Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۹ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 20/11/2018 | کاتژمێر:
جۆراوجۆر

«ئاڵای کوردستان» زمانی سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی تارانی وه‌ته‌ته‌ڵه ‌خست

07/09/2018 | 00:23:40
+A
-A
سامڕەند عەتری

پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و بەدیهاتنی دەوڵەت_نەتەوە مۆدێرنەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و دابەشکردنی کوردستان بە سەر چوار دەوڵەت_نەتەوەی ناوچەکەدا بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی سایکس_پیکۆ لە نێوان فەرانسه‌ و بریتانیادا کە بەبێ ڕەچاوکردن هیچ لایەنێکی نەتەوەیی، ئایینی، مێژوویی و بەگشتی پشتگوێخستنی هەموو تایبەتمەندییەکی هەویەتیی ئەو نەتەوانەی کە تەنیا بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەو دوو وڵاتە پەستێورانە نێو ئەو دەوڵەت_نەتەوانەوە، نەتەوەی کورد بە گوێرەی دەرفەتی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان دەستی بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کرد. بزووتنەوەی خۆییبوون لە نێوان ساڵانی ١٩١٧ تاکوو ١٩٢٧ی زایینی ئاڵای کوردستانی لەسەر زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان هەڵ کرد. جەنگی دووەمی جیهانی و دروستبوونی سیستەمی دوو جەمسەریی هێزیش لە دنیادا دەرفەتێکی وایان بۆ کورد ڕەخساند کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ و جارێکی دیکە ئاڵای کوردستان هەڵ بکاتەوە. پاش ڕووخانی یه‌کیه‌تیی سۆڤییەت و کۆتاییهاتنی سیستەمی دوو جەمسەریی هێز و جەنگی یەکەمی کەنداو لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ی زاییندا باشووری کوردستان دەرفەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی بۆ ڕەخسا و پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی عێراق قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە دەستووری نوێی عێراقی فیدراڵدا بەڕەسمی ناسرا و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا ددان بە ئاڵای کوردستاندا نرا.
ڕێژیمی ئێران هەم لە سەردەمی پادشایەتیدا و هەم لە سەردەمی حکوومەتی ئاخوندیدا دژبەری یەکەمی هەویەتیی نەتەوەی کورد بووە و هەیە. قووڵاییی ستراتیژیی دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر ئەوە داڕێژراوە کە گەلانی ئێران بە پەروەردەی ئێرانیی فارسی ڕابێنن. محەمەدعەلی فرووغی، دوایین سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی پەهلەویی یەکەم و یەکەمین سەرۆکوەزیرانی پەهلەویی دووەم باس لەوە دەکا کە بۆ لەنێوبردنی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی نەتەوەی کورد پێویستە هەوڵ بدەن لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە ڕێک بکەون، ئەگەر ئەوەش نەگونجا، پێویستە بە مێهرەبانی و ڕاکێشانی کوردان بەلای دەوڵەتی ئێراندا بە پەروەردەی ئێرانی ڕایانبێنن، چونکە لەنیوبردنی کوردان خەیاڵێکی خاوە. فرووغی دەڵێ، ئەم کارە ڕەنگە بۆ تورکەکان ئاسان نەبێ، بەڵام بۆ دەوڵەتی ئێران زۆر دژوار نییە، چونکە کورد هەم بە ڕەچەڵەک ئێرانین و هەم زمانەکەشیان ئێرانییە.(سیاستنامە ذکاءالملک/کتاب روشن ١٣٩٠).
ئەم ستراتیژییە شۆڤینیستییە لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە زۆر بە وردی و بە ڕژدی کاری لەسەر کراوە و بەتایبەتی لە باشووری کوردستان دوای پێکهاتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، توانیویەتی بڕشت و نفووزێکی دیار لە نێو بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی باشووردا جێ بخا. هەربۆیە لە زۆربەی ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی باشووردا کاربەدەستانی پلەباڵای ڕێژیم بە بزەیەکی بەڕواڵەت دۆستانە، بەڵام چزوودارەوە بەشداری دەکەن. فرووغ فەڕوخزاد گوتەنی:
ئەم دنیایە
پڕە لە ترپەی پێی ئەو كەسانەی كە ماچت دەكەن و
لە مێشكیاندا پەتی سێدارەت بۆ دەچنن.
