ئەورۆ شەممە ڕێکەوتی ۸ی سێپتامبر بە هۆی هێرشی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەشتی کۆیە، ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەری، پێشمەرگە و ئەندامی ئەو حیزبە شەهید و بریندار بوون. لە نێو شەهیدەکاندا دوو هاوڕێی تێکۆشەر و دڵسۆزی یەکیەتی ژنانی دێموکرات خاتوو سۆهەیلا قادری بەرپرسی گشتی یەکیەتی ژنانی دێموکرات و مامۆستا نەسرین حەداد بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوەکەمان شەهید بوون. هەردوو تێکۆشەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندەی حیزبی دێموکرات بوون و بەداخەوە بە هۆی هێرشی دڕندانەی مووشەکی چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدان و گیانیان بەختی ڕزگاری کوردستان کرد
بەو بۆنەوە ئێمە وەکوو یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، سەرەڕای مەحکومکردنی ئەو کردەوە تڕۆریستیە، سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەگشتی و ڕێکخراوەکەمان بەتایبەتی دەکەین
داوا لە مڕۆڤدۆستان و ئازادیخوازان دەکەین ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە مەحکوم بکەن و یارمەتی بنەماڵە و پێشمەرگەکان بدەن. هیوای چاکبوونەوەی بریندارەکان بە زووترین کات دەخوازین.
هەر ئەوڕۆش پەیمان لەگەڵ تازەترین شەهیدانمان خاتوو سۆهەیلا و مامۆستا نەسرین و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نوێ دەکەینەوە کە تاکوو سەرکەوتن درێژەدەری ڕێگایان دەبین.
مەرگ و نەمان بۆ کۆنەپەرستان و ترۆریستان.
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی سوئێد