Kurdistan Democratic Party
KDP-IRAN
Kurdistanukurd
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
دووشه‌ممه ۱۹ ی سه‌رماوه‌زی ۱۳۹۷ | 10/12/2018 | کاتژمێر:
سیاسی

مەئموورییەتێکی ناتەواو

06/08/2018 | 20:49:55
+A
-A
برایم چووکەڵی

داستان و چیرۆکە ناخۆش‌ و نەهامەتییەکانی نێو کۆمەڵگه‌ هەمووی ڕێژیمە زۆردارەکان بەسەر تاک‌ تاکی نێو کۆمەڵگه‌ی دێنن، چونکی لەهەر کۆمەڵگه‌یەکدا ناعەداڵەتی هەبێ، شەڕ و ناکۆکی دروست دەبێ؛ ئەویش له‌و کۆمەڵگه‌یانه‌ی کێشەی نەتەوەییان تێدا چارەسەر نەکرابێ. جۆرەکانی چەوسانەوەی ئینسانەکان و پرۆسەی لە مرۆڤخستن له‌لایه‌ن دەسەڵاتدارانه‌وه‌ به‌ شێوەی جۆراوجۆر دەست پێ دەکا، هەموو دەنگێکی ئازاد دەکوژرێ ‌و ئینسانەکان بێبەها دەکرێن، بۆیەش لە کۆمەڵگه‌ی کوردەواریدا بۆ بنه‌‌بڕکردنی ئەو ژیانە تاڵە و چێکردنی ژیان بەسەربەستی خەباتێکی ڕەوا دژی داگیرکەران ده‌کرێ…
دوای ڕووداوه‌کانی ساڵی 75ی هه‌تاوی و له‌ کاتێکدا چه‌ند ساڵێک بوو پێشمه‌رگه‌ ڕوویان له‌ ناوچه‌ نه‌کردبوو، بڕیار درا «سمایل بازیار» و «برایم چووکەڵی»، دوو کادری ناسراوی حیزب له‌ ناوچه‌ی موکریان بۆ چه‌ند کارێکی حیزبی بچنه‌وه‌ ناوچه‌. نێوەڕاستی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٨ بوو. ده‌زگا ئه‌منیه‌تی و هێزی سه‌رکوتگه‌ری کۆماری ئیسلامی بە بوونی ئه‌وانی زانیبوو و ئه‌وه‌ش ئه‌رکی ئه‌و دوو تێکۆشه‌ره‌ی قورستر کردبوو. ئه‌وان ڕێگای دوورودڕیژ و هەڵدێری پڕ لە گژوگیای ناوچەکانی سەردەشت و بانەیان بەرەو بۆکان بڕی و ده‌ستیان به‌ کار و چالاکییه‌کانیان کرد. له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش که‌ بۆی ده‌چوون، تیمی گەڕۆکیش بە پێوشوێنیانەوە بوو. له‌ یه‌که‌م ئاواییدا که‌ بۆی چوون و هه‌ر له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کاندا هه‌ستیان به‌ نامۆییه‌ک کرد. جاشێک که‌ به‌ بوونی ئه‌وانی زانیبوو له‌به‌ر ده‌رگای ماڵێک خۆی حه‌شار دابوو. پێشمەرگەکان یەکیان ڕووی کردە دەرگای ماڵه‌که‌ و یەکیان لە پشت گوێسوانەی ماڵه‌کە دەستەوتفەنگ ئامادە بوو. بەدیتنی پێشمەرگەکە جاشه‌که‌ ته‌قه‌ی کرد و پێشمه‌رگه‌کان وه‌ده‌ست هاتن. جاشه‌ چه‌که‌که‌ی فڕێ دا و ڕای کرد. پێشمه‌رگه‌کان که‌ له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا خۆیان له‌ لێکدانی زیاتر ده‌پاراست، له‌ ئاوایی وه‌ده‌رکه‌وتن؛ دوژمنیش که‌ وه‌ک بڵێی ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی له‌ گه‌مارۆ خستوون، شوێنه‌که‌ی ده‌کو‌تا!