یەکێک لەو ڕێوڕەسمانەی باشووری کوردستان کە ڕێژیمی ئێران لە ئاستی وەزیری دەرەوەیدا بەشداری تێدا کرد، ڕێوڕەسمی ناشتنی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە تابووتی تەرمەکەی لە ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە پێچرابوو. ئەو ڕێوڕەسمەش بە ماوەیەکی کورت دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان بوو، کە یەکەمین و ڕژدترین دژی ئەو ڕێفراندۆمە ڕێژیمی تاران بوو. بەڵام نەیتوانی پێشی پێ بگرێت و گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە پارێزگای کەرکووکیشەوە نیزیکەی ٩٣% دەنگی بەڵێیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا. بۆیە ڕێژیمی تاران لەو سەروبەندەدا خەریکی جێبەجێکردنی پیلانێک بوو بۆ ئەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم لەنێو ببا، چونکە دەیزانی ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە هێزێکی گەورەی بە خەباتی نەتەوەییی کورد بەخشیوە و کۆدێکی بۆ کورد شکاندووە کە ئیدی وەکوو هێزێکی سەربەخۆ بچێتە نێو سایتەکانی بڕیاری سیاسیی ناوچەکە و دنیاوە. هەر ئێستا لە سەروبەندی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراقدا ئەو دەسەڵاتەی ڕیفراندۆم بە کوردی باشووری بەخشیوە وەدیار کەوتووە و لەبەر ئەوەی کورد نایەوێ بچێتە هیچکام لەو بەرانەوە کە ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا پشتیوانییان لێ دەکەن، وەکوو لایەنێکی یەکلاکەرەوەی سەربەخۆ دەیەوێ ئەم جارە داخوازییەکانی بە هێزی خۆی، نەک پشتیوانیی دەرەکی بچەسپێنێ.
بەشداریی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێوڕەسمی ناشتنی مام جەلالدا ناچاری کرد بە ڕێزەوە لە بەرانبەر ئاڵای کوردستاندا ڕابوەستێت. نێزیکەی ساڵێک پاش ئەو ڕێوڕەسمە مەجلیسی شووڕای ئیسلامیی ڕێژیم محەمەدجەواد زەریفی بانگ کرد بۆ ئەوەی ئەندامانی مەجلیسەکەی ڕێژیم پرسیاری لێ بکەن. یەکێک لەو کەسانەی پرسیاری لە زەریف کرد، کۆنەپاسداری تیرۆریستی ڕێژیم، نادر قازیپوور بوو، کە یەکێک لە دوژمنانی دێرینی نەتەوەی کوردە و لە ژینۆسایدی خەڵکی گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشدار بووە. قازیپوور ڕەخنەی لە زەریف گرت کە بۆچی لە بەرانبەر ئاڵای کوردستاندا چەمیوەتەوە؟ پرسیارەکەی قازیپووری تیرۆریست، سەرۆکی دەستگای دیپلۆماسیی ڕێژیمی تارانی خستە تەتەڵەی زمانییەوە و ناچاری کرد ددان بەوەدا بنێ کە بۆ یارمەتیی فەرماندەکانی سپای پاسداران بەشداریی کردووە و بوونیان لە باشووری کوردستان زۆر گرینگ بووە، چونکە لەوێ ڕیفراندۆم کراوە و دەبوو ئەنجامەکانی ئەو ڕیفراندۆمە بە میهرەبانی، واتە بە تێزەکەی فرووغی، لەنێو ببەن. تەنانەت ئامادە نەبوو، وشەی «پەیکەر» بۆ تەرمی مام جەلال بەکار بێنێ، کە لە کارکردی زمانی فارسیدا باری ڕێزلێنانی هەیە و بە قووتدانەوەی تفی زاری، وەک ئەوەی شتێکی لە بین گیرابێ، وشەی «جەنازە»ی بەکار هێنا. زەریف لەوەش زیاتر ئاستی دیپلۆماسیی خۆی دابەزاند و تێوەپێچانی ئاڵای کوردستان لە تەرمی مام جەلالی بە کەڵکاوەژوویی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و هاوکارەکانی دانا، کە گۆیا بەپێچەوانەی ئەو بەڵینە بووە، کە بە کاربەدەستانی عێراقیان داوە. زەریف لەبیری چوو کە ئاڵای کوردستان لە دەستووری عێراقدا بەڕەسمی ناسراوە و مام جەلالیش یەکێک لەو کەسانە بووە کە ئەو ئاڵایەی لە دەستوورەکەدا چەسپاندووە. پیاوەکەی سیاسەتی ڕێژیم بۆ ئەوەی بڵێ سەری بۆ ئاڵای کوردستان نەچەماندووە، لەبیری چوو لە یەک دوو ڕستەی پێشتردا ناوی ئاڵای کوردستانی بە زاریدا هێناوە، کەچی بۆ ئەوەی ناوی ئاڵای کوردستان نەهێنێ کەوتە تەتەڵەی زمانی و پاش قووتدانی تفی زاری گوتی، تاکەکەس بووە سەری بۆ تەرمەکە نەچەماندووە.
قسەکانی زەریف، وەکوو نوێنەری ڕەسمیی سیاسەتی ڕێژیمی ئێران نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە هەر پێوەندی و دۆستایەتییەکی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ هەر لایەنێکی کورد، تەنیا بۆ ئەوەیە کە زەفەر لە دەرفەتەکانی نەتەوەی کورد بێنێ و پێش بە سەرکەوتنیان بگرێ، دەنا هیچ لایەن و کەسایەتییەکی کورد بە لای ئەوانەوە گرینگ نییە. کورد گوتەنی، ئێران «بە هەر کوردێک بڵێ مامە، بۆ ئەوەیە چۆلەکەی بۆ بگرێ».

لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)