هه‌ڵاڵه و ئاره‌زوویه‌کی ترسا‌و
خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕۆمانی «گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه»ی «عه‌تا نه‌هایی»
(3-1)
ژن و ڕۆمان
ژانری ئه‌ده‌بیی ڕۆمان یه‌کێکه له به‌هێزترین ژانره هه‌ڵبژێردراوه‌کان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه، که ده‌کرێ گرینگ‌ترین به‌رباسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هه‌ر وه‌ها کێشه‌ی ژنیش تێیدا ڕه‌نگ بداته‌وه. ده‌شکرێ له ده‌لاقه‌ی ڕۆمانه‌وه به باشی سه‌یری دۆخی جێگه و پێگه‌ی ژن بکرێ و لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ بکرێ. به‌ڵام ئاخۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و باسه ده‌توانی چ بایه‌خێکی هه‌بێ؟
دیاره هه‌ر شوێنه‌وارێکی ڕه‌سه‌نی هونه‌ری داکۆکی له جۆرێک ئاماده‌بوونی مرۆڤ له جیهاندا ده‌کا و وێڕای ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر زه‌ینییه‌تی کۆمه‌ڵگه شوێن داده‌نێ. به وته‌ی «فێرکلۆ» ئه‌و شوێن دانانه ئیدئۆلووژیک و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که تێکسته‌کان له‌سه‌ر گۆڕانی شوناسه‌کان هه‌یانه چاوپۆشی‌یان لێ ده‌کرێ. بابه‌تی دووهه‌میش ئه‌وه‌یه که ئه‌و ده‌قانه باشترین شایه‌تحاڵن بۆ ڕاده‌ربڕین له‌مه‌ڕ پێکهاته و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. بابه‌تی سێهه‌م ئه‌وه‌یه که لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه ده‌توانێ ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ته‌نانه‌ت به پێی مێژوو بۆ به‌رده‌نگ بنوێنێ. به وته‌ی «فێرکلۆ» کۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه دژی ئه‌وان، ئه‌وڕۆکه زیاتر له هه‌موو شتێک له ده‌قه‌کان چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، که‌وابوو ده‌کرێ بڵێین به لێکدانه‌وه‌ی ده‌قی ڕۆمانی «گره‌وه‌ی به‌ختی هه‌ڵاڵه» له نێوان دێڕه‌کانی ئه‌و ڕۆمانه‌وه، شوێن پێی هه‌ڵدانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان هه‌ڵگرین و پێکهاته‌ی هێزه‌کانی دژه‌ژن بناسین و چاوه‌ڕوان بین وه‌ک ده‌قێکی ئه‌ده‌بی یان وه‌ک هونه‌ری که‌لام کۆنتڕۆڵی کۆمه‌ڵگه بکا.
هه‌رچه‌نده لێره‌دا نامهه‌وێ باس له ڕیساله‌تی هونه‌ر یان ئه‌ده‌بیات وه‌ک لقێک له هونه‌ر بکه‌م، به‌ڵام پێویسته بڵێم یه‌کێک له‌و یه‌که‌م لێکدانه‌وانه‌ی له‌مه‌ڕ هونه‌ره‌وه خراوته به‌ر ده‌ست ئه‌وه بووه که هونه‌رمه‌ندان ویستوویانه نیزامێک له نیشانه‌کان و له ئاکامدا زمانێکی تایبه‌ت بئافرێنن. زمان که‌ره‌سه‌ی پێوه‌ندییه و ئه‌و شته‌یه که بوار به ڕووحه ئاوماڵه‌کان ده‌دا تاکوو سنووره‌کانی ته‌نیایی خۆیان تێک بشکێنن و له‌گه‌ڵ یه‌کتری پێوه‌ندی بگرن، له‌یه‌کتری تێ بگه‌ن و نێوانیان هه‌بێ و وێکڕا هه‌ڵ بکه‌ن. که‌وابوو زمان هۆکاری یه‌کگرتووییه. ئه‌گه‌ر هونه‌ر بتوانێ زمان بێت، ده‌توانێ ئامرازی یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تیش بێت و وێڕای ئه‌وه‌ش چونکه لێره‌دا ئێمه له‌گه‌ڵ نیزامێک له سێمبوله عاتفییه‌کان ڕووبه‌ڕووین، یه‌کگرتووییه‌ک که به‌و جۆره پێک دێ له‌وه‌ی وا به هۆکاری وشه‌کان واته که‌لام پێک دێت، پته‌وتر و نزیکتره. ئه‌و یه‌کگرتنه عاتفیییه له پێوه‌ندی هه‌مبه‌ری خه‌ڵکی لێکدابڕاو تێ ده‌په‌ڕێ و دزه ده‌کاته ویژدانهکانهوه و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن لێکیان نزیک ده‌کاته‌وه. هونه‌ر نه‌ته‌نیا یه‌کگرتووییه‌کی قووڵتر و چڕتر له زمان به‌دی دێنێ، به‌ڵکوو چون زمانێکی جیهانییه، ئه‌و یه‌کگرتووییه یه‌کجار به‌رینتر و شیاوتره. بۆ وێنه له وڵاتی «له‌هێستان»دا، ئه‌وه ئه‌ده‌بیات و وێنه‌کێشان بوو که بوو به هۆی یه‌کگرتوویی نیشتمانپه‌روه‌ره‌کان و ڕووحی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکی له هه‌مبه‌ر توانه‌وه له کولتووری داگیرکه‌راندا زیندوو راگرت. هه‌روه‌ها هه‌ستی جوانیناسی به تایبه‌ت ئاهۆیه‌کی به‌له‌زی کۆمه‌ڵایه‌تییه و خۆشییه‌کی هاوبه‌ش بۆ هه‌موو به‌رده‌نگان به‌دی دێنێ.
