Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
سێ شه‌ممه ۲۹ ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ۱۳۹۷ | 20/11/2018 | کاتژمێر:
ئەندیشە

نیولیبڕاڵیزم لە ئاوێنەی مێژوودا

07/09/2018 | 00:16:54
+A
-A
د. کامڕان ئەمین ئاوە

پێناسە و بنەماکانی نیولیبڕاڵیزم
چەمکی نیولیبڕاڵیزم بە چەشنی جۆراوجۆر پێناسە کراوە. «دیوید هاروی»، بیرمەندی مارکسیست و مامۆستای جوغرافیا و مرۆڤناسیی زانستگای نیویۆرک، نیولیبڕاڵیزم وەکوو پرۆژەیەکی سیاسی_چینایەتیی کۆی سەرمایەداران پێناسە دەکا کە داسەپێنەری دەسەڵاتی سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگەیە و هەوڵ دەدا هیز و توانای چینی کرێکار کۆنترۆڵ بکا. لە ڕوانگەی «ئەحمەدی سەیف»، ئابووریناس، مامۆستای خانەنشینی زانکۆی ستافۆردشر و مامۆستای ئێستای کۆلێژی ڕیجنتزی بریتانیا، نیولیبڕاڵیزم «کۆی سیاسەتگەلێکە کە تێ دەکۆشێ دەستوورەکانی بازار بەسەر ژیانی مرۆڤدا زاڵ بکا. دەستووری بازاریش بریتین لە کالاکردنی هەموو ئەو شتانەی کە بۆ مسۆگەرکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ واجب و پێویستن».
بە گشتی، بیرۆکەی نیولیبڕاڵیزم، بازار وەکو بنەمای سەرەکی و ناوەندیی کۆمەڵگەی مودێرنی سەرمایەداری پێناسە دەکا و لەم پێوەندییەدا پێویستە سیاسەتە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکانی هەر وڵاتێک هەلومەرجی شیاو بۆ کارامەبوونی بازار و ئازادییە کارخولقێنەرەکان مسۆگەڕ بکا. لە ڕوانگەی نیولیبڕاڵەکانەوە ئەرکی دەوڵەت بریتییە لە پێکهێنان و پاراستنی چوارچێوەیەکی شیاو بۆ کار و باری بازار و دەستەبەرکردنی مافی خاوەنداریەتی خۆیی(1). لەم ڕەوتەدا سەرەڕای پێویستیی بازار بە پشتیوانی دەوڵەت، ڕادەی دەست تێوەردانی دەوڵەت لە کار و باری بازار تا ئاستێکی زۆر، کەم دەکرێتەوە.
تایبەتمەندی نیولیبڕاڵیزم، بە ئابووریکردنی هەموو بوارێکی ژیانی مرۆڤە. بە باوەڕی نیولیبڕاڵەکان بازار باشترین ڕێگا بۆ ڕێکخستنی تەواوی بوارەکانی ژیانە، بەڵام بازار هاوکات پێویستی بە پشتیوانیی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەتی هەیە. نیولیبڕاڵەکان بە پێچەوانەی لیبڕاڵە ئابوورییە کلاسیکەکان، لە لایەکەوە بازار شیاوی هەموو بوارێکی ژیان، و ژیانیش شیاوی بە ئابووری‌کردن دەزانن، لە لایەکی دیکەشەوە ڕکەبەری وەک دیاردەیەکی ئاسایی پێناسە دەکەن و پێیان وایە پێویستە ئەم دیاردەیە وەڕێ بخرێ، هان بدرێ و هاسانکاری و پشتیوانیی لێ بکرێ، هەروەها جاروبار یارمەتی دارایی پێ ‌بکرێ. هەر لەبەر ئەوەیە کە نیولیبڕاڵەکان کێشەیەک لەوەدا نابینن کە بازارەکان جار و بار خەڵک بەرەو هەڵدێری هەرەسهێنان بکێشن، و دەوڵەت و هتد بێن و بازار بگەڕێنەوە سەر شوێن و پێگەی هەوەڵی خۆی.
هەرچەند پەرەگرتنی سیاسەتە ئابوور‌یەکانی نیولیبڕاڵی لە هەموو جیهاندا یەکسان و هاوشکڵ نەبووە، بەڵام نیولیبڕاڵەکان خاوەن خاڵی هاوبەشیشن، بۆ وێنە، لە ڕوانگەی ئەوانەوە:
ــ بازار باشترین و شیاوترین دەزگایە بۆ تەرخانکردنی سەرچاوەکان لە ڕەوتی بەرهەمهێنان و دابەشیندا.
