بە یارمەتی و هاوکاری کۆری کوردەکانی نیشتەجێ ڵە فەرانسە پێک هاتبوو،بە وێنەی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان و لاوانی ئیعدام کراو و بە ئارمی حیزب رازا بۆوە و دوای ۲ کاتژمێر کۆتایی پێهات.
پێویستە بگوترێ وێرای هێز ولایەنە سیاسییەکان، ژمارەیەکیش کەسایەتیی کوردستانی و ئێرانی بە شدار بوون. بە دوای کۆتایی هاتنی خۆپێشاندانەکە ژمارەێک لە خەڵکی تووڕە و نارازی لە کردەوە تێروریستیەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە پاریس.

 

پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خۆپێشاندانەکەدا:

په‌یامی كۆمیته‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌ فه‌رانسه‌
به‌ بۆنه‌ی مووشه‌كبارانی كه‌مپه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ باشووری كوردستان و
ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز!
خوشك و برایانی ئازیز!
هێزو لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌كانی ئێران و كوردستان!
كۆڕ و كۆمه‌ڵی نێونه‌ته‌وه‌یی و رێكخراوه‌كانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ!
به‌خێر بێن بۆ ئه‌م رێپێوانه‌ ئیعتیرازیه‌.
دیسان وه‌ك زۆر جاری دیكه‌ له‌ده‌وری یه‌ك كۆبووینه‌وه‌ تاكوو جینایه‌تێكی دیكه‌ی رێژیمی ئاژاوه‌گێڕو تێرۆریستی كوماری ئیسلامی ده‌رهه‌ق به‌ رۆڵه ئازادیخوازه‌كانی كورد مه‌حكووم بكه‌ین. لێره‌ كۆبووینه‌وه‌ تا رێز له‌ یاد و ناوی پۆلێكی دیكه‌ له‌ رێبه‌ران و رۆڵه‌ قاره‌مانه‌كانی كورد بگرین. له‌ درێژه‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌ جیهاده‌ی خومه‌ینی نزیك به‌ ٤٠ ساڵ له‌ومه‌وبه‌ر له‌دژی خه‌ڵكی كوردستانی راگه‌یاند، دیسان رێژێمه‌كه‌ی ده‌ورێكی دیكه‌ی له‌ كوشتار و كۆ‌مه‌ڵكوژی له‌دژی رۆڵه‌ ئازادیخوازه‌كانی كورد هه‌ڵگرتوه‌. جگه‌ له‌وه‌ی رۆژانه‌ خه‌ڵكی كاسبكاری كورد له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی سپای پاسداران، ئێعدامی لاوانی كورد و چالاكانی بواری مه‌ده‌نی بۆته‌ دیارده‌یه‌كی رۆژانه‌. هه‌ر چه‌ند رۆژ له‌وه‌ پێش ٤ چالاكی بواری ژینگه‌ پارێزی له‌ شاری مه‌ریوان به‌ شێوه‌یه‌كی گوماناوی بوونه‌ قوربانی. له‌ بێشه‌رمی و چێره‌گرتووی كۆماری ئیسلامی دا كار گه‌یشته‌ جێگایه‌ك كه‌ ئه‌م رێژیمه‌ له‌ رۆژی ٨ی سێپتامبر(١٧ی خه‌رمانان) دا به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ڕێوشوێنه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقییه‌كان به‌ مووشه‌كی قورس هێرش بكاته‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌ قووڵایی باشووری كوردستان.‌ له‌ ئاكامی ئه‌م هێرشه‌دا ١٥ كه‌س له‌ تێكۆشه‌رانی ئه‌م حیزبه‌ شه‌هید بوون كه‌ ٦ كه‌سیان له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا ئه‌ندام بوون و ٤٥ كه‌سیش بریندار بوون. له‌و مووشه‌كبارانه‌دا كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی دیموكراتی گرته‌وه‌ ٢ رۆڵه‌ی تێكۆشه‌ریش له‌ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران شه‌هید بوون. هه‌ر له‌ به‌ره‌به‌یانیی ئه‌ورۆژه‌دا ٣ زیندانیی سیاسیی كورد به‌ ناوه‌كانی زانیار مرادی، لوقمان مرادی و رامینی حوسێن په‌ناهی له‌ زیندانه‌كانی كوماری ئسلامی دا له‌ سێداره‌ دران.
دۆستانی به‌ڕێز!
مێژووی ٤ ده‌یه‌ ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی سه‌لماندوویه‌تی چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌كه‌ ئه‌م رێژیمه‌ سنوورێك بۆ ئاژاوه‌گێڕی و كرده‌وه‌ تێرۆریستییه‌كانی دابنێ، چاوه‌ڕوانییه‌كی بێسووده‌. دروشمی هه‌نارده‌ كردنی شۆڕش بۆ ده‌روه‌ی شتێك نه‌بوو جگه‌ له‌ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی تێرۆر. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ “ام القرا”ی ئیسلام بوو به‌ “ام القرا”ی تێرۆریزم و ولی امر مسلمین بوو به‌ “ولی امر”ی تێرۆریسته‌كان. له‌ سایه‌ی پشتیوانی و پووڵه‌ نه‌فتییه‌كانی كۆماری ئیسلامی دایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ گرووپ و تاقمی تێرۆریستی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ئاسایش و ئه‌منییه‌تی خه‌ڵكیان له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا شێوانداوه‌. تا ئه‌و رێژیمه‌ له‌سه‌ركار بێ تێرۆریزم به‌ قووه‌تی خۆی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ جیهان ده‌كا و جیهان رووی ئاشتی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێ. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وڵاتانی به‌هێزی جیهان به‌ تایبه‌تی وڵاتانی ئورووپایی سنوورێكیان بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆماری ئیسلامی و كرده‌وه‌ تێرۆریستییه‌كانی دانابا و له‌ ماڵی ئه‌وان و به‌به‌ر چاوی ئه‌وانه‌وه‌ رێبه‌ران و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی كورد و ئێرانی تێرۆر نه‌كرابان و له‌ فكری سات و سه‌ودا و ئیمتیاز وه‌رگرتن له‌ كۆماری ئیسلامی دا نه‌بووایه‌ن، ئه‌مڕۆ شه‌قامه‌كانی پێته‌ختی وڵاته‌كانیان نه‌ده‌بوو به‌ رمبازێنی تێرۆرسته‌ ره‌نگاوره‌نگه‌كان كه‌ هه‌موویان له‌ بیروباوه‌ڕی دامه‌زرێنه‌ر و رێبه‌رانی كۆماری ئیلهام وه‌رده‌گرن‌.

