من وەک لایەنگرێکی دێموکراسی لە ئێران و دانیشتووی ئەم ناوچەیە کە ئێوە لە کۆنگرێس نوێنەرایەتیی دەکەن داواتان لێدەکەم کە لە گەڵم هاودەنگ بن بۆ پشتیوانیی لە کوردەکانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی مەزنی کورد لە ئێران.
حەوتووی ڕابردوو دەوڵەتی ئێران شەڕێکی فرە ڕەهەندی دژی کوردەکانی خۆی کرد. لە لایەکەوە، سەر لە بەیانی ٨ی سێپتامبر، ڕێژیمی ئێران سێ لاوی کوردی ئیعدام کرد کە بەندکراوی سیاسی بوون. لە لایەکی دیکەوە، ڕێژیمی ئێران، کەڵکی لە مووشەکی بالیستیکی بۆ هێرش کردن بۆ سەر کەمپە پەنابەرییەکانی کوردانی ئێرانی وەرگرت کە لە ناوجەرگەی خاکی عێراق هەڵکەوتوون. جگە لەمە ئێران ٧ ڕۆژ کوردستانی عێراقی تۆپ باران کرد.
کاتێک کە زانیار مورادی و لوقمان مورادی، کە ئەندامی یەک بنەماڵە بوون، ئەم شەممەیە ئیعدام کران، ئەوان ١٠ ساڵ بوو لە زیندان بوون و لە ژێر تووندترین ئەشکەنجە دا ناچار کران ئیعتراف بە تاوانێک بکەن کە هەرگیز نەیان کردبوو. ڕامین حوسێن پەناهی بە هەمان شێوەو لە هەمان بەیانی دا ئیعدام کرا، لە کاتێکدا کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دادوەریی نادادپەروەرانە، بەپەلە و بێ ڕەچاو کردنی پرۆسەی باوی سزادان مانی لە خواردن گرتبوو.
هێرشی ئێران بۆسەر کەمپی پەنابەران و حیزبە کوردییەکانی ئێران، کە ناچار بە ژیان لە تاراوگە لە کوردستانی عێراق کراون، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و نۆرمە ناونەتەوەییەکانە. بە هۆی ئەم هێرشەوە لانی کەم ١٦ کەس کوژران و ٤٠ کەس بریندار بوون. بە داخەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هێشتا هەڵوێستێکی بەهێزیان بۆ شەرمەزار کردنی ئەم کردەوە تاوانکارانە و ترسنۆکانەی ئێران نەگرتووە.
ئەم هێرشە، هەرچی بێ، لە پێش هەموو شتێکدا، پەیامێکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە کە ئێران کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر عێراقدا هەیە و ئەوان لەوێ هەر چی بیانهەوێ دەیکەن. ئەمە گرینگە کە هێزە دێموکڕاتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بزانن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان توانایی پشتیوانیی لە بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەدا هەیە. بێ دڵنیا کردنەوە، داهاتووی هێزە دێموکڕاتیکەکان و داهاتووی ئەم هێزانەی کە نزیکترین دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانن و هاوپەیمانەکانی ئەون دەکەوێتە مەترسییەوە.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هەمیشە دەوری سەرەکیی بۆ لێک نزیک کردنەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی هەبووە و خەڵکی ئێران کوردەکان وەک خەباتکاری ڕاستەقینە بۆ ئازادی و دێموکڕاسی ئێران سەیر دەکەن. پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان خەڵکی ئێران دڵنیا بکاتەوە کە لایەنە هەرە دێموکراتیکەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تەنیا جێ ناهێڵێ. بۆیە من لە لایەن خۆم و گەلێک خەڵکی دیکە لە کۆمەڵگای خۆم داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی و کۆنگرە دەکەم کە ئاشکراتر پشتیوانیی لە کوردەکانی ئێران بە تایبەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بکا کە بەتەمەنترین و مەزنترین حیزبی سیاسی کوردییە.