ــ کۆمەڵگە لە خەڵکێکی [بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری] ئازاد و خودموختارییەک پێک هاتووە کە ئەنگیزە و هاندەریان تەنیا بە پێی بەرژەوندی و ڕەچاوکردنی ئابووری دیاری دەکرێ.
ــ «ڕکەبەری» بزوێنەری سەرەکیی بازار بۆ داهێنانی شتی نوێ و نوێکارییە.
توێژەران ٣ دەستە لە سیاسەتە ئابوور‌یەکانی نیولیبڕاڵییان دیاری کردووە:
ــ ڕزگارکردنی ئابووری لە ڕێگای لابردنی کۆنترۆڵی نرخەکان و هەڵگرتنی چاودێری لەسەر بازارەکانی سەرمایە، هەروەها کەمکردنەوەی بەربەستە بازرگانییەکان.
ــ دابەزاندنی ڕۆڵی دەوڵەت لە ئابووری و خۆییکردنی بنکە دەوڵەتییەکان، هەروەها ئەوانەی کە بە پێداگریی ماڵیاتی و ڕێگری لە دەرخستی پارەیەکی زۆر و بڕاندنەوەی کەمیی بودجە، پارێزەری سەقامگیریی گەورە ئابورییەکانن.
ــ لابردنی یارمەتیی دارایی دەوڵەت.
لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، وێدەچێ نیولیبڕاڵەکان لە سەر سەر سێ خاڵ کۆک بن:
1ــ بازرگانیی ئازادی شتومەک و خزمەتگوزاری،
2ــ سووڕانی ئازادی سەرمایە،
3ــ ئازادیی سەرمایەنانەوە.
لایەنگرانی نیولیبڕاڵیزم بە یارمەتی «سندووقی نێونەتەوەیی پارە» و «ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی» بەشێکی بەرچاو لە وڵاتەکانیان مەجبوور بە ملدان بەم چوارچێوەیە کردووە، واتە ئێستا زۆربەی دەوڵەتەکان بە چەشنێکی لاوەکی لەگەڵ پەرەسەندنی دەسەڵاتی بازار، دابەزینی بەرچاوی خەرج ‌و مەخارجی گشتی و ڕێساکانی دەوڵەتی و ملدان بە بیری تاکایەتین، تەنانەت ئەگەر لەم پێوەندییەدا بە میلیۆن کەس دۆراوی ئەم چەشنە سیاسەتە بن. لەوەدەچێ بەرێوەبردنی ئەم چەشنە جیهانبینیە‌ ئابوورییە لە ساڵەکانی داهاتوودا جیاوازیی باکوور و باشوور و نابەرامبەری جیهانیی گەلێک ئاڵۆزتر و خراپتر بکا.
نیولیبڕاڵیزم‌ بە پێداگری کردن لەسەر عەقڵانییەتی ئابووری،(2) تاکایەتی و بەرژوەندیی شەخسیی هەوڵ ‌دەدا ڕێپیشاندەری هەموو کار و هەنگاوێکی نێو کۆمەڵگە بێ و بە دیاریکردنی ئامانجە ژیربێژانە، تاکخوازانە و خۆپەرەستانە، وەکوو ڕێپیشاندەری تەواوی ئاکارەکانی مرۆڤایەتی، خۆی وەکوو زانستێکی کۆمەڵایەتیی جیهانی (Global) کە توانای شیکردنەوەی هەموو ئاکارێکی مرۆفی هەیە، پێناسە بکا. چڕبوونەوەی نیولیبڕاڵیزم لەسەر تاک بە مانای بە ناپێویست زانینی چەمک‌گەلێک وەکوو «بەرژوەندیی گشتی» و «کۆمەڵ» و سڕینەوەی ئەوان لە بیر و دەروونی کۆمەڵگە و یاسا دەوڵەتییەکانە. جێگای سەرسوورمان نییە کە نیولیبڕالەکان خەڵک بە هۆی بێکاری و نابەرامبەری و هەژارییەوە سەرکۆنە دەکەن نەک سیستمی پێکهێنەر و سیاسەتەکانی نیولیبڕاڵی و پاڕیزکارانەی دەستەڵاتدارەکان.