به‌و پێیه، ئه‌ده‌بیاتیش وه‌ک هونه‌ری که‌لام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ کۆمه‌ڵگه لێک نزیک ده‌کاته‌وه و نووسه‌ر بیهه‌وێ و نهیههێ، یان ڕوانگه‌ی به نیسبه‌ت ڕیساله‌تی هونه‌ر هه‌ر شتێک بێ، ناتوانێ نکۆڵی له‌وه بکا که له کۆمه‌ڵگه دابڕاوه و هه‌رچی هه‌یه هه‌ر زه‌ینی ئه‌و و جووڵه‌ی قه‌ڵه‌مه و به هیوای هیچ نییه.
«گره‌وه‌ی به‌ختی هه‌ڵاڵه»ش یه‌کێک له‌و نیزامه زمانیانه‌یه که هونه‌ر خوڵقاندوویه و تێیدا کێشه‌ی ژنی کورد که هه‌وڵ ده‌دا بۆ گه‌شه‌کردن، ورووژاوه.
نووسین له‌مه‌ڕ ژنه‌وه به‌بێ ڕوانگه‌یه‌کی پێکهاته‌یی و ڕوانین به بواری مێژوویی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ده‌سته‌به‌ر ناکرێ. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌مڕۆ گوتاری ژن، گوتارێکی جیهانییه و له وڵاتی ئێمه‌ش گوتاری ژنان گه‌شه‌ی کردوه و بووه به یه‌کێک له زۆردارترین سه‌ردێڕه‌کان بۆ لێکۆڵینه‌وه. گوتن و نووسین له‌مه‌ڕ ژنه‌وه ئه‌وڕۆ ئیتر کارێکی ژنانه نییه، به‌ڵکوو کارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ته‌نانه‌ت پێوه‌ندیداره به لایه‌نه پۆزیتیڤه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه.
له دوو ده‌یه‌ی پێشوودا ڕێژه‌ی نووسینی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی که له وێدا ژنان ڕۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن و به واتایه‌کی دیکه قاره‌مانی چیرۆکه‌که‌ن به‌رده‌وام له زۆربوون دایه و ئه‌و دۆخه کوردوستانیشی گرتۆته‌وه.
دیاره ئه‌و پڕۆسه‌ی نووسین له سه‌ر ژن و به‌رباسه‌کانی پێوه‌ندیدار به‌وه‌وه ته‌نیا به‌پێی به ئاهۆبوونی مودێلێکی ئه‌ده‌بی یان هونه‌ری نییه و ناکرێ پێویستیه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان لێره‌دا له‌به‌رچاو نه‌گیرێ. هه‌روه‌ک پێشتر گوتمان ته‌نانه‌ت نووسه‌ری ڕۆمانه فانتێزییهکانیش هه‌رگیز ناتوانن له کۆمه‌ڵگه داببڕێن و هه‌میشه یه‌کێک له هانده‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی نووسه‌ر بۆ خوڵقاندنی به‌رهه‌مێکی هونه‌ری، ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌یه وا نووسه‌ر تێیدا ده‌ژی.
