شەهید مەلا حوسێن، کوڕی عەبدوڵڵا، ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی، لە بنەماڵەیەکی گوندی مارەغانی ناوچەی سەردەشت چاوی بۆ ژیان کردەوە. قۆناغی ساوایی وەدوا خۆ دا و لە حوجرەی فەقێیاندا وەبەر خوێندنیان نا.
حوسێن خوێندنی سەرەتایی لە خزمەتی قازی عەلیڕاد ناسراو بە قازی عەلی مارەغانی دەست پێکرد، پاشان بەدوای فێربوونی زانستدا گوندەکانی کوردستان گەڕا، ماوەیەکیش لە حوجرەکانی قازی عەلیی سەردەشت و مەلا جەلالی شێخوئیسلامیی بانەدا دەرسی خوێند. ئەوجار ڕووی کردە باشووری کوردستان و لە ناوچهی سەنگەسەر خوێندنی تەواو کرد و ئیزنی مهلایهتیی وهرگرت.
مەلا حوسێن وەک مرۆڤێکی ژیر و بەبیر و لاوێکی بەهەست و نیشتمانپەروەر، لە ماوەی گەڕان و خوێندندا، لهمهڕ ژیانی گەلەکەی، بینی و بیستی و خوێندییەوە. زوڵم و زۆریی ڕێژیمی دژ بە کوردی پاشایەتیی دەرهەق بە نەتەوە ستەم لێکراوەکەی بە ئێسک و پێستەوە هەست پێکرد و گەرای بیری ئازادیخوازی لە ناخیدا چەکەرەی کرد. بە تایبەت کاتێک لەگەڵ گەورە پیاوی ناوداری کورد مەلا ئاوارەی نەمر بوو بە دۆست و هاوڕێ، ئەو هەستە پاکە زۆرتر لە دەروونیدا ڕەگاژۆی کرد و، بەرەو سەنگەری خەبات لە پێناوی ئازادیدا پاڵی پێوەنا. ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی، بە پێوەندیگرتن بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، تێکۆشانی ڕاستەوخۆی دەست پێکرد و، ناسناوی کاوەی بۆ دیاری کرا.
شەهید کاوەی مارەغانی، یەکێک لە قارەمانانی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی تێکۆشەرانی دێمۆکڕات دژ بە ڕێژیمی کوردکوژی پاشایەتی بوو. شان بە شانی هاوسەنگەرانی دیفاعی لە گەل و نیشتمانە پێشێلکراوەکەی کرد و، حەماسەی خولقاند و، دێ بە دێ و شار بە شار گەڕا و ناو و ناوبانگی بوو بە ویردی سەر زمانی زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی گەلەکەمان. بەشداریکردنی چالاکانەی کاوە لە شەڕە بەناوبانگەکانی «سپی سەنگ»، «سەرشیوی سەردەشت» و «هۆمل»دا، وەک لاپەڕەیەکی زێڕین بە مێژووی خەباتی میللی دێموکراتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە نەخشی بەستووە و، پیرە بەساڵداچووەکان وەک داستانێکی حەماسە و قارەمانەتی بۆ بەرەی داهاتووی کۆمەڵی دەگێڕنەوە.
شەهید کاوە مارەغانی لەکاتی لەداوخران و، خافڵگیرکرانی مەلا ئاوارەی شەهیددا لە گوندی دیواڵان، پەلاماری بردە سەر هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و تۆوی ترس و لەرزی لە دڵدا چاندن، بەڵام پاشان بە مەبەستی پاراستنی گیان و ماڵی خەڵکی بێدیفاعی گوندی دیواڵان، گوندەکەی بەجێ هێشت و، لەسەر ڕێگای دیواڵان بۆ سەردەشت بۆسەی بۆ دانانەوە تا لە کاتی گەڕانەوەیاندا مەلا ئاوارەیان لێ بستێنێ. بەڵام قین لەزگانی دژی ئازادی کاتێک هەستیان بە پلانی کاوە کرد، لە ترسان بە هێلیکۆپتێر مەلا ئاوارەیان بۆ شاری سەردەشت ڕاگواست.
پاش شەهیدکرانی مهلا ئاوارە، ئەرکی سەرشانی کاوە قورستر بوو و بەو پەڕی هەستکردن بە بەرپرسایەتی، جێگای بەتاڵی مەلا ئاوارەشی پڕ کردەوە. وەک فەرماندەیەکی کارزان و کارامە و، کادرێکی بە ئەزموون و لەکڵ دەرهاتوو، ئەرکە تەشکیلاتی و نیزامییەکانی بە سەرکەوتنەوە راپەڕاندن و ترسی بە چۆک داهێنا.
کاوەی دڵ پڕ لە ئاوات و هیوا، بە ورەی بەرز و ئیمان بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵسوکەوتی ماقووڵانەی لەنێو دێنشینە دڵپاکەکان، گەڵاڵە و پلانی بەڕێوجێی بۆ زەبر وەشاندن لە پێشێلکەرانی نیشتمان و، زۆر تایبەتمەندیی پەسندی دیکەی، زۆر زوو جێی خۆی لەنێو دڵی هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەکانی بانە و سەردەشت و پیرانشاردا کردەوە و، هەمووان بە چاوی ڕێزەوە لێیان دەڕوانی و، بەجێی بڕواو متمانەی خۆیان دەزانی.