بە پێچەوانەی بۆچوونی دوکترینی نیولیبڕاڵ کە باس لە سڕینەوەی ئایدیۆڵۆژی لە ژیانی مرۆڤایەتی دەکەن، جیهان شایەدی داسەپاندنی بیرو هزری نیولیبڕاڵی لە قۆناخی نوێی بە جیهانیبوونی سەرمایەداری واتە سەرهەڵدانی «ئابووریی جیهانی» و یەکپارچە‌کردنی ئایدیۆڵۆژیی لە تەواوی بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری، هەروەها کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و نیزامی‌ مرۆڤە. ئازادیی بازار و ئالوگۆڕ(3) بنەمای فیکری و کرداریی ئەم ئابووری‌ جیهانییەیە. لەم پێناوەدا پێویستە دەروازەی تەواوی وڵاتەکان بێ هیچ مەرجێک بۆ کەلوپەلی شیرکەتە بان نەتەوەییەکان بکرێتەوە و هیچ ئاستەنگییەک لە بەرامبەر هاوردەکردنی ئەواندا نەبێ. بەم پێیە «شەڕ»ێکی ڕاستەقینەی ئابووری بەسەر مرۆڤایەتیدا سەپێنراوە.
بە جیهانیبوونی ئاڵوگۆڕ بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی بڕی نابەرانبەری لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا. بە پێی ڕاگەیاندنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەگەشەکردن، وڵاتە هەژارەکان هەژارتر دەبن و هیچ پێوەندییەک لە نێوان پێداویستی و سەرمایەنانەوەدا نییە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ و ١٩٩٥ی زایینیدا ئاستی سەرمایەنانەوەی ڕاستەوخۆ لە ئەفریقایەک کە تەنانەت ژێرپێکهاتەیەکی جیددیشی لە هەموو ئاستەکاندا نییە، پتر لە سەدا ٢٧ دابەزیوە. ئەم سەرمایەنانەوەیە بەرانبەر بە ١.٢ میلیارد دۆڵار واتە سەدا ٣ی تەواوی سەرمایەنانەوەی جیهان بووە. بە پپێ ئامارێک کە لە لایەن خانمی «بئاتریس مارە»، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی فەرانسە لە کۆبوونەوەی «سیاتێلی ئەمریکا»، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ و ١٩٩٧دا، بڕی چوونەسەرەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ١٧کەرەت و قەبارەی بەرهەمهێنان تەنیا ٦ جار بووە. بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەی لێکدانەوەکانی داهاتوو و ئاگاداریی نێونەتەوەیی (CEPIT) لە پێوەندیی لەگەڵ تیۆری ئازادکردنی ئاڵوگۆڕ، «لە ساڵانی ١٩٩٥ –١٩٨٠دا، نرخی نێونجی گەشەسەندنی ساڵانەی وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندنی ئەندامی «گات(4)، لە ساڵی ١٩٨٦ بە زەحمەت زۆرتر لە نرخی گەشەسەندنی ئەو وڵاتانە بوو کە لەو ڕێکەوتەدا ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە نەبوون (٢.٢٪ لە بەرانبەر ٢.١٪).

پەراوێزەکان:
1ــ Private ownership مالکیت خصوصی
2ــ مەبەست لە عەقڵانییەتی ئابووری (Economic rationality) هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی بەرژوەندیی ماددی تاک لە چوارچێوەی بایخدان بە دابینکردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری زۆرتر بۆ بەکارهێنەر و سوود و قازانجی زۆرتر بۆ بەرهەمهێنەرە.
3ــ Exchange, مبادلە
4ــ گات کورتکراوەی “General Agreement on Tariffs and Trade” واتە ڕێکەوتنامەی گشتی تاریفە و بازرگانییە. ئەم بەڵگەنامەیە بریتیی لە ٣٨ ماددە و ٤ بەش کە لە ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٤٧ لە نێوان ٢٢ وڵاتی پێشکەوتوو و سەنعەتی لە شاری ژنێوی سویس واژوو کراوە. لە ساڵی ١٩٩٤ واتە کۆتایی ژیانی ئەم ڕێکەوتنامەیە، ژماری ئەندامەکانی گەیشتە ١٢٣ وڵات. بە گشتی گات ڕێکەوتنێک بۆ دابەزاندنی تاریفەی گومروگیی، لابردنی ئاستەنگی‌ و بەربەستەکانی بازرگانی ئازاد بوو و ئێستا وەکو ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی بوونی نییە و جیگای خۆی بە ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی داوە.
لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)