ژن له به‌شێک له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی کوردی به‌ر له «گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه»دا
هه‌ر وه‌ک پێشتر گوترا، نووسین له‌سه‌ر که‌سایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژن به‌بێ ئاوڕدانه‌وه بۆ مێژووی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و ژنه‌ی وا بڕیاره باسی بکه‌ین ده‌سته‌به‌ر ناکرێ. کاتێک ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تای مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی به‌ر له هه‌موو ده‌قه‌کان تیشک ده‌خه‌ینه سه‌ر که‌سایه‌تیی ژن له تڕاژێدی «مهم و زین»ی ئه‌حمه‌دی خانی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که شایه‌ته ئه‌ده‌بییه‌کان به‌ناوبانگ و ناسراون ئیتر پێویست نییه لێره‌دا کورته‌ی گێڕانه‌وه‌کان بخه‌ینه به‌رده‌ست. له ڕاستیدا ئه‌و چیرۆکه تڕاژێدییایهکی ئه‌ویندارانه‌یه که ژن له‌وێدا جگه له گێڕانی رۆڵێکی عاتیفی و ئه‌ویندارانه، به ته‌واوی بێده‌سته‌ڵاته و ناتوانی بارودۆخه‌که له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی بگۆڕێ و به هۆی ئه‌و بێده‌سه‌ڵاتییه‌وه، پیلانگێڕی ده‌وروبه‌ری، وێڕای عاشقه‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی مه‌رگی ده‌که‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت زۆر به سانایی مافی ژیانی لێ زه‌وت ده‌که‌ن. له‌و ڕیواته‌دا ژن ته‌نیا له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی مافی هه‌ڵبژاردنی هاوبه‌ش به‌دڵی خۆی ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بێته‌وه و کۆمه‌ڵگه‌که‌ی که له قالبی بهکرهشۆڤاردا خویا ده‌بێ، بواری ئه‌وه‌ی پێ نادا، ئه‌و ئامانجه سه‌ره‌کییه‌ی که له‌و تڕاژێدیایهدا بۆ ژن دیاری کراوه ته‌نیا له ئاستی گه‌یشتن به دڵدار و پێکهێنانی به‌خته‌وه‌ری بنه‌ماڵه‌یی دایه، به‌ڵام وه‌ک گوتمان کۆمه‌ڵگای»زین» ئه‌وه‌نده گه‌شه‌ی نه‌کردووه که ته‌نانه‌ت ئه‌و مافه ساکاره‌ی پێ ڕه‌وا ببینێ و له ئاکامدا تێکی ده‌شکێنێ.
له ڕۆمانی»ژانی گه‌ل»ی برایم ئه‌حمه‌ددا، کاراکته‌ره ژنه‌کانی رۆمانه‌که ته‌نیا کارکردی ژنانه‌ی یه‌کجار لاوازیان هه‌یه، به شێوه‌یه‌ک که زۆر جاران خودی کاراکته‌ره ژنه‌کان مافه‌کان له نزیکترین که‌سانی مێیینه‌ی خۆیان قه‌ده‌غه ده‌که‌ن و جگه له‌وه‌ش خودی ژنه‌کان ته‌نانه‌ت خۆیان به شیاوی مافی هه‌بوون نازانن. بۆ وێنه کاتێک کاڵێ له‌گه‌ڵ جوامێری هاوسه‌ری قسه ده‌کا، ئاره‌زوو ده‌کا منداڵه‌که‌ی کوڕ بێت و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ پێی حه‌یفه پاشی ئه‌و هه‌موو ئازار چه‌شتنه کچی بێت. ئه‌وه‌ش له کاتێک دایه پێشتر که جوامێر خوازبێنی له کاڵێ ده‌کا، کاڵێ هیچ ئیزن به خۆی نادا وڵامی بداته‌وه و پێی ده‌ڵێ ئه‌وه دایکێتی که ده‌بێ بڕیار بدا.
ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ی له ڕۆمانی «ژانی گه‌ل»دا هێڵکاری کراوه، کۆمه‌ڵگه‌یه‌که که ناهێڵێ ژنان له‌مه‌ڕ چاره‌نووسی خۆیانه‌وه بڕیار بده‌ن و ئه‌وانیش له خۆیان ڕانابینن که بۆبه‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕ له ژیانی خۆیاندا هیچ هه‌وڵێک بده‌ن و وه‌ک «پیرۆز»ی دایکی کاڵێ ده‌ڵێ: «خودا یار و یاوه‌ری بێ پهناکانه و ته‌نیا ئه‌وه که چاره‌نووسه‌کان ڕێک ده‌خا.» ئیتر ژن به ته‌واوی له به‌ندی جه‌بری ژیان دایه، له کاتێکدا هه‌ر له‌و ڕۆمانه‌دا کاراکته‌رێکی نێرینه هه‌یه که ئه‌و باوه‌ڕه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و خودی مرۆڤ به سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵکشان و گه‌شه کردن ده‌زانێ. واته کۆمه‌ڵگه پیاوی به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یاندووه که خۆی خاوه‌نی چاره‌نووسی خۆیه‌تی، به‌ڵام ژن یه‌ستا هه‌ر پێی وایه نابێ بۆخۆی هیچ بکا. له‌ولاشه‌وه له نێوان گه‌رماوگه‌رمی کێشه و ئاڵۆزییهکادان ژنان به هۆی کێشه جه‌سته‌ییه‌کانیانه‌وه ده‌بێ تیدا بچن و ئیتر یه‌کجار بێ ده‌سه‌ڵات و به‌سته‌زمان دێنه به‌رچاو.
