دۆناڵد تڕامپ سەرۆککۆماری ئامریکا و وڵادیمێر پۆتین لەسەر پێویستیی نەهێشتنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی سووریە ڕێککەوتنیان کرد.
بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی رویتەرز رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ سەرچاوەیەک لە دەوڵەتی واشنگتۆن ، ڕایگەیاندوە؛ کە دوو وڵاتی ئامریکا و رووسیە لەسەر چوونەوەدەری ئێران لە خاکی سووریە ڕێککەوتنی سەرەکییان کردوە.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کرد، جان بۆڵتون ڕاوێژکاری ئەمنی نەتەوەیی ئامریکا لە گەڵ نیکۆلا پاتروشوڤ هاوتای رووسییەکەی، حەوتی داهاتوو لەسەر کۆمەڵێک بابەبی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە سووریەوە کشانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە گفتگۆ دەکەن.
ئەو چاوپێکەوتنە بۆ تاوتوێ کردنی ئاکامی دیداری تڕامپ و پۆتین کە مانگی ژۆئیە لە هیلسینکی بەرێوەچوو، دەگەڕێتەوە.
شیاوی باسە لە دەسپێکی ئاڵۆزییەکانی سووریە، ئێران بەهەموو هێزێکەوە پاڵپشتی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد کردو رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەرکوت کردنی خەڵکی ناڕازی و هیشتنەوە دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریەدا.
هەبوونی هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە سووریە یەکێک لە کێشەسازترین رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو وڵاتانی ناوچە بەتایبەتی ئیسراییل خوازیاری چوونەوەدەری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لەو وڵاتەدا.
بەشداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تێچووی باڵای ئەو دەستێوەردانە لە کاروباری وڵاتانی دەراوسێ لەنێو هێندێک لە کاربەدەستانی رێژیمیش ناڕەزاتی بەدواوەبووەو ڕەخنەیان لەو شێوە سیاسەتە گرتووە.
ڕێککەوتنی تڕامپ و پۆتین لە سەر پرسی سووریەو، هەبوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتەدا، کاتێک بڵاو کرایەوە کە مایک پۆمپێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە پێکهێنانی کارگرووپێک لە وەزارەتخانەی ئامریکا بە مەبەستی ڕێکخستنی کەمپەینی نێونەتەوەیی بە دژی چالاکییە سەرەرۆیانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.