باڵێوزی ئیمارات لە واشنگتۆن، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی ئێران دەربڕیوە.
ماڵپەڕی (ئەلعالەم) لەمبارەوە بڵاوی کردۆتەوە، “یووسف ئەلعەتیبە” باڵیۆزی ئیمارات لە ئەمریکا، جارێکی دیکە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ بڕیاری گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی ئێران دووپات کردووەتەوە.
باڵیۆزی ئیمارات ڕاشی گەیاندووە: “ئێران بەردەوام پشتیوانیی لە گرووپە تیرۆریستییەکان و خاڵیکی هاوبەش کە لە نێوان ئێران و ئەو گرووپانەدا هەیە، تێکدانی سەقامگیریی ناوچەیەکە”.
پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و دەسپێکردنەوە و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران، کۆمەڵێک لە وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێران کۆتایی پێ هێنا.
ئیمارات یەک لەو وڵاتە عەرەبییانەی کەنداوە کە هاوپەیمانی سعوودیەیە لەدژی حووسیەکان و پشتگیریی سعوودیە دەکات.
بەپێی زانیاریی میدیا عەرەبییەکان ئەمریکا بە یارمەتیی سعوودیە و ئیمارات و بە هاوکاریی شەش وڵاتی دیکەی عەرەبی لە هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی عەرەبی لەدژی ئێران بەناوی (ناتۆی عەرەبی)ن هەتا چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکە کەم بکرێنەوە.