دوو پێشمه‌رگه‌که‌ ڕێگایەکی دوورودرێژیان بڕی و بەری بەیانی خۆیان بە چادراغێکدا کرد و پارووه‌ نانێکیان خوارد و شوێنی حه‌سانه‌وه‌یان دیاری کرد. تازه‌ چاویان گەرم ببوو کە چەند چەکداری ڕێژیم بە ناوچەکه‌ وەر بوون. خۆر بەرز ببۆوە و سەعات نیزیک 10ی به‌یانی بوو. کارێکی ئاسان نەبوو دوو کەس له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ به‌و ڕۆژه‌درێژه‌ خۆی له‌ شه‌ڕ بدا، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو تواناوه‌ ئاماده‌ی ئه‌گه‌ره‌ نه‌خوازراو و کتوپڕه‌کان بوون، به‌ لێزانی خۆیان له‌ شوێنه‌که دوور خسته‌وه. ڕێژیم وەک گورگی هاری لێ هاتبوو، چونکی بۆی ده‌رکه‌وتبوو که‌ تەنیا دوو پێشمه‌رگه‌ن و له‌ به‌رامبه‌ریاندا ئاوا ده‌سته‌وه‌ستانن.
ڕۆژە درێژەکان تێ دەپەڕین و ئه‌وان له‌نێو خه‌ڵکی خۆیاندا ده‌گه‌ڕان و کاری خۆیان ڕاده‌په‌ڕاند و ببوونه‌ هۆی دڵخۆشیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و هاوکات سه‌رسامیی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یاندیتن. هێزەکانی ڕێژیمیش ڕۆژ نەبوو پیلانێک نه‌گێڕن، به‌ڵام هه‌موویان لێ مایه‌پووچ ده‌بوونه‌وه‌.
حه‌وتوویه‌ک بوو ئه‌و دوو تێکۆشه‌ره‌ له‌ ناوچه‌ هه‌ڵ ده‌سووڕان که‌ لەپڕ پەیامێکی دڵتەزێن لە ڕادیۆوە ڕوو به‌ ئه‌وان بڵاو بۆوه‌. پەیامەکە باسی شەهیدبوونی بەرپرسێک بوو و داواش له‌وان کرابوو که‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌. ده‌بوو بڕیاره‌که‌ جێبه‌جێ ببا و ئه‌وانیش به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وه‌ڕی که‌وتن. پاش ڕێگابڕینێکی زۆر، بەرەبەیان لە شوێنێک مانەوە. هێزێکی زۆر و پۆشته‌ و په‌رداخی ڕێژیمیش پێش ئەوان خۆی لەوێ ملاس دابوو. پێشمه‌رگه‌که‌یان یه‌کیان نوست و ئه‌وی دیکه‌یان له‌سه‌ر هه‌ست. لەپڕ جاشێک بێ چه‌ک و بەسواری وڵاغێک بەلایاندا تێ پەڕی. پێشمه‌رگه‌که‌ پرسی بۆ کوێ ده‌چی و خەڵکی کوێی؟ وه‌ڵامی داوه‌ «شوانم و دەچمه‌ لای مەڕی.» جاشه‌که‌ پرسی ئەدی تۆ لێرە چ دەکەی؟ پیشمەرگە لە وڵامدا گوتی: «چاوەڕیی بارین بۆمان بێ.» به‌ڵام نه‌ شێوه‌ی قسه‌کردن و نه‌ جلوبه‌رگی له‌وه‌ نه‌ده‌چوو قاچاغچی بێ… خۆر بەرز بۆوە و دەنگی فیشەک بیسترا. پیشمەرگەکان جێگایان گواستەوە بۆ شوێنێکی بەرزتر. ڕه‌وه‌ی جاش به‌ره‌و شوێنی پێشووی پێشمه‌رگه‌کان ‌هاتن و جارێکی دیکه‌ش به‌سه‌ر هه‌واری خاڵیدا که‌وتن.
