دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە ئاشکرا کردبوو کە 3 کاربەدەستی ئێران و 2 سەرچاوەی هەواڵگریی عێراق و 2 سەرچاوەی هەواڵگری ڕۆژئاوا، گوتوویانە ئێران لە مانگی ڕابردوودا موشەکی مەودا کورتی بۆ هاوپەیمانەکانی لە عێراق ناردووە، وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.
بەهرام قاسمی رۆژی شەممە بەدەنگ وڕەنگی ئێرانی ڕاگەیاند؛ هەواڵی ناردنی موشەک بۆ میلیشیاکانی عێراقی لە لایەن ئێرانەوە راست نیەو بە پیلانی زانی بۆ تووقاندنی وڵاتانی ناوچە لە کۆماری ئیسلامی.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە رۆژی هەێنی بە پێی ڕاپۆڕتی رۆیتەرز ، باس لەوە کرا کە ئێران دەیان موشەکی باڵستیکی ناردوە بۆ عێراق و مەبەست لەو کارەش، هۆشداری دان بە ئامریکا وئیسراییلە.
بەرنامە موشەکییەکانی دەوڵەتی تاران یەکێک لە خاڵە جێی ناکۆکەکانی ئێران و ئامریکایەو دۆناڵدتڕامپ رۆژی ١٨ بانەمەڕ لە کاتی واژۆکردنی کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی “بەرجام” وتی؛ ئەو ڕێککەوتن کردنە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی خزمەتی بە ئاشتەوایی نەکردوەو ئێران خەریکی پەرەپێدانە بە بەرنامەی موشەکی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوچەو جیهانە.
لە پێوەندی لەگەڵ ناردنی چەکوچۆڵ بۆ عێراق ، لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا رۆژنامەی واڵ سترایت ژۆڕناڵ بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی یەکێک لە سەرکردەکانی میلیشیاکانی “عصاب اهل حق” باس لە رۆڵی گرینگی ئێران دەکات لە شەڕ و ئاژاوەکانی عێراق و پڕچەککردنی میلیشیاکانی ئەو وڵاتە.
هەر لەو بارەوە عەلیڕەزا میریووسفی وتەبێژی نوێنەرایەتیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رۆژی ٨ی خەرمانان هەرچەشنە دەستێوەردانی نیزامی لە خاکی عێراق ڕەت کردەوە.
مایک پۆمپیۆ لە تویتێکدا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند؛ هەناردنی موشەکی باڵستیک لە ئێرانەوە بۆ نێوخاکی عێراق، پێشلکردنی ڕێککەوتنی ٢٢٣١ و، دەبێ بەغداد لەو بارەوە هەڵوێستی هەبێ.