لە تۆی پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەژماری یونامیدا بڵاو کرایەوە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە مووشەکبارانی بارگای سەرەکی حیزبی دیوکراتی کوردستان، پشتیوانی خۆی لە هەلوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
شایان باسە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا بۆ بارگای سەرەکی حیزبی دێموکرات کە بوو بە هۆی شەهید و بریندار بوونی دەیان کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکان، وێڕای محکوم کردنی ئەو کردەوەیە ڕایگەیاند کە هێرش بۆ قوولایی خاکی هەرێمی کوردستان بە پێجەوانەی یاسانێودەوڵەتییەکانە و لەژێرپێنانی سەروەری خاکی کوردستان و عێراقە.
پەیامی یونامی لەحالێک دایە کە فەرماندەکانی سپای پاسداران هەرەشەی دووپاتکردنەوەی هێرش بۆ بارگای حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە. لەو پێوەندییەدا قاسمی سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی قدسی ڕێژیم و پاسدار حوسێنی دێهقان راوێژکاری نیزامیی خامنەیی هەڕەشەیان کردووە کە هێرشی ١٧ی خەرمانان دوا هێرشیان بۆ سەر بارگا و بنکەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی نابێت.
شایانی باسە هێرشی مووشەکی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان و حیزبە ئێرانییەکان محکوم کراوە و لە وڵاتانی دەرەوەش ڕەوەندی کوردی لە بەرانبەر باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندانی نارەزایەتییان وەڕێخستووە.