له ڕۆمانی «پێشمه‌رگه»ی دوکتۆر «ڕه‌حیم سه‌یفی قازی»دا که له ده‌مه‌ده‌می سه‌رهه‌ڵدانی پرسه سیاسییه‌کانی کوردستان و له زه‌مانی په‌هله‌ویی دووهه‌مدا نووسراوه، کاراکته‌ری ژن له قالبی «مرۆت» و پیرێژنه فێڵبازه‌که‌ی جیرانیدا خویا ده‌بێ که کۆمه‌ڵگه ته‌نانه‌ت مافی پاک مانه‌وه له مرۆت ده‌ستێنێ و له باری جنسییه‌وه ده‌ستدرێژی ده‌کرێته سه‌ر و ئه‌وه‌ش هه‌موو به هۆی بهدزاتیی پیرێژنه‌که و ده‌سه‌ڵاتی زاڵمانه‌ی «میناغا»ی ئاوایییهوهیه و له ئاکامدا مرۆت وێڕای ئه‌وه‌ی که هیچ ڕۆڵێکی نه‌بووه له‌و کاره‌ساته‌دا و بێ ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ تووشی بووه، ده‌بێ خۆی بکوژێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئابڕووی خۆی له ڕیوایهتهکهدا بکڕێته‌وه.
کاتێک ده‌ڕوانینه رۆمانی «ئێواره‌ی په‌روانه«ی به‌ختیار عه‌لی، هه‌ر چه‌نده ده‌کرێ بڵێین ژنانی ئه‌و ڕۆمانه به به‌راورد له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌کانی پێشوو هه‌ندێک له‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی و ناسینی مافی خۆیانه‌وه گه‌شه‌یان کردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌وان ئه‌و دۆخه‌ی ژیانی خۆیان پێ قه‌بووڵ ناکرێ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له سازکردنی یۆتۆپیای تازه‌دا که شارێکه بۆ ئه‌وینداره‌کان، به‌شدار بن و ته‌نانه‌ت به به‌های گیانیشیان ئه‌و شته ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا بهربهستیانه، ڕاسته‌وخۆ کولتووری کۆمه‌ڵگه نییه به‌ڵکوو به گوته‌ی «نیچه» ئه‌وه «دین یاران»ن که ده‌بنه به‌ربه‌ستی ئاره‌زووی کچان و کوڕانی یاخی و عاشق. «مه‌لا که‌وسه‌ر» وه‌ک سێمبولی ئایینێک که هه‌رگیز بوار به بارهێنانی ئه‌وین و خۆشه‌ویستیێ نێوان دوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ نادا، ده‌رهێنه‌ری سه‌ره‌کی شانۆی پیلانه‌که به دژی ئه‌ویندارانه ژیانه؛ که‌چی دیسانیش ئه‌وه کچانن که وێڕای عاشقه‌کانیان هیوابڕاوانه ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بنه‌وه و دیسان کاراکته‌ره ژنه‌کان هه‌ر ده‌مرن و نووسه‌ر نه‌یتوانیوه بیان پارێزێ.
هه‌ڵبه‌ت پێویسته بگوترێ که له کتێبی»له رۆمانه‌وه تا نه‌ته‌وه«ی هاشم ئهحمهزادهدا، به وردی و هاوته‌ریب له گه‌ڵ ڕۆمانه کوردییه‌کان، هه‌ندێ له ڕۆمانه شازه‌کانی فارسیش له باری نێوه‌رۆکه‌وه و هه‌روه‌ها ڕوانینیان بۆ کێشه‌ی ژن هه‌ڵسه‌نگێندراون که لێره‌دا پێویست به دووپات کردنه‌وه‌یان ناکا. به‌ڵام له‌و ده‌قانه‌شدا هه‌ر وه‌ک ئه‌وانی پێشوو، ژن له ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کجار نزمدا په‌روه‌رده کراوه که زۆر جار هه‌ڵسوکه‌وتی مایه‌ی نه‌نگ و شووره‌ییه و ناتوانێ به‌ده‌ر له چوارچێوه‌ی خواسته‌کانی بنه‌ماڵه ئاره‌زوویه‌کی دیکه‌ی هه‌بێ و ئه‌گه‌ریش ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ نه‌بێته‌وه، ئه‌وه ژیانێکی جێی به‌زه‌یی و لێقه‌وماوانه‌ی هه‌یه.
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)