دۆستان و لایه‌نگرانی مافی ره‌وای كورد!
حه‌ره‌كه‌تی ئیعتیرازی و خۆپێشاندانه‌كانی خه‌ڵكی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌ستی پێكردوه‌ و ئێستا له‌به‌ره‌به‌ری خۆرۆشان دایه‌ و رۆژێك دێ ئه‌و رێژیمی وه‌به‌ر لافاوی خۆی بدا. قه‌یرانی قووڵی ئابووری، دزی و فه‌سادی به‌ربڵاو له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌تیدا، سه‌ركوت و ئه‌شكه‌نجه‌و ئێعدامی له‌راده‌به‌ده‌ر، تاقه‌ت و حه‌وسه‌له‌ی خه‌ڵكیان به‌سه‌ر بردوه‌. فشارو ته‌حریمی دنیای ده‌ره‌وه‌ش زیاتر له‌هه‌ر كات ئه‌م رێژیمه‌یان خستۆته‌ ته‌نگانه‌وه‌. مووشه‌كبارانی كه‌مپی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور و ئێعدامی رۆڵه‌كانی نه‌ك له‌ رووی قه‌درو قودره‌ته‌وه‌ به‌ڵكوو ته‌نیا په‌له‌قاژه‌یه‌كی شێتانه‌ و سه‌ره‌ڕۆیانه‌یه له‌ به‌رامبه‌ر دۆخی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا‌ و له‌ دڵه‌ڕاوكێ و ترس له‌ داهاتووی سه‌رانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ.
كورد و هێزه‌ ئازادیخوازه‌كانی قوربانیانی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی و پێشه‌وه‌ی ماشێنی شه‌ڕ و تێرۆری كۆماری ئیسلامین. كورد له‌ رابردووشدا كاره‌ساتی له‌م چه‌شنه‌ی زۆر تاقی كردوونه‌وه‌، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌كه‌ پاشه‌كشه‌ی نه‌كردوه‌. ئه‌گه‌ر سه‌ركوت و كوشتار و تێرۆر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئیراده‌ی رۆڵه‌كانی كورد هه‌بووایه‌، بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ جوغرافیای كوردستاندا ئاوا به‌ربڵاو و له‌ نێو خه‌ڵكی كوردستاندا ئاوا قووڵ نه‌ده‌بۆوه‌. ئه‌وه‌تا! ئه‌گه‌ر رۆژێك مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری مه‌ڵبه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی كورد بوو، ئه‌مڕۆ سنه‌ و كرماشان ئه‌وه‌ ده‌بن و به‌ ناوه‌ندی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌. دژكرده‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر رووداوی ٨ی سێپتامبردا ئه‌م راستییه‌ی سه‌لماند‌.

ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان!
ئه‌گه‌ر رووداوی ٨ی سێپتامبر خه‌سار و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستان و هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ رۆژهه‌ڵات، “به‌ڵێ”ی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ بانگه‌وازی ئێوه‌، بۆ مانگرتنی گشتی ده‌سكه‌وتێكه‌ كه‌ ده‌یان ساڵ بوو به‌م شێوه‌یه‌ وه‌دی نه‌هاتبوو. ئه‌م مانگرتنه‌ ده‌كرێ وه‌ك شۆرشێكی نوێ سه‌یری بكرێ. ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ هه‌ڵگری مانا و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆره‌. تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌م مانگرتنه‌ گشتییه‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی خه‌ڵكی سه‌رانسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ هه‌موو چین و توێژ و ناوچه‌ جیاجیاكانیه‌وه‌ بوو. ده‌بێ ئیعتراف بكه‌ین ئه‌وان له‌و ئه‌ر‌كه‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌دا پێشڕه‌و بوون. ئه‌گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانیش وه‌ڵامی “به‌ڵێ” به‌و یه‌كگرتنه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌ده‌نه‌وه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌ به‌فیڕۆ ده‌چێ. حیزبی دیموكراتی كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌ له‌ هیچ هه‌وڵێك درێغی ناكاو پێشوازی له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌نگاوێك له‌م پێناوه‌دا ده‌كا.
– سڵاو له‌ یاد و ناوی شه‌هیدانی ٨ی سێپتامبر،
– سڵاو له‌ ئیراده‌و سه‌بووریی بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدانی تازه‌مان،
– برووخێ رێژیمی شه‌ڕخواز و تێرۆریستی كۆماری ئیسلامی

له‌لایه‌ن حیزبی دێموكراتی كوردستانه‌وه‌ و له‌ رێگه‌ی كۆمیته‌ی حیزبه‌وه‌ له‌ فه‌رانسه‌ پڕ به‌دڵ سپاسی ئێوه‌ ده‌كه‌ین كه‌ زه‌حمه‌تتان كێشاوه‌ و له‌ ڕێی دوور و نزیكه‌وه‌ هاتوون له‌ رێپێوانه‌دا به‌شدار بوون.
كۆمیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ فه‌رانسه‌
١٤ی سێپتامبری ٢٠١٨(٢٣ی خه‌رمانانی ١٣٩٧)