کاتژمێری یەکی نیوەڕۆ و له‌ کاتێکدا بارودۆخه‌که‌ ئاسایی ده‌بیندرا، هەڵەیەکی دوو پیشمەرگە کە نەدەبوو بیکەن کرا. ئه‌وان خۆیان پێچاوە و بۆ سه‌قامگیربوون له‌ شوێنێکی ئه‌منتر که‌وتنه‌ ڕێ. تەنیا بیست خولەکێک ڕۆیشتبوون و له‌ کاتێکدا هه‌ستیان به‌ مه‌ترسی نه‌ده‌کرد، له‌ کانیاوێک ئاویان خوارده‌وه و‌ به‌ ته‌مابوون لە قەدپاڵی چیاکە و لای شوانێک لابده‌ن هه‌تا نان و چایه‌کیش بخۆن. بێخه‌به‌ر له‌وه‌ی جاشەکانیش بۆ لای شوانەکە سەرکەوتبوون و زووتر گەیشتبوونه‌ جێ. چه‌ند هەنگاویان مابوو کە گوێیان له‌ غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و ده‌نگێکی نامۆ بوو و خۆیان مات دا. «چییان لێهات؟ لە کوێن؟ بە کوێدا ڕۆیشتن؟» شوانەکەش لە وڵامدا گوتی « لێرەوە بەو لابەلایە‌دا هاتن ئاویان خوارده‌وه‌ و نازانم چییان لێ هات تەنیا دوو که‌سیش بوون!
پیشمەرگەکان بەبیستنی ئەوه ‌و‌ له‌ کاتێکدا ده‌ میتریان نێوان نه‌بوو، زوو ڕێیان گۆڕی و خۆیان له‌چاو ون کرد. هه‌ڵبه‌ت لیدان له‌ جاشه‌کان کارێکی ئاسان بوو و به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌هات، به‌ڵکوو مه‌ئموورییه‌تی ئه‌وان شتێکی دیکه‌ بوو و ده‌بوا خۆیان له‌ ده‌رگیری پاراستبا. چونکی له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر لێکدانێکدا هێزی پشتیوانی ڕێژیمیش ده‌گه‌یشتێ و بۆ ئه‌وانیش که‌ ته‌نیا دوو که‌س بوون، کاره‌که‌ زۆر سه‌خت ده‌بۆوه‌.
ئەو ڕۆژە لەو داوە ڕزگاریان بوو، بەلام ئەوە کۆتایی چیرۆکه‌که‌ نه‌بوو. ئه‌وان له‌ ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌دا لە جادەی بانە_سەردەشت پەڕینەوە و بە پشتی هەڵۆ و پەڕشە _کە ئەگەر کەسێک شارەزا نەبێ لەبەر بێئاوی دەخنکێ_ ملی ڕێگایان گرت و بەری بەیانی توانیان لە چۆمی ڕەزگێی سەردەشت بپەڕنەوە و زۆر بەنەهێنی و بە ئەسپایی به‌ره‌و ئاوایی بچن.
ئه‌وان له‌ نیزیک ماڵێک گوێیان له‌ ده‌نگی ڕادیۆ بوو. ماڵه‌که‌ ڕادیۆی حیزبیان گرتبوو. ئه‌وان خۆیان به‌و ماڵه‌دا کرد و خانه‌خوێ که‌ زانیی پێشمه‌رگه‌ن له‌ خۆشییان خه‌نی بوون و به‌ خوڵقێکی زۆر گه‌رمه‌وه‌ وه‌ریان گرتن. له‌وێ بوو زانییان که‌ ئه‌و هاوڕێیه‌یان که‌ به‌ ده‌ستی ڕه‌شی تێرۆر شه‌هید بووه‌، فه‌رمانده‌ حه‌مه ‌نارستی بووه‌ و ئه‌وه‌ش خه‌مێکی قورس و گه‌وره‌ بوو که‌ نیشته‌ سه‌ر دڵیان.
دوو پێشمه‌رگه‌که‌ی حیزبی دێموکرات دوای حه‌سانه‌وه‌ له‌ نێو که‌شی ئه‌و خێزانه‌ گه‌رمه‌دا ملی ڕێگایان گرته‌وه‌ به‌ر و بەرەو بنکەکانیان گه‌ڕانه‌وه‌.

لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)