شەهید کاوە مرۆڤێکی خاکی و خەڵکی بوو. لەگەڵ پیران پیر و، لەگەڵ لاوان لاو و، تەنانەت بە زمانی منداڵانیشی دەزانی. لە کاتی تەنگانەدا خۆی نەدەدۆڕاند و، لە بڕیارداندا هێمن و لەسەرخۆ بوو. ڕاستی و پاکی، سەداقەت و بڕوا بەخۆبوون، پێداگری لەسەر چەسپاندنی بڕیارەکانی حیزب، سووربوون لەسەر هەڵوێست و بۆچوونەکانی خۆی و لێکدانەوەی ورد لەسەر داهاتوو، لەو تایبەتمەندییانە بوون کە کاوەیان پێ دەناسرایەوە. لەخۆڕا نەبوو کە دوژمن دوای نسکۆی ڕاپهڕینهکهی 46-47یشدا لە بەرانبەر ئیرادەی بەهێز و خۆڕاگریی ڕۆڵە گیان لەسەردەستەکانی دێموکرات وەزاڵە هات و، بۆ خۆڕزگارکردن لە زەبری کێو لەرزێنی ئەوان پەنای بە هێزی زۆری نیزامی برد. کوردستانی کردە پادگانێکی نیزامیی بەرین و، جاش و ئەرتەشی لە ژێر پشتیوانیی فڕۆکە شەڕکەرەکاندا پەلامارێکی دڕندانەیان بۆ سەر دەست پێکردن و، ئاڵقەی گەمارۆیان لەسەر وێک هێنان. بەجۆرێک کە ڕۆڵە بە هەستەکانی دێموکرات بە ناچار پەڕیوەی باشووری کوردستان بوون. بەڵام لەوێش تووشی گیروگرفت و تەنگ و چەڵەمەی چاوەڕواننەکراو هاتن و مەودای حەوانەوەیان لێ بەرتەسک بۆوە. سەرەنجام بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانی کاوە و هاوسەنگەرانی، بنکەیەکیان پێک هێنا و لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان جێگیر بوون. پاش هەڵبژاردنی کۆمیتەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکە سیاسی و تەشکیلاتییەکان کە کاوە بە بەرپرسی کۆمیتەکە هەڵبژێرا، کار و چالاکیی تێکۆشهرانی دێموکرات پهرهی پێدرا.
سەرەنجام ڕێژیمی شا و دهزگای ساواکە جههەننەمییەکەی کە لە چالاکی و تێکۆشانی بەربڵاوی کاوە و، پەلوپۆ هاویشتن و ڕەگاژۆکردنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات زراویان چووبوو، بۆ لەنێوبردنی کاوە پیلانێکی نوێیان داڕشت. ساواک بۆ بەڕێوەبردنی پیلانە شوومەکەی، پەنای بردەبەر خۆفرۆشێکی نەفس نزم و بێگانەپەرست بەناوی «مەلا حەمەدەمینی جەوانمەردی» ناسراو بە «فوئادی حەمەدەمینی»، خەڵکی سەرشیوی سەقز. ناوبراو کە لە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگەدا خۆی حەشاردا بوو، بە زمانلووسی و مەراییکردن خۆی لە تێکۆشەرانی دێموکرات بە تایبەت کاوە مارەغانی نیزیک کردەوە. هەرچەند فوئاد لەلایەن هێندێک لە هاوڕێکانی کاوەوە گومانی جاسووسی و خەیانەتی لێکراو کەوتە سەرزار و زمانانیش، بەڵام بە شێوەیەک سەرنجی کاوە و هێندێک لە هاوسەنگەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو کە گومانەکە وەبەرچاو نەگیراو پیلانەکە ئاشکرا نەبوو.
سەرەنجام سەعات دووی دوانیوەشەوی ٢٥ی مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی، دەستی جینایەت لە قۆڵی خەیانەت هاتەدەرێ و، سنگی پڕ لە تاسە و ئاواتی کاوەی پشتیوانی زەحمەتکێشان لە شیرین خەوێدا بە چەکی فوئادی خۆفرۆش گوللەئاژن کرا و، دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان وەستا.
بەڵێ! کاوەی دوژمن تەزێن، کاوەی ترس بەزێن، کاوەی زەبروەشێن، کاوەی زوڵم تەرێن، سەرەنجام کاوەی بەرگ بەخوێن، بەڕواڵەت بەجێی هێشتین، بەڵام ناوی بەرزی، ڕێبازی پیرۆزی، ئاکار و کردەوەی شۆڕشگێڕانەی، بۆ هەتاهەتایە لەنێو دڵماندا نەخشی بەستووە و، تا وەدیهێنانی ئامانجی بەرزو پیرۆزی ڕێگای پڕ لە سەروەریی ڕێگامانە.
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)